ئەبوو هورەیرە (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدوڕەحمانى کوڕی صەخرە، سەرەتا ناوەکەى رەوا نەبووەو پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ناوى گۆڕیوە،  زیاتر بە ئەبووهورەیرە ناسراوە، چونکە جارێک بێچووى پشیلە کێویەکى دیوەو لە کۆشی گرتووە، ئیتر پێی وتراوە ئەبووهورەیرە. 
یەکێکە لەو هاوەلآنەى کە زۆرترین فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليە وسلم) گێڕاوەتەوەو زانستێکی زۆری لێ وەرگرتووە، هەر بۆیە هێرشێکی زۆریشی دەکرێتەسەر.
لە ساڵی حەوتەمى کۆچیدا ئەبووهوڕەیرە، هاودەم بە دەیان کەسى هۆزەکەى، هاتن بۆ خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم). 
موسڵمانبوونى ئەبووهورەیرە لە سەرەتاى ساڵی حەوتەمى کۆچیدا بوو، واتە لە ساڵی غەزاى خەیبەردا،  بەم پێیە نزیکەی چوار ساڵ لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) بووە،  بەلآم زانستێکی بێوێنەى لێ وەرگرتووە.
دایکی ئەبوو هورەیرە بێباوەڕ بوو، ئەو کاتەش کە ئەبووهورەیرە موسڵمان بووبوو، هێشتا ئەو بێباوەڕ بوو، ئەبووهوڕەیرە داواى کرد لە پێغەمبەرى خوا، نزا بکات بۆ دایکی، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) نزاى بۆ کرد و فەرمووى (خوایە دایکی ئەبوو هورەیرە رێنموونى بکە)، خواى گەورەش نزاکەى گیرا کرد و دایکى ئەبووهوڕەیرە ئیمانى هێنا.
ئەبووهورەیرە لەناو ئەهلى صوففەدا لە مزگەوت دەمایەوە، تووشی برسێتیەکى زۆر دەبوو، خۆی دەڵێت: جارێک زۆر برسی بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) خورماى بۆ ناردین، ئێمەش لە برساندا دوو دوو خورمامان دەخوارد. 
ئەبووهورەیرە دەڵێت جار هەبوو لە برساندا دەکەوتمە سەر زەوى، بەردم لە سکم دەبەست.
ئەبووهورەیرە زۆر نزیکی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بوو و زۆربەی کات لە خزمەتیدا بوو.
ئەبووهورەیرە دەیوت: ئەی خەڵکینە، ئێوە دەڵێن ئەبوهورەیرە فەرموودەى زۆر دەگێڕێتەوەو کۆچەران و پشتیوانان هێندە فەرموودە ناگێڕنەوە، دەى برا کۆچەریەکانم سەرقاڵی کارى ناوبازاڕ بوون و برا پشتیوانیەکانم سەرقاڵی ئیشی ماڵەوە بوون، بەلآم من کەسێکی هەژارى ناو ئەهلى صوففە بووم کە دایم هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بووم، کاتَێک ئەوان ئامادە نەبوون، من لەوێ بووم، کاتێک ئەوان بیریان دەرۆیشت من بیرم لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کۆکردبوویەوە، رۆژێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى(هەرکەس جلەکەى رابخات تا هەموو قسەکەم تەواو بکەم و دواتر کۆی بکاتەوە، ئەوە هەموو ئەوە وەردەگرێت کە دەیڵێم) منیش عەبایەکى سەرشانم هەبوو، بلآوم کردەوە تا پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هەموو قسەکانى کرد، ئینجا نام بە سنگمەوە، ئیتر لەو فەرمایشتەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هیچیم بیرنەچووەتەوە. 
پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە ئەبووبەکر بوو بە خەلیفە، ئەبووهورەیرە بەیعەتى پێدا و لە جەنگى هەڵگەڕاوەکانیشدا بەشدارى کرد. 
ئەبووهورەیرە لە سەردەمى عومەرى کوڕی خەططابدا لەلایەن خەلیفەوە کرا بە بەرپرسی بەحرەین، پاش ماوەیەک خەلیفە لەو پۆستەی لایبرد، دواتر خەلیفە ویستی ئەرکی تری پێ بسپێرێت، بەلآم ئەبووهورەیرە ئامادە نەبوو پۆست وەربگرێت، لە مەدینە مایەوەو سەرقاڵی بلآوکردنەوەى زانست بوو. 
کاتێک مەڕوانى کوڕی حەکەم والى مەدینە بوو، کە دەچوو بۆ مەککە یان بۆ شوێنێکی دی، ئەبووهورەیرەی دەکرد بە بەرپرسی مەدینە تا خۆی دەگەڕایەوە. 
ئەبووهورەیرە کە سەرەمەرگى نزیک بوویەوە، وتى: هیچ لەسەر گۆڕەکەم هەڵمەدەن و بە ئاگرەوە مەکەونە دوام، ئەگەر منتان برد بەرەو گۆڕستان، خێرا بمبەن، با ئەگەر چاکەکار بووبم، زوو بمگەیەننەوە بە پەروەردگارم، ئەگەریش وانەبووم، بارێکی سەر گەردنتان سوک دەکەن و فڕێی دەدەن. 
ئینجا سەرێکی بەرز کردەوەو وتى: خوایە من حەزم بە دیدارى تۆیە، دەی تۆیش حەز بە دیدارم بکە، هێندەى نەبرد ئەبووهورەیرە وەفاتى کرد. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)