حەمزەى کوڕی عەبدولموطەلیب(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى حەمزەى کوڕی عەبدولموطهلیبی کوڕی هاشمی کوڕی عەبدمەنافە، براى شیریی و مامی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و گەورەى شەهیدانە. 
دوو ساڵ پێش لەدایکبوونى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەدایک بوو. 
حەمزە لە ساڵی دووەمى پێغەمبەرایەتیدا موسڵمان بوو. 
جارێک ئەبووجەهل لاى صەفا رێی گرت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئازارى دا و قسەی پێ وت، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەلآمى نەدایەوە، هەواڵەکە گەیشت بە حەمزە، بەپەلە خۆی گەیاندە ئەبووجەهل و بە کەوانەکەى توند دای بەسەر سەری ئەبووجەهلدا، چەند کەسێک لە بەنى مەخزووم هەستان تا بەرگری لێبکەن، وتیان ئەی حەمزە هەرچی سەیر دەکەین تۆیش لە ئایین هەڵگەراویتەتەوە، حەمزەش وتى جا کێ و چی شتێک هەیە رێگرم بێت، بەڵێ، من شایەتى دەدەم موحەممەد نێردراوى خوایە و ئەوەى دەیڵێت حەقە، دەی ئەگەر راست دەکەن رێگریم لێ بکەن، بەو چەشنە موسڵمان بوو. 
 کاتێک حەمزە موسڵمان بوو ئیتر قورەیشیەکان زانییان حەمزە بەرگری لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەکات، بۆیە دەستیان هەڵگرت لە هەندێ ئازاردان. 
دواتر لەسەر راسپاردەى پێغەمبەری خوا، حەمزە وەک هاوەلآنى دیکە، کۆچی کرد بۆ مەدینەو لەوێ مایەوە. 
یەکەم سریە کە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ناردى، بە سەرکردایەتى حەمزە بوو، ئەوەش پاش حەوت مانگ دواى کۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە. 
هەروەها لە غەزاى ئەبوائیشدا کە لە مانگى صەفەر روویدا، ئالآى موسڵمانان بە دەستى حەمزەوە بوو. 
لە غەزاى ذیلعشیرەشدا، حەمزە بەشدارى کرد و ئالآکەى بەدەستەوە بوو. 
حەمزە لە جەنگى بەدردا بەشدارى کرد و رۆڵێکی گەورەى تێدا بینی. 
سەرەتاى جەنگەکە جەنگى زۆرانبازى بوو، واتە کەسێک بەرامبەر بە کەسێک، ئەوەبوو شەیبەو عوتبەى کوڕانى رەبیعەو وەلیدی کوڕی عوتبە لە بێباوەڕان هاتنە پێشەوە، لە موسڵمانانیش، حەمزەى کوڕی عەبدولموطهلیب و عەلى کوڕی ئەبوو طالیب و عوبەیدەى کوڕی حارث چوونە پێشەوە، هێندەى نەبرد عەل وەلیدی کوشت، ئینجا حەمزە عوتبەی کوشت. 
هەروەها حەمزە لە غەزاى بەنى قەینووقاعدا بەشدارى کرد و ئالآهەڵگری ئەو غەزایە بوو. 
لە جەنگى ئوحوددا حەمزە لە بەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو و بە دوو شمشێرەوە دەجەنگا و دەیوت: من شێری خوام،  دەچووە پێش پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و پشت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و دەجەنگا.  
دواجار کۆیلەیەک بە ناوى وەحشی، لە پێناو خۆئازادکردنەوەیدا، حەمزەى شەهید کرد،  پاشان بە خەنجەرێک سکی حەمزەى هەڵدڕی،  شەهیدبوونەکەشى لە رۆژی شەممەو لە نیوەى مانگى شەوالدا بوو. 
پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) کە تەرمى حەمزەى بینی وا شێوێنرا بوو، فەرمووى (ئەگەر سەرکەوم بەسەر قورەیشدا بە دڵنیاییەوە تەرمى سی دانەیان دەشێوێنم)،  ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوەو ئەوەى لێ قەدەغە کرد. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)