بە شێت دانانی سەرجەم پێغەمبەران

بە شێت دانانی سەرجەم پێغەمبەران

بێباوەڕان بە درێژایی مێژوو ئەو تۆمەتەیان داوەتە پاڵ پێغەمبەران، چونكە كاتێك پێغەمبەرەكەیان ناسیوە پێش پێغەمبەرایەتی، زۆر لێی رازی بون، بەڵام دواتر كە بووە بە پێغەمبەر و پەیامێكی بۆ هێناون كە لە ئاستی بیركردنەوەو رەزامەندی ئەواندا نەبووە، ئەوەیان بە شێتبون لێكداوەتەوە، واتە ئەوەی لەگەڵ روانینی خۆیاندا نەگونجاوە، یەكسانیان كردووە بە شێتی، (قَالُوا يَا صَالِحُ قَدْ كُنْتَ فِينَا مَرْجُوًّا قَبْلَ هَذَا أَتَنْهَانَا أَنْ نَعْبُدَ مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا وَإِنَّنَا لَفِي شَكٍّ مِمَّا تَدْعُونَا إِلَيْهِ مُرِيبٍ) (هود: ٦٢) (هۆزەكەی لەوەڵامدا وتیان: ئەی صالح! بەراستیی تۆ بەرلەوە ئەم قسانە بكەیت جێی هیواو ئومێدی ئیمە بوویت، چاوەڕوانبووین ببیتە سالارو گەورەمان، كەچی بەوقسانە بێ‌ هیوات كردین! ئایا لەپەرستنی پەرستراوەكانی باووباپیرانمان رێمان لێدەگریت؟ وە بەراستی ئێمە بەرامبەر ئەوخوایە بانگمان دەكەیت بیپەرستین بەگومان و دوو دڵین).

یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی شێت ئەوەیە كە هەر كردار یان گوفتارێكی شتێكی نائاسایی و كتوپڕی تێدایە، واتە ئەگەر قسەیەكت بۆ بكات یان شتێ ئەنجام بدات، نازانیت كۆتاییەكەی چیە، چاوەڕێی هەر ئەگەرێكی لێ ئەكەیت، بۆیە زۆرجار خەڵكێك حەز بە دواندنی شێتەكان دەكەن، ئەو كارەش زۆرجار سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حەزی سەرنج راكێشانی خەڵك.

پێغەمبەری ئیسلام یەكەم پێغەمبەر نیە تۆمەتی شێتی درابێتە پاڵ، بەڵكو پێغەمبەرانی تریش ئەو تۆمەتەیان دراوەتە پاڵ، وەك خوای گەورە دەفەرموێت (كَذَلِكَ مَا أَتَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا قَالُوا سَاحِرٌ أَوْ مَجْنُونٌ) (الذاریات: ٥٢) (باوی هۆزەكانی پێش ئەمانیش هەر وابوو، هەر پێغەمبەرێك خوا ناردوویەتیی و چووە بۆلای هۆزەكەی ئیللا هەر پێیان وتووە جادوگەرە، یان شێتە).

بۆ نموونە فیرعەون هەمان تۆمەت دەداتە پاڵ پێغەمبەر مووسا (قَالَ إِنَّ رَسُولَكُمُ الَّذِي أُرْسِلَ إِلَيْكُمْ لَمَجْنُونٌ) (الشعرا‌ء: ٢٧) (وتی: خەڵكینە! وا دیارە ئەو پێغەمبەرەی كە بۆ ئێوە نێردراوە دێوانەو شێتە!!).

فیرعەون ناچار بوو پەنا ببات بۆ تۆمەتی شێتی، چونكە هەر تۆمەتێكی تر دەبوویە تانەیەك بەنێو چاوانی خۆیەوە، چونكە مووسا پێغەمبەر پێشتر لە ماڵی فیرعەوندا گەورە بووبوو و فیرعەون وەك كوڕی خۆی تەماشای دەكرد، لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا دەیدا بە شان‌و باڵیدا و وەسفی دەكرد، ئێستا هەر تۆمەتێكی دزی یان بێڕەوشتی یان سەركەشی بدایەتە پاڵ، دەبوو بە عەیبە بۆ وەسفەكانی پێشووی، بەڵام تۆمەتی شێتی جیاواز بوو، واتە پێشتر كێشەی نەبووەو ئێستا بەهۆی شێتبوونەوە لێی شێواوە.

هەروەها هەمان تۆمەت ئاڕاستەی پێغەمبەر نووح دەكرێت (وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ أَفَلَا تَتَّقُونَ (23) فَقَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ قَوْمِهِ مَا هَذَا إِلَّا بَشَرٌ مِثْلُكُمْ يُرِيدُ أَنْ يَتَفَضَّلَ عَلَيْكُمْ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَأَنْزَلَ مَلَائِكَةً مَا سَمِعْنَا بِهَذَا فِي آبَائِنَا الْأَوَّلِينَ (24) إِنْ هُوَ إِلَّا رَجُلٌ بِهِ جِنَّةٌ فَتَرَبَّصُوا بِهِ حَتَّى حِينٍ (25)) (المؤمنون: ٢٣ - ٢٥)، (بێگومان ئێمە (نووح)ی پەیامبەرمان ناردە لای هۆزەكەی خۆی، تا هۆشیاریان بكاتەوە، ئەوسا پێیگوتن: ئەی هۆزەكەم! تەنها خوا بپەرستن، چونكە جگە لەو هیچ پەرستراوێكی تری راستەقینە بۆئێوە نیە، دە ئایا هێشتا ناترسن و پارێز ناكەن لەپەرستنی غەیری ئەوو، كۆتایی ناهێنن؟ جا گەورە گەورەكانی هۆزەكەی، -كە خوانەناس و بێ‌ باوەڕ بوون- وتیان: ئەم (نووح)ـەیش هەر مرۆڤێكە وەكو ئێوە، هیچ پلەو پایەیەكی لەئێوە زیاتر نیە! ئەیەوێ‌ خۆی بەسەر ئێوەدا زاڵ بكا، جا كەوابوو وریابن! نەخەڵەتێن، سەرباری ئەوەش ئەگەر خوا ویستبای پەیامبەرێك بنێرێ‌، فریشتەی دەنارد، نەك ئادەمیی، جا كەوایە با ئەو هەر بۆخۆی بڵێ‌، ئێوەش بەگوێی مەكەن، ئەم قسەوباسە كە نوح دەیكا (داوای پێغەمبەرێتی و، یەكخواپەرستی) تا ئێستا ئێمە لە باووباپیرانمانەوە نەمان بیستووە، كەوایە با هەر بۆخۆی بڵێ‌، دیارە ئەو هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نیە، سەرەڕای ئەوەش، بە بۆچوونی ئێمە، هەر پیاوێكە تووشی نەخۆشی شێتی بووەو عەقڵی تێك چووە، وا باشە تا ماوەیەك خۆتان بگرن و چاوەڕوان بن، هەتا شێتیەكەی نامێنێ‌ یا لەناو ئەچێ، یان بەشكو بگەڕێتەوە سەر بەرنامەو ئایینەكەی ئێوە).

ئەوان بە هیچ جۆرێك تێنەئەگەیشتن لەوەی نووح چۆن دەبێت لە وشكانیەكدا كەشتیەكی گەورە دروست بكات، دەبێت جگە لە شێتی چی واتایەكی تری بۆ دابنرێت، مادەم لێی تێنەگەیشتن، ئیتر واتای شێتی دەگەیاند.

هەروەها بە هوود پێغەمبەریان دەوت (قَالُوا يَا هُودُ مَا جِئْتَنَا بِبَيِّنَةٍ وَمَا نَحْنُ بِتَارِكِي آلِهَتِنَا عَنْ قَوْلِكَ وَمَا نَحْنُ لَكَ بِمُؤْمِنِينَ (53) إِنْ نَقُولُ إِلَّا اعْتَرَاكَ بَعْضُ آلِهَتِنَا بِسُوءٍ قَالَ إِنِّي أُشْهِدُ اللَّهَ وَاشْهَدُوا أَنِّي بَرِيءٌ مِمَّا تُشْرِكُونَ (54)) (هود: ٥٣ - ٥٤) (وتیان: ئەی هوود! تۆ بەڵگەیەكی رۆشنی وات بۆ نەهێناوین، ببێتە نیشانەی راستیت، تا ئێمەش باوەڕ بكەین تۆ پێغەمبەری خوایت، چاكیش بزانە هەرگیز ئێمە لەبەرقسەی تۆ واز لەخواكانی خۆمان ناهێنین و قەتیش باوەڕت پێناكەین، وە لەسەر قسەی خۆمان سوورین، و هەر ئەمەندەش دەڵێین كەهەندێ‌ لەخواكانمان دەستیان لێ‌ وەشاندویت، سەرت لێ‌ تێكچووە، چونكە بەخراپە ناویان دەبەیت، هود وتی: بێگومان من خوا بە شایەت دەگرم و ئێوەیش بەشایەت بن كە: بەڕاستیی من لەو بتانە ئێوە دەیانكەنە هاوبەشی خواو ئەیانپەرستن بەریی و بێزارم).

كێشەكە لەوەدایە ئەو كەسانەی ئەو تۆمەتانەیان دەدایە پاڵ پێغەمبەران، كەسە شەقاوەو زۆر لاسارەكان بوون نەوەك كەسە زانا و شارەزا و ژیرەكانیان (كَذَّبَتْ ثَمُودُ بِطَغْوَاهَا (11) إِذِ انْبَعَثَ أَشْقَاهَا (12)) (الشمس: ١١ - ١٢) (سەموودی ئوممەتی "صاڵح پەیامبەر" سزای (تەغوا)یان بە درۆ زانی، ئەو دەمە كە بە پەلە نەگبەتترینیان هەستایە سەر پێ‌ بۆ كوشتنی وشترەكە).

لە قورئانی پیرۆزدا یانزە جار وشەی شێت هاتووە، واتە لە هەموو تۆمەتەكانی زیاتر تۆمەتی شێتی باسكراوە، هۆكارەكەش ئەوە بووە پەیامی پێغەمبەران لە ئاستی بیركردنەوەو ویستی خەڵكی ئەو سەردەمەدا نەبووەو ئامادە نەبون بیركردنەوەو ئاكاریان بەو چەشنە بگۆڕن، بەمە تۆمەتی شێتییان داوەتە پاڵ پێغەمبەران.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە