عەلى کوڕی ئەبووطالیب (رەزاى خواى لێ بێت)

ئامۆزا و هاوەڵی خۆشەویستی پێغەمبەرى خوا و یەکەم منداڵی موسڵمانبوو و زاواى پێغەمبەرى خوا و موژدەپێدراوى بەهەشت و چوارەم خەلیفەی موسڵمانانە.
ناوى عەلى کوڕی ئەبووطالیبی کوڕی عەبدولموطهلیبی قوڕەیشی هاشمیە، کونیەکەى ئەبولحەسەنە، ئەبووتالیبی مامیی پشتیوانێکی سەرسەختى پێغەمبەرى خوا بوو، بەلآم بەهۆی کاریگەرى قوڕەیشیەکانەوە، بە بێباوەڕی وەفاتى کرد، بەلآم فاتیمەى دایکى باوەڕی هێنا و بە ئیمانەوە وەفاتى کرد.
کاتێک پێغەمبەرى خوا بانگەوازى دەستپێکرد، یەکەم کەس لە مندالآندا باوەڕى هێنا، عەلى کوڕی ئەبووتالیب بوو، دواتر بوویە هۆکارى موسڵمانبوونى گەورە هاوەلآنێکی وەک ئەبووزەری غیفاری.
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی کۆچ بکات بۆ مەدینە، عەلى کوڕی ئەبووطالیبی راسپارد لە شوێنەکەیدا بخەوێت و لە مەککە بمێنێتەوە تا سپاردەکانى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بداتەوە دەست خاوەنەکانیان، ئەویش ئەرکەکەى بەجێگەیاند، ئینجا کۆچی کرد و خۆی گەیاندە مەدینە.
عەلى لە زۆربەى غەزاکاندا بەشداری کرد و لە هەندێکیاندا ئالآى موسڵمانانى بەدەستەوە بوو، ئەمیرایەتى چەند سیریەیەکیشی کرد.
پاش غەزاى بەدر چوویە داواى فاتیمەى کچی پێغەمبەرى خوا و لەسەر تەنها قەڵغانێک مارەى کرد.
کاتێک فەتحى خەیبەر سەختى تێکەوت، بۆ شەوەکەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سبەینێ ئالآکە دەدەمە دەست کەسێک کە خوا لەسەر دەستی ئەو فەتحى خەیبەر دەبەخشێت، ئەو کەسە خواو پێغەمبەرى خواى خۆش دەوێت و خوا و پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) ئەویان خۆش دەوێت)، کەسەکەش بریتی بوو لە عەلى کوڕی ئەبووتالیب.
پێغەمبەرى خوا () دەیفەرموو (بە رەحمترینی ئوممەتم بە ئوممەتەکەم ئەبوبەکرەو بەهێزترینیان لە ئایینی خوادا عومەرەو بە شەرمترینیان عوثمانە و دادوەرترینیان عەلى کورى ئەبووطالیبە).
هەروەها دەیفەرموو (تۆ ئەی عەلى، زاواى من و باوکى منداڵەکانمیت و من لە تۆم و تۆیش لە منیت).
پاش وەفاتى پێغەمبەرى خوا، پشت و پشتیوانى هەر سێ خەلیفەکە بوو و لە ورد و درشتی بابەت و رووداوەکاندا راوێژی پێ دەکرا و ئەویش دەستبارى خەلیفەکان بوو.
پاش شەهیدبوونى عوپمانى کوڕی عەففان، بەیعەتى خیلافەتى پێدرا.
بەهۆی دەرکەوتنى سەبەئیەکان و هەڵگیرساندنى ئاگری ئاشووب لەنێو موسڵماناندا، دوو جەنگى سەختى نێوان موسڵمانان لە خیلافەتەکەیدا روویاندا (جەمەل، صفین)، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا حەق لاى عەلى بوو، بەلآم بەهۆى دەمارگيريى مەزهەبيەوە، بڕێك گێڕانەوەى نادروست سەبارەت بەو جەنگانە تۆماركراوە كە ئامانج لێيان چەندقات گەورەتر نيشاندانى ئاشووبەكە و ناشيرينكردنى ئەزموونى مێژوويى موسڵمانانە، ئەگەرنا دەقە صەحيحەكان دەيسەلمێنن كوشتارەكە چ لە رووى كات و چ لە رووى ژمارەى كوژراوەكانەوە، زۆر كەم بووە.
هاوکات جەنگى خەواریجەکانى کرد و تووشی شکستێکی سەختى کردن.
داخى شکستەکە، خەواریجەکانى هاندا هەوڵی تیرۆرکردنی خەلیفە بدەن و دواجاریش توانییان پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن.
شەهیدکردنەکەشی لە شەوی حەڤدەى مانگى رەمەزانى ساڵی چلی کۆچیدا بوو، ماوەى خیلافەتەکەشى چوار ساڵ و هەشت مانگ و نیو بوو.
لە دیارترین منداڵەکانى بریتی بوون لە: حەسەن، حوسەین، عوثمان، عومەر، ئومموكلثوم، زەینەب، موحەممەد (ئیبنولحەنەفیە)، عەبباس، جەعفەر، عەبدولآ، یەحیا، روقییە.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)