خواردن بە بەرنامە


كاتی باسی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و حیكمەتی ئەو بەرنامەیەمان كرد، لەوانەیە پرسیارێك لای زۆرێكمان دروست بووبێت  و بڵێین: كەواتە قورئان بەرنامەی خۆراكی بۆ مرۆڤایەتی داناوە؟ لە وەلآمدا زۆر بە سانایی دەڵێین بەڵێ، سەلماندنیشی زۆر ئاسانە، تەنها سێ وشەی قورئان بەسن هەتا بەرنامەی خۆراك بۆ مرۆڤایەتی روون بكەنەوە (كلوا، واشربوا، ولا تسرفوا) (بخۆن، بخۆنەوە، زێدەڕۆیی مەكەن).

 مرۆڤ بۆ چالاكی رۆژانەی پێویستی بە وزە هەیە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو وزەیەش پێویستی بە خۆراكی پێویست هەیە، ئەمەش بەجێگەیاندنی بەشی یەكەمی سیستمەكەیە، هەروەها پێویستی بە شلەمەنی و خواردنەوەش هەیە، ئەمەش لە وشەی دووەمدا خۆی دەبینێتەوە، هاوكات پێویستە سنوورێك دابنرێت بۆ مرۆڤ هەتا پێویستی و حەز و ئارەزوو تێكەڵ بە یەك نەبن و لەبری گرنگیدانی بە پێویستی، تەنها بیری لای تێركردنی حەزو ئارەزووەكانی بێت و زێدەڕۆیی بكات لە خواردن و خواردنەوەدا، ئەمەش وشەی سێهەمە كە بریتیە لە زێدەڕۆیی نەكردن.

 پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتی نانخواردنیدا بە جۆر و رێژەیەك نانی خواردووە وەك ئەو كەسەی لەسەر پێ بێت و نیەتی رۆیشتنی هەبێت، چۆن تەنها چەند پاروویەك دەخوات و بەس، بەو چەشنە زۆری نەخواردووە.

هاوكات قورئان وەك چۆن خواردن و خواردنەوەو رێژەكەی دیاری كردون، بەو چەشنەش جۆری خواردنەكانیشی دیاری كردون، فەرمانی كردووە شتی چاك و پاك و بەسوود بخۆین (كلوا من طيبات) (لە شتە پاكەكان بخۆن)، واتە ئەبێت ئەو خواردنە هێندە بەسوود بێت كە پێویستیەكانی لەشت دابین بكات، جگە لەوەش نابێت زیانبەخش بێت.

یەكێك لە گرفتەكانی ئەمڕۆژەی ئەورووپیەكان بریتیە لە جۆری خۆراكیان، ئەوان زیاتر گرنگی بە خواردنی خێرا (فاست فوود) دەدەن، كەسێك بەیانی تا نیوەڕۆ خۆی ماندوو ئەكات، نیوەڕۆ لەفەیەكی پێچراوەی بۆ دەهێنرێت و بە خواردنێكی خێرای ئامادەكراو خۆی تێر دەكات، خواردنێك كە پڕە لە كاربۆهیدرات و چەوری، ئامانجەكەشیان لەوەدا ئەوەیە زۆر كات نەكوژن بە خواردنەوە، كەچی لەولاوە ئەوە زیانە بە خۆیان دەگەیەنن كە هەست بە تێری دەكەن، بەلام خۆراكێكی زیانبەخشی وایان خواردووە كە پێویستیەكانی جەستەی دابین نەكردووە.

بەلآم خواردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر جیاواز بووە، جیاواز لە خواردنی ئەمڕۆی ئەوروپیەكان و ئێمەش، خواردنێ كە ژەمەكانی دیاریكراو بون، رێژە و جۆری خواردنەكانی و شێوازی خواردنەكەشی دیاریكراو بووە، بە رێژەیەكی دیاریكراو خواردنی خواردووە، چاكترین و سوودبەخشترین جۆری خواردنی خواردووە، خواردنی گرانبەها و زۆر دانسقەشی نەخواردووە، خواردنێكی سوودبەخشی خواردووە كە ئاسان و بەردەست بێت، بەم جۆرە دەتوانین بڵێین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە شێوەیەكی هەڕەمەكی و بێ بەرنامە نانی نەخواردووە، بەڵكو سیستمێكی خۆراكی وردی هەبووە كە لە لووتكەی تەندروستی و ئەوپەڕی كوالیتیدا بووە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەك تەنها بۆ خۆی، بەڵكو بۆ دەوروبەرەكەشی بەرنامەی تایبەتی خۆراكی هەبووە، شێواز و كاتی خواردنی لەگەڵ خاوخێزانیدا، لەگەڵ میوانەكانیدا، لەكاتی چوونی بۆ میوانی، لە مزگەوت و لە كاتی غەزاكاندا، بۆ هەریەك لەمانە شێوەو رێژە و كات و چەندێتی خواردنەكەی جیاواز و بە بەرنامە بووە، لەسەر سفرەیەك خاوخێزانی كۆكردوەتەوەو پێكەوە نانیان خواردووە، بە تەنها نانی نەخواردووە، بەشی كەسی تری نەخواردووە، خواردنێكی بەدڵ نەبووبێت لەبەرچاوی كەسانی تر نەیشكاندووە، ئەمەو دەیان وردەكاری تر كە دەكرێت لە خوانی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) تێبینی بكرێت.

ئەمڕۆ خەڵكانی بۆ ئەوەی كەموكورتی خۆراكی باوی ناو كۆمەڵگە نەدەنەوە پاڵ خۆیان و جیاواز لەو خەڵكەی تر سیستمی خۆراكی خۆیان نیشان بدەن، جۆرەها سیستمی جیاواز بۆ خۆراكیان دادەنێن كە زۆرجار زیانەكەی لە زیانەكانی سیستمی باوی خۆراكی ناو كۆمەڵگەكە زیاترە، بۆ نموونە كەسانێك دەڵێن ئێمە بەهیچ چەشنێ گۆشت ناخۆین، هەندێ دەڵێن ئێمە گرنگی بە بەرهەمە ئاژەڵیەكان ئەدەین، هەندێكی دی گرنگی بە دانەوێڵە دەدەن، هەریەك لەمانە بەشێكی زۆری خواردنەكانی تر واز لێ دێنن، چونكە ئەم جۆرە خواردنە كەموكورتی لە ڤیتامینەكاندا دەبیت، گۆشت نەخواردن كەمی ڤیتامین (B) لێ دەكەوێتەوە، ئەم ڤیتامینە زۆر پێویستە بۆ خوێن و مێشك و دەمارەكان و تەنها لە بەرهەمە ئاژەڵییەكاندا دەست دەكەوێت.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەم گۆشتی خواردووە، هەم بەرهەمی دانەوێڵەی خواردووە، هەم بەرهەمی ئاژەڵی و بەرهەمی گیایی خواردووە، هەم گرنگیشی بە میوە داوە، بەلآم خواردنەكانی بە سیستمێكی دروست رێكخستووە.

سیستمی خۆراك و گرنگی پێدانی، لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستەمدا زیاتر قسەی لەسەر كرا، پێشتر خەڵكێ نەهاتووە بەو وردیە قسە لەسەر سیستمی خۆراكی بكات، ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن ئەم وردەكاریەی گرتەبەر؟ بە دڵنیاییەوە ئەمەش رێنماییەكی خوای گەورە بووە.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش نانخواردن و پاش نانخواردنیش هەندێ وردەكاری كردووە كە ئەوپەڕی جوانی و بەهێزی سیستمە خۆراكیەكەی نیشان دەدات، بۆ نموونە پێش نانخواردن دەستی شۆردووە، هاوەلآنی فێر كردووە سفرە راخرابێت نەچن بۆ نوێژكردن هەتا نانەكەیان دەخۆن، ناوی خوای هێناوە لە كاتی نانخواردندا، لە بەردەم خۆیەوە خواردنی خواردووە، بە دەستی راستی نانی خواردووە.

دواجار ئەگەینە ئەو قەناعەتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە بەرنامە نانی خواردووەو بەرنامەكەشی لە لوتكەی كوالێتیدا بووە.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123