موعاویەى کوڕی ئەبووسوفیان (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى موعاویەى کوڕی صەخری کوڕی حەربی ئومەویە، پێنج یان حەوت یان سیانزە ساڵ پێش دابەزینی سروش لەدایک بووەو راى راستتر ئەوەیە پێنج ساڵ پێش دابەزینی سروش لەدایک بووە. 
موعاویە ژنبراى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بوو، چونکە ئومموحەبیبەى کچی ئەبووسوفیان هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بوو.
سەبارەت بە کاتى موسڵمانبوونى راجیایی هەیە، واقیدی دەڵێت دواى رێککەوتنى حودەیبیە موعاویە موسڵمان بوو، بەلآم موسڵمانبوونەکەى خۆی شاردەوە تا لە فەتحى مەککەدا ئاشکراى کرد. 
ئیبن سەعد گێڕانەوەیەکى هێناوە کە موعاویە دەڵێت لە دواى رێککەوتنى حودەیبیە ئیسلام لە دڵمدا چەسپاو ئەوەم بۆ دایکم باس کرد، دایکم وتى: وریابە پێچەوانەى باوکت نەکەیت، بۆیە موسڵمانبوونى خۆمم شاردەوە، سوێند بەخوا کە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە حودەیبیە دەرچوو، من بڕوام پێ هێنابوو، کە بۆ عومرەى دواى حودەیبیە هاتە مەککە، من موسڵمان بووم و باوکیشم بە موسڵمانبوونى منى زانیبوو، رۆژێک پێی وتم: براکەت لە تۆ باشترە چونکە لەسەر ئایینی منە، ئەوەبوو لە فەتحى مەککەدا موسڵمانبوونى خۆمم ئاشکرا کرد و پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) پێشوازى لێکردم و بووم بە نووسەری بەردەستی. 
موعاویە یەکێک بوو لە بەشداربوانى غەزاى حونەین. 
عەبدوڕەحمانى کوڕی ئەبی عومەیرە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بە موعاویەی فەرموو (خوایە بیکەیتە رێنموونى کراو و رێنموونی کەر و خەڵکی بەهۆیەوە رێنموونى بکە). 
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) موعاویەى کوڕی ئەبووسوفیانى بە نووسەرى بەردەستی خۆی دانا. 
لە خیلافەتى عومەرى کوڕی خەططابدا،  موعاویە کرا بە والیى شام.  
موعاویە لە خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففانیشدا لە هەمان پۆستی خۆیدا مایەوەو والى شام بوو. 
لە ساڵی بیست و حەوتى کۆچیدا موعاویە بۆ یەکەم جار لەناو موسڵماناندا جەنگى دەریایی ئەنجامدا و سەرکەوتنێکی گەورەى بەدەستهێنا.  
کاتێک عوثمان شەهید کرا، بەیعەتى خیلافەت درا بە عەلى کوڕی ئەبوو طالیب، بەلآم کێشەکە لەوەدا بوو بەیعەتەکە هەموو موسڵمانانى لەخۆنەگرت، موعاویە و خەڵکی شام مانەوەو بەیعەتیان نەدا بە عەلى، تەنها مەرجیان تۆڵەسەندنەوە بوو لە بکوژانى خەلیفەى پێشوو.
بەهەرحاڵ ئەمە بوویە هۆى کەوتنەوەى فیتنەیەکى گەورە کە ئەنجامێکی دڵتەزێنی هەبوو بۆ موسڵمانان و تا ئەمڕۆش بووە بە چەکێک بەدەست دوژمنانى ئیسلام و مێژووى ئیسلامی و هاوەلآنەوە.
ئیبن کەثير دەڵێت: ئەوەى لە نێوان عەلى و موعاویە روویدا پاش کوژرانى عوثمان، لەسەر بنەماى راو ئیجتیهاد بوو، حەق و پێکان و راستی لەگەڵ عەلى بوو، موعاویەش بە راى زۆرینەى زانایان پۆزشی بۆ هەیە، فەرموودە صەحیحەکانیش شایەتى ئیسلامەتى هەردوولا دەدەن. 
پاش ئەوەى عەلى کوڕی ئەبووطالیب شەهید کرا، بەیعەتى خیلافەت درا بە حەسەنى کوڕی عەلی، 
حەسەن بڕیاریدا لەگەڵ موعاویەى کوڕی ئەبوو سوفیاندا رێکبکەوێت و دواجار گەیشتنە رێککەوتن و حەسەن دەستبەرداری دەسەلآت بوو بۆ موعاویە.
دواى ئەوە، موعاویە یەکلابوویەوە بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت و فتووحاتێکی زۆر ئەنجام درا، موسڵمانان لە بوارە جیاوازەکانى ژیاندا پێشڕەوییەکى زۆریان کرد.
دواجار لە مانگى رەجەبی ساڵی شەستى کۆچیدا موعاویە بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، ماوەى دەسەلآتەکەشی نۆزدە ساڵ و سێ مانگ بوو. 

............ 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)