وەرزشى پێغەمبەرى خوا

يەكێك لەو بابەتە زيندووانەى كە لەمڕۆدا بازاڕێكى باشيان هەيە و خەڵك بە تامەزرۆييەوە روويان تێكردووە، بريتيە لە مەسەلەى وەرزش، هەندێك لەبەر تەندروستييەكى باش، هەندێكى دى وەك حەزێكى ژيان، بەشێك لە خەڵك بۆ ئاراميى دەروونيى، هەندێكيش وەك چارەسەر، لە ژيانياندا پەنايان بردووەتە بەر وەرزشكردن، لە بوارى تەندروستيشدا ئەمڕۆ گرنگييەكى تايبەت دەدرێت بە بوارى پزيشكيى تەندروستيى

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گرنگييەكى زۆرى داوە بە وەرزش و هاوەڵانيشى لەسەر راهێناوەو لە كۆمەڵگە ئيسلاميەكەشيدا پێگەيەكى تايبەتى بۆ وەرزش و وەرزشكاران دەستنيشانكردبوو، ئەگەرچى وشەى وەرزش لەو سەردەمەدا نەبوو، بەڵام كرۆكى وشەكە بە كرداريى لە ژيانى پێغەمبەرى خوا و هاوەڵانيدا بە روونى بەرچاو دەكەوێت.

خواى گەورە لە قورئانى پيرۆزدا باس لە تايبەتمەنديى تالووت دەكات كە توانا و بەهێزييەكى جەستەيى پێ بەخشراوە، وەك دەفەرموێت (وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ اللَّهَ قَدْ بَعَثَ لَكُمْ طَالُوتَ مَلِكًا قَالُوا أَنَّى يَكُونُ لَهُ الْمُلْكُ عَلَيْنَا وَنَحْنُ أَحَقُّ بِالْمُلْكِ مِنْهُ وَلَمْ يُؤْتَ سَعَةً مِنَ الْمَالِ قَالَ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَاهُ عَلَيْكُمْ وَزَادَهُ بَسْطَةً فِي الْعِلْمِ وَالْجِسْمِ[1] (جا کەئەوان داوای سەرکردەو ئەمیرێکی جەنگییان کرد پەیامبەرەکەیان پێیگوتن: دەسا دڵنیابن خوا بڕیاری داوە (تالووت) -کە سەربازێکەو لەبنەماڵەی پاشاکان نییە- پاشاو ئەمیرتان بێت، وەک خۆشتان داوای پاشاو فەرماندەیەکتان کرد، کەچی هەندێکیان وتیان: جاکوا ئەو شایانی ئەم پاشایەتیەیە لەسەر ئێمە؟! واتە: لەبنەماڵەی سەرکردەو پاشاکان نیە، ئێمە خۆمان لەو زۆر بە شیاوتر دەزانین بۆ سەرکردایەتی وفەرماندەیی، جگە لەوەیش، ماڵ و سامانێکی وایشی پێنەدراوە، دیارە پاشاو فەرماندەش بەلای ئەوانەوە دەبێ سەروەتمەند بێ، پەیامبەرەکە وتی: بێگومان خوا ئەو (تالووت)ـەی بۆ هەڵبژرادوون  و لەسەری کردوونە فەرماندە، و زانست و زانیارییەکی زۆرو، قەڵافەتێکی بەهێزو، شان و شەوکەتێکی پتر لەئێوەی داوەتێ).

تايبەتمەنديى بەهێزيى جەستەيى، لە روانگەى ئيسلامەوە فەزڵێكە بۆ كەسى بەتوانا، چونكە لاى خواى گەورە باوەڕدارانى بەهێز خۆشەويستترن، وەك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (الْمُؤْمِنُ الْقَوِيُّ، خَيْرٌ وَأَحَبُّ إِلَى اللهِ مِنَ الْمُؤْمِنِ الضَّعِيفِ[2] (باوەڕدارى بەهێز، لاى خوا چاكتر و خۆشەويستترە لە باوەڕداراى لاواز).

بۆيە ئەو جووڵە و رێكارانەى ئادەميزادێكى بەهێز دروست دەكەن، وەك گەمە و رابواردنێك تەماشايان ناكرێت، وەك چۆن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) حاڵەتە وەرزشييەكان جيا دەكاتەوەو وەك پەرستشێك مامەڵەيان لەگەڵ دەكات و دەفەرموێت (كُلُّ شَيْءٍ لَيْسَ مِنْ ذِكْرِ اللَّهِ، فَهُوَ لَغْوٌ وَلَهْوٌ ، إِلا أَرْبَعَةَ خِصَالٍ : مَشْيٌ بَيْنَ الْغَرَضَيْنِ ، وَتَأْدِيبُهُ فَرَسَهُ ، وَمُلاعَبَتُهُ أَهْلَهُ ، وَتَعْلِيمُ السَّبَّاحَةِ[3] (هەرچييەك يادى خوا نەبێت، ئەوە گەمە و رابواردنە، تەنها چوار شت نەبێت كە ناچێتە بازنەى رابواردن و لەهولەعبەوە، جووڵەى كەسێك لەنێوان تير و رمدا كاتێك دەهاوێژرێت، راهێنانى ئەسپ، گەمە و سوعبەت لەگەڵ ژن و هاوسەردا، فێربوونى مەلەوانيى).

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها رێنمايى هاوەڵانى نەكردووە وەرزش بكەن و خۆى كەنارى گرتبێت، بەڵكو زۆرجار خۆى پێشڕەوى هاوەڵان بووە، ياخود هاودەم بەوان بەشداريى تێدا كردووە.



[1] - البقرة: 247.

[2] - صحيح مسلم - كتاب القدر - باب في الأمر بالقوة وترك العجز والاستعانة بالله وتفويض المقادير لله، الرقم 2664.

[3] - السنن الكبرى للنسائي - كتاب عشرة النساء - ملاعبة الرجل زوجته، الرقم 8891.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى