عەبدولآى کوڕی مەسعوود(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدولآى کوڕی مەسعوودى کوڕی غافیلى هوذەلیە، یەکێکە لە هاوەڵە ناسراوەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و لە زاناکانى ناو هاوەلآن کە فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليە وسلم) گێڕاوەتەوە. 
عەبدولآى کوڕی مەسعوود کەسێکی لاوازى بالآکورت بوو، جلی سپی دەپۆشی و بۆنی خۆشی لە خۆی دەدا. 
ئیبن مەسعوود یەکێکە لە دەستەی یەکەمى موسڵمان بوان،  ماوەیەکى زۆر پێش عومەرى کوڕی خەططاب موسڵمان بوو. 
ئیبن مەسعوود یەکەم کەس بوو دواى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بە ئاشکرا لە مەککە قورئانى خوێند. 
هەروەها یەکێک بوو لە کۆچەرانى حەبەشە، دواتر لە حەبەشەوە گەڕایەوە بۆ مەککەو لەوێشەوە کۆچی کرد بۆ مەدینە. 
ئیبن مەسعوود یەکێک بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،  غەزاى ئوحودیشدا بەشدارى کرد و تیایدا رۆڵی کاراى بینی، بەتایبەت کاتێک موسڵمانان لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بلآوەیان کرد، یەکێک بوو لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) مایەوە. 
هەروەها لە غەزاى خەندەق و بەیعەتى ريضوان و هەموو غەزاکانى دواتریشدا بەشدارى کرد. 
ئیبن مەسعوود لە کاتى سەفەر و دەرچوونەکانى پێغەمبەریشدا (صلى الله عليە وسلم) هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بوو و خزمەتى دەکرد، نەعلەکانى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليە وسلم) هەڵدەگرت و دەیخستە بنباڵی، داردەستەکەى دەدایە دەستی. 
ئەبوو مووساى ئەشعەرى دەڵێت: من و براکەم لە یەمەنەوە هاتینە مەدینە، ماوەیەک ماینەوە، ئیبن مەسعوود و دایکیشی هێندە سەردانى ماڵی پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليە وسلم) دەکرد، واماندەزانى لە ئالوبەیتی پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليە وسلم). 
ئیبن مەسعوود هێندە هاودەمى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بوو کە دەیوت سوێند بەو خوایەی هیچ پەرستراوێ نیە جگە لەو، چی سوورەتى قورئان دابەزیوە دەزانم لەکوێ دابەزیوە، چی ئایەتى قورئان دابەزیوە، دەزانم لەسەر چی دابەزیوە، ئەگەر بزانم کەسێک لە خۆم شارەزاتر بە قورئان هەیە و دەتوانم بە سوارى وشتر پێی بگەم، دەچووم بۆ لاى. 
ئیبن مەسعوود هێندە شارەزا بوو لە خوێندنەوەى قورئاندا کە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەیفەرموو، هەرکەس حەز دەکات بە جوانى قورئان بخوێنێتەوە، با بە شێوە خوێندنەوەى ئیبن ئوم عەبد-واتە ئیبن مەسعوود-بیخوێنێتەوە. 
ئیبن مەسعوود لە سەردەمى ئەبووبەکری صدیقیشدا رۆڵی خۆی بینی، لەوانەش لە جەنگى یەرمووکدا بەشدارى کرد. 
جارێک ئیبن مەسعوود هات بۆ لاى عومەرى کوڕی خەططاب و خەڵکەکەى لە دەورى کۆبوونەوە، عومەریش پێکەنى و دواتر لەگەڵ ئیبن مەسعوود کەوتە قسەکردن و بە بینینی ئیبن مەسعوود دەموچاوى گەشابوویەوە و زەردەخەنەى بۆ دەکرد، دواتر کە ئیبن مەسعوود چوو، عومەر هەر تەماشاى دەکرد و دەیوت کووپێکی پڕ لە زانستە. 
دواجار ئیبن مەسعوود لە مەدینەو لە ساڵی سی و دووى کۆچیدا وەفاتى کرد، تەمەنیشی شەست و سێ سالآن دەبوو. 
ئەبوو مووساى ئەشعەرى دەیوت: لە کۆڕێکی ئیبن مەسعووددا دابنیشتمایە، لە کارى یەک ساڵ لام گرنگتر بوو. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)