حەفصەی کچی عومەر(دایکی باوەڕداران) (رضى الله عنهما)

ناوى حەفصەى کچی عومەرى کوڕی خەططابە، دایکی ناوى زەینەبی کچی مەظعوونە. 
حەفصە پێنج ساڵ پێش ماوەى پێغەمبەرایەتى لەدایک بوو،  ئەوکات قورەیشیەکان کەعبەیان بنیاد دەنایەوە.
حەفصە ژنى خونەیسی کڕی حوذافەى سەهمى بوو، ئەم مێردەى زۆر زوو موسڵمان بووبوو، یەکێک بوو لە بەشداربوانى کۆچی حەبەشە، دواتر گەڕایەوەو چوو بۆ مەدینە، لەوێیش لە غەزاکانى بەدر و ئوحوددا بەشدارى کرد، لە غەزاى ئوحوددا خونەیس بریندار بوو و برینەکەى لێی قورس کرد و بەو هۆیەوە مرد، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر گرت.  
کاتێک حەفصە بێوەژن کەوت، عومەرى باوکى بڕیاری دا مێردێکی باش بدۆزێتەوە بۆ کچەکەى، بۆیە پێشنیازى کرد بۆ ئەبووبەکر تا بەهاوسەری بگرێت، بەلآم ئەبووبەکر رەزامەندى دەرنەبڕی، ئینجا پێشنیازى کرد بۆ عوثمان، ئەویش رەزامەندى دەرنەبڕی، عومەریش بەوە دڵتەنگ بوو و جۆرێک لە بێتاقەتى رووى تێکرد و چوو لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سکالآى کرد کە چی روویداوە، ئەویش فەرمووى (کەسی باشتر لە عوثمان، حەفصە بەهاوسەر دەگرێت و عوثمانيش کەسی باشتر لە حەفصە بەهاوسەر دەگرێت)، ئەوەبوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) داواى حەفصەى کرد و بەهاوسەری گرت، دواتر کە ئەبووبەکر عومەرى بینی وتى دڵت شتێک نەکات بەرامبەرم، من بیستبووم کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی حەفصەی دەکرد، بۆیە –ئەمەشم پێ نەوتیت- وتم با نهێنی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئاشکرا نەکەم، بە دڵنیاییشەوە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر نەگرتایە من داوام دەکرد و بەهاوسەرم دەگرت. 
پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پاش عائیشە حەفصەی بەهاوسەرگرتووە. 
دواى ئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى کرد و بڕیاردرا قورئان کۆبکرێتەوە، زەید راسپێردرا بەو کارەو دواجار هەموو قورئان نووسرایەوە، دواتر ئەبووبەکر ئەو نوسخەى دایە لاى عومەرى کوڕی خەططاب، پاش مردنى عومەر، نوسخەى قورئانەکە کەوتە لاى حەفصەى دایکی باوەڕداران، لە سەردەمى عوثماندا خەلیفە داواى لە حەفصە کرد ئەو نوسخەى قورئانەی لایەتى، بیداتە لایان تا هەموو موسڵمانان لەسەر یەک خوێندنەوەى قورئان یەکدەنگ ببن. 
دواجار حەفصەی دایکى باوەڕداران، لە شەعبانى ساڵی چل و پێنجى کۆچی و لە تەمەنى شەست ساڵیدا وەفاتى کرد.  
دایکی باوەڕداران حەفصە ژمارەیەک فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێراوەتەوە، ژمارەى ئەو فەرموودانەى نووسراون کە دایکی باوەڕداران حەفصە گێڕاویەتیەوە، شەست فەرموودەن. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)