خواردن لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە مرۆڤ هەم چێژی لێ وەربگرێت و هەم سوودی پێ بگەیەنێت، چونكە وەك وتمان مرۆڤ بۆ جووڵەی رۆژانەی پێویستی بە وزە هەیە و خۆراكیش ئەو وزەیە دەبەخشێت بە مرۆڤ، بەلآم هەركات خواردن بە شێوەی دروست نەخورا، ئەوكات دەبێتە دەرد و بەلآ، نەك تەنها بۆ گەورەكان، بەڵكو بۆ مندالآنیش هەر وایە، تەنانەت بۆ شار و حكومەت و دەوڵەتیش دەبێتە كێشە و هەموان بەدەستیەوە دەناڵێنن.
خواردن دروست كردن چەندە قورسە، بەكارهێنانیشی لە شوێنی خۆیدا هێندە یان بگرە زیاتر لەوەش قورسە، بە پێی زانیاریەكانی رێكخراوی جیهانی خۆراك سالآنە بەشی هەشت سەد و چل و حەوت ملیۆن كەس خۆراك فڕێ دەدرێت، واتە بەشی نزیكەی هەشت یەكی مرۆڤەكانی سەرزەوی، ئەم ژمارەیە ژمارەیەكی كەم نیە، لە كاتێكدا لە شاشەكانەوە دەبینین و لە رادیۆكانەوە دەبیستین بە ملیۆنەها كەس لە شوێنە جیاوازەكانی ئەم زەمینەدا بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن.
كێشەكە لەوەدایە تەنها فڕێ دانەكە نیەو بەس، بەڵكو پیسكردنی ژینگەشی لێ دەكەوێتەوە بە رێژەی سێ یەك، واتە ئەم حاڵەتە چەشنی كارگە ئۆتۆمبێلەكان دەبێتە هۆی پیسكردنی ژینگە، هەروەها ئەمە كە بوو بە دیاردەیەكی باو لە جیهاندا، ئیتر ویژدانەكان دەمرن، ئەمەش زۆر لە خودی زێدەڕۆییەكە مەترسیدارترە.
واتە زۆر پێویستە ئەو رۆشنبیریە لەنێوماندا بلآو ببێتەوە، هەركات ویستمان خواردنێ بكڕین چاك بیری لێ بكەینەوە، دڵنیاببینەوە لەوەی پێویستمانە ئینجا بیكڕین، ئەگەر پێویستت نەبوو مەیكڕە، مەسەلەكە سەرپێیانە بەڕێ مەكە، چونكە تا خواردنەكەت نەكڕیوە ماڵ نیە بەسەرتەوە، دە جار بیكەرەوە، ئایا ئەمە ئەخورێ؟ ئایا ئەمە بەسەرناچێ؟ ئایا پێویستم پێیەتی؟ ئایا ئەو خواردنەی ئەمەوێت بیكڕم تەندروستە؟ ئایا زۆر نیە و ناكەوێتە ناو تەنەكەی خۆڵەوە؟ ئایا نابێتە هۆی پیسكردنی ژینگە؟ بەلآم هەركات كڕیت، ئیتر ماڵە بەسەرتەوەو لێی بەرپرسیت چۆن بەكاری دێنیت، جا ئەگەر بەپێی پێویست بەكارت هێنا و زێدەڕۆییت تێدا نەكرد و بەخەساردان و فەوتانت تێدا بەكارنەهێنا، ئەوە كارێكی زۆر باشت كردووە، ئەگەرنا بەرپرسیت لەو خواردنەی دەیكڕیت، چونكە بە داخەوە ئەمڕۆ تەنەكەی خۆڵەكان زیاتر لە ناوسكی مرۆڤەكان خواردنیان تێ فڕێ دەدرێ، خوای گەورەش لەسەر هەر بەخششێ لێپێچینەوەت لەگەڵ دەكات (ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيم) (التكاثر: ٨) (پاشان باوەڕتان هەبێت لەو رۆژەدا پرسیاری هەموو بەهرەیەكتان لێدەكری).
ئێستا ولآتانی رۆژئاوا خەریكی ئەوەن بە یاسا ئەوە بەسەر فرۆشگاكانی خواردندا بسەپێنن كە چی خواردنێكیان لێ زیاد بوو، دەبێت سەرفی بكەن و نەهێڵن فڕێ بدرێت، نابێت فڕێ بدرێتن چونكە هەم سەرمایەیەك دەفەوتێت، هەم ژینگەش پیس دەكات، چونكە هەر خواردنێ مایەوەو ماوەكەی بەسەرچوو، دەبێت بە ژەهر.
ئازایەتی نیە چەندە زۆر دەخۆیت، ئازایەتی لەوەدایە چۆن خواردنەكە هەرس دەكەیت و وەك وزە بەكاری دێنیت، چونكە هەر خواردنێ خوای گەورە وا دایناوە كە بتوانێ رێژەیەك وزە ببەخشێت، كاتێك كەسێك ئەو خواردنە سەرف دەكات و لەبری ئەوەی وزەی لێ وەربگرێ و وەزەكە بەكاربهێنێت، دەیكات بە ژەهر و زیان بۆ كۆمەڵگە، ئەمە زێدەڕۆیی و لادانێكی ناڕەوای پێ دەوترێ، چونكە خواردنێ كە مرۆڤ ئەیخوات و سوود لە تاكە تاكەی گەردیلەكانی وەردەگرێت، زۆر جیاوازە لەو وزەی كە لە لایەكی ترەوە وەردەگیرێت و تەنها وەك وزە بەكاردێت.
ئەگەر خەڵكێك بەبێ ئامانجی دینی و ترس لە خوا گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی واز لە زێدەڕۆیی بهێنێت و بە شتێكی خراپی بزانێت، موسڵمان زۆر لەپێشترە گوێڕایەڵی فەرمانی خوا و پێغەمبەرەكەی بێت و لە خواردن و خواردنەوەدا زێدەڕۆیی نەكات، بەڵكو هەرچیەكی لێ زیادە، پێش ئەوەی ببێت بە ژەهر و تا ئەو كاتەی سوودی لێ وەردەگیرێت، بیبەخشێت بە كەسێك كە شیاوەو دەتوانێت بە شێوەیەكی دروست سوودی لێ وەربگرێت، (وَآتِ ذَا الْقُرْبَى حَقَّهُ وَالْمِسْكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَلاَ تُبَذِّرْ تَبْذِيرًا) (الإسراء: ٢٦).
ئەمڕۆژە هەر هەژارێك بەهۆی رژدی و چاوچنۆكی دەوڵەمەندێكەوە یان بەهۆی خراپ بەكارهێنانی بەخششەكان لەلایەن كەسانی ترەوە هەژار ماوەتەوە، ئەگەرنا هەركەسەو بەپێی پێویستی خۆی بەكاربهێنێت و بەپێی تواناش ببەخشێت، هەژاری نامێنێت، زۆرجار كەسێك خواردنێ دەخوات كە وادەزانێت ئەوە تەنها بەشی خۆی دەكات، بەلآم ئەگەر بەشداری كەسێكی تری پێ بكات، ئەوكات بۆی دەردەكەوێت كە بەشی هەردووكیان دەكات، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (طعام الواحد يكفي الاثنين، وطعام الاثنين يكفي الأربعة، وطعام الأربعة يكفي الثمانية)،[1] (خواردنی یەك كەس بەشی دوو كەس دەكات، خواردنی دوو كەسیش بەشی چوار كەس دەكات، خواردنی چوار كەسیش بەشی هەشت كەس دەكات).
بۆیە ببەخشە و ترست نەبێت لە كەمبوونەوە، ترسیشت نەبێت لە برسێتی، ئەوەی بە كەمی دەزانیت بەشت دەكات، بەخشندە بە هەتا خوای گەورەش بەخشندە بێت لەگەڵت، چونكە خوای گەورە بەخشندەكانی خۆشدەوێت، بەتایبەت لە بواری خواردندا بە وردی باسی كردووەو دەفەرموێت (وَيُطْعِمُونَ الطَّعَامَ عَلَى حُبِّهِ مِسْكِيناً وَيَتِيماً وَأَسِيراً (8) إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لا نُرِيدُ مِنْكُمْ جَزَاءً وَلا شُكُوراً (9) إِنَّا نَخَافُ مِنْ رَبِّنَا يَوْماً عَبُوساً قَمْطَرِيراً (10) فَوَقَاهُمُ اللَّهُ شَرَّ ذَلِكَ الْيَوْمِ وَلَقَّاهُمْ نَضْرَةً وَسُرُوراً (11)) (الإنسان: ٨ - ١١)، (و نان و خۆراك لەگەڵ حەزو پێویستیان بۆی، دەدەنە خەڵكانی بی نەواو هەتیوو دیل و دەڵێن: ئێمە ئەم خۆراكەتان تەنها لەبەر خواو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەو پێدەبەخشین هیچ پاداش و سوپاسێكمان لێتان ناوی، وە دەڵێن: بەراستی ئێمە لە رۆژێكی زۆر ترش و تاڵ و سەخت و قورس لە پەروەردگارمان دەترسین، جا خوا لە زیانی ئەو رۆژە دەیانپارێزی و ڕوو گەشیی و شادمانیان پێدە بەخشێ).
هەركات بەم چەشنە جوولآینەوە، ئامانجی زۆرمان پێكاوە، خوای گەورەمان لە خۆمان رازی كردووە، دڵی كەسێكمان خۆشكردووەو پێویستیەكەیمان دابین كردووە، ویژدانمان ئارام دەگرێ كە بووینەتە هۆی دڵخۆشی و یارمەتیدانی كەسێك، یاسای ژینگەپارێزیشمان جێبەجێ كردووە، جەستەی خۆشمان لە دەرد و بەلآ پاراستووەو خۆپارێزیمان لەبری چارەسەروەرگرتن گرتوەتەبەر.
[1] - صحيح مسلم، الرقم 3929، سنن الترمذي، الرقم 1790، سنن ابن ماجة، الرقم 3251، صحيح ابن حبان، الرقم 5313، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13937.