عەبدولآى کوڕی رەواحە(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدولآى کوڕی رەواحەى کوڕی ثه علەبەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان. 
عەبدولآ یەکێکە لە دەستەى یەکەمى موسڵمان بوانى ناو پشتیوانان، هەروەها یەکێکە لە دوانزە نەقیبەکەى شەوی بەیعەتى عەقەبە. 
عەبدولآ لە هەریەک لە غەزاکانى بەدر و ئوحود و خەندەق و لە حودەیبیە و عومرەى پاش حودەیبیەشدا بەشدارى کرد،  عەبدولآ کە دەچوو بۆ غەزا، یەکەم کەس دەکەوتەڕێ و لەوسەریشەوە کۆتا کەس بوو دەگەڕایەوە. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ویستی پاش غەزاى ئوحود بچێت بۆ بەدر کە وادەى بوو لەگەڵ قورەِیشیەکان لەوێ روبەرووى یەکدى ببنەوە، عەبدولآى وەک بەرپرسی مەدینە دانا هەتا دەگەڕێتەوە. 
لە غەزاى خەندەقدا کاتێک خەندەق لێدەدرا، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) خۆی بەشدارى کرد و خۆڵی دەگواستەوەو لەگەڵ ئیشەکەیدا شیعرێکی عەبدولآى کوڕی رەواحە دووبارە دەکردەوە.
لە عومرەى دواى رێککەوتنى حودەیبیەدا، عەبدولآ هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) چوو بۆ عومرەکەو بەشدارى کرد، جا لەوێ لە کاتى رێڕۆیشتنی پێغەمبەردا (صلى الله عليە وسلم) شیعرى دەوت، عومەرى کوڕی خەططاب وتى: ئەی کوڕی رەواحە لە حەرەمى خوادا و لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) ئەو شیعرە دەڵێیت؟ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرموى (وازى لێ بێنە ئەی عومەر، سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە، وتەکەى لە تیر بەرکەوتن سەختترە بۆیان-واتە بۆ قوڕەیشیەکان). 
جارێک عەبدولآى کوڕی رەواحە بە هاوڕێیەکى خۆی وت: وەرە با ساتێک ئیماندار بین، کابرا وتى: مەگەر ئێمە ئیماندار نین؟ عەبدولآ وتى: با، بەلآم یادى خوا بکەین بۆ ئەوەى ئیمانمان زیاد بکات. 
ژنەکەى عەبدولآ دەیوت: عەبدولآ کە دەیویست بچێتە دەرەوە، دوو رکات نوێژی دەکرد، کە دەشهاتەوە ماڵەوە، دوو رکات نوێژی دەکرد، هەمیشە ئاوا بوو و قەت لەبیری نەدەچوو. 
جارێک عەبدولآى کوڕى رەواحە دەچوو بۆ مزگەوت، نزیک بوویەوە لە مزگەوت و گوێی لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بوو کە وتارى دەدا و فەرمووى(دابنیشن)، عەبدولآش هەر لە دەرەوە دانیشت، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە ئەوەى بیستەوە، بە عەبدولآى فەرموو (خواى گەورە سوور بونت لەسەر گوێڕایەڵی خوا و گوێڕایەڵی پێغەمبەرەکەى زیاتر بکات). 
ئەبوودەردا ء دەڵێت جاری وا هەبوو لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەردەچووین، رۆژەکە زۆر گەرم دەبوو، کەس نەبوو بەڕۆژوو بێت جگە لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و عەبدولآى کوڕی رەواحە. 
عەبدولآى کوڕی رەواحە لە غەزاى موئتەدا بەشدارى کرد و تیایدا شەهید بوو.
کاتێک موسڵمانان گەیشتنە خاکى شام و هەواڵی زۆری سوپاى دوژمن و هاتنى هیرەقلیشیان بە سوپایەکەوە بیست کە نزیک لەو ناوچە بوو، وتیان با نامە بنێرین بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) تا بزانین فەرمان بە چی دەکات، بەلآم عەبدولآى کوڕی رەواحە موسڵمانانى هاندا درێژە بدەن بە چوونەکەیان، ئەوەبوو درێژەیان دا بە چوونەکەیان تا گەیشتنە موئتە. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)