شیر وەك چارەسەرێكی بنەڕەتی

 

شیر گرنگیەكی زۆری هەیە و لەوانەیە بە سەدان وتار و دەیان كتێب نەتوانین ئەوەی زانیاریە لە بارەی شیرەوە بیخەینەڕوو، بەلآم لێرەدا كورتەیەكی لەبارەوە باس دەكەین.

گرنگی بەرهەمی شیر بۆ ولآت ئەگەر زیاتر نەبێت، هیچی كەمتر نیە لە گرنگی بیرە نەوت و كێڵگە غازی و شوێنە گەشتیاریەكان، كێشە و عەیبەشە لەمپەڕ و ئەوپەڕی ولآتانی دنیاوە شیر هاوردەی ناو كوردستان بكرێت لەكاتێكدا هەلێكی زۆر گونجاو و لەبار هەیە بۆ بەرهەمهێنانی شیری خۆماڵی.

ئەو دایكانەی شیری خۆیان نادەن بە منداڵەكانیان و بە شیری وشككراوە گۆشیان ئەكەن، لە بری ئەوە نانی وشك بدەن بە منداڵەكانیان باشترە، دایكی بەڕێز، تاوانێكی گەورەیە منداڵەكەت لەو شیرە بێبەش بكەیت كە خوای گەورە لە مەمكتدا دایناوە بۆی، هەم ستەم لە منداڵەكەت دەكەیت كە لەو شیرە بێبەشی دەكەیت، هەم ستەم لە خۆت دەكەیت، چونكە ئەگەر ئەو شیرە بدەیت بە منداڵەكەت، ئەوە دەبێتە هۆكاری پاراستنی مەمكت لە نەخۆشی شێرپەنجە، تەنانەت ئەگەر ئافرەتەكە خۆیشی شیر بخوات، دووبارە دەبێتە پارێزەرێ لە نەخۆشی شێرپەنجە.

شیر كاریگەری لەسەر دڵیش دەبێت، چونكە رێگە نادات كۆلیسترۆڵ لە ناو بۆریەكانی خوێندا بنیشێ، بەمە رێگر دەبێت لەوەی دڵ تووشی زەبحە و جەڵدە ببێت، هەروەها شیر هۆكارێكی پاراستنی مرۆڤە لە سەرئێشە، بەهۆی ئەو پۆتاسیۆمەی تێیدایە، بۆریەكانی خوێن شل دەكات هەتا بە ئاسانی خوێن بگات بە هەموو بەشەكانی لەش، بەمەش دەتپارێزێت لە بەرزە پەستانی خوێن كە لای خۆمان بە زەخت ناسراوە، ئەمانەو سەدان سوودی تر لە شیردا هەن كە زۆرێكیان تەنها خوای گەورە دەیانزانێت و ئەمانە باسمان كردن تەنها چەند سوودێكن كە پاش دەیان سەدە ئینجا زانست توانیویەتی ئاشكرایان بكات.

هەروەها لە شیردا ماددەی (كۆلین) هەیە كە رێگە نادات چەوری لەسەر جگەر بنیشێت، ئەو چەوری جگەرەی كە ئەمڕۆ كۆمەڵگەكەمان بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

هەروەها ماددەی پرۆستاگلاندینی تێدایە كە كاتێك كەسێك شیر دەخواتەوە ئەو ماددەیە ناوپۆشی ناو گەدە ساف دەكات و ناهێڵێت كەسەكە تووشی قورحە ببێت بێ ئەوەی هیچ بەرگریەك دژ بەو خواردنانە پەیدا بكات كە خواردوویەتی.

هەروەها یەكێك لە چارەسەرەكان بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و كۆم بریتیە لە شیر، چونكە هەندێ ماددەی فرێشی تێدایە.

ئێستا هەوڵێكی زۆر ئەدرێت سوود لە شیر وەربگیرێت بۆ پێست و بواری جوانكاری پێست، كلیۆباترا كە لە مێژوودا باس و خواسێكی هەیە، ئاوەهای لەبارەوە وتراوە كە رۆژانە لە حەوزێك شیردا خۆی شۆردووە، ئێستاش لە هەندێ ولآتی باشووری رۆژهەلآتی ئاسیادا حەوزی شیر هەیە، كەسەكە تیایدا رادەكشێت.

دەكرێت شیر لەگەڵ زۆر ماددە و خواردنی تردا تێكەڵ بكرێت، بۆ نموونە ئەمڕۆژە شیر لەگەڵ هەنگویندا تێكەڵ دەكرێت، شیر لەگەڵ مۆزدا تێكەڵ دەكرێت كە هۆكارێكی گەورەیە بۆ جوانی جەستە.

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (ما أنزل الله داء إلا أنزل له دواء، فعليكم بألبان البقر، فإنها ترم من كل الشجر[1] (خوای گەورە هەر دەردێكی دابەزاندبێت، چارەسەر و دەرمانیشی بۆ دابەزاندووە، دەی خوو بدەنە شیری مانگا، چونكە مانگا لە هەموو بەشی درەخت دەخوات)، واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەم ئاماژە بەوە دەدات كۆمەڵێك دەرد هەن و چارەسەریش بۆ هەموویان دابەزێنراوە، هەم جۆری چارەسەرەكەشمان بۆ دیاری دەكات، چارەسەرێك كە ئاسان بێت و زۆر پێوەی ماندوو نەبین، ئەویش شیرخواردنە، بەتایبەت شیری مانگا، جا ئەم فەرموودەیە كەسی ژیری دەوێت توێژینەوەی لەبارەوە ئەنجام بدات و ئەم راستیە بۆ هەموو جیهان بسەلمێنێت و ئەوە بخاتەڕوو كە چەند نەخۆشی هەن دەكرێت بە شیری مانگا چارەسەر بكرێن.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكی تردا دەفەرموێت (من أطعمه الله طعاما، فليقل اللهم بارك لنا فيه وارزقنا خيرا منه، ومن سقاه الله لبنا، فليقل اللهم بارك لنا فيه وزدنا منه، فإني لا أعلم ما يجزئ من الطعام والشراب إلا اللبن[2] (هەركەسێك خوای گەورە خواردنێ دەرخوارد دا، با ڵێت خوایە بەرەكەت بخەرە ناویەوە بۆمان و لەمەش چاكترمان پێ ببەخشە، هەركەسیش خوای گەورە شیری پێ نۆش كرد، با بڵێت خوایە بەرەكەت بخەیتە ناویەوە بۆمان و زیاتر لەم شیرەمان پێ ببەخشە، چونكە شتێ نابینم جگە لە شیر جێی خواردن و خواردنەوەش بگرێتەوە).

هەشتاو پێنج لەسەد تا نەوەد لە سەدی شیر لە ئاو پێكهاتووە، واتە شیر نەوەك لەبری خواردن دەبێت، جێی ئاویش دەگرێتەوە بۆت و تینوێتی ناهێڵێت.

ئەگەر كەسێك لە شوێنێ بەند بكرێت و سەرپشك بكرێت تەنها یەك خواردن هەڵبژێرێت، ناچارە تەنها شیر هەڵبژێرێت، چونكە هەم خواردنەو هەم خواردنەوەشە، هەروەها هەموو پێویستیەكانی لەشیش دابین دەكات.

ئەبووهورەیرە دەڵێت جار هەبوو لە برساندا دەكەوتمە سەر زەوی، بەردم لە سكم دەبەست، رۆژێك لەسەر رێی خەڵك دانیشتم، ئەبووبەكر تێپەڕ بوو و منیش سەبارەت بە ئایەتێكی قورئان پرسیارم لێكرد، بەخوا بەس لەبەرئەوە پرسیارم لێكرد بەڵكو شتێك خواردنم پێ بدات، كەچی تێپەڕ بوو و هیچ، دواتر عومەر هات و هەمان شت روویدا، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات و كە منی بینی زەردەخەنەیەكی كرد و بە دەموچاومدا زانی حاڵم چۆنە، پاشان فەرمووی ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووی(دوام كەوە)، منیش بەدوایدا چووم، چوویە ژوورەوەو داوای مۆڵەتی كرد و مۆڵەت بە منیش درا و چوومە ژوورەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕێك شیری بەدیكرد و فەرمووی ئەم شیرە لە كوێ بوو؟ وتیان ئەوە فلآنەكەس بە دیاری هێنای، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرموی(بڕۆ بۆ لای ئەهلی صوففەو بانگیان بكە بۆم)، منیش ئەوەم پێ ناخۆش بوو، وتم ئەو تۆزە شیرە بۆ ئەهلی صوففە؟ من شیاوترم بیخۆم تا خۆم پێ رابگیرێت، بەلآم هەر دەبێت فەرمانی خوا و پێغەمبەرەكەی بەجێبگەیەنم، چووم و بانگم كردن و هاتن، داوای مۆڵەتیان كرد و مۆڵەت دران و هەریەكەو لە لایەكەوە دانیشتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووی بگرە بیاندەرێ، منیش یەك یەك دەمدا بە دەستیانەوەو ئەوانیش تێریان دەخواردەوە، هەموویان تێریان خواردەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قاپە شیرەكەی گرتەدەست و تەماشای منی كرد و پێكەنی، فەرمووی ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووی من و تۆ ماوینەتەوە، وتم راست دەفەرموویت ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووی دابنیشە بخۆرەوە، منیش دانیشتم و شیرم خواردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی بخۆرەوە، منیش هەمدی خواردمەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام دەیفەرموو بخۆرەوە، ئیتر تێرم خواردەوە، وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەی تۆی بە حەق ناردووە ئیتر جێی نابێتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی دەی بیدە بە من، منیش قاپە شیرەكەم دایە دەستی، ئەویش سوپاسی خوای كرد و بسم الله ی فەرموو و ئەوەی مابوویەوە خواردیەوە.[3]

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها لە شیرخواردندا زۆری لە هاوەلآنی كردووە زۆر بخۆنەوە، ئەگەرنا نەیویستووە هاوەلآنی خووبدەنە زۆرخواردن، بەلآم هەموو گەردیلەكانی شیر سوودبەخشن و مرۆڤ ناتوانێت بێباك بێت لێیان.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەم بەیانیان و هەم نیوەڕوان و هەم عەسران و هەم شەوانیش شیری خواردووە، بەتایبەت زۆربەی خواردنی شەوانی شیر بووە، وەك پێشتریش باسمان كرد ئەمە هەر لەخۆوە و بێ بەرنامە نەبووە، بەڵكو رێنماییەكی خوایی بووە بۆی.

لە سیستمی خۆراكی جیهانی بەگشتی و سیستمی خۆراكی ئەمریكا بە تایبەتی، باس لەوە كراوە كە هەر رێجیمێك دابنرێت بۆ هەر كەسێك، نابێت شیری لێ قەدەغە بكرێت، بەڵكو دەبێت شیرخواردنی تێدا بێت، بۆیە وریا بن شیر لەدەست نەدەن و هەتا مردن دەستبەرداری نەبن، دەستەو دامێن تكام لێتانە بگەڕێنەوە سەر خواردنە سروشتیەكان.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەشك و كەرێیشی خواردووە، كەشكیش لە كۆمەڵگەی مەدینە هەبووەو خەڵك بەكاری هێناوە، ئیبن عەبباس دەڵێت: ئومموحەفید –كە پووری ئیبن عەبباس بوو- بڕێ كەشك و بڕێ كەرێ و رێژەیەك گۆشتی زوببی (گیاندارێكی خشۆكە وەك بزنەمژە) بە دیاری هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كەشك و كەرێكەی خوارد و گۆشتەكەی نەخوارد چونكە بێزی لێ دەكردەوە.[4]



[1] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7314، صحيح ابن حبان، الرقم 6167، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18449، صححه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

[2] -  سنن ابن ماجة، الرقم 3319، سنن أبي داود، الرقم 3260، حسنه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 6096،  سنن الترمذي، الرقم 2460، صحيح ابن حبان، الرقم 6629، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 10439.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 2456، صحيح مسلم، الرقم 3698، سنن أبي داود، الرقم 3317، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4694، صحيح ابن حبان، الرقم 5297.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123