عەبدولآى کوڕی عومەر (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدولآى کوڕی عومەرى کوڕی خەططابە، کونیەکەى ئەبووعەبدوڕەحمانە،  یەکێکە لە هاوەڵە ناسراوەکان و لە زانا گەورەکانى ناو هاوەلآن کە زانستێکی کەموێنەی هەبووە.
باوکى ناوى عومەرى کوڕی خەططابەو یەکێکە لە هاوەلآنى زۆر نزیکی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و موژدەپێدراوى بەهەشت و دووەم خەلیفەى موسڵمانان پاش ئەبووبەکری صدیق.
عەبدولآ هەر لە تەمەنى منداڵیەوە لە مەککە موسڵمان بوو، دواتر هاودەم بە باوکى کۆچی کرد بۆ مەدینەو هێشتا نەگەیشتبوویە تەمەنى باڵغی، بۆیە نەیتوانى لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدارى بکات و یەکەم غەزا کە تیایدا بەشداریى کرد، غەزاى خەندەق بوو. 
ئیبن عومەر دەڵێت: بۆ غەزاى ئوحود پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) مۆڵەتى نەدا بەشدارى بکەم، بەلآم بۆ غەزاى خەندەق مۆڵەتى دام. 
ئیبن عومەر لە حودەیبیەدا بەشدارى کردو یەکێک بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان. 
هەروەها لەناو سوپاکەى جەعفەرى کوڕی ئەبووطالیبدا بەشدارى جەنگى موئتەى کرد. 
لە فەتحى مەککەشدا بەشدارى کرد. 
ئیبن عومەر دەڵێت جارێک خەوم بینی کە پارچەیەک ئاوریشم لە دەستمدایەو بەرەو هەر لایەکى بەهەشتی فڕێ دەدەم، منیش لەگەڵ خۆی رادەکێشێت، خەوەکەم گێڕایەوە بۆ حەفصەی خوشکم، ئەویش گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى(براکەت پیاوێکی صالحە) یان فەرمووى (عەبدولآ پیاوێکی صاڵحە). 
ئیبن عومەر دەڵێت لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليە وسلم) دەمبینی کەسێک خەوى دەدی، دەیگێڕایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، منیش هیوام وابوو خەوێک ببینم تا بیگێڕمەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، جا من ئەوکاتیش لە مزگەوت دەخەوتم، جارێک لە خەومدا بینیم دوو فریشتە منیان برد بۆ دۆزەخ دەتوت وێنەی گۆڕ بەخڕی دیوار کراوە، خەڵکانێکیشی تێدا بوو کە دەمناسین، منیش دەموت پەنا دەگرم بە خوا لە دۆزەخ، پەنا دەگرم بە خوا لە دۆزەخ، پەنا دەگرم بە خوا لە دۆزەخ، فریشتەیەکی تر گەیشت بەو دوو فریشتەیەو بە منى وت مەترسە، منیش خەوەکەم گێڕایەوە بۆ حەفصە-ى خوشکم-، حەفصەش گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، 
جارێک پێغەمبەر  (صلى الله عليە وسلم) بە حەفصەى خوشکى عەبدولآى فەرموو (عبدولآ پیاوێکی چاکە ئەگەر بە شەویش نوێژی بکردایە)، ئیتر دواى ئەوە عەبدولآ بە شەو زۆر کەم دەخەوت. 
ئیبن عومەر زۆر شوێنەوارەکانى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليە وسلم) لەبەرچاو دەگرت، دەچوو لەو شوێنانە دادەنیشت کە کاتى خۆی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لەوێ دانیشتبوو، دەچوو لەو شوێنە نوێژی دەکرد کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) نوێژی تێدا کردبوو، درەختێک هەبوو کە جارێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە بنیدا دانیشتبوو، ئیبن عومەر دەچوو ئاوى دەدا بۆ ئەوەی وشک نەبێت. 
ئیبن عومەر یەکێک بوو لە بەشداربوانى فەتحى میصر و ماوەیەکیش لەوێ مایەوەو نزیکەی چل کەس لە خەڵکی میصر فەرموودەیان لێوە گێڕاوەتەوە. 
کاتێک هێرش کرایە سەر ماڵەکەى عوثمانى کوڕی عەففان و ویستیان بیکوژن، عەبدولآى کوڕى عومەر، 
ئیبن عومەر لە سەردەمى عەلى کوڕی ئەبووطالیبدا بەشدارى هیچ جەنگێکی نەکرد و و کەنارى گرت. 
ئیبن عومەر هاودەم بە هاوەلآنێکی تری وەک ئیبن عەبباس و ئیبن زوبەیر و ئەبوو ئەییووبی ئەنصارى بەشدارى هێرشی سەر قوستەنتینیەی کرد. 
دواجار لە ساڵی حەفتا و سێی کۆچی و لە تەمەنى  نزیکەى هەشتاو سێ ساڵیدا وەفاتى کرد،
ئیبن عومەر فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليە وسلم) گێڕاوەتەوەو کتێبەکانى فەرموودە پڕن لە گێڕانەوەکانى ئیبن عومەر.

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)