موعاذی کوڕی جەبەل (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى موعاذى کوڕی جەبەلى کوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان، یەکێکە لە هاوەڵە گەورە و دیارەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، کەسێکی بالآبەرز و کەشخە بوو. 
کاتێک موعاذ موسڵمان بوو، هێشتا تەمەنى هەژدە سالآن دەبوو. 
موعاذ یەکێکە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەو هاودەم بە حەفتا کەسەکە بەشدارى کرد. 
کاتێک موعاذ موسڵمان بوو، هاودەم بە ژمارەیەک گەنجى ناو پشتیوانان هەوڵیان دەدا گەورەکانی هۆزەکانیان تێبگەیەنن کە بتپەرستی هەڵەیە، بۆیە دەکەوتنە شکاندنى بتەکان بە نهێنی، بەڵکو خەڵکی بزانن ئەو بتانە هیچیان بۆ ناکرێت و تەنانەت ناتوانن بەرگرى لە خۆیشیان بکەن.
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) برایەتى خستە نێوان کۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان موعاذى کوڕی جەبەل و عەبدولآى کوڕی مەسعوودەوە. 
موعاذ یەکێک بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر و ئەوکات تەمەنى بیست سالآن بوو. 
موعاذ لە غەزاى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاکانى تردا هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بەشدارى کرد و لە تاکە غەزایەکیش دوانەکەوت. 
موعاذ یەکێک بوو لەوانەى لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) قورئانیان کۆدەکردەوە.  
کاتێک فەتحى مەککە کرا پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) موعاذی لە مەککە جێهێشت بۆ ئەوەى خەڵکی فێری قورئان خوێندن بکات. 
موعاذ دەڵێت کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) منى نارد بۆ یەمەن، لەگەڵم هات و وەسیەتى بۆ دەکردم، من لەسەر سوارەکەم بووم و پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) بە پیادە، دواتر فەرمووى ئەی موعاذ لەوانەیە دواى ئەمساڵ بە من نەگەیتەوە، لەوانەیە بدەیت بەلاى مزگەوت و گۆڕەکەمدا، منیش لەتاو جیابوونەوە لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەستم کرد بە گریان. 
موعاذی کوڕی جەبەل بە والیەتى یەمەن مایەوە تا ئەو کاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) وەفاتى کرد. 
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەیفەرموو واتە:(شارەزاترینی ئوممەتەکەم بە حەلآڵ و حەرام موعازى کوڕی جەبەلە).
لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) چوار کەس لە مزگەوتى پێغەمبەردا (صلى الله عليە وسلم) فەتوایان دەدا کە بریتی بوون لە عومەرى کوڕی خەططاب و عەلى کوڕی ئەبوو طالیب و موعاذى کوڕی جەبەل وئەبوو مووساى ئەشعەرى. 
پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، موعاذ گەڕایەوە بۆ مەدینە و دواتر لەلایەن خەلیفەوە دەنێردرا بۆ ناوچە فەتحکراوەکان بۆ ئەوەی فێری قورئانخوێندنیان بکات. 
لە ساڵی هەژدەى کۆچی، موعاذی کوڕی جەبەل بە نەخۆشی تاعوون کۆچی دوایی کرد، هاودەم بەویش چەند گەورە هاوەڵێکی دی بەو نەخۆشیە وەفاتیان کرد. 
موعاذ لەنێو هاوەلآندا هێندە رێزی هەبوو کە ئەگەر لە کۆرێکدا ئەوی تێدا بوایەو هاوەڵێک قسەی بکردایە، وەک رێز و گەورەیی، چاوى تەنها لەسەر موعاذ دەبوو. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)