ئیسلام راستكەرەوەیە نەك شوێنكەوتە

سەردەمى ئەمڕۆ هێرشەكان بۆ سەر ئیسلام و گومانەكان بەرامبەر بەو پەیامە روو لە زیادبوونن، بە هەمان شێوەش هێزی بەرگری ئیسلامی زیاتر و بەهێزتر دەبێت، چونكە هەمیشە بەهێزی هێرشەكان بەرامبەر ناچار دەكات بەرگری خۆی بەهێز بكات، ئینجا هێزێك كە بە چەكی لاوازەوە هێرشی زۆر بهێنێ، لە بەرامبەردا هێزێكى بەهێز بە چەكی بەهێزەوە لە سەنگەری بەرگریدا بێت، بە دڵنیاییەوە لایەنی بەرگریكار براوە دەبێت، ناحەزانى ئیسلام ئەمڕۆ بە بڕێ گومانی لاوازەوە هێرش دەكەنە سەر ئیسلام و موسڵمانانیش بە بەڵگەی بەهێزەوە وەلآمیان دەدەنەوە و براوە دەبن، هەر موسڵمانێكیش خۆی لاوازەو ناتوانێت بەڵگەو چەكی بەهێزی بەرگریكاری بەكاربهێنێت، با خۆی نەخاتە بەردەم ئەو هێرشانە، چونكە شكانى ئەو موسڵمانە لەسەر موسڵمانان حیسابە و گومان دەخاتە سەر هێزی بەرگریكاریی موسڵمانان.

با نموونەیەكی لاوازى گومان دروستكردن و هێرشی نادروستی گومانسازان و روونی و ئاسانی وەلآمەكەی بخەینەڕوو، یەكێك لەو گومانانەى لە بازنەى ئەفسانەى پێشیناندا هاتووە، ئەوەیە كە دەڵێن پێغەمبەری ئیسلام كاتێ لە مەككە بوو دوو جار نوێژی دەكرد، كە هاتە مەدینەو لەوێ جوولەكەكانى بینی نیوەڕوانیش نوێژ دەكەن، ئەویش نوێژی نیوەڕوانی زیاد كرد.

لە سەرەتادا تەنها نوێژی بەیانى و ئێواران هەبوو، موسڵمانان بە ترس و نهێنیەوە دەچوون لە دۆڵ و شاخەكانى مەككەدا دوور لە چاوى خەڵك نوێژیان دەكرد و دواتر دەهاتنەوە ناو مەككە، دواتر لە ئیسرا و میعراجدا كە هەر لە قۆناغی مەككەدا بوو، پێنج نوێژەكە فەڕز كران.

جا موسڵمانێك كە شارەزایی نیە لە پەیامەكەی خۆیدا و دەچێتە نێو تۆڕە كۆمەلآیەتیەكانەوە، لەوێ گومانێكی لەم چەشنە دەبینێت، گومانەكە ئاسان دەخرێتەڕوو و زۆر زوویش هەرس دەكرێت، لەوانەیە خێرا ئەو گومانە لە ناخیدا بچەسپێت، تاقەتیشی نەبێت بچێت بە دواى وەلآمەكەیدا، چەند رۆژێكی دی گومانێكی تر دەخوێنێتەوە، بەو چەشنە گومان دوای گومان كەڵەكە دەبێت و ئەمیش بە دواى وەلآمدا ناگەڕێت و دواجار خۆی دەدات بە دەستەوە، بەلآم بۆ وەلآمی گومانێكی لەو چەشنە تەنها فەرموودەی تایبەت بە ئیسرا و میعراجى خوێندبێتەوە، سەرلەبەری ئەو گومانەی لا هەڵدەوەشێتەوەو سەربەرزانە وەلآمی دەمكوتكەری پێ دەبێت.

پاشان لە چەندین فەرموودەدا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هانى موسڵمانانى داوە جیاواز بن لە جوولەكەو مەسیحیەكان و خۆیان نەچوێنن بەوان (خالفوا الیهود و النصارى)،[1] بەڵكو لە هەر نوێژێكدا سورەتی فاتیحە دەخوێنرێت كە لە كۆتاییدا نزادەكەیت خوایە دوورمان بگریت لە رێگەی دوو تاقم (غير المغضوب عليه و لاالضالين) مەبەست بە خەشم لێگیراون جوولەكەن و گومڕایانیش مەسیحیەكانن، جا ئەگەر ئەمە رێنمایی پەیامەكە بێت بۆ شوێنكەوتوانى، ئیتر چۆن پەیامەكە لە جوولەكەو مەسیحیەكانەوە وەردەگیرێت؟!

خۆ رێگەی ئاسانتر هەبوو هەتا پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) خۆی و شوێنكەوتوانى دورتر بگرێت لە جوولەكەو مەسیحیەكان، دەكرا حاشا بكات لە پێغەمبەرایەتی مووسا و عیسا پێغەمبەر و دانی بەوەدا نەنایە پەیامەكەیان لە ئاسمانەوە دابەزیوە، ئیتر هەر جوولەكەو مەسیحیەك لەبری هێرش كردن، دەبوو سەرقاڵی ئەوە بوونایە ئاسمانیبوونی پەیامەكەیان بسەلمێنن، بەلآم پێغەمبەری خوا ئەو دوو پێغەمبەرە بە برای خۆی و پێغەمبەرانى خوا ناو دەبات و موسڵمانان فێر دەكات باوەڕیان پێ بهێنن و جیاوازى نەكەن لەنێوان پێغەمبەراندا، چونكە ئیسلام لە پەرچەكردارەوە نەهاتووە، بەڵكو پەیامی خوایە بۆ بەشەریەت هەتا رۆژی دوایی، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دان بەوەشدا دەنێت ئەو پیچغەمبەرانە لای خواى گەورەوە پەیامیان بۆ دابەزیوەو كتێبەكانیان ئاسمانین و دەبێت موسڵمانان چەشنی قورئان باوەڕیان پێبهێنن، دواتر بۆ هەموانى روون دەكاتەوە ئەو كتێبانە دواتر دەستكاری كراون، ئیسلامیش هاتووە خەڵكی بباتەوە سەر رێگە راستەكە نەوەك خۆی بدات بەدەم لێشاوەكەوە.

پاشان ئەگەر پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) شوێنپێ هەڵگری پەیامەكانى پێشوو بوایەو ئایینەكەی لە جوولەكەو مەسیحیەكانەوە وەربگرتایە، نەدەبوو هیچ رەخنەیەكی لێ بگرتنایە، بۆ ئەوەی موجامەلەی بكردنایە و ئەوانیش رووگیر بوونایە لە دژایەتی كردنی، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەنگاوى لەو چەشنەی نەنا.

ئەوەی ئەمڕۆ بە تەورات و ئینجیل ناسراوە، لە دیدی ئێمەوە لەو ئاستەدا نین لەگەڵ قورئاندا بەراورد بكرێن، بەڵكو كاتێك دەهێنرێنە مەیدانی بەراوردكاریەوە، دەبێت لەگەڵ فەرموودە لاواز و هەڵبەستراوەكاندا بەراورد بكرێن، بەڵكو قورئان بۆ راستكردنەوەی ئەو دەستكاریكردنانە بەكاردێنین كە لەو دوو كتێبەدا ئەنجام دراون، وەك چۆن خوێندكارێك تاقیكردنەوەیەك دەدات و دواتر بەپێی سەرچاوەى دروست وەلآمە هەڵەكانى بۆ راست دەكەنەوە، واتە هەرچیەك بە فلتەری قورئان و سوننەتدا تێنەپەڕێت، پێویستی بە موراجەعە و وردبینی و راستكردنەوە هەیە.

خواى گەورە دەفەرموێت (يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ وَلَا تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ إِلَّا الْحَقَّ إِنَّمَا الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ رَسُولُ اللَّهِ وَكَلِمَتُهُ أَلْقَاهَا إِلَى مَرْيَمَ وَرُوحٌ مِنْهُ فَآَمِنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ وَلَا تَقُولُوا ثَلَاثَةٌ انْتَهُوا خَيْرًا لَكُمْ إِنَّمَا اللَّهُ إِلَهٌ وَاحِدٌ سُبْحَانَهُ أَنْ يَكُونَ لَهُ وَلَدٌ لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ وَكَفَى بِاللَّهِ وَكِيلًا) (النساء: ١٧١) (ئەى خەڵكانى خاوەننامە! هەڵەڕۆیى و زێدەڕۆیى لەدینەكەتاندا مەكەن، شتێ ڕاست نەبێ ئێوە دەربارەى خوا مەڵێن (مەسیح كوڕى مەریەم) هەر پێغەمبەرى خوا بووە، خواى بەتوانا وشەى خۆى هاویشتە ناو پزدانى مەریەم و گیانێكیشە لە خواوە دەسا ئێوە باوەڕ بێنن بەخواو بەپێغەمبەرانى ئەو، مەڵێن سێ خوا هەیە كۆتایى بەو قسانە بێنن، بۆ ئێوە باشترە، بێ شك هەر (الله) تاكە خوایە پاك و بێخەوشە لەو تۆمەتە كە: منداڵى هەبێ، هەرچى لەناو ئاسمانەكان و زەوییدایە هەرهى ئەوە و خواش هەر خۆى بەسە بۆپێكهێنانى كاروبارو، بەڕێوەبردنى بوونەوەر).

كەواتە قورئان لادانەكانى ئایینەكانى پێشوو راست دەكاتەوە نەوەك بەدواى لادانەكاندا هەنگاو هەڵنێت.

كاتێك موسڵمانان لە مەدینە بینییان جوولەكەكان لە كاتى سووڕی مانگانەی ژناندا خۆیان دوور دەگرن لێیان و تێكەڵی ژنەكانیان ناكەن و نانیان لەگەڵ ناخۆن، ئەوانیش رۆیشتن لەو بارەوە پرسیاریان كرد لە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم)، ئەوەبوو خوای گەورە ئایەتی دابەزاند (نساؤكم حرث لكم فأتوا حرثكم أنى شئتم)، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بە هاوەلآنی فەرموو (اصْنَعُوا كُلَّ شَيْءٍ إِلاَّ النِّكَاحَ) (هەموو شتێكیان لەگەڵ بكەن جگە لە جووتبون)، ئەم بەسەرهاتە گەیشتەوە بە جوولەكەكان و وتیان: ئەم كابرا چی ئەوێت؟! لە هەرچی مەسەلەیەكدا هەیە پێچەوانەی ئێمە دەجووڵێتەوە،[2] ئینجا ئوسەیدی كوڕی حوچهیر و عەببادی كوڕی بیشر هاتن بۆ لاى پێغەمبەری خوا و وتیان ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) جوولەكەكان ئاوا و ئاوا دەڵێن، ئێمەش تێكەڵی خێزانەكانمان نەكەین؟ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كە ئەوەی بیست رەنگی رووی گۆڕا هەتا هاوەلآن وایانزانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تووڕە بووە لێیان، ئەو دوانە چوونە دەرەوە، هێندەی نەبرد بڕێ شیر بە دیاری نێردرا بۆ پێغەمبەر(صلى الله علیە وسلم)، ئەویش ناردی بە شوێن هەردووكیاندا و ئەوانیش هاتنەوە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بڕێ لە شیرەكەی پێدان و ئەوانیش لێیان خواردەوە، ئینجا زانییان پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تووڕە نیە بەدەستیانەوە.[3]

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئەمەی فێری موسڵمانان كرد كە ئافرەتان بەهۆی سوڕی مانگانەوە پیس نابن و نابێت كەنار بگرن لێیان، بەڵكو نانیان لەگەڵ بخۆن و تێكەڵییان بكەن، تەنانەت لەگەڵیشیان بخەون تەنها جیماعیان لەگەڵ نەكەن، ئەمەی وەك بەرنامە بۆ موسڵمانان دانەنا و خۆی جێبەجێی نەكات، بەڵكو خۆی لەمەدا پێشەنگی موسڵمانانى كرد.

دایكی باوەڕداران عائیشە دەڵێت: هەر یەك لە خێزانەكانی پێغەمبەری خوا ئەگەر لە سووڕی مانگانەدا بووینایە، پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) بیویستایە لەگەڵ هاوسەرەكانی بخەوتایە، فەرمانی دەكرد هاوسەرەكەی پارچە قوماشێكی دەدا بەسەر داوێنیدا و دواتر لەگەڵی دەخەوت.[4]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت (كنت أشرب وأنا حائض ، ثم أناوله النبي صلى الله عليه وسلم فيضع فاه على موضع في ، فيشرب ، وأتعرق العرق وأنا حائض ، ثم أناوله النبي صلى الله عليه وسلم فيضع فاه على موضع في)[5] (من لەكاتێكدا لە حەیزدا بووم ئاوم دەخواردەوەو دواتر لە ئاوى جامەكەم دەدا بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، ئەویش دەمی دەخستە سەر شوێن دەمی من و دەیخواردەوە، هەروەها گۆشتم بە ئێسقانەوە ئەكڕاندەوەو دواتر دەمدا بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و ئەویش دەمی دەخستە سەر شوێن دەمەكەی من).

پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) ئەو عادەتەشی نەبووە هەرچیەك لەلای جوولەكەو مەسیحیەكانەوە هەبوو، ئەمیش پێچەوانەى ئەوان بجووڵێتەوە، بەڵكو لە هەرچیەكدا هەنگاوى دروستیان هەڵنابێت، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پێچەوانەیان نەجوولآوەتەوە، بۆ نموونە لە مەسەلەی رۆژووی عاشوورادا، ئیبن عەبباس دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هاتە مەدینە بینی جوولەكە رۆژی عاشوورا ْ بەڕۆژوو دەبن، فەرمووى ئەوە چیە؟ وتیان ئەوە رۆژێكی باشە تیایدا خواى گەورە بەنى ئیسرائیلی لە دوژمنەكانیان رزگار كرد، بۆیە مووسا رۆژووی تێدا گرت، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرمووى (أنا أولى بموسى منهم)، (دەى من لەوان شیاوترم بە مووسا) بۆیە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) رۆژووى تێدا گرت و فەرمانى كرد خەڵكیش رۆژووى تێدا بگرن.[6]

جوولەكەكان لە مەدینەدا ئەو دەنگۆیەیان بلآوكردبوویەوە كە ئەگەر پیاو لە پشتەوە بچێتە لای ژنەكەی (مەبەست لە كۆمەوە نەبووە بەڵكو ئافرەتەكە پشتی لە پیاوەكە بووبێ) ئەوە ئەو منداڵەی دەیانبێت چاوخێل دەرئەچێت، بەلآم خوای گەورە ئایەتی دابەزاندە خوارەوە (نساؤكم حرث لكم فأتوا حرثكم أنى شئتم[7] ئەمەش تەواو پێچەوانەی بۆچونەكەی جوولەكەكان بوو، ئەگەر پێغەمبەری خوا لە خۆیەوە قسەی بكردایە و سەرچاوەكەی وەحی نەبوایە، ئەوكات دەكرا رای جوولەكەكان وەربگرێت و نەیانكاتە نەیاری خۆی، یان هیچ نا لە ترسی ئەوەی نەبادا قسەكەیان راست دەرچێ، با هیچ پێچەوانەى بۆچوونەكەی ئەوان نەڵێت و وەزعەكە هەر وا بڕوات باشترە، یان دەیان گومان و ئەگەری تر كە دەكرێت لێرەدا باسیان نەكەین، بەلآم ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) وایبكردایە، ئەمڕۆ كە پێشكەوتنى زانستی راستی و ناڕاستی ئەو مەسەلەی روون كردۆتەوە، ئێمەی موسڵمان شەرمەزار دەبووین و حەقیقەتی دینەكەمان دەكەوتە ژێر پرسیارەوە.

جوولەكەكان نەوەك زانیارییان نەدەدا بە پێغەمبەری خوا، بەڵكو بۆ هەندێ بابەتیش دەچوون پرسیاریان لە پێغەمبەری خوا دەكرد، جاری وا هەبوو لەپێناو ئاسانكاریەك بۆ ئیشەكەیان، جاریش هەبوو وەك تاقیكردنەوەیەك و هەوڵی شكاندنی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم).

جارێك هەندێ جوولەكە هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و كێشەی ئەوەیان هەبوو كە ژن و پیاوێك زینایان كردبوو، دەیانویست پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) حوكمێكی جیاواز لە حوكمی ئایینەكەی خۆیان بۆ بدات، ئەویش فەرمووی لە تەوراتدا سەبارەت بە رەجم چیتان بەرچاو كەوتووە؟ ئەوانیش وتیان ئابڕووی زیناكارەكان دەبەین و جەلدیان لێ دەدرێت، خێرا عەبدولآی كوڕی سەلام وتی درۆ دەكەن، رەجمی تێدایە، چوون تەوراتیان هێنا و كردیانەوەو یەكێكیان دەستی خستە سەر ئایەتی رەجمەكەو ئەوانەی پێش و دوای ئەو ئایەتەی خوێندەوە، عەبدولآی كوڕی سەلام وتی دەستت لابە، كە دەستی لابرد ئایەتی رەجمەكە بەدیار كەوت، ئینجا وتیان ئەی موحەممەد راست دەكەیت ئایەتی رەجمی تێدایە.[8]

جارێك جوولەكە هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و پرسیاریان لێكرد سەبارەت بە پێنج شت، بەڵێنیان دا ئەگەر وەلآمی ئەو پرسیارانە بداتەوە ئەوە باوەڕی پێ دەهێنن، واتە وەك تەحەددایەك بۆ ئەوەی بیسەلمێنن موحەممەد پێغەمبەری خوا نیە و تەواو لە خۆیان دڵنیا بوون بۆیە ئەو پرسیار و جۆری مامەڵەیان خستەڕوو، پرسیاریان لێكرد سەبارەت بە پێغەمبەران و نێر و مێی منداڵ و چەند مەسەلەیەكی تر، ئەویش وەلآمی هەموویانی دایەوە.[9]

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئەم زانیاریانەی لە تەورات و ئینجیلەوە وەرنەگرتووە، بەڵكو خوای گەورە رێنمایی كردووەو ئەو زانیاریانەی پێداوە، ئەمەش بە چەند بەڵگەیەك:

یەكەم: تەورات و ئینجیل لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) بە زمانی عەرەبی نەبووە، چەند دەقێكی كەم لای چەند كەسێك هەبون كە ئەویش بە عیبرانی بووە، بەلآم ئەو كەسانە بە عەرەبی شەرحیان كردووە، ئەو گێڕانەوەش كە هاتووە عومەری كوڕی خەتتاب شتێ لە كتێبەكانی پێشووی خوێندۆتەوە، بە صەحیحی نەهاتووە.

لەوانە وەرەقەی كوڕی نەوفەل چەند دەقێكی ئینجیلی بە عیبرانی دەنووسیەوە،[10] خودی ئەهلی كیتابیش تەوراتیان بە عیبرانی دەخوێندەوەو بە عەرەبی تەفسیریان دەكرد بۆ موسڵمانان.[11]

دووەم: پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) خوێندەواری نەبووە هەتا ئەو كتێبانە بخوێنێتەوە، چ جاى ئەوەی هەر كتێبەكان بە عەرەبی نەبووبن.

سێیەم: تا ئەو كاتەش نوسخەی كۆكراوەی تەورات و ئینجیل لەو ناوچانەشدا لەبەردەست نەبووە.

چوارەم: جوولەكەكان هێندە زانیاریەكانی خۆیان دەشاردەوە كە تەنها زاناكانیان دەستیان پێیان دەگەیشت، هەندێ جار بۆ تاقیكردنەوەی پێغەمبەری خوا، هەندێ پرسیاری ناو تەوراتیان بۆ هەڵدەبژارد و لەوە دڵنیا بوون كە نایزانێت چونكە ئەو زانیاریانە لاى زۆربەی هەرەزۆری جوولەكەكانیش نەزانراوە، تەنها دەیانویست پێغەمبەری خوای پێ بە دۆر بخەنەوە.

 



[1] - صحيح ابن حبان، الرقم 2210، صححه شعيب الأرناؤوط.

[2] - ئەمە دانپێدانانى جوولەكەكانە كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پەیامەكەی لەوانەوە وەرنەگرتووە، كەچی خەڵكانێ بە زۆر دەیانەوێت بیسەلمێنن كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پەیامەكەی لەوان و لە مەسیحیەكان و پەیامەكانى ترەوە وەرگرتووە.

[3] - صحيح مسلم، الرقم 481.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 298، صحيح مسلم، الرقم 467.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 479.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 3232، صحيح مسلم، الرقم 1976.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 4263، صحيح مسلم، الرقم 2671.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 3456، صحيح مسلم، الرقم 3297، صحيح ابن حبان، الرقم 4499.

[9] - رواه أحمد و حسنه شعيب الأرناؤوط.

[10] - رواه البخاري، الرقم 3.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 4224.


بابەتی پەیوەندار

باسی هێستر لە قورئاندا

بۆچي قورئان كرا بە موعجيزە؟

ئیسلام راستكەرەوەیە نەك شوێنكەوتە

وەڵامێك بۆ تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان

سەرچاوەكانى قورئان كامانەن؟

ئینجیلەكان و قورئان

چیرۆك لەنێوان قورئان و كتێبەكانى پێشوودا

پێغەمبەران لەنێوان كتێبەكانی تر و قورئاندا

پەیوەندی قورئان و كتێبەكانی پێشوو

روانینێ بۆ كتێبەكانى پێشوو

12