عەبدولآى کوڕی زوبەیر (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدولآى کوڕی زوبەیری کوڕی عەووامى ئەسەدیە، یەکێکە لە هاوەڵە گەنجەکانى دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)،   باوکى یەکێک بوو لە هاوەڵە ناسراوەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و یەکێک بوو لە دە موژدەپێدراوەکانى بەهەشت.
دایکیشی ناوى ئەسمائی کچی ئەبووبەکر بوو، ئەسمائی کچی ئەبووبەکری صدیق کە یەکێکە لە ئافرەتە زۆر خواناسەکان و خوشکە گەورەی عائیشەی دایکی باوەڕداران.
عەبدولآى کوڕی زوبەیر لە یەکەم ساڵی کۆچیدا لەدایک بوو و یەکەم مناڵی لەدایکبووى کۆچەران بوو پاش کۆچ بۆ مەدینە. 
عەبدولآ تەمەنى نزیکەى حەوت یان هەشت سالآن دەبوو کە زوبەیری باوکى بردی بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هەتا بەیعەت بدات، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە بینی وا عەبدولآ دێت، بزەیەکى کرد و بەیعەتى لێوەرگرت. 
عەبدولآ لە سەردەمى خیلافەتى ئەبوبەکری صدیقدا هێشتا تەمەنێکی کەمى هەبوو،  لەو ماوەو دواتریشدا نازى بێشومارى عائیشەی پووری هەبوو، هاوکات سوودێکی زۆری وەردەگرت لە زانستی دایکی باوەڕداران عائیشە، عوروەى براى عەبدولآ دەڵێت: خۆشەویستترین کەس لاى عائیشە لە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و ئەبووبەکر، عەبدولآى کوڕی زوبەیر بوو. 
عەبدولآ هاودەم بە باوکى بەشدارى جەنگى یەرمووکى کرد، زوبەیر تەنها بۆ راهێنان ئەوی برد و دوو کەسی راسپاردبوو تا ئاگادارى بن. 
جارێک عومەرى کوڕی خەططاب چوو بە کۆلآنێکدا کە بڕێک منداڵ یارییان دەکرد و عەبدولآش لەنێویاندا بوو، منداڵەکان هەموو رایانکرد تەنها عەبدولآ نەبێت، عومەرى کوڕی خەططاب وتى: بۆچی تۆیش راتنەکرد؟ عەبدولآ وتى: تاوانم نەکردووە تا لێت بترسم، رێگەکەش تەنگ نیە تا رێت بۆ فراوان بکەم. 
عەبدولآ لە سەردەمى عوثمانى کوڕی عەففاندا بەشدارى جەنگ و فتووحاتى کرد، بەشدارى ئەو هێرشە بوو کە برا بۆ فەتحى قوسطه نطينيه،  هەروەها یەکێک بوو لە بەشداربوانى فتووحاتى ئەفریقیا.
هەروەها عەبدولآ، یەکێک بوو لەوانەى نوسخەکانى قورئانیان نووسیەوە. 
لەو کاتەى عوثمانى کوڕی عەففان گەمارۆ درا، عەبدولآى کوڕی زوبەیر هاودەم بە ئیبن عومەر و حەسەن و حوسەین و مەڕوان و ئەبووهورەیرە و ژمارەیەکى تر وەستان هەتا بەرگری لە خەلیفە بکەن، عەبدولآ چەندین شمشێر و تیری بەرکەوت. 
عەبدولآ هاودەم بە زوبەیری باوکى بەشدارى جەنگى جەمەلى کرد، دواى جەنگەکەش، سەرقاڵ بوو بە دانەوەى قەرزەکانى باوکی.
کاتێک موعاویەى کوڕی ئەبووسوفیان مرد، یەزید نامەى نارد بۆ وەلیدی کوڕی عوقبە کە والی مەدینە بوو، داواى لێکرد بەیعەتى بۆ وەربگرێت، عەبدولآ یەکێک بوو لەوانەى رازى نەبوو بەیعەت بدات. 
پاش وەفاتى موعاویەى کوڕی یەزید، عەبدولآ لە حیجازەوە خیلافەتى راگەیاند، بەلآم بە زوویی لەلایەن سوپاى ئومەویەکانەوە بە سەرکردایەتیی حەججاج، هێرش برایە سەر دەسەلآتەکەى و خیلافەتەکەى و خودى عەبدولآش لەناوبرا.
کوژرانى عەبدولآ لە نیوەى جومادیلئاخیرەى ساڵی حەفتاو سێی کۆچیدا بوو. 
عەبدولآى کوڕی زوبەیر هێندە پەرستشی دەکرد کە کتێبەکانى مێژوو دەیان گێڕانەوەیان لە بارەى پەرستشیەوە تۆمار کردووە، رۆژووگرتن و شەونوێژەکانى، وەک نموونەى زۆر دەگمەن باسکراون. 

............ 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)