پێغەمبەرایەتی و دەوڵەمەندی

پێش پێغەمبەرایەتی هیچ كەس قسەی نەبوو لەسەر كەسێتی و گەورەیی پێغەمبەری خوا، بەڵام كە وەحى هات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئیتر گومانیان لەسەر ئەوە هەبوو دەكرا وەحى بۆ كەسێكی تر بێت، كەسێك كە بە دیدی ئەوان تایبەتمەندى گرنگتری هەیە بۆ ئەو پۆستە، بە دیدی ئەوان دەبوو ئەگەر لە مەككە پێغەمبەرایەتی هەبوایە دەبوو بۆ كەسێكی وەك وەلیدی موغیرە بهاتایە، كەسێكی دەوڵەمەند و خاوەن ماڵ و منداڵ و دەوروبەرێكی زۆر، لە تائیفیش بوایە بۆ عوروەی كوڕی مەسعوود باش بوو كە ئەویش دەوڵەمەند و بە دەسەڵات بوو و دەوروبەرێكی زۆری هەبوو، واتە مەسەلەكە لە دیدی ئەوانەوە پەیوەندی نیە بە كەسێتی كەسەكە خۆیەوە، بەڵكو پەیوەستە بەو چواردەور و سامانەى كە هەیەتی، زۆرجار لەمڕۆشدا هەمان بیركردنەوە بۆ هەڵبژاردنى سەركردە بەدیدەكرێت و هێندەى دەوڵەمەندێ یان خاوەن هێزێ دەنگ دەهێنێت و خەڵكی دەنگى پێ دەدەن، هێندە كەسێكی ژیر و كارامە ئەو گرنگیەی پێ نادرێت، بەڵام لاى خواى گەورە هیچ كات دەوڵەمەندى پێوەر نەبووە.