بێباوەڕان دانیان دەنا بە راستگۆیی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم)

بێباوەڕان دانیان دەنا بە راستگۆیی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم)

كاتێك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەلایەن پەروەردگاریەوە فەرمانی پێ كرا بانگەوازەكە ئاشكرا بكات، چووە سەر كێوی صەفا و لەوێ هاواری كرد و خەڵكەكەی كۆكردەوە، هەموان هاتن بە دەمیەوەو هەركەسیش خۆی بۆی نەكرایە، لە بری خۆی كەسێكی دی دەنارد، چونكە دەیانزانی شتێكی گرنگ روویداوە، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) پێیان دەفەرموێت (أرأیتم إن أخبرتكم أن خیلا تخرج من سفح هذا الجبل، أكنتم مصدقی؟)،  (ئەگەر هەواڵتان پێ بدەم لە لاپاڵی پشت ئەم شاخەوە سوپایەكی سوارە دێن، ئایان باوەڕم پێ دەكەن؟)، هەواڵێكی ئاوا قورس و مەترسیدار هی ئەوە نیە بە خەبەردانی تاكە كەسێك هەموان بڕوای بهێنن، مەگەر ئەوەی كەسەكە موحەممەد بێت، ئیتر ناپرسن ئادەی تایبەتمەندیەكەی چیە؟ جلوبەرگ و ژمارەیان، ین بڵێن با خۆیشمان بێینە سەرەوە سەیرێك بكەین ئینجا باوەڕ دێنین، یان هەر شتێكی تری لەو چەشنە كە رێگر بێت بڵێن بەڵێ بڕوات پێ دەكەین، بەڵام دەبێت ئەمە رووبدات هەتا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەستۆپاكی خۆی بەوان نیشان بدات و هەموان ئیمزا لەسەر پاكی و راستگۆیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بكەن، لە وەڵامدا دەڵێن (ما جربنا علیك كذبا)،  (درۆمان لێ ئەزموون نەكردویت)، لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە وتیان (تەنها راستگۆییمان لێ ئەزموون كردویت)،  تەنها راستیمان لە تۆدا بینیوەو هیچی تر، واتە هەم گومانی درۆزنی لێ دووردەخەنەوە، هەم دان دەنێن بە راستگۆییەكەیدا، چونكە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشینەی درۆزنی نیە.

تەنانەت دوای پێغەمبەرایەتیش هەرچەندە پێیان دەوت درۆزن، بەڵام لە ناخەوە دەیانزانی خۆیان درۆ دەكەن و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) راستگۆیە، لە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوەشدا دانیان ناوە بەو راستیەدا، تەنها بۆ نموونە:

سەعدی كوڕی موعاذ لەگەڵ ئومەییەی كوڕی خەلەف پەیوەندی و دۆستایەتی هەبوو، كاتێك ئومەییە دەچوو بۆ شام، لە مەدینەوە دەچوو و لەوێ لای سەعد لایدەدا، سەعدیش جار جار كە دەچوو بۆ مەككە لای ئومەییە لایدەدا، جارێك سەعد چوو بۆ مەككە بۆ عومرەكردن، چوو بۆ لای ئومەییەی كوڕی خەلەف، ئومەییە پێی وت چاوەڕێ كە تا نیوەڕۆ دادێت و خەڵكی دەچنەوە ماڵ و چۆڵ دەبێت ئینجا بڕۆ تەوافەكەت بكە، سەعدیش وایكرد، كاتێك لە تەوافدا بوو ئەبووجەه هات و وتی ئەوە كێیە وا سەلامەت تەواف دەكات؟ سەعد وتی منم سەعد، ئەویش وتی وا سەلامەت تەواف دەكەیت لەكاتێكدا پەنای موحەممەد و هاوەڵانیتان داوە؟ وتی بەڵێ، ئیتر كەوتنە دەمەقاڵێ، ئومەییە بە سەعدی وت دەنگت بەرز مەكەرەوە بەسەر ئەبولحەكەمدا چونكە ئەو گەورەی ناوچەكەیە، سەعد وتی بەخوا ئەگەر رێم لێ بگریت رێی كاروانی بازرگانیت بەرەو شام دەبڕم، ئومەییە هەر دەیوت دەنگت بەرزمەكەرەوە، سەعد توورە بوو و پێی وت بیستوومە لە موحەممەد كە دەیوت تۆ دەكوژێت، ئومەییە وتی من؟ وتی بەڵێ، ئومەییە وتی موحەممەد ئەهلی درۆ نیە، ئیتر گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژنەكەی وت دەزانیت برا یەسریبیەكەم پێی وتم بیستوویەتی لە موحەممەد وتوویەتی من دەكوژێت؟! ژنەكەشی وتی بەخوا موحەممەد درۆ ناكات، ئەوەبوو كە دواتر ئومەییە چوو بۆ جەنگی بەدر، ژنەكەی پێی وت بیرت نایەت كابرای یەسریبی چی پێ وتیت؟ ئومەییە كە بیری كەوتەوە ویستی نەچێت بۆ جەنگەكە، ئەبووجەهل پێی وت تۆ سەرگەورەی خەڵكەكەیت، رۆژێ دووان وەرە لەگەڵمان، ئومەییەش چوو و لە بەدر كوژرا.

یان كاتێك ئەبووسوفیان لەلایەن هیرەقلەوە بانگ كراو سەبارەت بە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) پرسیاری لێكرا، وتی نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانی بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەی وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلی الله علیه وسلم)، دوای وتوێژێك هیرەقل بە وەرگێڕەكەی وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكی، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانی هۆزەكانیاندا بون، ... وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەی كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات ...

بێباوەڕەكان نەوەك هەر لەوەشدا درۆیان دەكرد كە تۆمەتی درۆكردن بە دەم خوایان بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بڕیار دەدا، بەڵكو خۆیان درۆیان دەكرد بە دەم خوای گەورەوە، وەك لە قورئانی پیرۆزدا ئەو راستیە تۆمار كراوە (وَلَكِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ وَأَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ) (المائدە: ١٠٣) (بەڵكو كافرو بێ‌ باوەڕەكان، خۆیان هەمیشە لە سەر خوا درۆو پڕو پاڵانتە هەڵئەبەستن)


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە