رێژەی خواردن

 

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەرنامە خۆراكیەكەیدا ئاماژەیەكی گرنگی داوە بە رێژەی خواردن، واتە چەندە بخۆین، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (ما ملأ آدمي وعاء شرا من بطن بحسب ابن آدم أكلات يقمن صلبه، فإن كان لا محالة فثلث لطعامه وثلث لشرابه وثلث لنفسه[1] (ئادەمیزاد هیچ بۆشایی و قاپێكی پڕنەكردووە هێندەی پڕكردنی سكی خراپ بێت، ئەوەندە بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەك بخوات تا پشتی راست راگرێت، ئەگەر هەر چار نەبوو و ویستی زیاتر بخوات ئەوا با سێ یەكی بۆ خواردنی و سێ یەكی بۆ خواردنەوەی و سێ یەكیشی بۆ نەفسی بێت)، جا ئێستا بەشێكی ئەم فەرموودەیە لە نەخۆشخانەی (شتوتگارت) ی ئەڵمانی كراوە بە دروشم.

واتە لە فەرموودەكەدا رێژەی سێ یەك بۆ خواردن بۆ حاڵەتی ناچاری و خۆنەگرتن و نەوسنیە نەوەك بۆ هەموو كەس و هەموو كاتێك بێت، ئەمەش كۆتا سنوورەو نابێت لەوە زیاتر بێت، واتە لەوپەڕی تێرخواردنتدا دەبێت هێندەت خواردبێت كە بتوانیت دوو ئەوەندەی تریش بكەیتە ناو گەدەتەوە، ئەگەرنا وەك لە فەرموودەكەدا هاتووە ئەوەی پێویستە تەنها چەند پاروویەكەو بەس، چونكە دەبێت بەشی خواردنەوەو هەناسەش بهێڵیتەوە، ئەوانەی زۆر دەخۆن هەناسەیان توند ئەبێت، چونكە لە سەرووی گەدەی مرۆڤەوە جێی هەناسەدان هەیە بۆ ئەوەی سییەكان بتوانن بە ئاسانی هەناسە بدەن، بۆری هەناسە كە لە لای راستەوەیە پڕە لە هەوا، هەر فشارێ لەسەر ئەم بۆریە فشار لەسەر دڵ دروست دەكات، هەر خواردنێكی زیادەی ناو گەدە فشار لەسەر ناوپەنچك دروست دەكات، ناوپەنچكیش نوساوە بە دڵەوەو ئەویش كە فشاری لەسەر بوو فشار لەسەر دڵ دروست دەكات، بەلآم بە داخەوە ئەمڕۆ زانست سەلماندوویەتی ئەوەی مرۆڤ ئەمڕۆ ئەیخوات، سێ ئەوەندەی ئەو بڕەیە كە پێویستیەتی.

گەدەی مرۆڤ لە ناوەنددایە، فەرموودەكەش ئەفەرموێت خراپترین دەفرێ كە مرۆڤ پڕی بكات سكیەتی، چونكە هەركەس گەدەی پڕ كرد ئیتر لە پەلوپۆ دەكەوێ، چونكە زۆربەی خواردنی دڵ كە لە رێی خوێنەوە دەگوازرێتەوە، هەروەها زۆربەی ئۆكسجینی دڵ كە لە رێی خوێنەوە ئەگوازرێتەوە، گەدە پێیەوە سەرقاڵ دەبێت،  هەر كەمخواردنێ وا دەكات بەشێكی بەرچاوی خوێن بمێنێتەوەو بۆ بەشێكی تری جەستە سوودی لێ وەربگیرێت و سەرقاڵ نەكرێت بە گەدەوە، بۆیە زانایانی پێشوو كاتێك ویستبێتیان كێشەیەكی گەورە چارەسەر بكەن، خۆیان برسی كردووە، هەرچەندە ئەمڕۆ ئێمە هەڵە تێگەیشتوین، بۆ نموونە قوتابی لە كاتی تاقیكردنەوەدا بۆ بیانوویەك ئەگەڕێت بەڕۆژوو نەبێت بە بیانووی ئەوەی سەعی هەیە، لە كاتێكدا برسی بوون باشترە بۆی و ئەو خوێنەی بۆ گەدە و هەرسكردن بەكاری دێنێت، بەكاری دێنێت بۆ سەعی كردن و تێگەیشتنەكەی.

 چێژی خواردن تەنها لەو كاتەدایە كە ئەخورێت، هەركە لە زمان و ناودەم تێپەڕی ئیتر تام و چێژەكە نامێنێت، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە خواردنی خواردووە، زۆر جویویەتی و لەناو دەمیدا هێشتوویەتیەوە، تا لەناو دەمدایە چێژت پێ دەدات، دواتر كە چوویە ناو سكمانەوە، لەوە بەدوا دەبێتە ئەرك و دەیان ئەركی پێویستە، هەركات زۆرمان خوارد، زیاتر ماندوو دەبین و هەست بە بێتاقەتیەكی زیاتر دەكەین.

مرۆڤ دەتوانێت بیركردنەوەی خۆی سەبارەت بە خواردن بگۆڕێتن پاشان هەنگاو بنێت هەڵوێستی خۆیشی بگۆڕێت، لەبری ئەوەی گەدەمان فێری زۆرخۆری و پڕكردن بكەین، دەتوانین فێری برسێتی و كەمخۆری بكەین، برسێتیش جیا لە تێری چێژ و خۆشیەكی تایبەتی خۆی هەیە كە تا ئێستا ئێمە فێر نەبوین ئەو چێژە بكەین.

كاتی خۆی لە كوردەواریدا كە مەشكە بەكارهاتووە، ئەوپەڕەكەی نیوەی مەشكەكە شتی تێكراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بیژەنن، ئەی گەدەیەكی بچووكی مرۆڤ چۆن دەكرێت پڕ بكرێت و بەو پڕیە چۆن دەتوانێت بێ هیچ كێشەیەك هەرسی خواردنەكە بكات، بەڵكو كاتێك گەدە پڕ دەبێت، سەری لێ دەشێوێ و نازانێت پێش و پاشی چالاكیەكان رێك بخات، كەی دەرچەی خوارەوە بكرێتەوە، كام بەشەی خواردن پێش بخات، بۆیە پێویستە خواردنێكمان خوارد هەتا ئەوە هەرس نەكرێ و سەرفی نەكەین، خواردنی دی نەخۆین نەوەك خواردن بەسەر خواردندا كەڵەكە بكەین كە ئەمە یەكێكە لە كێشە گەورەكان كە كار لە تەندروستیمان دەكات.

ئەگەر تێبینی بكەن، زۆربەی زۆری جۆرەكانی شێرپەنجە لە ناو جۆگەی هەرسدان، وەك ( دەم و لێو و زمان، كۆتایی سورێنچك، كۆتایی گەدە، كۆتایی كۆڵۆن بەتایبەت لەناو كۆمدا) چونكە زۆرترین پەوەندی خواردن بە جەستەی مرۆڤەوە لە رێی ئەم بەشانەوەیە و لەم بەشانەدا دەمێنێتەوە، كەچی لە شوێنێكی وەك ریخۆڵە بچكۆلەدا شێرپەنجە بەدی ناكەیت، چونكە خواردن تەنها پیایدا تێپەڕ دەبێت و نامێنێتەوە.

پێویستە لەمەودوا كۆتا سنووری خواردن و پڕكردنی گەدەمان بەم چەشنە بێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی دیاری كردوین: سێ یەكی بۆ خواردن، سێ یەكی بۆ خواردنەوە، سێ یەكی بۆ هەناسە.



[1] - سنن الترمذي ، الرقم 2359 وقال حسن صحيح، صحيح ابن حبان، الرقم 675، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7202 و صححه و وافقه الذهبي.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123