پێغەمبەری خوا درۆزن نەبووە

زانایانى موسڵمان  كە دەستیان دایە نووسینەوەی فەرموودەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فلتەریان دانا بۆ كەسەكانى ناو سەنەدەكەی، هەر كەسێك بڕیار بوایە فەرموودەی لێ وەربگیرێت، دەیان مەرجیان بۆ دادەنا، هێندە مەرجی سەختیان لەسەر دادەنا كە هیچ گومانێ نەمێنێ لەسەر راستگۆیی و ژیری و توانا و لەبەركردن و دەربڕین و دەیان شتی تری، جا ئەگەر تۆمەتێ لەسەر راستگۆیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەبوایە، ئەوە دەدرایەوە بە نێوچاوانى زانایانی موسڵماندا كە ئێوە ئەم هەموو فلتەرە دەكەن تا قسەی كەسێك بگێڕنەوە كە لە بنەرەتدا خۆی درۆی كردووە؟! ئەی خودی پێغەمبەرتان لە فلتەر دا؟ واتە نەوەك تەنها پێغەمبەر لە ژیانى خۆیدا پارێزراو بوو لە درۆ، بەڵكو دواى وەفاتیشی ئەوانەى سەرقاڵی گێڕانەوەى فەرموودەكانى بوون، تەواو دوور بوون لە درۆ كردن، بەڵكو  تەنها تێكەڵكردنێكیش  لە كەسێك بینرابێت، فەرموودەی لێ وەرنەگیراوە، چونكە موسڵمانان  فێر كراون كە هەركەس درۆیەك بە ئەنقەست هەڵببەستێ بەدەم پێغەمبەری خواوە، دەبێت شوێنی خۆی لە دۆزەخدا دەستنیشان بكات.