بۆچی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە ئەشكەوت خەڵوەتی ئەكێشا؟

پێش هاتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دنیا لە چڵەپۆپەی تاواندا بوو، لە هەر روانگەیەكەوە سەیری دەكەیت، خراپە و گەندەڵی و لادان كۆمەڵگەی تەنی بوو، لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بیروباوەڕ و ئەخلاقی و ..هتد، لەو كۆمەڵگەدا سیستمی دارستان پەیڕەو دەكرا، بەهێز بێهێزی دەخوارد، ستەمكردن وەك شێرپەنجە لەناو كۆمەڵگەدا تەشەنەی دەسەند و كۆمەڵگەی پەكدەخست، رەوشت و شەرم و یەكتر خوێندنەوەو رێزگرتنی بەرامبەر لە كۆمەڵگەدا نەمابوو، دابەشبوونێكی قووڵی چینایەتی لەنێو كۆمەڵگەدا هەبوو، بیروباوەڕی یەكخواپەرستی لەو سەروبەندەدا لەسەر زەویدا سڕابوویەوەو جەمعێ یان خەڵكێ نەبوون ناسرابن بە یەكخواپەرستی، ئەوانەی بڕوایان بە یەخواپەرستی هەبوو، بە پەنجەی دەست دەژمێردران، واتە رێڕەوە گشتیەكە رێڕەوی بتپەرستی و فرەخودایی و شەریك بۆخوادا بڕیاردان بوو، هەر لە دەوروبەری كەعبەدا نزیكەی سێ سەد و شەست بت دانرابوون بۆ پەرستش.

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەر لە سەرەتاوە نامۆ بوو بەو لادان و خراپەكاریە و رازی نەبوو خۆی تەسلیمی ئەو نادروستیانە بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هیچ بەدیلێكی پێ نەبوو، چونكە نە شارەزای ئایینەكانی پێشوو بوو، نە چاوەڕوانی پێغەمبەرایەتیش بوو، بێدەنگیەكەی چەشنی بێدەنگی كەسێكی بە شەرم و حەیایە لە مەجلیسێكدا كە قسەی بێتام و ناڕەوای تێدا دەكرێت، وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو قسە بێتامانە، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و بەشدارییان ناكات، هەر دەرفەتێكیشی بۆ بگونجێت كەنار دەگرێت، پێغەمبەری خوایش (صلی الله علیه وسلم) بێزار بوو لە ناڕەواییەكانی ئەو كۆمەڵگەیە، نەوەك ئەوەی بەشداری لادانەكانی كۆمەڵگەی نەدەكرد، بەڵكو چەندە بۆی بگونجایە كەناری دەگرت، ساڵانە مانگی رەمەزان دەچوویە ئەشكەوتی حیرائەوە، كەنارگرتنەكەشی درێژەی نەئەكێشا، واتە نەچوو سێ ساڵ بەسەر یەكەوە كەنار بگرێت، بەڵكو هەر ساڵەو مانگێك دەچوویە ئەوێ و دواتر دەگەڕایەوە ناو كۆمەڵگە، ئەگەر ئەوە نەبوایە تۆمەتباریان دەكرد بە تێكچوون‌و ئەو دوورگرتنەیان دەكردە بەڵگە، بەڵام دەرچوونی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بۆ ئەشكەوت راكردن نەبوو لە كۆمەڵگە، بەڵكو كەنارگرتن بوو بۆ خۆبەهێزكردن و خۆ تەسلیم نەكردن بە ناڕەوایەتیە باوە و زاڵەكانی ناو خەڵك، وەك چۆن كەسێك لەمڕۆدا لە نیوەی شەودا هەستێ و بە تەنها لە مزگەوتێ یان ەل خەڵوەتێكدا نوێژ بكات و بەیانیش بچێتەوە ناو كۆمەڵگە، جیاوازە لەو كەسەی لەتاو بێزاری لە ژیان خۆی سەرخۆش دەكات هەتا بێئاگا بێت لە كێشەكان، یەكەمیان خۆبەهێزكردن و دووەمیان خۆگێلكردنە بەرامبەر بە كێشەكان.

پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لە ژیانیدا كەسێكی سەركەوتوو بوو و كێشەی نەبوو، ئەو كاتانەش دەچوویە ئەشكەوتی حیرائەوە، خەدیجەی خێزانی شتومەكی بۆ ئامادە دەكرد، جارجارەش خۆی دادەبەزیە ناو شار و پێویستیەكانی ناو ئەشكەوتی ئامادە دەكرد و دەگەڕایەوە، خەدیجەش جارجارە پێویستیەكانی بۆ دەبرد، ئافرەتێك بەو تەمەنەوە بە تەنها بەسەر شاخێكدا سەردەكەوت هەتا پێویستیەكانی هاوسەرەكەی بگەیەنێتە دەستی، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كێشەی خێزانی نەبووەو لە شكستەوە كەناری نەگرتووە.

هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كاتێك وەحی بۆ هات و گەڕایەوەو خەدیجەی دواند، خەدیجە پێی وت (كلا والله ما یخزیك الله أبدا، إنك لتصل الرحم، وتحمل الكل، وتكسب المعدوم، وتقری الضیف، وتعین علی نوائب الحق)، (1) (نا سوێند بەخوا، هەرگیز خوای گەورە سەرشۆڕت ناكات و پشتت بەرنادات، تۆ پەیوەندی خزمایەتی بەجێدەگەیەنیت و پاڵپشتی بێدەرەتانانی و دەستگرۆی نەبوانیت، میوانداری میوانان دەكەیت و لەسەر حەق هاوكار و پشتیوانیت).

كەواتە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە چووەتە ئەشكەوتەكە، مەسەلەكە راكردن لە واقیع نەبووە، بەڵكو وچانێكی پێویست و ئامادەكاریەكی پێشوەختە بووە كە خوا ویستوویەتی و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خۆی لێ بێ ئاگا بووە، سێ ساڵ بەردەوام بوونیشی لەسەر ئەوە، هەر گومانێكی تێكچوون یان دەست لێ وەشاندن یان نەخۆشكەوتنی دەروونی لەسەر ناهێڵێت، چونكە ئەزموونی پێشتری هەبوو، وا نەبوایە ئەیانوت خۆی تەنیا چووەتە ئەشكەوتێ و لەو چۆڵەوانی و تاریكیەدا تووشی نەخۆشی دەروونی بووە یان دەستی لێ وەشێنراوە، یان هەر گومانێكی تریان دەخستەڕوو، بەڵام ئەو ئەزموونی دوو ساڵەی پێشتر، هەموو ئەو گومانانەی نەهێشت.

هەروەها مانەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەو ئەشكەوتەیا بۆ خەوتن یان رابواردن نەبوو، بەڵكو لەوێ سەرقاڵی پەرستش دەبوو، سەرقاڵی پاك ڕاگرتنی دەروون دەبوو، وەك چۆن كەسێك بۆ سافبوونی بیر و مێشكی دەچێتە باخێك و كەشێكی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، چونكە مرۆڤ پێویستی بە خەڵوەت و هێمنی و بێدەنگیەكی ئاوا هەیە، هەمان ئەم خەڵوەتە سنووردارە لە ئیسلامدا هەیە، وەك ئیعتیكافی دە رۆژی كۆتایی رەمەزان، ئەمە سوننەتێكە كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەنجامی داوە.

لوتكەی بەیەكگەیشتن لێرەدا رووئەدات كە بەدیهێنەری هەموو بوون، بە جیبریلی فریشتەدا پەیامی خۆی بۆ كۆتای پێغەمبەران دەنێرێت هەتا ببێتە كۆتا پەیامی خوا بۆ هەموو مرۆڤایەتی، لە كاتێكدا ئەو پێغەمبەرە سەییدی بەنی ئادەمەو كاتی دابەزینی وەحیەكەش لە بەرزایی شاخێكدا بووە، واتە هەموو لووتكەو بەرزیەكان كۆبوونەتەوە، لەكاتێكدا پەیامی خۆی بۆ پێغەمبەر مووسا لە دۆڵێكدا و تەنها بۆ بەنوئیسرائیل دەنێرێت.

ئەو شاخەی كە ئەشكەوتی حیرائی تێدایە، ناسراوە بە كێوی نوور، چونكە نووری ئیسلام لەوێوە درەوشایەوە، بەرزیەكەی 634 مەترە، چوار كیلۆمەتر لە حەرەمەوە دوورە، هەموو جارێ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چوار كیلۆمەتر رێی بڕیوە بۆ ئەو شوێنە، شاخەكەش ئەڵێیت مێزەرێكی لەسەر سەری نابێت، شوێنەكەش شوێنی هاتوچۆی خەڵك نەبووەو ئەگەر نەڵێین هیچ تاوانێ تێیدا رووینەداوە، دەكرێت بڵێین كەمترین تاوان تیایدا روویداوە، ئەشكەوتەكەش دەڕوانێت بەسەر كەعبەدا، واتە لەوێوە كەعبەت لەبەرچاوە، شاخێك هەمووی بەردەڵانە و تەنها ئەو ئەشكەوتەی تێدایە، تەواو كەشێكی لەباری هەیە بۆ پەرستش، كەسێك چووبێتە ئەوێ هەست ئەكات بەوەی لە دنیا دادەبڕێت و كەشێكی تایبەتی بۆ دروست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر شوێنەكە چۆڵ بێت، هەروەها شوێنەكەش بچووك بووە، ئەو گومانە هەڵناگرێت بڵێن شوێنەكە گەورە بووەو لەوێ موحەممەد مامۆستای هەبووەو وانەی لەلا خوێندووە، شوێنەكەش ماوەتەوەو پارێزراوە و كەس ناتوانێت گومانی لەسەر دروست بكات.

ئەمە ئامادەكاریەكی پێشوەختە بوو لەلایەن خوای گەورەوە هەتا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ماوەیەك سەرقاڵی بیركردنەوە بێت‌و ئارامیەك ببەخشێت بە دەروونی و لە كارتێكەرەكانی ناو كۆمەڵگە بەدوور بێت، وەك چۆن هەندێ رووداوی تر وەك پێشەكی بۆ پێغەمبەرایەتی هاتوونەتەڕێی، لەوانە بینینی خەوی راست كە هەر خەوێكی ئەبینی وەك خۆی دەهاتەدی، هەروەها سەلامكردنی بەرد لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەك خۆی لە فەرموودەدا ئاماژەی پێ داوە، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەیزانیوە مەسەلەكە چیە هەتا دواتر كە دەبێتە پێغەمبەر لەو شتانەی پێشوو تێدەگات.

پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لەو ماوەی لە ئەشكەوتدا بوو، سەرقاڵی پەرستش بوو، بەڵام دەقێكی صەحیحمان پێ نەگەیشتووە كە جۆری پەرستشەكەی چۆن بووە، هێندە دەزانین پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی شارەزای هیچ ئایینێك نەبووە، هەروەها لە قورئانیشدا بەسەرهاتی پێغەمبەر ئیبراهیم هاتووە كە ماوەی پێش پێغەمبەرایەتی سەرقاڵی بیركردنەوە بووە، بۆیە دەتوانین وا تێبگەین پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) زیاتری پەرستشەكەی بریتی بووە لە بیركردنەوە لە كەون و بوونی خوا و تاك و تەنهایی پەروەردگار، دواتریش یەكەم ئایەت بۆی دابەزی بە (اقرأ) دەستی پێكرد كە ئەمیش ئاماژەیە بە زانست، هەروەها باسی خەلق دەكات، دیارە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بیری لە خەلق كردوەتەوە، وەك ئەوەی خوای گەورە پێی بفەرموێت تۆیەك كە یەك مانگە بیر لە خەلق ئەكەیتەوە، دەتەوێت لە راستی شتەكان تێبگەیت، ئەتەوێت بەدیهێنەری زەوی و ئاسمانەكان بناسیت، بخوێنە بە ناوی خواوە هەتا هەموو راستیەكان بزانیت، ئەو خوایەی خەلقی كردویت، بەمە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەڵامی ئەو چەند ساڵە بیركردنەوەیەی وەرئەگرێت، كلیلی زانیاریەكانی پێ دەدرێ تا لەوێوە زیاتر بچێتە ناو وردەكاریەكانەوە، ئەم سەرەتایەشی بە بیركردنەوە لە خەلق بوو نەوەك بە خوێندنەوەی كتێبە ئاسمانیەكانی پێشوو.

(اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (1) خَلَقَ الْإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ (2) اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ (3) الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ (4) عَلَّمَ الْإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ (5)) (العلق: ١ - ٥)، (ئەی موحەممەد! بخوێنە، ئەوەی وەحیت بۆ دەكرێ‌ بەناوی ئەو پەروەردگارەتەوە، كە هەموو شتێكی دروستكرد. خەڵقی نەوەكانی ئادەمی كرد لە خوێنپارەیەك، بخوێنە، وە پەروەردگاری تۆ لە هەموو كەسێك بەخشندە ترەو خاوەن رێزێكی بێ‌ سنوورەو هیچ كەسێكی ناگاتێ‌؟! ئەو خوایەی كە بەهۆی قەڵەمەوە ئادەمیی فێری زانست و نووسین كرد، ئادەمیی فێری ئەو شتانە كرد كە نەیدەزانی).


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە