لێكچوونی تۆمەتەكانی بێباوەڕان بە درێژایی مێژوو

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەك تەواوكەری پەیامی پێغەمبەرانی پێشوو هاتووە، بۆیە دەبێت هەمان ناڕەحەتیەكانی پێغەمبەرانی پێشووی هاتبێتەوە ڕێ، خوای گەورە (مَا يُقَالُ لَكَ إِلَّا مَا قَدْ قِيلَ لِلرُّسُلِ مِنْ قَبْلِكَ إِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍ وَذُو عِقَابٍ أَلِيمٍ) (فصلت:٤٣ ) (هەر ئەوەش بە تۆ دەگوترێ‌: كە بە پەیامبەرانی پێشی تۆ وتراوە، جا كەواتە ئارامت ببێ‌ و خۆ راگربە، بەراستیی پەروەردگارت خاوەن بەخششێكی گەورەیە، خاوەن سزایەكی بە ئێشە). واتە پێغەمبەرانی پێشوو نەهاتون و خەڵكی باوەشیان بۆ كردبنەوەو بە پەیامەكەیان رازی بووبن و دواتر تەنها بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ناڕازی بووبن، بەڵام جار هەبوو تەنها بۆ لێدانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دانیان دەنا بە چاكی پەیام و موعجیزاتی پێغەمبەرانی پێشوودا و دەیانوت (بَلْ قَالُوا أَضْغَاثُ أَحْلَامٍ بَلِ افْتَرَاهُ بَلْ هُوَ شَاعِرٌ فَلْيَأْتِنَا بِآيَةٍ كَمَا أُرْسِلَ الْأَوَّلُونَ) (اڵانبیا‌ء: ٥). (نە هەر ئەوەندە بەرامبەر بە قورئان بڵێن، بەڵكو گوتیان: ئەم قورئانە هەر تێكەو لێكەی خەوی پڕوو پووچ و خەونە درۆزنەیە نەخێر، بەڵكو موحەممەد  خۆی هەڵیبەستووە! بەڵكو دەشبێ‌ شاعیرو هۆنیارێك بێ‌ و، خۆی ئەم قورئانەی هۆنیبێتەوە جا ئەگەر ڕاست دەكاو پێغەمبەرە، دەبا بەڵگەو نیشانەیەكمان غەیرەز قورئان بۆ بێنێ‌، لە چەشنی موجیزەی پێغەمبەرانی پێشوو، ئەوان بە بەڵگەو نیشانەوە نێردران). خۆ پێشتریش هەمان شتیان بەرامبەر بە پێغەمبەرانی پێشوو دەكرد و نەدەچوون بە دەم بانگەوازەكەیانەوە، بەڵكو هەر لە بەدرۆخستنەوەوە هەتا كوشتن دەم و دەستیان نەدەپاراست.

خوای گەورە نهێنی مێژووی بێباوەڕان هەڵدەماڵێت و دەفەرموێت (ثُمَّ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا تَتْرَا كُلَّ مَا جَاء أُمَّةً رَّسُولُهَا كَذَّبُوهُ فَأَتْبَعْنَا بَعْضَهُم بَعْضًا وَجَعَلْنَاهُمْ أَحَادِيثَ فَبُعْدًا لِّقَوْمٍ لا يُؤْمِنُونَ) (المؤمنون: ٤٤)   (پاشان بۆ هەر گەلێ‌ لەوانە، پەیامبەرانی خۆمانمان – یەك لەدوای یەك- ناردووە، هەرجارێ‌ ئوممەت و گەلێكیان پێغەمبەری –لە خۆی بۆ هاتبا- زۆربەیان بڕوایان پێ‌ نەكردون و بەدرۆزنیان دانان، ئێمەش ئەوانەمان بەدوای یەكدا لەناو بردن بەهۆی لاساریانەوە و كردیشماننە باس و خواسی سەر زاری خەڵكی، هەردەم بە داستان بۆ یەكتریان دەگێڕایەوە، دەبا ئەوانەی باوەڕ ناهێنن هەر دووربن لە رەحمەت و میهرەبانی خوای دلۆڤان).

ئەمە واتە ئەی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) تۆ یەكەم پێغەمبەر نیت بە درۆ خراویتەتەوە، هەمان ئەم حاڵەتی بەدرۆخستنەوەش بۆ موسڵمانان بەردەوام دەبێت تا رۆژی دوایی و بێباوەڕان تۆمەتی جۆراوجۆریان بەرەوڕوو دەكەنەوە، دەبێت ئەو قۆناغانە ببڕن كە تووشی پێغەمبەران بووە.

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) تۆمەتی جادووی دراوەتە پاڵ، وەك چۆن بە دوورودرێژی باسی دەكەین، پێغەمبەرانی پێشوویش تۆمەتی جادوویان دراوەتە پاڵ، بۆ نموونە بەرامبەر بە مووسا پێغەمبەر وترا جادووگەر، وەك فیرعەون دەیوت (قَالَ إِنَّ رَسُولَكُمُ الَّذِي أُرْسِلَ إِلَيْكُمْ لَمَجْنُونٌ) (الشعرا‌ء: ٢٧).  (وتی: خەڵكینە! وا دیارە ئەو پێغەمبەرەی كە بۆ ئێوە نێردراوە دێوانەو شێتە!) یان تۆمەتی شێتی و دەستوەشاندن دەدرایە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، هەمان ئەو تۆمەتەش پێشتر درابوویە پاڵ پێغەمبەر نووح و پێی دەوترا (إِنْ هُوَ إِلَّا رَجُلٌ بِهِ جِنَّةٌ فَتَرَبَّصُوا بِهِ حَتَّى حِينٍ) (المؤمنون: ٢٥) (دیارە ئەو هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نیە، سەرەڕای ئەوەش، بە بۆچوونی ئێمە، هەر پیاوێكە تووشی نەخۆشی شێتی بووەو عەقڵی تێك چووە، وا باشە تا ماوەیەك خۆتان بگرن و چاوەڕوان بن، هەتا شێتیەكەی نامێنێ‌ یا لەناو ئەچێ، یان بەشكو بگەڕێتەوە سەر بەرنامەو ئایینەكەی ئێوە) یان بە هوود پێغەمبەریان (إِن نَّقُولُ إِلاَّ اعْتَرَاكَ بَعْضُ آلِهَتِنَا بِسُوَءٍ قَالَ إِنِّي أُشْهِدُ اللهِ وَاشْهَدُواْ أَنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تُشْرِكُونَ) (هود: ٥٤) (هەر ئەمەندەش دەڵێین كەهەندێ‌ لەخواكانمان دەستیان لێ‌ وەشاندویت، سەرت لێ‌ تێكچووە، چونكە بەخراپە ناویان دەبەیت، هود وتی: بێگومان من خوا بەشایەت دەگرم و ئێوەیش بەشایەت بن كە: بەڕاستیی من لەو بتانە ئێوە دەیانكەنە هاوبەشی خواو ئەیانپەرستن بەریی و بێزارم)

ئەم تۆمەت بەخشینەوەیان لە وەسیەتی یەكدوای یەك و بە گوێدا چپاندن دەچێت، دەڵێیت هەركامیان چپاندوویەتی بە گوێی دەوروبەرو نەوەكانیدا كە ئەگەر كەسێك هات وتی پێغەمبەرم، خێرا ئەم تۆمەتانەی بەرەوڕوو بكەرەوە.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە