ئوسامەى کوڕی زەید(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى ئوسامەى کوڕی زەیدی کوڕی حارثهى کەلبیە،  زەیدی باوکى یەکێک بوو لە هاوەڵانى خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە لە جەنگى موئتەدا شەهید بوو، دایکیشی ئومموئەیمەنى حەبەشی بوو کە شیردەرى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو. 
ئوسامە لە سەردەمى ئیسلامدا لەدایکبوو، کاتێک پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى کرد تەمەنى 20 ساڵ بوو، ئوسامە ناسرابوو بە خۆشەویستى کوڕی خۆشەویست،  هەروەها ناسرابوو بە خۆشەویستى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئوسامەى کوڕی زەید خۆشەویستترین کەسە لەلام یان لە خۆشەوستترین کەسانە لەلام منیش هیوام وایە لە کەسە چاکەکانتان بێت، دەى چاک بن لەگەڵیدا). 
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئوسامە و حەسەنى کچەزاى خۆی دەگرتە کۆش و یەکێکیانى لەسەر رانێکى و ئەوی تری لەسەر رانەکەى تری دادەنا و دەیفەرموو (خوایە من ئەم دوانەم خۆش ئەوێن دەى تۆیش خۆشت بوێن).
لە حەجکردنى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) ئوسامە بەشدارى کرد و بە جلەکەى سێبەرى دەکرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). 
ئوسامەى کوڕی زەید دەڵێت رۆژێک لە جەنگێکدا لەگەڵ موسڵمانێکدا گەیشتین بە بێباوەڕێک، کە شمشێرمان لێهەڵکرد وتى أشهد أن لا إلە إلا اللە، بەلآم ئێمە وازمان لێنەهێنا و کوشتمان، کاتێ هاتینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەسەلەکەمان بۆ باسکرد، فەرمووى ئەى ئوسامەى ئەی چی ئەکەیت بە لا إله إلا الله؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا، ئەو لەبەر پەنادان و لە ترسان واى وت تا نەیکوژین، فەرمووى: (ئەرێ دڵیت لەت کرد تا بزانیت راست ئەکات یان درۆ دەکات).
لە فەتحى مەککەدا کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە ناو کەعبە یەکێک لەوانەى لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چوونە ژوورەوە، ئوسامەى کوڕی زەید بوو. 
لە جەنگى حونەیندا کاتێک سەرەتا موسڵمانان شکستیان خوارد، بڕێ لە هاوەڵان لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مانەوە، یەکێک لەوانە ئوسامەى کوڕی زەید بوو. 
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەپێش وەفاتیدا بڕیارى دا هێرش بنێرێت بۆ سەر رۆمەکان، بۆ ئەوەش سوپایەکى پێکهێنا کە گەورە هاوەڵانى وەک عومەرى کوڕی خەطابیشی تێدابوو،  ئوسامەى بانگ کرد و پێی فەرموو (بڕۆ بۆ شوێنى کوژرانى باوکت و بیانخەرە ژێر پێی ئەسپەکان، وا من تۆم کردە بەرپرسی ئەم سوپایە).  
بەلآم ئوسامە خێرا نەچوو چونکە هەواڵی نەخۆشی پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) بیست، دواتر لەسەردەمى ئەبووبەکرى صدیقدا ئەو سوپایە بە سەرکردایەتى ئوسامە بەڕێکەوت  و سەرکەوتنى بەدەستهێنا. 
لەکاتى فیتنەى نێوان هاوەڵاندا ئوسامە یەکێک بوو لەوانەى کەنارى گرت و بەشدارى ناو فیتنەکە نەبوو، چونکە پێشتر بەڵێنى دابوو بەخوا هیچ کەسێک نەکوژێت کە وشەى لا إلە إلا اللەى وتبێ،  واتە بەرامبەر هیچ موسڵمانێ نەجەنگێ.
ئوسامە لە کۆتا رۆژانى سەردەمى موعاویەى کوڕی ئەبوو سوفیاندا وەفاتى کرد.
چەندین فەرموودەى پێغەمبەرى خواى گێڕاوەتەوەو چەندین هاوەڵی وەک ئەبووهورەیرەو ئیبن عەباس و ئەبوو سەعیدى خودریى، فەرموودەیان لێوە گێڕاوەتەوە.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)