ئەمانەت پارێزی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی

ئەمانەت پارێزی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی

ئەمانەت لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بە درێژایی مێژوو لەنێوان مرۆڤەكاندا هەبووە، هەر كەسێكیش بیەوێت ئەمانەتێ بداتە لای كەسێك، بە دڵنیاییەوە پێشتر وردەكاری لەسەر ئەو كەسە وەردەگرێت و دەبێت لێی دڵنیا بێت ئینجا ئەمانەتی بداتە دەست، هەروەك چۆن كەسێك بۆ ژن‌و ژنخوازی یان تەنانەت شەراكەت لەگەڵ كەسێك، سەرەتا زانیاری لە بارەی ژیان و رابردووی وەردەگرێت، ئینجا تێكەڵی دەكات، بۆ ئەمانەتیش بە هەمان شێوە یان بگرە زیاتر لەوەش بە دوایدا دەچێت، ئیتر ئایا وەرگرتنی زانیاریەكان لە كەسانی تر و دەوروبەرەكەیەوە بێت، یان بە ئەزموون و تاقیكردنەوەی بێت بە چەند فلتەرێك، بەوەش كەسەكە بۆی دەرئەكەوێت ئەو كەسە چۆنە و لە چ ئاستێكدایە و شیاوی ئەوەیە هێندە متمانەی پێ بكات ئەمانەتی بداتە لا یان نا.

پشتیوان بە خوا لەم باسەدا بە پوختی شتێ لە بارەی ئەمانەتی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) و متمانە پێ بوونی خەڵكی دەكەین، با بزانین مێژوو ئەو شایەتیە ئەدات كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی شیاو بووە بەوەی بە ئەمین باسی بكەن، ئایا كەسێك بووە بۆ ئەوە شیاو بووە ئەمانەتی پەیامی خوای پێ بسپێردرێت هەتا بیگەیەنێت بە هەموو مرۆڤایەتی؟ یاخود سەرەتا لادان و ناپاكی هەبووەو دواتر تەوبەی كردووە، یان هەر تەوبەی نەكردووەو دواتر بڕێ بڕیاری داوە لە بارەی ژیانی خۆیەوەو لە بنەڕەتدا وانەبووەو خەڵكیش زانیویانە وا نیە، چونكە بۆ وەرگرتنی پۆستێك، گرنگترین شت بریتیە لە ئەمانەتپارێزی، واتە كەسی ئەمین دەتوانێت لە وەرگرتن و بەڕێوەبردنی پۆستێكی گرنگدا سەركەوتوو بێت.

كەمێك دەچینەوە پێشەوەو ئەزموونی پێغەمبەرانی پێشوو باس دەكەین، دەچینەوە سەر ژیانی پێغەمبەر مووسا كاتێك چاوی ئەكەوێت بە دوو كچەكەی پێغەمبەر شوعەیب و هاوكارییان ئەكات، كاتێك كچەكان باسی پێغەمبەر مووسای بۆ دەكەن، بە دوو سیفەت پێناسەی دەكەن، بەهێزی و ئەمانەتپارێزی، وەك خوای گەورە باسی كردووەو دەفەرموێت (قَالَتْ إِحْدَاهُمَا يَا أَبَتِ اسْتَأْجِرْهُ إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ) (القصص: ٢٦)، (یەكێ‌ لە كچەكان وتی: بابە! بە كرێی بگرە بۆ خزمەت و لەوەڕاندنی مەڕەكان بەڕاستیی چاكترین رەنجبەر كە تۆ بەكرێی بگریت، دەبێ‌ دوو سیفەتی تیابێت/ یەكەم: بەهێزو بە توانا بێت بۆ پاراستنی ئاژەڵەكان. دووەم: ئەمین و دەس پاك و جێی باوەڕ بێت)، چونكە بۆ هەر ئیشێك توانا و بەهێزی و زاڵبوون بەسەر ئەو ئیشەدا گرنگەو كەسی لاواز با دڵسۆزیش بێت، ناتوانێك ئیشەكە ببات بە ڕێوە، مەرجی دووەمیش ئەوەیە ئەو كەسە ئەمانتەپارێز بێت و ناپاكی نەنوێنێ، چونكە هەموو ماڵەكەو كلیل و سامان و ئابڕوو و نهێنی ئەو ماڵە دەكەوێتە بەر دەستی ئەو كەسە، بۆیە ئەمانەتپارێزیەكە زۆر گرنگترە لە بەهێزیەكە، چونكە كەسی ناپاك هەرچەندە بە تواناش بێت و بە چاكی ئیشەكە بكات، لە كۆتا ساتیشدا بێت گورزی خۆی ئەوەشێنێت و ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆی بێت ئەیكات.

بە هەمان شێوە بۆ بەسەرهاتی پێغەمبەر یووسف، كە گەورەی میصر پێغەمبەر یووسف قبووڵ دەكات وەك بەرپرسی خەزێنەی میصر و كاروبارەكانی پێ دەسپێرێت، دوو سیفەتی باس دەكات كە ئەویش لێهاتوویی و بەتواناییەكەیەتی لەگەڵ ئەمانەتپارێزیەكەیدا (وَقَالَ الْمَلِكُ ائْتُونِي بِهِ أَسْتَخْلِصْهُ لِنَفْسِي فَلَمَّا كَلَّمَهُ قَالَ إِنَّكَ الْيَوْمَ لَدَيْنَا مَكِينٌ أَمِينٌ) (یوسف: ٥٤)، (جا دوای دەركەوتنی شەهامەت‌و پیاوەتیی و جوامێری یوسف، پاشا وتی: (یوسف)م بۆ بهێنن با بیكەمە یارو هاوڕێی تایبەتی و، جێگەی پرس و ڕای خۆم، بۆ ڕاگرتنی دەوڵەتەكەم، جا كاتێ‌ كە یوسف هاتە لایی و، دواندیی و وتووێژی لەگەڵ كردو، بەتەواوی كەسێتی دەركەوت پاشا وتی: بەڕاستیی تۆ ئەمڕۆ لای ئێمە پیاوێكی بەڕێزو قورس و پاك و جێگای باوەڕیت)، چونكە لەوە بەدوا ئیتر یووسف پێغەمبەر هەموو خەزێنەی وڵاتی بەدەست دەبوو، خۆراك و بژێوی رۆژانەی خەڵك دەخرایە بەردەستی، جگە لەوەی ئەمە هەموو میصری دەگرتەوە، لەبەرئەوەی میصر زلهێزی ناوچەكە بوو، كاریگەری لەسەر چواردەوریش دەبوو، بۆیە زۆر گرنگ بوو كەسێكی ئەمین ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ.

لەمڕۆشدا كەسێك بیەوێت خۆی بۆ پۆستێك كاندید بكات، هەر لە پێش دەنگداندا لێكۆڵینەوە لە پەرێز و پاشخانی دەكرێت، بزانن ئەمانەتپارێز بووە یان نا، هەتا ئەگەر لادانی هەبووبێت بیكەن بە تانە و عەیبەیەك لەسەری و رەخنەی لێ بگرن، بۆ نموونە لە هەندێ وڵاتدا كە خزمەتی سەربازی هەیە، كەسێك خۆی دزیبێتەوە لەو خزمەتە و دواتر خۆی كاندید بكات بۆ پۆستێك، ئەو خۆدزینەوەی دەكرێت بە تانەیەك لەسەری و سیفەتی ئەمانەت پارێزیەكەی پەڵەی تێئەكەوێت، یان كەسێك فێڵی پارەسپیكردنەوەی كردبێت، یان هەر فێڵێكی تر كە لە سیفەتی ئەمانەپارێزی دەربچێت، دەكرێتە تانەیەك بۆی هەتا لە دەنگداندا لاواز بكرێت و رێگە نەدرێت سەركەوێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسە پێشینەیەكی پاكی هەبێت.

هەرچەندە ئامانجمانە لەم باسەدا تەنها باسی ئەمانەت پارێزی بكەین، بەڵام زۆرجار ناچار ئەبین سیفەتی ئەمینی و راستگۆییەكەی پێكەوە باس بكەین، چونكە بابەتەكان پەیوەستن بە یەكەوەو لە زۆر شوێندا تێكەڵ بە یەك ئەبن، بەڵام هەرچەندە بتوانین بە جیا باسیان ئەكەین.

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە مەككەدا ناوبانگی ئەمینی هەبوو، هەموان بەو نازناوە دەیانناسی، خەدیجەی كچی خوەیلیدیش یەكێك بوو لە ئافرەتە خانەدان و ناسراوەكانی ناو مەككە، ئافرەتێكی دەوڵەمەند و خانەدان و بە شكۆ بوو كە پیاوانی مەككە ئاواتیان دەخواست هاوسەرگیری لەگەڵ بكەن، خەدیجە ئافرەتێكی وریا و ژیر بوو، كاری بازرگانیشی ئەكرد و هەرجارەو كەسێكی رائەسپارد لە بری خۆی بچێتە ناو كاروانە بازرگانیەكان و ئیشی بۆ بكات، جا كە ناوبانگی پێغەمبەری خوای (صلی الله علیه وسلم) ئەزانی، ئەوەی هات بە بیردا داوا لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بكات تا ئیشی بۆ بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشینەیەكی نیە لە كاری بازرگانیدا، تەنها شتێك هەیەتی راستگۆیی و ئەمانەت پارێزیەكەیەتی كە ئەو ناوبانگ و متمانەی پێ بەخشیوە، تەمەنیشی سەروو بیست ساڵەو نەگەیشتۆتە بیست و پێنج ساڵ، خەدیجە پێشنیاری بۆ ئەكات، هەر لە سەرەتاشەوە هێندە بێخەمە لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و پێی خۆشە ئیشەكەی بۆ بكات، بەڵێنی پێ دەدات دوو هێندەی خەڵكانی تری بۆ حیساب بكات، بە واتای ئەمڕۆ راستەوخۆ لە بری یەك مووچە، دوو مووچەی بۆ حیساب كردووە، مووچەیەكیان بۆ ئیشەكەی، مووچەیەكیش بۆ ئەمانەت پارێزی و راستگۆییەكەی، چونكە ئەزانێت خەڵكی تر بە دزی زۆر زیاتریان لێ ئەبرد و كارەكەشیان بە دڵسۆزی بۆ نەئەكرد، بەڵام بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) مامەڵەكە بەو چەشنە دەست پێ ئەكات، چونكە دڵنیایە كەسی وای دەست ناكەوێت.

بەڵام خەدیجە تەنها بەوە وازناهێنێت، بەڵكو یەكێك لە خزمەتكارەكانی خۆی لەگەڵدا دەنێرێت كە ناوی مەیسەرە بوو، تا لەو رێگەدا چاودێری پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و هەڵسوكەوت و شێوازی ئیشەكەی بكات، چونكە دەرچوونی یەكەمەو دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە لەو هەموو متمانەی پێی بەخشیوە، ئەگەر لەو تاقیكردنەوەدا دەرچوو، ئەوە سەرەتایە بۆ ئیشی دواتر و بەردەوامی دان بە رێككەوتنەكە، چاودێریەكەیش تەنها لە بواری دەستپاكیەكەدا نەبووە، بەڵكو پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ناسراو بووە بەوەی نزیكی داوێن پیسی ناكەوێتەوە و دزی ناكات و مەی ناخواتەوەو هەندێ لادان هەن هیچكام لەوانەی نیە، خەدیجە دەیەوێت بزانێت لە دوورەدەستیش كە چاوی خەڵكی شارەكەی لەسەر نامێنێت، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە هەمان چەشنە یان لەوێ جۆرێكی ترە، پێغەمبەری خواش (صلی الله علیه وسلم) نازانێت مەیسەرە بۆ ئەمە هاتووە، بەڵكو وەك نوێنەرێكی خەدیجەو بەردەستێكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خۆی نیشانداوە تا فەرمانەكانی بەجێ بگەیەنێت و هیچی تر، ئیتر ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە كورد ئەڵێت سەفەرمو موعامەلە سەنگی مەحەكەن، مەیسەرە سەفەر و موعامەلەی پێغەمبەری خوای (صلی الله علیه وسلم) بینیوەو وەك خۆی نەقڵی ئەكات بۆ خەدیجە.

سەرەتا كە خەدیجە پێشنیاری ئیشە بازرگانیەكەی كرد بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، ئەبووگالیبی مامی پێی وت ئەمە رزقێكە خوا بۆی ناردویت، بەڵام بەخوا ئەوە رزقێ بوو خوا ناردی بۆ خەدیجە، ئەگەر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەبوایە خەدیجە لە كوێ ناوی دەبوو و كێ باسی ئەكرد؟ سەدان و هەزاران ئافرەتی سەرمایەدار و ئافرەتی جوانتر لە خەدیجە لە مێژوودا هەبوون و ناویان لە ناواندا نەماوەو باسیان بڕاوەتەوە، بەلام خوا رزقێكی بەخشی بە خەدیجە كە سەلامی خوای پێ بگەیەنرێت و ببێتە دایكی باوەڕداران و یەكەم ئافرەتی موسڵمان و هەتا رۆژی دوایی ناو و باسی بمێنێتەوەو هاوسەری پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) بێت لە بەهەشتدا.

پاش هاتنەوەی سەفەرەكە مەیسەرە دێتەوە بۆ لای خەدیجەو وردەكاری سەفەرەكەو سات بە ساتی رووداوەكانی بۆ باس دەكات، ئەو گەورەیی و تایبەتمەندیانەی لە پێغەمبەری خوای (صلی الله علیه وسلم) بینی، راستگۆیی و ئەمانەتپارێزی و داوێن پاكی و دەمپاكی و چەندین سیفەتی تر، هەموو ئەمانە وا لە خەدیجە دەكەن زیاتر سەرسامی كەسێتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بێت و دڵنیا بێت كە كەسی وا لە مەككەدا نیە هاوشانی بێت، ئەمە ئەو كەسەیە دەكرێت هیوای زۆری لەسەر بنیاد بنرێت، دەبێت پەیوەندی و مامەڵەكە زۆر زیاتر بێت لە مامەڵەیەكی بازرگانی، ئینجا بیر لەوە دەكاتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) بكات، لەگەڵ كەسێك كە هیچی نیە و وەك كارمەندێ ئیشی بۆ كردووە، ئێستا ئامادەیە بیكاتە سەرگەورەی ماڵ و هاوسەری ژیانی، چونكە پیاوانی تر كە حەزیان دەكرد هاوسەرگیری لەگەڵ بكەن، چاویان لە پارەكەی بوو، خەیاڵیان لای ناوبانگ و هەڵكەوتەییەكەی بوو، دەیانویست لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاری بهێنن.

بۆ ئەمەش هەنگاوی ژیرانە ئەنێت، خۆی راستەوخۆ پێی ناڵێت، بەڵكو ئافرەتێك رائەسپێرێت تا ئەو هاوسەرگیریەی بۆ رێك بخات، ئافرەتەكەش دەچێت بۆ لای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ ئەكات و ئەڵێت بۆچی بیر لە هاوسەرگیری ناكەیتەوە؟! ئەویش ئەفەرموێت ئاخۆ هیچم نیە، دەبێت بە گیرفانی بەتاڵ چۆن هاوسەرگیری بكرێت، ئەمە بیانووی پێغەمبەری خوایە، ئەویش ئەڵێت ئەی ئەگەر من ئافرەتێكی چاكت بۆ رازی بكەم كە هەم چاك بێت و هەم خۆی ئەوانەشت بۆ چارەسەر بكات هاوسەرگیری ئەكەیت؟ ئەویش ئەفەرموێت ئافرەتی ئاوا كوا؟ ئافرەتەكە ئەڵێت خەدیجە، پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) رازی دەبێت ئەگەر ئەو بتوانێت رازی بكات ئەمیش رازیە.

كاتێك كەعبە بنیاد ئەنرایەوە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) تیایدا بەشداری كرد و بە شانی خۆی بەردی ئەبرد بۆ بنیادنانەوەی، ئەمەش هەستكردن بوو بە بەرپرسیارێتی تا هاوشانی قەومەكەی بەشداری بكات لەو ئەركەدا، بنیادنانەوەكەش رێڕەوی ئاسایی خۆی گرتەبەر هەتا گەیشتە سەر دانانەوەی بەردەڕەشی كەعبە، لێرەدا ناكۆكی دروست بوو و هەر تیرەیەك دەیویست ئەو گەورەیی و تایبەتمەندیە بۆ خۆی بێت، دەمەقاڵێی لەسەر دروست بوو و خەریك بوو بگاتە لەیەك هەڵچوون، چونكە مەسەلەی بنیادنانەوە زۆر لە یادەوەری خەڵكدا نامێنێتەوە، بەڵام مەسەلەی بەردەڕەشەكە لەبەر گرنگیەكەی لای هەموان، لە یادەوەرییاندا دەمایەوە، بۆیە هیچ كەس ئامادەیی ئەوەی نەبوو دەستبەرداری ئەو فەزڵە بێت، چەند رۆژێك ئەم دەمەقاڵەو نەگونجانە بەردەوام بوو، ئەو نەگونجانەش كێشەی بۆ ناوبانگی مەككە دروست ئەكرد، چونكە هەم پێگەیەكی بازرگانی و هەم پێگەیەكی ئایینی گرنگی هەبوو، هەر نەگونجان و جەنگ هەڵگیرسانێ، گورزی كوشندە بوو بۆ ئاسایشی ئەو شوێنەو لاوازبوونی ئابووری و پەیوەندیەكانی شارەكە، بۆیە دەبوو زۆر زوو ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.

دواجار لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر تیرەیەك ئەندامی ئامادە بێت و هەموان لای كەعبە بوون، وتیان هەر كەس یەكەم جار لەوێوە دەركەوت، ئەو كەسە ئەكەین بە دادوەر، بەڵام مەرجیان دانا هیچ كەس دەرنەچێت هەتا بێ ئاگای هەموان هەر كەس لەوێوە هات و دەركەوت ببێتە دادوەر، خوای گەورەش هەم بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە و هەم بۆ ئەوەی بەڵگەیەك دروست بكات لەسەر قوڕەیشیەكان بۆ داهاتوویان، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لەو رێگەوە ئاڕاستە دەكات و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) یەكەم كەس دەبێت لەوێوە دەرئەكەوێت، هەركە دەكەوت، هەموان هاواریان كرد ئەوە ئەمین و دەستپاكە و رازین دادوەری نێوانمان بكات، (1) لە هاوار و دروشمەكانیاندا نازاناوی ئەمین دووبارە ئەكەنەوەو هۆكاری رازیبوونەكەیان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، ئیتر ئەم شایەتیدانە دوای چەند ساڵی تر ئەبێتە بەڵگەیەك بەسەر قوڕەیشیەكانەوە، كە ئەو كەسەی بانگەوازی پێغەمبەرایەتی ئەكات و ئێوەش بە درۆی ئەخەنەوە، دوێنێ خۆتان شایەتیتان بۆ دا و رازی بوون بە حوكمی و بە ئەمین ناوتان ئەبرد، دروشمتان هەڵئەكێشا و هەموان یەكدەنگ بوون لەسەری، چۆن لە كتوپڕێكدا بوو بەو كەسەی بە درۆزنی بزانن و بڕواتان پێی نەمێنێت.

خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت (إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَنْ يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنْسَانُ إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا) (اڵاحزاب: ٧٢)، (بەڕاستیی ئێمە سپاردەو (تەكالیف)ـەكانمان خستە سەر ئاسمانەكان و زەویی و كێوەكان، كەچی هیچیان لە خۆیان ڕا نەدیی و لە هەڵگرتنیان نكوڵییان كرد و نە چوونە ژێریی و ترسان كە: نەتوانن هەڵسن بە جێبەجێكردنی داخوازییەكان، كەچی مرۆڤ هاتە پێشەوەو چووە ژێرباریی و هەڵیگرت! بەراستیی ناهەقیی لە خۆكردو نەیزانی بە ئەنجامەكەی، ئەگینا هەرگیز هەڵی نە ئەگرت. واتە: بەجێ‌ هێنانی فەرمانەكانی خوا ئەوەندە گرنگە ئاسمان و زەویی و شاخەكان لەگەڵ ئەوهەموو توانایەدا بۆیان هەڵنەگیرا! كەچی ئادەمیی–بە نەزانی خۆی- هەڵیگرت!!)، جا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەك چۆن ئەمینی سەر زەوی بوو و خەڵكی لێی بێخەم بوون، بۆ ئەمانەتی ئاسمانیش بە هەمان شێوە، شیاوی ئەو ئەمانەتە بوو پێی بسپێردرێت هەتا بیگەیەنێت بە هەموان.

ئەگەر كەسێك ئەمانەتێكی سادەی هەبێت و بینێرێت بۆ شوێنێ، ئامادەیە بە تەكسیەكدا بینێرێت، بەلام ئەگەر ئەمانەتەكە زۆر گرنگ بوو، دەیداتە كەسێ كە زۆر دڵنیا بێت لە ئەمانەت و راستگۆیی و توانا و دڵسۆزیشی، -دوور لە نموونەو شوبهاندن- خوای گەورە كە ئەمانەتی پەیامێكی هەیە تا بینێرێت بۆ مرۆڤایەتی، بە ئەمانەتپارێزترین كەس و دڵسۆزترین كەسدا دەینێرێت كە ئەویش موحەممەدە (صلی الله علیه وسلم)، خەڵكیش شایەت بون لەسەر ئەمانەت پارێزی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، هەر بۆیە خوای گەورە باسی رەوشتبەرزی و راستگۆیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەكات، بەڵام ئاماژە نادات بە ئەمانەتپارێزیەكەی، چونكە هێندە خەڵك شایەتییان بۆ داوە به دۆست و دوژمنەوە، كە ئەوە بەس بووە ببێتە بەڵگە بەسەر كەسانی ترەوە كە لە ئەمین بوونی ئەو پێغەمبەرە نەپرسن و بێخەم بن، لە ئاسمانیشدا بە روحولئەمین دراوە كە جیبریلەو ئەمانەتپارێزیەكەی خوا شاهیدی بۆ داوە، واتە لە دەست و دڵێكی ئەمینەوە بۆ دەست و دڵێكی ئەمین، دەبێت ئەو ئەڵقانە بەتین و پتەو بن، چونكە هەر گومانێ‌ لەسەر ئەوانە دەبێتە هۆی گومان خستنە سەر پەیامەكەش.

بێباوەڕانی قوڕەیش كە دژایەتی پێغەمبەری خوایان دەكرد و بەرەیەكیان لە دژ دروست كردبوو، كەچی بۆ هەڵگرتنی ئەمانەت و شتە گرنگەكانیان لەنێو خۆیاندا متمانەیان بە یەكدی نەبوو و دەچوون شتەكانیان لای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دادەنا، چونكە زۆر دڵنیا بوون هەرچەندە دوژمنایەتییان لەگەڵ راگەیاندووە، بەڵام ئەو هیچ سپاردەیەك زایە ناكات، هەر وایش بوو، یەكێك لە خەمەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە كاتی هیجرەتدا ئەوە بوو ئەمانەتەكان بگەیەنێتەوە دەست خاوەنەكانیان، بۆ ئەمەش عەلی ئامۆزای راسپارد تا دوای خۆی ئەمانەتەكان بگەیەنێتەوە دەست خاوەنەكانیان، لە كاتێكدا دەكرا بیانووی هەبێت ئەمانە دوژمنایەتییان كردووەو دەستیان گرتووە بەسەر شمەكی موسڵماناندا و دوای هیجرەتەكەشی زیاتر ئەو كارانە دەكەن، ئەمیش مافی خۆیەتی دەست بگرێت بەسەر ماڵ‌و سامانیاندا، یان لە كەمترین حاڵەتدا بیری بچوایە عەلی رابسپێرێت بە پێدانەوەی ئەمانەتەكان، بەڵام تەنانەت لەو بارودۆخەشدا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پەنا بۆ شتی وا نابات و ئەمین بوونی خۆی دەسەلمێنێت، ئەمە پەیامێك بوو بۆ هەموو موسڵمانان تا فێر ببن ئەمین بن تەنانەت بەرامبەر بەو كەسەش كە ناپاكە بەرامبەریان ئەمان لەبەر ناپاكی ئەوان دەستبەرداری ئەمینیی خۆیان نەبن.

ئەمینی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لای بێباوەڕان تەنانەت دوای هیجرەتیش راستیەكی حاشا هەڵنەگر بوو، بە نموونە كاتێك ئەبووسوفیان لەلایەن هیرەقلەوە بانگهێشت كرا تا سەبارەت بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پرسیاری لێ بكات، هیرەقل لێی دەپرسێت موحەممەد فەرمانی چیتان پێ دەكات؟ ئەویش دەڵێت فەرمانمان پێ دەكات بە گێڕانەوەی ئەمانەتەكان، هیرەقلیش شارەزاییەكی زۆری هەبوو، خێرا وتی دەی ئەوە سیفەتی پێغەمبەرانە.

دواجار دووبارەی ئەكەینەوە كە سیفەتە جوانەكان لە پێغەمبەری خوادا كۆبوونەتەوە، هەر لە سەردەمی پێش پێغەمبەرایەتیەوە هەڵگری سیفەتە جوانەكان بووە، دەست و دەمی پاك بووە، راستگۆ بووە، داوێن پاك و ئەمین بووە، رووخۆش و نەرمونیان بووە، هێندە سیفەتی جوانی هەبووە كە شیاوی ئەوە بێت خوای گەورە كۆتا پەیامی خۆی بۆ مرۆڤایەتی تا رۆژی دوایی بەم پێغەمبەرەدا بنێرێت.

 

.......................

پەراوێزەكان:

١- ابن سعد: الطبقات الكبرى، ج1، ص 146.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123