چارەسەر و خۆپاراستن

 

نەخۆشی بە هۆی خواردنەوە بە شێوەیەگی گشتی بە هۆی دوو حاڵەتەوە دروست دەبێت، یەكەمیان بریتیە لە كەمی خۆراكی پێویست بۆ لەش، واتە ئەو خۆراكەی كە پێداویستی لەش دلبین دەكات لە ڤیتامین و ماددە پێویستەكانی لەش، ئەو كەسە نەیخوات، ئەمەش واتە بەدخۆراكی، دووەمیش بریتیە لە زۆرخۆری، بە گشتیش لە ولآتی خۆماندا بەدخۆراكی كەمە و زیاتر كەسانێ تووشی دەبن كە كێشەی ریخۆڵە و گەدە و هەرسكردنیان هەیە، كێشەی ولآتی ئێمە بریتیە لە زۆرخۆری.

خواردنی تەندروست یان بۆ خۆپاراستنە لە نەخۆشی، یان هۆكارێكە بۆ چارەسەر، ماوەیەكی زۆر بە وردی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی پزیشكیدا خوێندنەوەم دەستپێكرد، دەبینم هەر بوارێكی پزیشكی هەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چارەسەرێكی بۆ داناوە، بۆ نموونە بۆ نەخۆشیەكانی گەدە شیر و هەنگوینی داناوە، بۆ جومگە خورما و زەنجەفیلی باسكردووە، بۆ نەخۆشیەكانی چاو گەزۆی داناوە، خواردنەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە چەشنێ بون یان خۆپارێزی بون لە هەندێ نەخۆشی باو و بلآو و مەترسیدار، یان چارەسەر بون بۆ نەخۆشیەكان.

زانستی پزیشكی ئەمڕۆ گرنگیەكی زۆر بەوە دەدات چۆن سیستمی خواردنی خەڵك وا رێكبخات كە لە نەخۆشی بیانپارێزێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر گرنگی بەوە داوە، وەك چۆن ئەمڕۆ كەسێك ئۆتۆمبێلێكی هەبێت، ئۆتۆمبێلەكەی كێشەی تێدا بێت، سووریش بزانێت كێشەكە لە جۆری بەنزینەكەدایە و بە گۆڕینی بەنزینەكە كێشەكە چارەسەر دەبێت، بەرنامەی خۆراكی موسڵمان بەو چەشنە كێشەكانی دۆزیوەتەوەو چارەسەریشی بۆ داناوە.

ئێمەی مرۆڤ بە گشتی و موسڵمان بە تایبەتی پێویستە لەسەرمان بزانین چی ئەخۆین و چەند ئەخۆین و بۆچی ئەخۆین؟ بەلآم كێشەكەی ئێستامان ئەوەیە دەخۆین و نازانین بۆچی ئەخۆین، زۆریش دەخۆین، بۆیە نەخۆشخانە و كلینیكە پزیشكیەكانمان پڕن لە نەخۆش، هۆكارەكەش ئەوەیە مۆڵ و چێشتخانەكانمان بەرناكەون، خواردنەكانیشمان زۆرێكیان ناتەندروستن و رێژەی خواردنەكەشمان نائاساییە، هەركات چێشتخانەكان و شوێنەكانی تایبەت بە كڕینی خواردن ئەو قەرەباڵغیەیان نەما، نەخۆشخانەكانیش ئەو قەرەباڵغیەیان نامێنێت.

زانستی پزیشكی ئەمڕۆ لە هەوڵدایە پاشەكشە بكات بە زۆرخۆری و تاك ئاڕاستە بكات بەرەو خواردنی تەندروست، واتە هێندەی سەرقاڵە بە چارەسەری نەخۆشیەكانەوە، زیاتر بیر بكاتەوە لە نەهێشتنی هۆكارەكانی نەخۆشی كە بەشێكی هەرە زۆری نەخۆشیەكان لە خواردنی ناتەندروستەوە سەرچاوە دەگرن، ئەگەر ئەمە بكرێت داهاتی ولآت هەڵدەكشێ و سوودێكی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە ئەو خاڵەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی پێكرد و پاش ئەو هەموو رێبڕینەی زانستی پزیشكی، ئەمڕۆ گەڕایەوە سەر ئەو خاڵە و دروستی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەركەوتەوە.

فەرموودەیەكی دایكی باوەڕداران عائیشە لەلایەن زۆربەی خەڵك و تەنانەت موسڵمانانیشەوە تەنها یەك جۆر خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، عائیشە دەڵێت: جار هەبوو سێ جار مانگی چواردە بە ماوەی دوو مانگ دەهات بەسەرماندا و لە هیچ ماڵێكی پێغەمبەری خوادا ئاگر نەدەكرایەوە، خواردنمان تەنها ئاو و خورما بوو، تەنها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێ دراوسێی هەبوو كە جارجارە شیریان دەنارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەرخواردی ئێمەی دەدا،[1] جا خەڵكانێ وادەزانن مەسەلەكە ئەوە بووە ئەو هەموو ماوەیە هیچ خواردنێ لە ماڵی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) نەبووە، بەلآم كەسانی تایبەتمەند خوێندنەوەی دیكەی بۆ دەكەن، ئەویش گرنگیدان بووە بە خواردنی تەندروست و خۆپاراستن لە نەخۆشی.

دكتۆر ئەندریا وێڵ كە دكتۆرێكی شارەزایەو تایبەتمەندیەكەی لە بواری خواردندایە، باس لە هەوڵێكی خۆی دەكات بۆ چارەسەری ریشەیی كێشە تەندروستیەكانی سەردەم، دەیان توێژینەوەی كرد و چەندین جار سەركەوتوو نەبوو، داواجار كتێبێكی نووسی تایبەت بە (هەشت هەفتە خواردنی نموونەیی) بۆ ئەوەی كەسێك تەندروستیەكی باشی هەبێت، چونكە بەو هەشت هەفتەیە جەستەی مرۆڤ تەواو خاوێن دەبێتەوە، دواجاریش دان بەوەدا دەنێت كە ئەم بیرۆكەی لە فەرموودەكەی دایكی باوەڕداران عائیشەوە وەرگرتووە، چونكە شیر و خورما و ئاو بەسن بۆ ئەوەی مرۆڤ نەقصی ڤیتامینی نەبێت.

لەو كتێبەدا كە ماوەی هەشت هەفتەی داناوە بۆ تەندروستیەكی باش، گرنگی داوە بە چەند بابەتێك، لەوانە: شتی دەستكرد مەخۆ، هەموو چەوریەك مەخۆ، رۆژانە جووڵە و وەرزشت هەبێت وەك چۆن موسڵمان چوونە مزگەوت و نوێژكردن و سەردانی نەخۆش و ئیشكردنی هەبووە، كاتی تایبەت بۆ هەڵمژینی هەناسە و بەهێزكردنی رۆح وەك پەرستشەكانی موسڵمان و نوێژێ كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی (ئەی بیلال بە نوێژ ئارامیمان پێ ببەخشە).

پزیشكێكی ئەمریكی توێژینەوەی زانستی لەسەر فەرموودەیەك دەكات و بنەڕەتی توێژینەوەكەی لەسەر بنەمای ئەو فەرموودەیە دەست پێ دەكات و راستی فەرموودەكەش دەسەلمێنێت، كەچی تازە بە تازە لێرەو لەوێ كەسانێ رەخنە لە فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەگرن و بە عەقڵی سنوورداری خۆیان بڕیاری نادروستییان دەدەن.



[1] - صحيح البخاري، الرقم 2448، صحيح مسلم، الرقم 5393، صحيح ابن حبان، الرقم 6439.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123