میقدادى کوڕی ئەسوەد (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى میقدادى کوڕی عەمرە،  بەلآم بە میقدادى کوڕی ئەسوەد ناسراوە. 
ئەم هاوەڵە زۆر زوو لە مەککە موسڵمان بوو و دواتر کۆچی کرد بۆ حەبەشە، دواتر گەڕایەوە بۆ مەککە، بەلآم نەیتوانى کۆچ بکات بۆ مەدینە، دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کۆچی کرد بۆ مەدینە، سریەیەکى بە سەرکردایەتى عوبەیدەى کوڕی حارث نارد و سریەکە گەیشتن بە دەستەیەکى بێباوەڕان کە عیکریمەى کوڕی ئەبوو جەهل سەرکردایەتى دەکرد، میقداد و عوتبەى کوڕی غەزوانیش لەگەڵ بێباوەڕاندا دەرچووبوون تا خۆیان بگەیەنن بە موسڵمانان، کە هەردوولا بەیەکگەیشتن و جەنگ رووی نەدا، میقداد و عوتبە دایانە پاڵ موسڵمانان. 
یەکەم ئەو کەسانەى موسڵمانبوونى خۆیان ئاشکرا کرد، بریتی بوون لە حەوت کەس: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) و ئەبووبەکر و عەممار و سومەییەى دایکی عەممار و بیلال و صوهەیب و میقداد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و ئەبووبەکر بە هۆی هۆزەکانیانەوە خوا پاراستنى لە زیانى بێباوەڕان، بەلآم ئەو پێنجەکەى تر لەلایەن بێباوەڕانەوە سزا دەدران، بەرگى ئاسنینیان دەکرایە بەر و دەبرانە بەر گەرماى خۆر. 
میقداد یەکێک بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لە غەزاى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاکانى تریشدا بەشدارى کرد. 
ئیبن مەسعوود دەڵێت: لەگەڵ میقدادى کوڕی ئەسوەد بووم کە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) نزاى دەکرد لە بێباوەڕان، میقدادیش وتى: ئێمە قسەکەى قەومى مووسا ناکەینەوە بڵێین بڕۆ خۆت و خواکەت بجەنگن، بەڵکو لە راست و چەپ و پێش و دواتەوە دەجەنگین، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) لە خۆشی ئەو قسەی، دەموچاوى دەگەشایەوە. 
میقداد دەڵێت: وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) ئەگەر لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕ بەیەک گەیشتین و ئەو بە شمشێر دەستێکی منى پەڕاند، دواتر درەختێک کەوتە نێوانمان و دواى ئەوە  وتى: من موسڵمان بووم، ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) ئایا دواى ئەو وتەى بیکوژم؟ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (نا مەیکوژە)، وتم: ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) دەستیشی پەڕاندبم؟ فەرمووى (مەیکوژە، ئەگەر کوشتت، ئەوە تۆ دەچیتە شوێنی ئەو پێش ئەوەى بیکوژیت و ئەویش دەچێتە شوێنی تۆ پێش ئەوەی ئەو قسەی بڵێت). 
جوبەیری کوڕی نوفەیر دەڵێت رۆژێک لە خزمەت میقدادى کوڕی ئەسوەددا دانیشتبووین، کەسێک داى بەلایدا و وتى خۆزگە بەو دوو چاوە کە پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليە وسلم) بینیوە، بەخوا ئێمەش حەزمان دەکرد ئەوەى تۆ بینیت، ئێمەش بمانبینیایە، ئەوەى تۆ ئامادەى بوویت، ئێمەش ئامادەى بووینایە، میقداد تووڕەیی گرتى، منیش سەرم سوڕما چونکە دەموت: خۆ کابرا خراپی نەوت، دواتر میقداد تەماشاى کرد و وتى: بۆچی کابرا ئاوات بە ساتێ دەخوازێت کە خوا نەیویستووە ئەوى تێدا بێت، چووزانێت ئەگەر لەوێ بوایە چی دەکرد؟ بەخوا کەسانێک لە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئامادە بوون کە خوا لەسەر دەموچاو، بەرەو دۆزەخى بردن لەبەرئەوەى نەهاتن بەدەم بانگەوازى پێغەمبەرەوە(صلى الله عليە وسلم) و بڕوایان پێ نەکرد، بۆچی سوپاسی خوا ناکەن کە هەر بە لەدایک بوونتان پەروەردگارى خۆتان دەناسن و بڕواتان هێناوە بەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هێناویەتى، خوا لە بری ئێوە کەسانى تری خستە بەر تاقیکردنەوەو ئێوە رزگارتان بوو. 
میقداد پێش وەفاتى وەسیەتى کرد لە سامانەکەى سی و شەش هەزار بدرێت بە حەسەن و حوسەین و بۆ هەریەک لە دایکانى باوەڕدارانیش حەوت هەزار درهەم بدرێت. 
دواجار لە ساڵی سی و سێی کۆچی و لە خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففان و لە تەمەنى حەفتا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. 

............ 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)