دڵدانەوەیەكی پێویست

 

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر ئەوەی لەسەر سەخت بووە كە بە درۆی بخەنەوەو تۆمەتى درۆی بدەنە پاڵ، چونكە كەسی راستگۆ درۆی زۆر لا سەختە، كەسێك كە لەو قورئانەى بۆی دابەزیوەتە خوار، بە سەدان جار سەركۆنەى درۆ بكات و لە فەرموودەكانیشیدا زۆر بە قێزەونى باسی درۆ بكات، كەچی تۆمەتى درۆی بدەنەپاڵ؟! تۆمەتەكانیش هەموویان ئاڕاستەی دواى پێغەمبەرایەتین، ئەمە بووبوە جێی دڵتەنگی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خواى گەورەش ئاگادار بوو بە دەروونى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دڵدانەوەیەكى باشی كرد، تێیگەیاند ئەوان كێشەیان لەگەڵ راستگۆیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نیە، بەڵكو كێشەیان لەگەڵ پەیامى خوادایە، ئەوان دەیانەوێت پەیامى خوا بەرپەرچ بدەنەوە.