خالیدی کوڕی وەلید(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى خالیدی کوڕی وەلیدی کوڕی موغیرەی مەخزوومیە، ناسراوە بە شمشێری خوا، کونیەکەی ئەبوو سولەیمانە،  یەکێکە لە هاوەڵە زۆر گەورە و ناسراوەکانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) کە لە مێژووی ئیسلامیدا رۆڵێکی کاراى هەبووە، یەکێک بوو لە رێبەرانى فتووحاتى ئیسلامى.
باوکى خالید کە ناوى وەلید بوو، یەکێک بوو لە کەسایەتیە خانەدانەکانى ناو قورەیش،  لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک بوو لە سەرسەختترین نەیارەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). 
خالید لە سەردەمى نەفامیدا، لەناو قورەیشدا پێگەیەکی گرنگى هەبوو، ئەویش بریتی بوو لە بەرپرسیارێتی سەربازى، هەریەک لە ئامادەکاریى سەربازى و مەشق و راهێنان و هەر وەها لە جەنگیشدا پێشڕەوی سوارەکانى بە دەستەوە بوو. 
لە جەنگى ئوحوددا، خالید سەرکردایەتى سوارەى بێباوەڕانى دەکرد کە نزیکەی سەد سوارە بوون،  کاتێک تیرهاوێژەکانى موسڵمانان کێوەکەیان چۆڵکرد، خالید تەماشاى کرد ژمارەیەکى زۆر کەم ماونەتەوە، بۆیە لە پشتەوە هات بۆیان و ئەوانەى کوشت و هێرشی هێنا بۆ موسڵمانان، بەم چەشنە، شکستى بێباوەڕانى لە ئوحوددا گۆڕی بۆ سەرکەوتن. 
لە جەنگى خەندەق و رووداوى حودەیبیەشدا، دووبار ەخالید سەرکردایەتى سوارەى بێباوەڕانى دەکرد. 
لە عومرەى دواى رێککەوتنى حودەیبیەدا کە موسڵمانان چوون بۆ عومرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ بە وەلیدی براى خالیدی فەرموو (خالید هی ئەوە نیە خۆی بێئاگا بکات لە ئیسلام، ئەگەریش ئەو بەهێزی و توانایەی لەگەڵ موسڵمانان دژ بە بێباوەڕان بەکاربهێنایە، باشتر بوو بۆی، بە دڵنیاییشەوە پێش خەڵکی ترمان دەخست)، وەلیدیش ئەو هەواڵەی دا بە خالید، خالید کە ئەمەی بیست قسەکە کارى تێکرد و بوویە هۆکارى موسڵمان بوون و کۆچکردنى بەرەو مەدینە. 
پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ خالید کرد و فەرمووى (خوایە لەهەموو ئەو رێگریانەى خالید خۆش بە کە خستیە بەردەم رێ و بانگەوازەکەت).    
ئیتر لەو ساتە بەدواوە خالید لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و دەیویست بە خزمەتکردنى ئیسلام، قەرەبووی دژایەتى پێشووی بکاتەوە.
کاتێک لە موئتەدا سوپاى موسڵمانان شکا  و هەر سێ سەرکردەکەیان شەهید بوون،  خالید سەرکردایەتى سوپاى گرتەدەست و توانى موسڵمانان رزگار بکات.
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ خالید دەکرد و دەیفەرموو (خوایە، خالید شمشێرێکە لە شمشێرەکانى خۆت، خوایە لەسەر دەستى سەرکەوتن ببەخشی). 
پاش فەتحى مەککە، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناوبردنی بتەکانى وۆدد و لات و عوززا و سەرکردایەتی چەند سریەیەکى بە خالید سپارد و ئەویش ئەرکەکەى بەجێگەیاند.
لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەکری صدیقدا، خالیدی کوڕی وەلید سەرکردایەتی لێدانى هەڵگەڕاوەکانى دەکرد و تیایدا سەرکەوتوانە، توانى هەڵمەتى بانگەشەی درۆیینەى پێغەمبەران و سوپا هەڵگەڕاوەکان لەناوبەرێت، سەختترینیشیان لەناوبردنى سوپاکەى موسەیلەمەى درۆزن بوو.
دواتر، خالید سەرکردایەتی بەرەى فتووحاتى لە عێراقدا گرتەدەست و چەند سەرکەوتنێکی کەموێنەی بەدەستهێنا، پاش ئەوەى حاڵی موسڵمانان لە بەرەى فتووحاتى شامدا، روو لە لێژیى بوو، خالید بە سوپاکەیەوە روویکردە ئەوێ و توانى سوپاى موسڵمانان بەرەو سەرکەوتن ببات.
کاتێک عومەرى کوڕی خەططاب بوو بە خەلیفە، خالیدی کوڕی وەلیدی لە پۆستەکەى لابرد و ئەبوو عوبەیدەى خستە شوێنى،  خالیدیش لە ژێر فەرمانى ئەبوو عوبەیدەدا مایەوەو درێژەی دا بە جیهاد. 
دواجار لە ساڵی بیست و یەکى کۆچیدا وەفاتى کرد،  ئەو کات تەمەنى شەست سالآن بوو. 
خالید دەگریاو دەیوت لە ئەوەندە جەنگدا بەشداریم کرد، جەستەم بستێکی بێ برینی پێوە نەماوە، یان شمشێری بەرکەوتووە یان رم یان تیر، کەچی وا لەسەر جێگەکەم دەمرد. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)