قەڵەوی

 

ئەوەی دەمانەوێت قسەی لەسەر بكەین، بابەتێكە كە سەدان ملیۆن كەسی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە، حكوومەتەكان گیرۆدەن بە دەستیەوەو هەزاران توێژینەوەو هەوڵی جیاواز خراوەتەڕوو بۆ چارەسەركردنی، ئەویش بریتیە لە قەڵەوی.

هۆكاری قەڵەوی بریتیە لە زۆرخۆری، هەرچی زیادەیەكی ناو لەش هەیە لەژێر پێستدا كۆدەبێتەوەو دەبێتە قەڵەوی، كوردەواریش دەڵێت: ئەوەی زۆر بخوا زۆر ناژی، ئەمە لە خۆوە نەوتراوە، بەڵكو ئەمە وەرگیراوی ناو فەرموودەكانی پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم)، واتە شارەزابوون و جێبەجێكردنی فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ناو كوردەواریدا زۆر باو بووە.

زۆربەی زۆری نەخۆشیەكان هۆكارەكەیان لە قەڵەویەوە سەردەردێنن، بۆ نموونە نەخۆش هەیە دەڵێت چەوری سەر جگەرم هەیە، هەیە تووشی شەكرە بووە، هەیە تووشی جەڵدە بووە، یان تووشی صەوەفان بووە، یان فەقەراتی لەگەڵە، لەوانەشە هێشتا تەمەنی زۆر نەبێت، بەلآم هێندە خۆی قەڵەو كردووە، ئیتر جەستەی بەرگە ناگرێت و نەخۆشی لێ پەیدا دەبێت، چونكە جەستەی مرۆڤ بۆ قەڵەوكردن دروست نەكراوە، وایش دروست نەكراوە بەرگەی ئەو هەموو قەڵەویە بگرێت بۆ ئەوەی مرۆڤەكان خوو نەدەنە تەمبەڵی و زۆرخۆری.

زۆربەی زۆری نەخۆشی و بێتاقەتیەكانی مرۆڤ لە دوانزە گرێیدایە، زۆرێك لە نەخۆشەكانی ئەمڕۆ نەخۆشی قۆڵۆنیان هەیە، هۆكارەكەشی زۆرخۆریە، ئەگەرنا هەمان ئەو كەسە لە مانگی رەمەزاندا لەو كاتەی بەڕۆژووە ئازار و بێتاقەتیەكەی كەمترە، چونكە هۆكاری ئازار و نەخۆشیەكە ئەوەیە كەسەكە ئەنەوێتە خواردن و هەتا ئەتوانێت ئەخوات، ئەو خواردنەش لە جەستەدا كەڵەكە ئەبێت و ئەمێنێتەوە، خواردنیش هەتا بمێنێتەوە ترشەڵۆك دروست دەكات، بەكتریای لەسەر ئەنیشێ و غازات لە جەستەدا دروست دەكات، نەخۆشەكەس ئازاری زیاد ئەبێت.

لە سەردەمی نەفامیدا خەڵكی شانازییان دەكرد بە قەڵەویەوەو خۆیان پێوە فش دەكردەوە، سەرسامی جەستەی خۆیان بوون، لە سەردەمی پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) دووڕوەكان هەمان سیفەتیان هەبوو، خۆیان قەڵەو دەكرد و شانازیشیان پێوە دەكرد، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوانە سەرسام نەبوو، چونكە هاوەلآنی فێر نەكردبوو خۆیان قەڵەو بكەن، بەڵكو وەك ناڕەزایەتیەك لە رووداوەكانی داهاتوو، وەك نیشانەیەكی خراپ باس لە دەركەوتنی قەڵەوی دەكات، وەك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (خير الناس قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم ... إن بعدكم قوما يخونون ولا يؤتمنون، ويشهدون ولا يستشهدون، وينذرون ولا يفون، ويظهر فيهم السمن)[1] واتە:(چاكترینی خەڵك سەدەی منن، دواتر ئەوانەی دوای ئەوان، دواتر ئەوانەی دوای ئەوان ... پاشان لە دوای ئێوەوە خەڵكانێ دەردەكەون كە ناپاكی دەنوێنن و متمانەپارێز نین،شایەتی دەدەن لە كاتێكدا داوای شایەتییان لێ نەكراوە، نەزر ئەكەن و نەزرەكەیان بەجێ ناگەیەنن، لەنێویشیاندا قەڵەوی دەردەكەوێت)، واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قەڵەوی لەپاڵ ئەو سیفەتە خراپانەدا باس دەكات.

هەرچەندە ئێمەی موسڵمان زۆرینەمان ئەم فەرموودانە دەبیستین، بەلآم لایەنی هەرە كەمەكەی حەفتا لە سەدمان كێشمان زیادە و قەڵەوین، ئەمەش دەركەوتنی نیشانەیەكی قیامەتە.

پێشەوا عومەری كوڕی خەتتاب دەیوت: (خوای گەورە ڕقی لە مرۆڤی قەڵەوە)، هەروەها دەیوت (پەنا ئەگرم بەخوا كە لەوەی قەڵەو بن یاخود ورگتان هەبێ).

خوای گەورە سنگی مرۆڤی وا دروست كردووە كە ئێسكی پێوەیە و ناهێڵێت قەڵەو ببێت، كاسەی سەریش بە هەمان شێوە رێگە نادات بە قەڵەوبوونی سەری، بەشەكانی جەستەی مرۆڤ بە گشتی دەرفەتی قەڵەوبوونیان نیە بەو چەشنەی لە سكدا ئەو دەرفەتە هەیە، بۆیە دەبینیت هەرچی قەڵەوی هەیە دەكەوێتە ورگەوە، ورگیش چەندە زیاتر بێت، هێندە ئەو كەسە لە مردنەوە نزیكترە.

قەڵەوی دەردێكی ناپەسەند بوو كە بەرەبەرە دوای وەفاتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناو موسڵماناندا بلآوبوویەوە، هەر میللەتێكیش كە سكیان تێر بوو قەڵەو دەبن، كە قەڵەویش بوون دڵیان لاواز دەبێت و خۆیان دەدەن بە دەست ئارەزووەكانیانەوە، دڵیش پادشای جەستەیەو لاوازبوونی كێشەی زۆری لێ دەكەوێتەوە.

 رۆژانە خەڵكانێكی زۆر لە جیهاندا بە هۆكاری جیاجیا خۆیان دەكوژن، هەیە بە خۆخستنەخوارەوە، هەیە بە چەقۆ خۆید ەكوژێت، یان بە خۆسووتاندن، یان بە ژەهرخواردن، بەلآم لە هەموو ئەو خۆكوشتنانە خراپتر بریتیە لە خۆكوشتن بە دەم، دەمیان ناگرن و زۆر دەخۆن و هێواش هێواش خۆیان دەكوژن، ئەم جۆری خۆكوشتنە زۆر لە خۆكوشتنەكانی تر خراپتر و زیاتر و مەترسیدارتریشە، بەلآم لەبەرئەوەی هێواشە زۆر كەس گوێی پێ نادات.

هەر بەشێكی جەستە بەهۆی زۆرخۆریەوە زیانی بەرئەكەوێت، ئەم سیفەتە لای خوا و پێغەمبەرەكەی بێزراوە، خەڵكێك لەبەرئەوەی فێری زۆرخۆری بون و دڵیان لاواز بووەو هەوڵ نادەن زاڵ بن بەسەر ئارەزووەكانیاندا، ناچار پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری پزیشكی بۆ خۆلاوازكردن، یەكێك لەو هەنگاوانەی لەو بوارانەدا دەنرێن بریتیە لە بچووككردنەوەی گەدە.

جێی سەسوڕمانە كەسێ كە تێرەو هیچ برسی نیە، زۆرجار لە تێریدا قڕقێنە ئەدات، چۆن حەزی بە خواردنە و چ چێژێكی لێ ئەبینێ؟ لە كاتێكدا ئەوەی پێویستە بۆ جەستەی، تەنها چەند پارووە نانێكە وەك چۆن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەكەدا ئاماژەی پێكردووە.

جا ئازیزەكانم زاڵ بن بەسەر ئارەزووەكانتاندا و پێش ئەوەی گەدەتان پێتان بڵێت بەسە، خۆتان بڵێن بەسە، دڵ و مێشكتان زاڵ بكەن بەسەر گەدەو ئارەزووەكانتاندا، رێنماییەكانی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە خوارندا جێبەجێ بكەو ترست نەبێت لە تەندروستیت، مەخۆ هەتا برسیت دەبێت، كە برسیشت بوو پێش تێربوونت دەست بگرەوە.



[1] - صحيح البخاري، الرقم 2529، صحيح مسلم، الرقم 4707، سنن النسائي، الرقم 4616.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123