رێجیم كردن

 

لەناو كوردەواریدا قسەیەكی باو هەیە كە ئەو كەسانەی دەیانەوێت دەست لە خواردن بگرنەوە، ئیتر بە هەر هۆیەك بێت، كاتێك خوڵكیان ئەكەیت بۆ خواردن، خێرا دەڵێن: خەریكی رێجیم كردنین، زۆر جار روویداوە میوانێك یان هاوڕێیەكت میوانداری كردووە، كەچی لە سەر سفرەكە زوو دەستی گرتۆتەوەو وتوویەتی ببوورە من خەریكی رێجیم كردنم، ئەمە ئەو راستیەیە كە ئەمڕۆژە خەڵكانێ بە ناچاری پێی گەیشتون و زۆربەی كاتیش پاش نەخۆشی و زیان بەركەوتن ئینجا بیریان لێكردوەتەوە، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چواردە سەدە لەمەوپێش لەوپەڕی تەندروستیدا جێبەجێی كردووە، واتە خۆپاراستن پێش چارەسەركردن.

رێجیم واتە خواردن بە بەرنامە، لە هەنگاوی یەكەمدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە تەنها خواردنی حەلآڵ بخۆین، هەر خواردنێكی حەلآڵ و سوودبەخشیش دەخۆین دەبێت بە پێی پێویست بیخۆین و سنوورێ دابنێین بۆ رێژەی خواردنمان، خاڵی بنەڕەتی بەرنامەی خۆگرتنەوە لە خواردن، خۆگرتنەوەیە لە خواردنی چەوری و كۆلیسترۆڵ و ئەو خواردنانەی پڕچەورین، ئەمڕۆ زیاتر خۆیان لەو خواردنانەدا دەبیننەوە كە پێیان دەوترێت فاست فوود، پێویستە لە بەرنامەی خواردنماندا ئەو رێنماییەمان هەبێت كە كەمترین رێژەی خواردنی پێویست بخۆین، بەمەش زیادەی خۆراك لە لەشماندا نامێنێتەوەو لە جۆرەها نەخۆشی وەك زەبحە و جەڵدەو شەكرە دەمانپارێزێت، پاشان هەنگاوی دووەم بریتیە لە وەرزش و جووڵەیەكی دروست و پێویست، ئیتر هەر ناوێكی لێ ئەنرێ، گرنگ ئەوەیە جووڵەو وەرزشێك هەبێت، هەیە پێی دەڵێت راكردن، هەیە بە ناوی چوون بۆ مزگەوت و نوێژكردن ناوی دەبات، هەیە بە كرێكاری ناوی دەبات، گرنگ ئەوەیە جووڵەیەكی پێویست و دروست هەبێت، ئەم جووڵەیە وادەكات پێش ئەوەی چەوریەكە لە لەشدا بنیشێت و لەسەر یەك كەڵەكە ببێت، سەرف ببێت و بگۆڕێت بۆ وزە، چونكە هەموو جووڵەیەكی هەر ماسوولكەیەك پێویستی بە وزە هەیە.

جەهجاهی غیفاری دەڵێت لەگەڵ دەستەیەك لە ئەندامانی هۆزەكەم هاتم تا موسڵمان بم، كاتێك هاتین بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی ئێوارە بوو، كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامی دایەوە فەرمووی (با هەركامتان دەستی ئەوەی پاڵی بگرێت)، ئیتر هیچ كەس لە مزگەوتدا نەمایەوە جگە لە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و من، منیش كەسێكی بالآبەرز و قەبە بووم و كەس خۆی نەدەدا لە قەرەم، ئەو شەوە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) منی بردەوە بۆ ماڵی خۆی، ئەوەبوو بزنێك دۆشرا بۆم، منیش هەموویم خواردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیری حەوت بزنی بۆ هێنام و منیش شیرەكەم دەخواردەوە، دواتر خواردنێكی ترم بۆ هێنرا و منیش خواردم، ئومموئەیمەن وتی خوایە ئەوەی ئەمشەو پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) برسی كرد برسی بكەیت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (مه يا أم أيمن أكل رزقه و رزقنا على الله تعالى)، وس ئەی ئوممو ئەیمەن، رۆزی خۆی خواردووە و رۆزی ئێمەش لای خوایە، بۆ بەیانی هەمدی هەموو هاوەلآن كۆبوونەوەو هەر هاوەڵێك باسی ئەوەی دەكرد شەو چی كردووەو چی خواردووە، جەهجاهیش وتی من شیری حەوت بزنم خواردوەتەوەو خواردنێكی تریشم بۆ هێنراوەو ئەویشم خواردووە، ئینجا هەموویان لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی ئێوارەیان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (با هەركەستان كەسەكەی پاڵ خۆی بباتەوە لەگەڵ خۆی)، ئەوەبوو هەموو چوونەوەو تەنها مایەوە سەر من و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش كەسێكی بالآبەرز و زەبەلاح بووم و كەس خۆی نەدەدا لە قەرەم، هەمدی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منی بردەوەو بزنم بۆ دۆشرا و منیش تێرم خواردەوەو تێر بووم، ئوممو ئەیمەن وتی ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا ئەوە میوانەكەی دوێنێ شەومان نەبوو؟ فەرمووی با، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (إنه أكل في معاء مؤمن الليلة و أكل قبل ذلك في معاء كافر، والكافر يأكل في سبعة أمعاء و المؤمن يأكل في معاء واحد[1](ئەو ئەمشەو بە ریخۆڵەی باوەڕدار نانی خوارد و پێشتر بە ریخۆڵەی بێباوەڕ نانی دەخوارد، بێباوەڕ لە حەوت ریخۆڵەدا نان دەخوات و باوەڕداریش لە یەك ریخۆڵەدا نان دەخوات).

ئەم فەرموودەیە بە گێڕانەوەی تر لە هاوەڵی تریشەوە هاتووە كە بە صەحیح دانراوە، وەك لە سونەنی ترمذیشدا هەمان بەسەرهات و هەمان فەرموودە هاتووەو ئەبوهورەیرە دەیگێڕێتەوە، بەلآم ناوی میوانەكە نابات.

بەمەدا دەردەكەوێت جەهجاهی غیفاری شەوی یەكەم كە چووەتەوە بۆ ماڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تازە لە وەفدەكەدا بووەو بە بێباوەڕی چووەتەوە بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شەو لەوێ ماوەتەوەو بۆ بەیانیەكەی باوەڕی هێناوە، هەروەك ئیبن ئەثير بە روونی ئەوە دەڵێت (حەوت شیرەكەی لە پێش موسڵمانبوونیدا خوارد، بەلآم كە باوەڕی هێنا شیری یەك دانەشیانی تەواو نەكرد).[2]

هەروەها چەند هاوەڵی تر هەبون كە ئەو فەرموودەیان لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بیستووە، لەوانە نافیع دەڵێت ئیبن عومەر نانی نەدەخوارد تا هەژارێك نەهاتایە بۆ لای و نانی لەگەڵ نەخواردایە، ئەوەبوو جارێك كەسێكم برد بۆ لای تا نانی لەگەڵدا بخوات، دوایی ئیبن عومەر وتی ئەی نافیع ئەو كابرایە نەهێنیتەوە بۆ لام، چونكە من بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (المؤمن يأكل في معى واحد و الكافر يأكل في سبعة أمعاء[3] (باوەڕدار لە یەك ریخۆڵەدا نان دەخوات و بێباوەڕیش لە حەوت ریخۆڵەدا نان دەخوات).

خەڵكێ ئەمڕۆ كە بە هۆی زۆرخۆری و قەڵەویەوە تووشی چەندەها دەرد و نەخۆشی بووە، پاش هەستكردن بەم قەڵەویەی، بڕیار دەدات رێجیم بكات، پێنج شەش مانگێ خۆی لە خواردن دەگرێتەوەو وەرزشێكی باش دەكات، دوایی دەستی لێ بەردەدات و دەست دەكاتەوە بە زۆرخۆری، بە چەشنێ قەرەبووی كەمخۆریەكەی پێشوویشی ئەكاتەوەو بە دوو بەرامبەر زیاتریش خواردن دەخوات، چونكە كەمخۆریەكەی لە قەناعەتەوە نیە، بەڵكو حاڵەتێكی ناچاری بووەو دڵی پێی رازی نەبووە، بگرە خەڵكانێ تەنها لەبەر مۆدیڵ بڕیاری خۆلاوازكردن دەدەن، ئەستێرە بەناوبانگەكانی هونەر و سینەماو وەرزش دەبینن كە قەڵەو نین، ئەمانیش بۆ خوچواندن بەوان و شوێنكەوتنی مۆدێل ئەو هەنگاوە دەنێن، نەوەك لە خەمخۆرییان بۆ جەستەی خۆیان.

توێژینەوەیەكی بەریتانی باس لەوە دەكات هونەرمەند و كەسایەتیەكانیان لە هەفتەیەكدا دوو رۆژ خۆیان لە خواردن دەگرنەوەو تەنها هێندە خۆراك دەخۆن كە (500) كالۆرییان پێ بدات، نابێت دوو رۆژەكەش بەسەر یەكەوە بێت، ئەمەش لەبەر تەندروستی و جوان هێشتنەوەی جەستەیان، دەی لای ئێمەی موسڵمان چواردە سەدەیە ئەو بەرنامەیە دانراوە كە لە هەفتەیەكدا دوو رۆژ بەرۆژوو بین (دووشەممەو پێنج شەممە).

جا كاتێك تۆی موسڵمان ئەم بەرنامە ورد و جوانەت هەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی داناویت، چ پێویست دەكات خوو بدەیتە دەیان جۆر بەنامەی رێجیم كردن و هەرجارەو یەكێكیان تاقی بكەیتەوە، ئەمەی خۆت جێبەجێ بكە هەم جەستەت پارێزراو دەبێت و هەم توێشووش بۆ قیامەتت حازر دەكەیت.

لە سیستمی خۆراكی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) جۆرەكان خواردن و رێژەشیان دیاری كراوە، كەی و چەندە و چ جۆرە گۆشتێ بخۆیت، كەی و چەندە میوە بخۆیت، چەند سەوزە بخۆیت، بۆ نموونە:

فێرت دەكات بەیانییان حەوت دەنك خورما بخۆیت، وەك دەفەرموێت (من تصبح بسبع تمرات عجوة، لم يضره ذلك اليوم سم ولا سحر[4] (هەر كەس بە حەوت دەنكە خورمای عەجوە بەیانی بكاتەوە، ئەو رۆژە ژەهر و جادوو زیانی پێ ناگەیەنێت).

فێرت دەكات یەك یەك خورما بخۆیت نەوەك دوو دوو پێكەوە.

لە هەفتەیەكدا دوو رۆژ بە رۆژوو بیت و لە هەر مانگێكیشدا (13 و 14 و 15) ی مانگ رۆژوو بگریت، بەمەش هەم رۆژوەكان هەموو بەسەر یەكەوە نین، هەم سیستمێكی بەهێزی رێجیم كردنیش جێبەجێ دەكرێت.

دواجار دەڵێین ئەو رێجیمەی ئەمڕۆ خەڵك بە ناچاری و بۆ چارەسەر دەستیان داوەتێ، چواردە سەدە لەمەوبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوپەڕی تەندروستیدا جێبەجێی كردووەو هاوەلآنیشی لەسەر راهێناوە.



[1] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 909، المطالب العالية لابن حجر، الرقم 2495، مسند ابن أبي سيبة، الرقم 24033، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2111، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1631.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 451.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 5083، صحيح مسلم، الرقم 3934، صحيح ابن حبان، الرقم 5310.

[4]  - صحيح البخاري، الرقم 5450، صحيح مسلم، الرقم 3907.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123