عائیشەی کچی ئەبووبەکر (رضي الله عنها)

ناوى عائیشەی کچی ئەبووبەکری صدیقە، باوکى یەکێکە لە نزیکترین هاوەڵەکانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) و موژدەپێدراوى بەهەشت و یەکەم خەلیفەى موسڵمانان.
عائیشە دەڵێت: هێشتا هۆشم نەکردبوویەوە کە باوک و دایکم باوەڕدار بوون، چی رۆژێکیش دەهات پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بەیانى و ئێوارە دەهات بۆ لامان. 
ذەهەبی دەڵێت عائیشە لە دواى هاتنى ئیسلام لەدایک بوو و تەمەنى هەشت ساڵ بچووکتر بوو لە فاطيمه. 
دواى وەفاتى خەدیجە، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) سەودەى بە هاوسەر گرت و ماوەیەک تەنها سەودە خێزانى بوو، ئینجا عائیشەی بەهاوسەرگرت،  دواتر لە مانگى شەووالى ساڵی دووەمى کۆچی و پاش گەڕانەوەى لە غەزاى بەدر، ئینجا گواستیەوە. 
سەبارەت بە تەمەنى عائیشە لە کاتى مارەکردن و گواستنەوەیدا، قسەو باسێکی زۆر هەیەو کراویشە بە گومانێک بەرامبەر بە ئیسلام، بەلآم لە هەموو گێڕانەوە صەحیحەکانەوە دەردەکەوێت، کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەوی بەهاوسەر گرتووە، تەمەنى عائیشە کەم بووە.
لە غەزاى مورەیسیعدا لە ساڵی پێنجەمى کۆچیدا کە ئەوکات عائیشە تەمەنى دوانزە سالآن بوو،  دووڕووەکان بۆ شاردنەوەى هەڵەیەک کە ئەنجامیان دابوو، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە بوو بۆ دایکی باوەڕداران عائیشە کە بە رووداوی ئیفک ناسراوە، ئەم هەوڵەیان کاریگەریی زیاتری هەبوو و چارەسەرکردنی ماوەیەکی پێویست بوو، بنەڕەتی رووداوەکەش ئەوەبوو کە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليە وسلم) هەرکات بیویستایە لە مەدینە دەربچێت تیروپشکی دەکرد بۆ هاوسەرەکانى و یەکێک لە هاوسەرەکانى لەگەڵ خۆی دەبرد، لە غەزاى مورەیسیعدا عائیشە ناوى دەرچوو،  کە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليە وسلم) لە غەزاکە بوویەوەو بەرەو مەدینە کەوتەوەڕێ، کە لە مەدینە نزیک بوونەوە، پاش حەوانەوە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليە وسلم) فەرمانى دەرچوونى دەرکرد، عائیشە بە پیادە کەمێک لە سوپاکە دوورکەوتبوویەوە، کە هاتەوە، کاروانەکە رۆیشتبوو، لەوێ مایەوە بەو هیوایەی بێنەوە بە شوێنیدا.
صەفوانى کوڕی موعەططهلى سولەمى  لە دواى سوپاکەوە بوو، کە عائیشەی بینی سواری وشترەکەی کرد هەتا گەیاندیەوە کاروانەکەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليە وسلم) و موسڵمانان، دووڕووەکان ئەمەیان بە فرسەت زانی و تۆمەتی زینایان دایە پاڵ عائیشە و صەفوان، تۆمەتەکە بە چەشنێ بوو پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) نەیدەزانى چ بڕیارێکی تێدا بدات، ماوەیەکی زۆر لە چەند روانگەوە وردەکاری تێدا کرد، دواجار ئایەت لەو بارەوە دابەزی و حوکمی یەکلاکەرەوەی لەسەردا، ئەگەرنا ئاگری فیتنەیەکی گەورە بوو، دەکرا دەستکەوتەکانى غەزاکە بگۆڕێت بۆ شکست، حوکمەکەش پاکداوێنی عائیشە و ناڕاستی تۆمەتی دووڕووەکان و سزادانى ئەو موسڵمانانەى لەخۆدەگرت کە دانیان نابوو بە تۆمەتەکەدا. 
عائیشە دەڵێت جارێک لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) پێشبڕکێمان کرد، من لێم بردەوە، دواى ماوەیەک قەڵەو بووم، هەمدى پێشبڕکێمان کرد و پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لێی بردمەوەو فەرمووى ئەمەیان بەوى تر. 
پرسیار کرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کێ زۆر لات خۆشەویستە؟ فەرمووى عائیشە، وتیان ئەی لە پیاوان؟ فەرمووى: ئەبووبەکر، وتیان: دواتر، فەرمووى عومەر. 
عائیشە دەڵێت جارێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى(ئایا بەوە رازى نیت هاوسەرى دنیا و ئاخیرەتیشم بیت؟) وتم بەرێ وەلآ، فەرمووى(دەى تۆ هاوسەری دنیا و ئاخیرەتی منیت). 
هاوەلآن دەیانزانى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) چەندە عائیشەی خۆشدەوێت، بۆیە هەرکات بیانویستبا دیاریەکى بۆ ببەن، دەوەستان تا بچێت بۆ ماڵی عائیشە ئینجا دیاریەکەیان بۆ دەبرد.  
عائیشە دەڵێت کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) نەخۆش کەوت و ئازارى زیادى کرد، مۆڵەتى لە هاوسەرەکانى تری خواست تا لە ماڵی من بمێنێتەوە، ئەوانیش رازى بوون،  ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە ماڵی عائیشە مایەوە تا وەفاتى کرد. 
دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەبووبەکری صدیق بوو بە خەلیفە و عائیشەش لەو ماوەدا لە مەدینە مایەوەو رێنمایی و زانستی پێشکەش بە موسڵمانان دەکرد.
دواى وەفاتى ئەبووبەکر، عومەرى کوڕی خەططاب بوو بە خەلیفەو عائیشە لەو سەردەمەشدا هەمان شێوەی پێشووتر سەرقاڵی بەخشینەوەى زانست بوو.
لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففاندا عائیشە هەر لە مەدینە بوو و زانستی دەبەخشیەوە، بەلآم لە کاتى فیتنەى شەهیدکردنى عوثماندا، ئاشووبگێڕان سوودیان وەرگرت لەناوبانگى عائیشە هەتا دژ بە خەلیفە عوثمان بەکارى بهێنن.
کاتێک عوثمان گەمارۆ درابوو، عائیشە لە مەککە بوو، ئەوەبوو بەرەو مەدینە کەوتەوە ڕێ، بەلآم لە رێدا هەواڵی کوژرانى عوثمانى بیست، بۆیە گەڕایەوە بۆ مەککە و وتى بەخوا عوثمان بە بێتاوانى کوژرا و دەبێت داواى خوێنی بکەم. 
دواى ئەوەى بەیعەتى خیلافەت درا بە عەلى کوڕی ئەبوو طالیب، عەلى کوڕی کوڕی ئەبووطالیب کە خەلیفەى شەرعی بوو، پێی وابوو پەلە نەکەن لە تۆڵەسەندنەوە هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوەو ئاشووبخوازان پەرت دەبن، چونکە ئەوان لەوپەڕی بەهێزیدان و لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر جەنگیشیان لە دژ رابگەیەنرێت، خوێنێکی زۆر دەڕژێت.
عائیشەی دایکی باوەڕداران و هەریەک لە طەلحە و زوبەیریش کە بەیعەتیان دابوو بە خەلیفەو بەهۆی سووربوونیان لەسەر تۆڵەسەندنەوەى عوثمان روویانکردبوویە مەککە، پێیان وابوو دەبێت تۆڵەى خوێنی عوثمان دوانەخرێت و رێگە نەدرێت ئاشووبگێڕان بڵاوەى لێ بکەن، ئەگەر خەلیفە رازى ببێت، ئەوە دەچنە ژێر ئاڵاى سوپاکەى، ئەگەریش بەوە رازى نەبێت، ئەوە دەبێت لە هەرێمەکانى ترەوە کاربکرێت لەسەر نیشاندانى مەترسی سەبەئی و ئاشووبخوازەکان و فشارێکی وا دروست بکرێت کە خەلیفە قەناعەت پێ بکات بەبێ دواخستن تۆڵەى خوێنی عوثمان بکرێتەوە، بەم نیازەوە بڕیاریان دا رووبکەنە بەصرە و دواتر جەنگى جەمەلى لێکەوتەوە. 
دواى ئەوە، عائیشە کەنارى گرت لە سیاسەت و تەنها سەرقاڵی گەیاندنى زانست بوو هەتا ئەو کاتەى وەفاتى کرد، لە شەوى حەڤدەى رەمەزانى ساڵی پەنجاو حەوت یان پەنجاو هەشتی کۆچیدا،  وەفاتى کرد، خۆیشی وەسیەتى کردبوو لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە بکرێت. 

............ 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)