ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جادووگەر بووە؟

ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جادووگەر بووە؟

یەكێك لە تۆمەتەكان كە ئاڕاستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كراوە، بریتیە لە سیحر و جادووگەری، جا پێویستە بزانین سیحر و جادوو چیە؟ جادوو واتە گۆڕینی شتێ لە حەقیقەتی خۆیەوە بۆ شتێكی تر، واتە شاردنەوەی حەقیقەتی شتەكەو نیشاندانی دیوێكی جیاواز لەو حەقیقەتە، بۆ نموونە پلاستیكێك وا لێ بكەیت خەڵكی بە شێوەی دار بیبینن، یان شووشەیەك وا لێ بكەیت لەبەرچاوی خەڵك وەك ئاسن دەربكەوێت، واتە جادوو بریتیە لە شێواندنی راستیەكان و هەڵخەڵەتاندنی بەرامبەر، وەك چۆن لە زمانی عەرەبیدا دەوترێت (سحرت الصبی) (منداڵەكەم هەڵخەڵەتاند)، واتە وەك ئیبن مەسعوود ئەڵێت جادوو چڵەپۆپەی درۆیە، چونكە لە هەموو كات و شوێنێكدا ماست هەر سپی بووە، جادووگەرێك دێت ماستت بۆ دەكات بە رەش، ئەمە جگە لە ساختەو درۆ و هەڵەخەڵەتاندن هیچی تر نیە، چونكە لە بنەڕەتدا ماددەكەی نەگۆڕیوە، بەڵكو چاوی بەرامبەری هەڵخەڵەتاندووە.

جادووگەریش هیچ كات سەركەوتوو نابێت و براوە نیە، خوای گەورە دەفەرموێت (ولا يفلح الساحر حيث أتى) (طه: ٦٩)، (و جادوو بازیش هەرچی بكاو لە هەركوێ‌ بێ‌ سەركەوتوو نابێ‌).

سیحر دەبێت شەش خاڵی تێدا بێت، هەركات ئەو شەش خاڵە بوونیان هەبوو، ئینجا دەتوانرێت بەو كەسە بوترێت جادووگەر و بە كارەكەش بوترێت جادوو:

یەكەم: دەبێت هەر جادووگەرێكی مرۆڤ دەستی تێكەڵ بێت لەگەڵ جنۆكەیەكی جادووگەردا، چونكە كارە سەرەكیەكەی جادووەكە ئەو جنۆكەیە بەجێی دەگەیەنێت.

دووەم: هەروەها دەبێت جادووگەرە مرۆڤەكە بەرامبەر بەو كارەی جنۆكەكە، پاداشتێكی بداتەوە، واتە بێبەرامبەر ئیش بۆ یەكتری ناكەن، وەك چۆن مامەڵەیەكی ناوبازاڕ دەكرێت، هەركامەو لە بەرامبەر كڕین یان فرۆشتنی شتێكدا، بەرامبەرێ وەردەگرێ یان دەبەخشێ.

سێهەم: كاتێك جادووگەرێكی مرۆڤ لە بەرامبەر شتێكدا جادوویەك داوا ئەكات لە جادووگەرێكی جنۆكە، ئەو جادووگەرە جنۆكەش شەیتانێ رائەسپێرێ تا جادووەكە بەجێ بگەیەنێت، واتە ئەمەیان رۆڵی سەربازی بەردەستی جادووگەرە جنۆكەكە ئەبینێت، هەندێ لەوانە تەنها دەچن ئیشەكە ئەكەن و ئەگەڕێنەوەو جارجارە هاتوچۆیەكیان هەیە و ئاگایان لە جادووەكەیە بزانن ئیشی خۆی ئەكات یان نا، هەندێكی تریان كە دەنێردرێن بۆ جادووەكە، دەبێت لەو ئەركەدا بمێننەوەو وەك پاسەوانی بەردەرگای بەندیخانە، نابێت شوێنەكە جێ بهێڵن، بۆ نموونە دەنێردرێت بۆ ناو گەدەی كەسە جادوولێكراوەكە، ئیتر ئەبێت ئەو شەیتانە لەوێ بمێنێتەوەو جێی نەهێڵێت تا ئەو كاتەی بۆی دیاری كراوە، نەخۆشی وا هاتووە بۆ لام كە جادووی لێ كراوەو شەیتانەكەش ئامادە نەبووە بێتە دەرەوە، چونكە بە دەستی خۆی نەبووە بێتە دەرەوە، بەڵكو كلیل و فەرمانی دەرچوونەكەی لای جادووگەرە جنۆكەكەیە.

چوارەم: ئەو جنۆكەی كە جادووەكەی كردووە، ئەو جنۆكەش كە نێردراوە بۆ جادووەكە، دەبێت نێردراوێ لە نێوانیاندا هەبێت كە پەیام بێنێ و ببات، ئەم جنۆكەی لەو نێوانەدا پەیام دێنێ و دەبات، پێی وەترێت رەصەد، فەرمانەكانی جادووگەرەكە ئەبات بۆ سەربازەكەو پێی ئەڵێت ئەمڕۆ یان ئەم ماوە تووشی فڵانە شتی بكە، هەروەها هەواڵی بەجێگەیاندنی فەرمانەكەش دەباتەوە بۆ جادووگەرەكە، ئەویش هەواڵەكە دەداتەوە بە جادووگەرە مرۆڤەكە، ئینجا ئەمیش هەواڵەكە دەدات بەو كەسەی كە داوای كردووە جادوویەكی بۆ بكات.

پێنجەم: ئەم هەموو ئیشانە بۆ كەسێك ئەكرێن، ئەویش ئەو كەسەیە كە داوا ئەكات جادوویەكی بۆ بكرێت، بۆ نموونە كەسێك دێت داوا ئەكات جادوو بكرێت لە خزمێكی یان لە كەسێكی تر بۆ ئەوەی منداڵی نەبێت، یان سەرئێشەی بەردەوامی هەبێت، یان هەر شتێكی تر، ئەم كەسە داواكاریەكە پێشكەش ئەكات، لە بەرامبەردا دەبێت نرخ و بەهایەك ببەخشێ بە جادووگەرەكە ئینجا بۆی جێبەجێ دەكرێت، بەپێی داواكاریەكەشی نرخ و بەهاكەی جیاوازی دەبێت.

شەشەم: هەموو ئەم كەسانە بەرامبەر بە كەسێك ئەم شتانە ئەكەن، ئەو كەسەی كە جادووەكەی لێكراوە، ئەو كەسەش بە جادوولێكراو (مسحور) ناسراوە.

بۆیە كاتێك باس لە جادوو ئەكەیت، ئەبێت هەموو ئەمانەت لەبەرچاو بێت، ئاسان نیە هەر وا بە كەسێك بڵێیت جادووكەر یان جادوولێكراو، بێباوەڕان زۆر بە ئاسانی ئەم تۆمەتەیان بەرامبەر بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باس دەكرد، خۆشیان نەیاندەزانی پێی بڵێن جادووكەر یان جادوولێكراو، جارێ بە جادووكەر ناویان دەبرد (أَكَانَ لِلنَّاسِ عَجَبًا أَنْ أَوْحَيْنَا إِلَى رَجُلٍ مِّنْهُمْ أَنْ أَنذِرِ النَّاسَ وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُواْ أَنَّ لَهُمْ قَدَمَ صِدْقٍ عِندَ رَبِّهِمْ قَالَ الْكَافِرُونَ إِنَّ هَذَا لَسَاحِرٌ مُّبِينٌ) (یونس: ٢)، (ئاخۆ بۆ خەڵك جێی سەرسوڕمانە كەوەحیمان بۆ پیاوێكیان كردووەو كردوومانەتە پێغەمبەرو پێمان گوتووە ؟! كە گشت مەردم بەسزای دواڕۆژی خوای گەورەو بەدەسەڵات بترسێنە و بەو كەسانەش باوەڕیان هێناوە مژدەو مزگێنی بدە كە بەڕاستیی پایەو پلەو پاداشی باش و بەرزیان بۆ هەیە لای پەروەردگاریان، بە هۆی ئەوەی لە دنیادا كاروكردەوەی چاكیان پێشخستووە، كەچی كافرو بێ‌ باوەڕەكان بەپێغەمبەرێكی ئاوایان گوت: بێگومان ئەم موحەممەدە  جادووگەرێكی ئاشكراو ڕوونە!)، جارێكیش بە جادوولێكراو ناویان دەبرد (نَّحْنُ أَعْلَمُ بِمَا يَسْتَمِعُونَ بِهِ إِذْ يَسْتَمِعُونَ إِلَيْكَ وَإِذْ هُمْ نَجْوَى إِذْ يَقُولُ الظَّالِمُونَ إِن تَتَّبِعُونَ إِلاَّ رَجُلاً مَّسْحُورًا) (الإسراءو: ٤٧)، (ئێمە لە هەمووكەس چاكتر دەزانین كە خوا نەناسەكان بە چ نیازێ‌ گوێ‌ بۆ قورئان دەگرن، كاتێ‌ گوێت بۆ دەگرن و، ئەوكاتەش كە دەكەونە چرپە چرپ و سرتە سرت، واتە: ئاگامان لێیانە كەچۆن لاقرتیی و گاڵتە دەكەن و دەڵێن: جادووبازە، یان دەڵێن جادووی لێكراوە! ئەودەمەی كە ستەمكارەكان لەناو یەكتردا دەڵێن: ئێوە هەر لەپیاوێكی جادوولێكراو پەیڕەوی دەكەن).

كەسێك كە جادووی لێ دەكرێت، ئیرادەو توانای خۆی لەدەست دەدات، وەك دیلێكی لێ دێت، سەربەخۆیی خۆی پێ ناپارێزرێت، ئەگەر كەسێك ئەو گومانە دروست بكات بڵێت لە فەرموودەدا هاتووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جادووی لێ كراوە، لە وەڵامدا دەڵێین ئەو فەرموودەی باس لەوە دەكات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جادووی لێ كراوە، ئەوە لە قۆناغی مەدینەدا بووە، ئەگەرنا لە مەككە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جادووی لێ نەكراوە، بێباوەڕانیش لە مەككەدا ئەو تۆمەتەیان ئاڕاستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكرد، تۆمەتەكەشیان لەسەر پەیامەكەی بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها لە مەدینە جاوودی لێ كراوەو جادووەكەش لەسەر بوارە دنیاییەكەی بوو، نەوەك لە بواری پەیامەكەیدا.

باشە چۆن ئەگونجێت كەسێك جادووگەر بێت، كەچی ئەو پەیامەی كە هێناویەتی هەڵوەشێنەرەوەی جادوو بێت، واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە قورئانی هێناوە، خۆی جادووی كردبێت؟! هەمان ئەو پەیامەی هێناویەتی ببێتە هەڵوەشێنەرەوەی هەوڵ و جادووەكانی؟! لە پەیامەكەیدا جادووگەر بە سەرنەكەوتوو ناو دەبات، (ولا يفلح الساحر حيث أتى) (طه: ٦٩)، (و جادوو بازیش هەرچی بكاو لە هەركوێ‌ بێ‌ سەركەوتوو نابێ‌)، بەڵكو تەنها باوەڕپێكردنی كاهین و جادووگەر و هاوشێوەكانیان، بە بێباوەڕبوون بەرامبەر بە پەیامەكەی ناو ببات (من أتی عرافا أو كاهنا فصدقه فیما یقول، فقد كفر بما أنزل علی محمد)، رواه الحاكم في المستدرك و قال على شرط الشيخين، و وافقه الذهبي. (هەركەس بچێ بۆ لای كاهینێ یان عەراف و فاڵچیەك و بڕوا بەوە بكات كە ئەو دەیڵێت، ئەوە بێباوەڕ بووە بەوەی دابەزیوە بۆ سەر موحەممەد).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە تۆمەتی جادووی دراوەتە پاڵ، پێغەمبەرانی پێشوویش تۆمەتی جادوویان دراوەتە پاڵ، بۆ نموونە بەرامبەر بە مووسا پێغەمبەر وترا جادووگەر، وەك فیرعەون دەیوت (قَالَ إِنَّ رَسُولَكُمُ الَّذِي أُرْسِلَ إِلَيْكُمْ لَمَجْنُونٌ) (الشعرا‌ء: ٢٧.  (وتی: خەڵكینە! وا دیارە ئەو پێغەمبەرەی كە بۆ ئێوە نێردراوە دێوانەو شێتە!) یان تۆمەتی شێتی و دەستوەشاندن دەدرایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەمان ئەو تۆمەتەش پێشتر درابوویە پاڵ پێغەمبەر نووح و پێی دەوترا (إِنْ هُوَ إِلَّا رَجُلٌ بِهِ جِنَّةٌ فَتَرَبَّصُوا بِهِ حَتَّى حِينٍ) (المۆمنون: ٢٥ (دیارە ئەو هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نیە، سەرەڕای ئەوەش، بە بۆچوونی ئێمە، هەر پیاوێكە تووشی نەخۆشی شێتی بووەو عەقڵی تێك چووە، وا باشە تا ماوەیەك خۆتان بگرن و چاوەڕوان بن، هەتا شێتیەكەی نامێنێ‌ یا لەناو ئەچێ، یان بەشكو بگەڕێتەوە سەر بەرنامەو ئایینەكەی ئێوە) یان بە هوود پێغەمبەریان دەوت (إِن نَّقُولُ إِلاَّ اعْتَرَاكَ بَعْضُ آلِهَتِنَا بِسُوَءٍ قَالَ إِنِّي أُشْهِدُ اللهِ وَاشْهَدُواْ أَنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تُشْرِكُونَ) (هود: ٥٤ (هەر ئەمەندەش دەڵێین كەهەندێ‌ لەخواكانمان دەستیان لێ‌ وەشاندویت، سەرت لێ‌ تێكچووە، چونكە بەخراپە ناویان دەبەیت، هود وتی: بێگومان من خوا بەشایەت دەگرم و ئێوەیش بەشایەت بن كە: بەڕاستیی من لەو بتانە ئێوە دەیانكەنە هاوبەشی خواو ئەیانپەرستن بەریی و بێزارم)

ئەم تۆمەت بەخشینەوەیان لە وەسیەتی یەكدوای یەك و بە گوێدا چپاندن دەچێت، دەڵێیت هەركامیان چپاندوویەتی بە گوێی دەوروبەرو نەوەكانیدا كە ئەگەر كەسێك هات وتی پێغەمبەرم، خێرا تۆمەتی جادووگەریی بەرەوڕوو بكەنەوە.

 


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە