زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى زەیدی کوڕی حارثه ى کوڕی شەراحیلى کەعبیە، بە منداڵیى، بە کۆیلە گیرا و لە بازاڕى مەککەدا فرۆشرا و لەلایەن خەدیجەى کچی خوەیلیدەوە کڕدرا و دواتر بە دیاریى بەخشیى بە پێغەمبەرى خوا. 
زۆری نەخایاند، باوک و مامى زەید هاتنە مەککەو ویستیان بیکڕنەوە لە پێغەمبەری خوا، ئەویش زەیدى سەرپشک کرد لەنێوان مانەوە لاى خۆی و گەڕانەوەى بۆ لاى باوک و مامى، زەیدیش مانەوەى لاى پێغەمبەرى خواى هەڵبژارد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە ئەمەى بینی، لەناو خەڵکدا فەرمووی:  شایەت بن زەید کوڕی منەو میراتم لێ دەگرێت و مێراتى لێدەگرم، کاتێک باوکى و مامى ئەمەیان بینی، دەروونیان ئارامى گرت و گەڕانەوە، ئیتر هەمیشە زەید بە ناوى زەیدی کوڕی موحەممەد بانگ دەکرا تا ئەوەى ئیسلام هات و تەبەننى هەڵوەشاندەوە. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) چوو بۆ طائیف، زەیدی کوڕی حارثهش لەگەڵیدا چوو، کاتێک خەڵکەکەى پێغەمبەریان (صلى الله عليە وسلم) بەردباران دەکرد، زەید خۆی دەدایە بەر بەردەکان و پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليە وسلم) دەپاراست. 
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بڕیاری دا ژن بهێنێت بۆ زەید، بۆیە ئومموئەیمەنى بۆ هێنا و لەم ژنەى زەید کوڕێکی بوو بە ناوى ئوسامە کە بە خۆشەویستى کوڕی خۆشەویست ناسرابوو، چونکە پێغەمبەرى خوا هەم زەید و هەم ئوسامەشى زۆر خۆشدەویستن. 
دواتر پێغەمبەرى خوا، داواى زەینەبی کچی جەحشی پوورزاى کرد بۆ زەید و لێی مارەکرد، پاش ئەوەى پێکەوە نەگونجان و تەلآقى دا، بە فەرمانى خوا، پێغەمبەرى خوا زەینەبى بەهاوسەر گرت، ئینجا پێغەمبەرى خوا ژنی تری هێنا بۆ زەید.
زەید لە غەزاى بەدرو ئوحود و غەزاکانى تریشدا بەشدارى کرد هەتا لە غەزاى موئتەدا شەهید بوو،  پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) زەیدی لە هەر سریەیەکدا بناردایە، دەیکرد بە ئەمیری سریەکە،  ئەوەبوو لە حەوت سریەدا زەید ئەمیر بوو،  ئەگەریش پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بچوایەتە دەرەوەو زەید لە مەدینە بوایە ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەیکرد بە بەرپرسی مەدینە تا خۆی دەگەڕایەوە. 
زەید لە قورئاندا و لە سوورەتى ئەحزابدا ناوى هاتووە، ئەمیش تاکە هاوەڵە کە لە قورئاندا ناوى هێنرابێت. 
زەید سیفەتی سەرکردایەتى و ئەمیرایەتى تێدابوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە ژیانیدا بە کردار و لە کۆتا رۆژەکانى تەمەنیشیدا بە فەرمایشت، ئەو شایەتییەى بۆ دا.
کاتێک ئوسامەى کوڕی زەیدى کرد بە سەرکردەى سوپایەک دژ بە رۆمەکان و خەڵکێک گلەییان هەبوو، چوویە سەر مینبەر و فەرمووى:  (ئەى خەڵکینە ئەو قسەو باسە چیە پێم گەیشتوەتەوە لە هەندێکتان سەبارەت بەوەى ئوسامەم بە ئەمیر داناوە، ئەگەر تانە دەدەن لە ئەمیرایەتى ئوسامە، پێشتریش تانەتان دا لەوەى باوکیم بە ئەمیر دانا، ئەرێ بەخوا ئەو کەسە بۆ ئەمیرایەتى دروست کرابووو دواى خۆیشی کوڕەکەشی بۆ ئەمیرایەتى دروست کراوە...)  
لە مانگى جەمادیلئوولادا پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بە نامەیەکەوە حارثى کوڕی عومەیری ئەزدى نارد بۆ لاى پاشای بوصرا، کەچی کە گەیشتە موئتە، شورەحبیلی کوڕی عەمرى غەسانى رێی پێ گرت و کوشتى، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەوەى لەسەر سەخت بوو، بۆیە سوپایەکى نارد کە نزیکەى سێ هەزار کەس دەبوون، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (ئەمیری خەڵکەکە زەیدی کوڕی حارثهیە، ئەگەر کوژرا ئەوە جەعفەرى کوڕی ئەبوتالیب ئەمیرە)، زەید بەڕێکەوت و جەنگ لەنێوان موسڵمانان و دوژمندا روویدا، زەید بە ئالآکەوە جەنگا هەتا شەهید بوو. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هەواڵی کوژرانى زەیدى پێگەیشت، دانیشت و خەفەت دەموچاوى داگرتبوو،  ئینجا دەیفەرموو:(خوایە لە زەید خۆش بیت، خوایە لە زەید خۆش بیت، خوایە لە زەید خۆش بیت). 
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) چوو سەردانى ماڵی زەیدی کرد، کچەکەى زەید هەنیسکی گریان گرتبووی و بە گریانەوە رووەو پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) چوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) زۆر بە تاسەوە دەستی کرد بە گریان، سەعدى کوڕی عوبادە کە لەوێ بوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) ئەو گریانە چیە؟ فەرمووى: (ئەوە تاسەی خۆشەویستە بۆ خۆشەویستەکەى). 
کاتێک زەید شەهید بوو، تەمەنى پەنجاو پێنج ساڵ بوو. 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)