هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

 

ئەوەی لە كۆتاییەدا مەبەستمانە وەك دەرەنجامی ئەم بابەتانەی پێشوو بە پوختی بیخەینەڕوو، ئەوەی بڵێین: ئایا پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بە بەرنامە شتی خواردووە؟ ئایا چی خواردووەو چەندی خواردووەو كەی خواردوویەتی و چۆن و بە چ مەبەستێك خواردوویەتی؟

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە بەرنامە شتی خواردووەو هەر لەخۆوە نەبووە، بەڵكو وەك سەرەتا وتمان وەك چۆن پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە خۆیەوە هیچی نەفەرمووەو هەرچیەكی فەرمووە فەرمان ورێنمایی خوای گەورە بووە، بە هەمان شێوە بەرنامەی خواردنیشی بە رێنمایی خوای گەورە بووە، خوای گەورەش خۆی بەدیهێنەری مرۆڤەو شارەزاترە بە پێكهاتەی مرۆڤ و چاك و چاكترین دەزانێت و چاكترینیش بۆ پێغەمبەرەكەی هەڵدەبژێرێت.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە پێی پێویستی شتی خواردووەو ئەوەی زیادە و ناپێویست بووە نەیخواردووە، هەروەها شتێكی خواردووە كە بۆ لەش پێویست بووە، نەوەك مەسەلەكە تەنها حەز و چێژ بێت، واتە هەرچیەكی خواردووە، پێویستی جەستە بووە.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شتێكی خواردووە كە لە هەنگاوی یەكەمەوە بۆ خۆپاراستن بووە نەوەك بۆ چارەسەر، ئەوانەی بۆ چارەسەر بەكاری هێناون، ئەوانەمان لێرەدا باس نەكردون، چونكە ئەوە بۆ سیستمی چارەسەر دانراون و پشتیوان بە خوا بە جیا باسیان دەكەین، بۆ نموونە قیستی هیندی.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گرنگی بە هەندێ خواردن داوە كە ئاسان بەردەست دەكەون و زۆرترین سوود و زیاترین وزە دەبەخشن بە لەش، وەك: خورما، حەڵوا، هەنگوین، شیر، سركە، ئەمانە زۆربەی پێكهاتە پێویستەكانی لەشیان تێدایە، هەروەها وزەیەكی زۆر بە مرۆڤ دەبەخشن بۆ جووڵە رۆژانە، پاشان هەندێ خواردنی تری خواردووە كە تەواوكەر بون بۆ ئەمانە، وەك: شووتی، ترۆزی، شەربەتی مێوژ.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیاتر گرنگی داوە بە خواردنە تەڕەكان، كەمتر گرنگی داوە بە خواردنی وشك، زیاتر نانی بەكارهێناوە كە وشك بووە، ئەویشی بە سركە یان گۆشتاو تەڕكردووە، تەنانەت لە میوەشدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میوەی وشكی نەخواردووە، تەنها میوەیەكی وشك خواردوویەتی مێوژ بووە، ئەویش كردۆتە ناو ئاوەوەو شەربەتەكەی خواردۆتەوە، واتە دیسان خۆی پاراستووە لە خواردنی شتی وشك، چونكە خواردەمەنیە تەڕەكان هەرسیان ئاسانەو مرۆڤ قەڵەو ناكەن و كێشەی هەرسی بۆ دروست ناكەن.

هەروەها خواردنەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماددەی ئەلیاف یان فایبەریان زۆر بووە، واتە ریشاڵی بون، بەمە مرۆڤ پارێزراو دەبێت لە كۆڵۆن، هەروەها بەدوور دەبێت لە بەرزی كۆلیسترۆڵ و بەردی زراو و چەندین نەخۆشی دی.

خواردنەكان دەوڵەمەند بون بە كالیسیۆم كە بۆ بەهێزی ددان و ئێسكەكان پێویستە.

لە خواردنەكانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) زۆر رەچاوی جۆگەی هەرس كراوە، بەسوود بون بۆ كۆڵۆن و هەرسكردن، خواردنی نەرم و پاراو بون، كەمی خواردووە بۆ ئەوەی قەبزیی تووش نەبێت، هەر خواردنێكیش قەبزی بەدواوە بێت و خواردبێتی، خواردنێكی تری نەرمی لەگەڵ خواردووە كە چارەسەری ئەوی تریان بكات، ئەمە هۆكار بووە هەرس ئاسان بێت و خێرا وزەی پێویست وەرگیرێت و پاشەڕۆش لە جەستەدا نەمێنێتەوە، بۆیە هاوەلآن ورگیان نەبووەو ورگزلی باوی ناو كۆمەڵگەی ئیسلامی نەبووە.

خواردنەكان پاككەرەوەی جگەر بون، مرۆڤیان دوورگرتووە لە نیشتنی چەوری سەر جگەر و بەردی زراو، بەڵكو بە گشتی خواردنەكان چەوریەكانی ناو لەشیان دابەزاندون، ئەمەش هۆكار بووە بۆ بەرگرتن بە زەبحە و جەڵدە و ئازاری سنگ و رەقبوونی ماسوولكەكان و پەستانی خوێن.

خواردنەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك خۆپاراستن لە نەخۆشیە درێژخایەنەكان خوراون، بۆ نموونە پێشوەختە خۆپاراستن بووە لە شەكرە و پەستانی خوێن و شێرپەنجە و دەركەوتنی پیری و سستی جەستەی مرۆڤ، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەتا وەفاتی كرد رەنگی پیری پێوە دیار نەبوو.

هەروەها خواردنەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چارەسەری دەروونییان لەخۆگرتووە، چارەسەری خەمۆكی و راڕایی  و دڵتەنگی بون، هۆكاری بەهێزكردنی یادەوەری بون.

ئەو خواردنانەی كە باسمان كردن، لە ماوەی شەو و رۆژێكدا لەلایەن پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) نەخوراون، بەڵكو لەوانەیە خواردن هەبووبێت هەفتەی جارێك دووبارە نەبووبێتەوە، خواردن هەبووبێت بە مانگێك جارێ نەیخواردبێت، واتە ئەو خواردنانە بە جیا جیا و لە كات و ساتی جیاوازدا خوراون، ئەگەرنا جار هەبووە چەند شەو بەسەر یەكەوە تێپەڕ بووەو پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و خێزانەكانی شتێكی وایان شك نەبردووە بیخۆن، چونكە وەك چۆن خواردن وزە دەبەخشێت بە مرۆڤ و گرنگە، نەخواردنیش وزەبەخشە بەو واتایەی رێگری دەكات لە زیانگەیاندن بە جەستە.

خواردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەنگ بووە، خووی نەداوەتە یەك جۆر خواردن و خۆی لە هەندێ خواردنی تر بێبەش بكات، خەڵكانێ هەن بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە هەندێ بەخشش بێبەش دەكەن، كەسانێ هەن دەڵێن ئێمە رووەكخۆرین و گۆشت ناخۆین، كەسانێ هەن زیاتر خوویان داوەتە گۆشت، بەلآم ئێمە خوو ئەدەینە بەرنامەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بێبەش نەبوونە لە هەمەچەشنەی بەرهەمە حەلآڵەكان.

وەلآمی ئەم پرسیارەشمان لا گرنگە: چی بخۆین؟

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُلُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا رَزَقْنَاكُمْ وَاشْكُرُوا لِلَّهِ إِنْ كُنْتُمْ إِيَّاهُ تَعْبُدُونَ) (البقرة: ١٧٢)، (ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو نیعمەتە پێماندان  و كردمانە رۆزیتان، كامی پاكە ئەوە بخۆن و سوپاسی خواش بكەن، ئەر راستە تەنها ئەو دەپەرستن).

واتە هەرچیەك پاك بێت خوای گەورە رێی پێ داوین لێی بخۆین، بەلآم هەموو كات و بۆ هەموو كەس و بە هەموو رێژەیەك نا، بەڵكو هەندێ خواردن بۆ كەسانێك حەلآڵن، بەلآم بۆ كەسانێكی تر نیە بیخۆن، بۆ نموونە كەسێك شەكرەی هەبێت، دەبێت خۆی بگرێتەوە لە هەندێ خواردن كە بۆ كەسانی تر حەلآڵن، هەروەها خواردنەكان هەرچەندە حەلآڵ بن، زێدەخواردنیان حەرامە و نابێت زۆر بخۆین، چونكە لە ئامانجی خواردنەكە دەردەچن، خودی ئامانجەكە سوودگەیاندنە بە جەستە، بە زۆرخواردن ئامانجەكە پێچەوانە دەبێتەوەو زیان بە جەستەمان دەگەیەنێت، یاخود هەندێ خواردن خۆیان حەلآڵن، بەلآم كارلێك و گۆڕانكاریەكیان بەسەردا دەهێنرێت كە حوكمی حەلآڵیەكەی دەگۆڕن، نموونەی سادەش بریتیە لە ترێ كە حەلآڵە كاتێك عەرەقی لێ دروست دەكرێت حەرام دەبێت.

خواردنی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لای ئێمە ستاندارە و وەك كوالیتی كۆنتڕۆڵ وایە بۆمان، ئەگەر خواردنێ بەو كوالیتی كۆنترۆڵەدا تێپەڕی، ترسمان لێی نەبێت، ئەگەرنا پێویستە زۆر ورد بیتەوەو چەند جار لە چەند لایەنەوە ئەو خواردنە لە فلتەر بدەیت هەتا لێی دڵنیابیتەوە.

زۆر گرنگە هەر خواردنێ دەبینن لە دەرەوەی ولآتی خۆمان هاتووە، زۆر بە وریایی لێكۆڵینەوەی لێ بكەن، سەرەتا بزانن هی چ ولآتێكە، ئەگەر ولآتانی ناموسڵمان بەرهەمیان هێنابوو، لەبری جارێ دەجار دڵنیابەرەوە لە حەلآڵیەكەی، چونكە زۆرجار گوێ نادرێت بە حەلآڵ و حەرامی و هەر جۆرە خواردنێ لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، پاشان ئاگاداری پێكهاتەو بەرواری بەسەرچوونی بە، بزانە بۆ باری تەندروستیت گونجاوە یان نا، واتە هەر لەخۆوە دەست مەبە بۆ خواردن و زۆر ورد و وریا بە لە هەڵبژاردنی خواردنەكانتدا.

ئەو خواردنانەی لە ماددەی پلاستیكیدان، تەنانەت ئەگەر تەنها ئاویشیان تێبكرێت، بە گەرمبوونیان كارلێك دەكەن و بەهای خۆراكی خواردنەكەی ناویان لەناودەبەن و دەیگۆڕن بۆ ژەهر، دەیان جۆر نەخۆشییان لێ بەرهەم دێ، بۆیە هەتا دەتوانن گرنگی بدەن بە خواردنە سروشتی و تازەكان، ئەو خواردنانەی لە قوتونەنراون و بەرهەمی خۆماڵین.

هەروەها پێویستە شێوازی خواردن لە لایەن پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) فێر ببین، بۆ نموونە دەستی خاوێن و خواردن بە دانیشتنەوەو ناوهێنانی خوا، خواردن لە بەردەم خۆتەوەو پەلەنەكردن لە خواردندا، زۆر نەخواردن و هەتا بكرێت بە تەنها نان نەخواردن، خواردن بە دەستی راست، سوپاس و ستایشی خوای گەورە لەسەر خواردنەكە، چونكە هەموو ئەو بەرهەمانە بەخششی خوان، هیچ كەسێك نەڵێت ئەمەی بەدەستمهێناوە رەنجی ماندووبوونی خۆم بووە، بەڵكو بەخششی خوایی بووەو ئەم تەنها ماندوو بووە لە وەرگرتنی بەخششەكەدا، خوای گەورە دەفەرموێت (لِيَأْكُلُوا مِنْ ثَمَرِهِ وَمَا عَمِلَتْهُ أَيْدِيهِمْ أَفَلا يَشْكُرُونَ) (یس: ٣٥) (تا لە میوەی ئەو خوایە بخۆن، كە دەستەكانی ئەوان پەیدای نەكردووە، دە ئایا سوپاسگوزاریی ناكەن؟ ).

هەروەها دەفەرموێت(أَفَرَأَيْتُمْ مَا تَحْرُثُونَ (63) أَأَنْتُمْ تَزْرَعُونَهُ أَمْ نَحْنُ الزَّارِعُونَ (64) لَوْ نَشَاءُ لَجَعَلْنَاهُ حُطَاماً فَظَلْتُمْ تَفَكَّهُونَ (65)) (الواقعة: ٦٣ - ٦٥) (ئایا دیوتانە ئەوەی تۆوی دەیكێڵن؟ ئایا ئێوە دەیڕوێنن و سەوزی دەكەن؟ یان ئێمە دەیڕوێنین و سەوزی دەكەین؟ دیارە دەڵێن خوا سەوزی ئەكات، جا كەوابوو ددانیش بە زیندووبوونەوەدا بنێن، خۆ ئەگەر بمانەوی دەیكەینە پووش و پەلاش).

گرنگە توێژینەوە زانستیە كاتیەكان نەكەینە بەڵگە بەسەر بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم)، چونكە توێژینەوە زانستیەكان ئاستی حەقیقەتیان رێژەییە و زۆرجار بە تێپەڕبوونی كات توێژینەوەیەكی نوێ بەرپەرچی توێژینەوەكانی پێشوو دەدەنەوە، ئەمڕۆ دەڵێن خواردنی فلآنە شت باشە، سبەینێ دەڵێن خراپە، بەلآم ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی و ئەنجامی داوە حەقیقەتی تەواوەو گۆڕانی بەسەردا نایەت، چونكە رێنمایی لە پەروەردگارەوە وەرگرتووە، بە پێی توێژینەوە زانستیەكان هەتا دوێنێ چەوری ئاژەڵی بە هۆكاری زەبحە و جەڵدەو قەڵەوی و نەخۆشی دەزانرا و چەوری گیایی گرنگی پێ دەدرا، ئەمڕۆ پێچەوانەی ئەوە باس لەوە دەكرێت چەوری ئاژەڵی باشترە لە چەوری رووەكی.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123