عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)

ناوى عەبباسی کوڕی عەبدولموطهلیبی کوڕی هاشمی قوڕەیشییە، مامى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليە وسلم) و کونیەکەى ئەبولفەضله، دوو ساڵ پێش لەدایکبوونى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لەدایک بوو. 
عەبباسى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە سەردەمى نەفامیدا لە مەککە گەورەى قوڕەیش بوو، سەپەرشتى مەسجیدولحەرام بەدەست ئەو بوو، زۆر بە جوانى بارەکەى رادەگرت، نەیدەهێشت تاکە کەسێک لە مەسجیدولحەرامدا قسە بڵێت. 
بەپێی چەند بەڵگەیەک دەردەکەوێت عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هەر زوو لە مەککە موسڵمان بووە، بەلآم موسڵمانبوونەکەى شاردوەتەوە هەتا پشتیوانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بکات و کارى هەواڵگری و پێویستی ئەرکەکانى مەککەى بۆ راپەڕێنێت، مەسەلەى بەشداربوونى لە بەدردا پەیوەستە بە گوێڕایەڵى عەبباس بۆ فەرمانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) نەک دژایەتى کردنى، چونکە عەبباس وەک هەواڵگرى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) لە مەککە مابوویەوە، ئەگینا خۆشەویستى بەرچاوى عەبباس بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە چەندین هەڵوێستدا دیارە، وەک چوونى بە تەنها لەگەڵی بۆ بەیعەتى عەقەبە و راسپاردەى بۆ پشتیوانان تا تەواو نازى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) راگرن و وریاى بن،  هەروەها لە بەدردا پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمانى کرد هەرکەس گەیشت بە عەبباس نەیکوژێت چونکە بە نابەدڵی هاتووە،  کاتێکیش بەدیل گیرا بە پێغەمبەرى خوا ناوى پێغەمبەرى(صلى الله عليە وسلم) دەبرد نەک بە موحەممەد  لە کاتێکدا برازاشی بوو، ئیتر چۆن لە دژی شمشێر هەڵگرێ، بەڵکو عەبباس کاتێ ویستى کۆچ بکات بۆ مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) پێی فەرموو (مانەوەت لە مەککە چاکترە)، ئەویش لە مەککە مایەوە و لەوێ هەواڵى دەنارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم). 
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) لە رۆژی بەدردا فەرمووى (هەرکامتان گەیشت بە عەبباس با نەیکوژێت، چونکە ئەو بە ناچارى هاتووە)،  هەروەها عەبباس وردەکارى کارو ئامادەکاریەکانى قورەیشیەکانى بە نامە دەنووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) وەک چۆن لە غەزاى ئوحوددا کاتێک قورەیش خۆیان ئامادە کرد بۆ جەنگ، عەبباس هەموو زانیاریەکانى بە نامەیەکدا نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم). 
ماوەیەک پێش فەتحى مەککە، عەبباس بە ژن و منداڵیەوە کەوتەڕێ بۆ مەدینە، بەلآم لە نیوەی رێدا گەیشت بە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە دەچوو بۆ فەتحى مەککە. 
پاش فەتحى مەککە، عەبباس لە نزیکی پێغەمبەرەوە(صلى الله عليە وسلم) بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) زۆر رێزی لە عەبباس دەنا و سەردانى دەکرد،  لە غەزاى حونەیندا بەشدارى کرد و لاى مایەوەو ئەو کاتەى موسڵمانان شکان و بلآوەیان کرد لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، عەبباس یەکێک بوو لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) مایەوەو بەرگری لێدەکرد. 
پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و بەیعەتدان بە ئەبووبەکری صدیق، فاطيمهى کچی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و عەبباسی مامى پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) چوون بۆ لاى ئەبووبەکرو داواى میراتییان کرد، ئەبووبەکریش پێی راگەیاندن کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) فەرموویەتى دواى خۆی میراتى جێناهێڵێت و هەرچی جێهێشت ئەوە صەدەقەیە. 
عەبباس لە کۆتاییەکانى تەمەنیدا تووشی نەخۆشی بوو و دواجار لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففان و پێش کوژرانى عوثماندا، لە ساڵی سی و دووی کۆچی و لە رۆژی هەینی، کۆچی دوایی کرد و عوثمانى کوڕی عەففان نوێژی لەسەر تەرمەکەى کرد و لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە کرا، لە کاتى وەفاتیدا تەمەنى هەشتا و هەشت سالآن بوو. 
عەبباس تا کاتى وەفاتى نزیکەى حەفتا کۆیلەى ئازاد کرد،  چونکە کەسێکی بازرگان بوو، دەوڵەمەند بوو و خێری زۆری دەکرد.

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)