گۆشتی سوور

 

گۆشت لە جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر ئامادە دەكرێت و دەخورێت، كوردەواری خۆیشمان زیاتر حەزیان بە كەبابە، پیرەمێردی شاعیر حەزی كوردەواری بۆ كەباب بەم چەشنە دەخاتەڕوو:

كەباب هەبوو كەباب هەبوو

كەباب نەما كەباب نەما

مەبەستی ئەوەیە هەتا باوك مابوو، كەباب كە خواردنێكی زۆر خۆشە هەبوو و دەمانخوارد، كە باوكیش نەما بێبەش بووین لەو خواردنە.

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كە وەك باوكێكی دڵسۆز وایە بۆ موسڵمانان، بە چەند چەشنێك گۆشتی خواردووە، بەلآم زیاتر گرنگی داوە بە خواردنی گۆشت بە شێوەی تشریب، چونكە خۆشترین خواردن -لە گۆشتدا- لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتی بووە لە تشریب وەك چۆن لە فەرموودەدا ئاماژەی پێ كراوە (كان أحب الطعام إلى رسول الله الثريد[1] ئەمەش تەنها حەز و هیوایەتێكی شەخصی نەبووە، بەڵكو رێنماییەكی خودایی لەگەڵ بووە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باس لە فەزڵ و گرنگی تشریب دەكات لە چاو خواردنەكانی تردا و دەفەرموێت (فضل عائشة على النساء كفضل الثريد على سائر الطعام[2] (فەزڵ و گەورەیی عائیشە بەسەر ئافرەتاندا وەك فەزڵ و گرنگی تشریب وایە بەسەر هەموو خواردنەكانی تردا)، ئەم فەرموودەیە هەم ئاماژە بە گرنگی گۆشت و تشریب دەدات كە فێرمان دەكات زیاتر بەو چەشنە گۆشت بخۆین، هەم ئاماژەدانە بە گەورەیی دایكی باوەڕداران عائیشە و دەمكوتنی ئەوانەی بێئەدەبی بەرامبەر دەنوێنن هەتا بزانن عائیشە لەنێو ئافرەتاندا وەك تشریبی سەر سفرە بایەخ و فەزڵی تایبەتی هەیە.

جا دایك و خوشك و هاوسەرە بەڕێزەكان، با لە چێشت لێنانەكانتاندا، كاتێك دەتانەوێت گۆشت ئامادە بكەن، زۆربەی كاتەكان هەوڵ بدەن تشریب ئامادە بكەن، چونكە گۆشت خواردنێكی وشكەو پێویستی بە پێخۆرە، بەلآم هەركات بە تشریب بیكەیت، ئیتر وشكیەكەی نامێنێت و پێخۆری ناوێت، نانەكەش خاو دەبێتەوەو وەك ئەوە وایە نیوەی خواردنەكەت لە دەرەوەی گەدەتدا هەرس كردبێت، واتە بۆ چالاكی هەرس كردن هاوكاریەكی باشی گەدەت دەكەیت، بۆ ئەوانەش كە تەمەنێكیان هەیە و ددانیان نیە، تشریب هاوكاریەكی زۆریان دەكات و پێویست بە جوین و وردكردنێكی ئەوتۆ ناكات.

هەروەها پێغەمبەر نزای كردووە خوای گەورە بەرەكەت بخاتە تشریبەوە.

هەروەها زۆرجار لەناو تشریبەكەدا جگە لە گۆشتەكە كوولەكەش هەبووە، بەتایبەت ئەوەی خۆمان پێی دەڵێین كوولەكە ئاوی، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر حەزی لێ بووە، وەك لە فەرموودەدا هاتووە ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت كوولەكەئاوی یەكێك بوو لە هەرە خۆشترین خواردنەكان لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم).[3]

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت بەرگدروویەك هەبوو لە مەدینە كە جارێك بانگهێشتی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) كرد بۆ نانخواردن، نانی جۆ و چەوراوێكی ئامادەكردبوو كە كوولەكەئاویشی تێدابوو، دەمبینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی بە كوولەكەئاویەكە بوو، منیش یەك یەك كوولەكەكانم دەخستە بەردەستی، ئیتر لەو كاتەوە كە دیومە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی لێی بوو هەتا ئێستا منیش حەزم لێیەتی.[4]

كوولەكەئاویش گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەیە، كاتێك پێغەمبەر یوونس (سەلامی خوای لێ بێت) لە سكی حووتەكەوە كەوتەوە سەر وشكانی، خوای گەورە كوولەكەی بۆ رواند، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (وَأَنبَتْنَا عَلَيْهِ شَجَرَةً مِّن يَقْطِينٍ [الصافات: 146]، چونكە ئەو بەرهەمە بۆ ئەو كاتەی پێغەمبەر یوونس گرنگ بوو، لە كوولەكەدا پرۆتین و ئاسن و كالیسیۆمێكی زۆر هەیە، ڤیتامینC و ئەنتی ئەكۆكسیدانتی تێدایە كە دژە شێرپەنجە و دژە كۆلیسترۆڵە، هاوكاریەكی باشی پاككردنەوەی ریخۆڵە و گەدە دەدات، چەندەها سوود و بەخششی تێدایە، تازە بە تازە زانایانی رۆژئاوا بیریان بۆ ئەم بەرهەمە دەچێت و بەدوای پێكهاتەكانی و گرنگیەكەیدا دەگەڕێن، هەوڵ دەدەن دەرمانی لێ بەرهەم بهێنن، خەریكە نەخشەی تەندروستی بۆ دەكێشن هەتا بیكەنە كەرەستەیەكی سەرەكی بواری پزیشكی بۆ دەرمان و چارەسەر.

زانایانی ئەڵمانی پاش لێكۆڵینەوەیان لە كوولەكەئاوی، ماددەیەكیان دۆزیوەتەوە پێی ئەوترێ (ئینسی فالیكسیمولاند)، بزوێنەری مێشك، واتە مێشكی مرۆڤ زیرەك و چالاك دەكات، جا گرنگە لە بری شلەی تری وەك پاقلەمەنیەكان گرنگی بەم جۆرە شلەیە بدەین.

بۆیە ئەگەر چووینە خواردنگەیەك و بڕیارمان دا گۆشت بخۆین، با داوای تشریب بكەین، هەم بۆ ئەوەی حەزمان وەك حەزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بێت، هەم نزای بەرەكەتەمان بەربكەوێت و هەم هاوكاریەكی جەستەشمان بكەین بۆ هەرسكردنی گۆشتەكە، پێش ئەوەی بە بەڵگەی پزیشكی سوودەكانیمان بۆ دەربكەوێت، با بە شوێنكەوتنی سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوودەكانی بەدەست بخەین.

ئەنەس دەڵێت دراوسێیەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فارس بوو، شلەی –گۆشتاوی- زۆر بەتامی دروست دەكرد، جارێك ئەوەی ئامادە كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هات بانگهێشتی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) كرد، پێفەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەمەش) مەبەستی عائیشە بوو كە لەگەڵیدا بوو، كابرا وتی نا تەنها خۆت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی دەی نایەم، كابرا دیسان هاتەوەو پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشتكردەوە، هەمان شت روویدایەوە، لە جاری سێیەمدا كابرا وتی باشە با ئەویش بێت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عائیشە بە شانەخڕێ و گەمەكردنەوە چوون تا گەیشتنە ماڵی كابرای فارس.[5]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی بە گۆشتی برژاو هەبووەو ئەمەش هێندە زانراو بووە كە نەوەك تەنها هاوەلآنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەلكو ناموسڵمانەكانیش ئەمەیان زانیوە، بەتایبەت گۆشتی دەستی ئاژەڵ بە برژاوی، وەك لە بەسەرهاتی ئافرەتە جوولەكەكەدا هاتووە، بەسەرهاتی ئافرەتە جوولەكەكەش بەمجۆرە بوو: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەتحی خەیبەری كرد و ژمارەیەكی زۆر لە جوولەكەكان كوژران، زەینەبی كچی حارث كە ئافرەتێكی جوولەكە بوو بەرخێكی برژاوی ژەهراوی بە دیاری هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، زۆربەی ژەهرەكەی لە باڵ و شانی بەرخەكەدا دانا چونكە بیستبووی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو پارچەی بەرخی لە هەموو پارچەكانی تر لا بەچێژترە، كاتێك ئەو بەرخەی هێنا بیشری كوڕی بەرائی كوڕی مەعروور لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشێ لە شانی بەرخەكەی هەڵگرت تا بیخوات، بیشریش بەشێك لە گۆشتەكەی هەڵگرت، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پارووەكەی خوارد بیشریش پارووەكەی خوارد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی دەست هەڵگرن چونكە شانی ئەم بەرخە هەواڵم پێ دەدات چی پێدا كراوە، بیشر وتی ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەی رێزداری كردیت من ئەوەم لە خواردنەكەمدا بەدیكرد، بەلآم تەنها لەبەر گەورەیی و رێزی تۆ نەمتفاندەوە چونكە حەزم نەكرد خواردنەكەت لا بێزراو بكەم، كاتێك بینیم پاروەكەت خوارد خۆم لە تۆ لا لەپێشتر نەبوو و حەزم نەكرد جیا لە تۆ خۆم رزگار بكەم، بۆیە هیوام وابوو ئەوەی خواردت ژەهراوی نەبێت، بیشر هەر لەو شوێنەیدا رەنگی تێكچوو و مرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پشتی شانیەوە كەڵەشاخی گرت.[6]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەم لە مەدینەو[7] هەم لە كاتی سەفەر و دەرچوونەكانیشیدا[8] گۆشتی زەردكراوی خواردووە كە بە (قەدید) ناسراوە، گۆشتەكە پارچە پارچە دەكرا و خوێی پێدا دەكرا و لەبەر خۆر زەرد دەكراو وشك دەكرایەوە، جابیری كوڕی عەبدولآ دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گۆشتی زەردكراو (قەدید) مان دەخوارد.[9]

هەروەها پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) حەزی لەو گۆشتە بووە كە بە ئێسقانەوە ماوەتەوە، لەو جۆرە گۆشتی ئێسقانەشدا حەزی لە هی بەرخ بووە، ئەمەش لە فەرموودەكەی عەبدولآی كوڕی مەسعووددا ئاماژەی پێ دراوە.[10]



[1] - سنن أبي داود، الرقم 3307، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7180 و صححه و وافقه الذهبي.

[2] - متفق عليه.

[3] - رواه أحمد و حسنه شعيب الأرناؤوط.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 2003، صحيح مسلم، الرقم 3896.

[5] - صحيح مسلم، الرم 3891، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12001.

[6] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1612، البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص210.

[7] - رواه أحمد و صححه شعيب الأرناؤوط.

[8] - رواه ابن حبان و قال شعيب الأرناؤوط رجاله ثقات غير محمد بن علي بن الحسن بن شقيق.

[9] - رواه أحمد و صححه شعيب الأرناؤوط و رواه ابن حبان و قال شعيب الأرناؤوط رجاله ثقات غير محمد بن علي بن الحسن بن شقيق.

[10] - رواه أبوداود، صححه الألباني، قال شعيب الأرناؤوط إسناده ضعيف.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123