سەبارەت بە پێكهاتەى خواردنەكان، دەبينين پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خواردەمەنييەكانى وەك خورما و گۆشت و پێخۆرى وەك كوولەكە و سركە و ميوەكانى وەك شووتى و خواردنەوەكانى وەك جۆرەكانى شيرەمەنى و شەربەتى مێوژى دەخوارد كە هەموو ئەوانە سوودێكى زۆرى خۆراكييان هەيە.
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (غَطُّوا الْإِنَاءَ ، وَأَوْكُوا السِّقَاءَ ، فَإِنَّ فِي السَّنَةِ لَيْلَةً يَنْزِلُ فِيهَا وَبَاءٌ ، لَا يَمُرُّ بِإِنَاءٍ لَيْسَ عَلَيْهِ غِطَاءٌ ، أَوْ سِقَاءٍ لَيْسَ عَلَيْهِ وِكَاءٌ ، إِلَّا نَزَلَ فِيهِ مِنْ ذَلِكَ الْوَبَاءِ)،[1] (سەرى دەفرەكانتان دابپۆشن و دەمى گۆزە و دەفرى شلەمەنييەكانتان ببەستن و قەپاتى بكەن، چونكە لە شەوەكانى ساڵدا شەوێك هەيە كە تيايدا دەرد و وەبا دادەبەزێت، ئەو دەرد و وەبايە بدات بەلاى هەر دەفرێكدا كە سەرى دانەپۆشرابێت، يان گۆزە و دەفرەئاوێك كە دەمى قەپات نەكرابێت، دەچێتە ناويەوە).[2]
باوێكى ناو كوردەواريى لە باوباپيرانى پێشووماندا ئەوەبوو كە كاتێك مەنجەڵێك يان دەفرێك سەرى نەبوايە، شتێكيان لەسەر دادەنا و ناوى خوايان لێ دەهێنا، دواتر بە خزمەت فەرموودەيەك گەيشتم، ئينجا زانيم باوباپيرانمان چۆن لە خزمەت فەرموودەدا بون و رەنگدانەوەى فەرمايشتەكانى خۆشەويستمان لە ژيانياندا زۆر بە روونى بەديدەكرا، چونكە ئەگەرچى بەم دواييانە زانستى فەرموودە لەناو كورداندا رووى لە كزى كردبوو، بەڵام شوێنەوارى زانستەكە و فەرموودەكان بە چڕيى لەنێوياندا مابوويەوە.
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (فَإِنْ لَمْ يَجِدْ أَحَدُكُمْ إِلَّا أَنْ يَعْرُضَ عَلَى إِنَائِهِ عُودًا وَيَذْكُرَ اسْمَ اللهِ ، فَلْيَفْعَلْ)،[3] (ئەگەر يەكێكتان نەيتوانى تەواو سەرى دەفرەكەى دابپۆشێت، ئەوە با بە دارێك يان چيلكەيەك -واتە بە شتێك- دەفر و مەنجەڵەكەى دابپۆشێت و ناوى خواى لەسەر بهێنێت).
تەنانەت سەروەرمان گرنگيى دەدا بە رێكخستنى خواردنەكان، ئايا چ خواردنێك لەگەڵ خواردنێكى تردا بخورێت، ئەمەش بۆ رێكخستنى سوودەكانى خواردن نەبادا بە هەڵە خواردنى جياواز پێكەوە بخورێت و دواتر لەبرى سوود، زيانى لێ بكەوێتەوە.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆرجار شووتی لەگەڵ خورمادا خواردووە، مەبەستیشی ئەوە بووە وزەی گەرمی و موجەبی ناو خورما بە وزەی سارد و سالبی ناو شووتی یان خەربزە یان ترۆزی رێک بخاتەوە، ئەمەش لە فەرموودەدا ئاماژەی پێ دراوە.
عائیشەی دایکی باوەڕداران دەڵێت: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) شوتی بە خورمای روتەبەوە دەخوارد و دەیفەرموو (نَكْسِرُ حَرَّ هَذَا بِبَرْدِ هَذَا ، وَبَرْدَ هَذَا بِحَرِّ هَذَا)،[4] (گەرمی ئەمە بە ساردی ئەمیان دەشکێنین، ساردی ئەمەش بە گەرمی ئەمەیان دەشکێنین)، بەڵام تا ئێستاش زانستی پزیشکی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەم راستیە بسەلمێنێ و سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام دڵنیام زۆر ناخایەنێت زانستی پزیشکی دان بەم راستیەدا دەنێت و دەستی خۆی پێ دەگەیەنێت، پێویستیشە پزیشکە موسڵمانەکان پێش هەموان هەنگاو لەم بوارەدا بنێن و کار بۆ ئەم فەرموودەو دەیان فەرموودەی دیکەش بکەن.
دەیلەمی دەڵێت: هاتین بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتمان ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەزانیت ئێمە کێین و لە کوێوە هاتوین ... جا ئێمە بڕێ جۆر ترێمان هەیە چی لێ بکەین؟ فەرمووی (بیکەن بە مێوژ) وتمان ئەی چی بکەین بە مێوژەکە؟ فەرمووی (انْبِذُوهُ عَلَى غَدَائِكُمْ، وَاشْرَبُوهُ عَلَى عَشَائِكُمْ، وَانْبِذُوهُ عَلَى عَشَائِكُمْ وَاشْرَبُوهُ عَلَى غَدَائِكُمْ)،[5] (بەیانی بیکەنە ناو ئاوەوەو لەسەر خوانی ئێوارەتان بیخۆنەوە، یان ئێوارە بیکەنە ئاوەوەو لەسەر خوانی بەیانیتان بیخۆنەوە)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆیشی ئاوای دەکرد، شەو مێوژەکە دەکرایە ئاو و بەیانی دەیخواردەوە، یان بەیانی دەکرایە ئاو و شەو دەیخواردەوە.[6]
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ماوەیەکی دیاریکراو شەربەتی مێوژی خواردوەتەوەو لەوە زیاتر کاتەکەی تێپەڕبوایە نەیدەخواردەوەو نەیشیدەهێشت کەسی تر بیخواتەوەو دەیڕشت، واتە ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت ماوەی بەسەرچوونی خواردن، ئەوکات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جێبەجێی کردووەو هاوەڵانی لەسەر راهێناوە، ئیبن عەبباس دەڵێت: (كَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُنْقَعُ لَهُ الزَّبِيبُ فَيَشْرَبُهُ الْيَوْمَ، وَالْغَدَ ، وَبَعْدَ الْغَدِ إِلَى مَسَاءِ الثَّالِثَةِ ، ثُمَّ يَأْمُرُ بِهِ فَيُسْقَى أَوْ يُهَرَاقُ)، [7] (مێوژ دەکرایە ناو ئاوەوە بۆ پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)، ئەویش ئە ورۆژە لێی دەخواردەوە، بۆ بەیانی و دوو بەیانیش لیی دەخواردەوە، لە ئێوارەی رۆژی سێیەمدا دەیخواردەوەو لێیشی دەدا بەوانەی چواردەوری، هەرچیەکی لێ بمایەتەوە دەیڕشت).
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەهی دەکرد لەوەی مێوژ و خورما پێکەوە بە تێکەڵی بکرێنە ناو ئاوەوە، چونکە کارلێکی نێوانیان زیانبەخش دەبێت، وە لە گێڕانەوەكەى جابيردا هاتووە (أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نَهَى أَنْ يُخْلَطَ الزَّبِيبُ وَالتَّمْرُ وَالْبُسْرُ وَالتَّمْرُ).[8]
هەروەها پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) خەربزەی بە خورمای روتەبەوە دەخوارد و دەیفەرموو (هما الأطيبان) ئەم دوانە دوو شتە زۆر پاک و خۆشەکەن،[9] خەربزەش میوەیەکی ئێرانیە لە خانەی کاڵەکە و لای خۆمان بە کاڵەکی مەشهەدیش ناودەبرێت.
پێغەمبەری خودا ڕێگری کردووە لە خواردنەوە لە لێواری شکاوی پەرداخەوەو قەدەغەی کردووە هەناسە بدرێت بەسەر خواردنەوەدا،[10] هەروەها رێگری کردووە لە خواردنەوەی ئاو لە دەمی دەبە و تەرمۆزەو کونە و هاوچەشنەکانیانەوە بخورێتەوە،[11] بەڵکو بکرێتە دەفری وەک پەرداخ یان قاپێکەوە، ئینجا بخورێتەوە.
پاشان پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گرنگيى دەدا بە پاكژيى كەسەكان لەپێش نانخواردن و كاتى نانخواردن و دواى نانخواردنيش.
دواجار دەگەينە ئەو بڕوايەى پێويستە لە پێغەمبەرمانەوە (صلى الله عليه وسلم) فێر ببين كە خواردنى پاكژ هەڵبژێرين، خواردنێك گونجاو بێت لەگەڵ پێكهاتەى جەستەماندا، جۆرەكانى خواردن پێكەوە بگونجێنين، ورياى رێكەوتى بەسەرچوونى خواردنەكان بين، خۆمان پاكژ راگرين و پاكژانەش دەست بۆ خواردن ببەين.
[1] - صحيح مسلم - كتاب الأشربة - باب الأمر بتغطية الإناء وإيكاء السقاء، الرقم 2014.
[2] - ئێمە بە رامان لەم فەرموودەيە پێمان وايە نەخۆشييەكان دادەبەزن، تەنانەت ئەو نەخۆشييە تازانەش كە پێشتر نەبوون و لەم سەردەمەدا دەركەوتون، ئەگەرچى كەسانێك سەرچاوەى پەيدابوونى نەخۆشييەكە دەدەنەوە پاڵ ناوچەيەك يان دەستەو كۆمەڵێك، ئێمە پێمان وايە ئەو نەخۆشييە يەكەمجار دابەزيوەو دەكرێت تووشبوونى يەكەم ئـەو ناوچە، يان دەستەو كۆمەڵە كەسەى گرتبێتەوەو لەوێوە پەخش بێت بۆ ناوچەكانى تر، نموونەى زيندووش نەخۆشيى كۆرۆنايە كە دەوترێت سەرچاوەكەى لە وڵاتى چينەوەيە، بڕوامان وايە ئەو نەخۆشييە وەك وەبايەك دابەزيوەو دەكرێت يەكەم تووشبوون كەوتبێتە چينەوەو لەوێوە بڵاوبووبێتەوە.
[3] - صحيح مسلم - كتاب الأشربة - باب الأمر بتغطية الإناء وإيكاء السقاء، الرقم 2012.
[4] - سنن أبي داود، الرقم 3357، قال شعيب الأرناؤوط إسناده جيد.
[5] - سنن أبي داود، الرقم 3241، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5100، قال الألباني حسن صحيح، صححه شعيب الأرناؤوط.
[6] - رواه النسائي في السنن.
[7] - صحيح مسلم - كتاب الْأشربة - باب إباحة النبيذ الذي لم يشتد ولم يصر مسكرا، الرقم 2004.
[8] - صحيح مسلم - كتاب الْأشربة - باب كراهة انتباذ التمر والزبيب مخلوطين، الرقم 1986.
[9] - مسند الطيالسي، الرقم 1860.
[10] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 11538، سنن أبي داود، الرقم 3252، صححه الألباني.
[11] - صحيح البخاري، الرقم 5309، صحيح مسلم، الرقم 3862.