پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) هیچكات لە تەمەنیدا درۆی نەكردووە، تەنانەت بۆ موجامەلەش شتێكی نەفەرمووە كە راست نەبێت، بەڵكو هێندە وردەكاری كردووە لە قسەكردندا، ئەگەر وەسفی كەسێكیشی كردبێت، تەواوی راستی نەبێت نەیفەرمووە، تاكە جارێكیش بۆ رووگیریش بێت ناڕاستی نەفەرمووە.

عەمری كوڕی عاص دەڵێت پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بە روویەكی خۆشەوە دەهات بە دەممەوەو قسەی لەگەڵ دەكردم تا ئەوەی وامدەزانی من چاكترینی ئەو خەڵكەم، منیش وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) من چاكترم یان ئەبووبەكر؟ فەرمووی ئەبووبەكر، وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) من چاكترم یان عومەر؟ فەرمووی عومەر، ئینجا وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) من چاكترم یان عوسمان؟ فەرمووی عوسمان، جا كە لە پێغەمبەری خوام پرسی و ئەویش راستیەكەی پێ فەرمووم، خۆزگەم ئەخواست لێم نەپرسیایە. (1)

عەمر بە روونی پێی وترا نە یەكەمیت و نە دووەمیت و نە سێهەمیشیت، ئیتر نەیویست زیاتر لەسەری بچێت و لەو سنوورەدا وەستا، بێهیوابوو تا ئاستێ ئاواتی خواست پرسیاری نەكردایە، خۆ دەكرا هەر كەسێكی تر بوایە، لەبەر دڵخۆشكردنی ئەم هاوەڵە تازە موسڵمان بووە، یان لەبەر رووگیری و شەرمێك كە تیایدایە، بیوتایە تۆ باشتری، یان بیوتایە وەك یەك وان، یان هەر وەڵامێكی تر كە ئەفزەڵیەت نەدات بە كەسێكی تر، بەڵام پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) چونكە تەنها راستگۆیی لێ بینراوەو هیچكات ناڕاستی نەفەرمووە، كاتێك پرسیاری لێ دەكرێت، حەقەكە دەفەرموێت ئەگەرچی لەگەڵ حەزی پرسیاركەرەكەشدا نەگونجێت.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سوعبەت و بزەبەخشیشدا جگە لە حەق و راستی هیچی تری نەفەرمووە، زۆربەی هەرە زۆری خەڵك لە كاتی گاڵتەو گەپدا شتێ دەڵێن كە ناڕاست بێت، كەسیش سەركۆنەیان ناكات، بەڵكو دەڵێن سوعبەتە و بۆ دڵخۆشی خەڵكە، بەڵكو دەستخۆشیشیان لێ دەكرێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو كاتانەشدا راستی نەبێت هیچی تری نەفەرمووە، ئەبووهوڕەیرە رەزای خوای لێ بێت دەڵێت: هاوەڵانێك وتیان ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) جاری وا هەیە گاڵتەو گەپمان لەگەڵ دەكەیت، ئەویش فەرمووی (من جگە لە حەق هیچی تر ناڵێم). (2)

بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوەشەوە ناوەستێت كە خۆی لە سوعبەت و گاڵتەوگەپدا درۆی نەكردووە، رەخنەی توند لە هەر كەسێكیش دەگرێت كە بە ناوی سوعبەتەوە درۆ بكات، هەرچی دەرگایەك ئەگەری ئاساییكردنەوەی درۆی تێدا بووبێت دایدەخات، موسڵمانان فێر دەكات تەنانەت بۆ گاڵتەو گەپیش درۆ نەكەن، چونكە هەركەس شتی وا بكات، سزای سەخت چاوەڕوانی دەكات، وەك دەفەرموێت (ویل للذی یحدث بالحدیث لیضحك به القوم فیكذب، ویل له ویل له) (3) (وەیل و دۆزەخ بۆ كەسێك كە قسەیەك دەكات بۆ خەڵكی تا خەڵكەكە پێی پێبكەنن و لە قسەكەشدا درۆ دەكات، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە).

یەكێك لە گاڵتەو بزەبەخشیەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ هاوەڵێكدا بوو، ئەنەسی كوڕی مالیك بەسەرهاتەكە دەگێڕێتەوەو دەڵێت كابرایەك هات بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتی ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) سوارم بكە، واتە وشترێ یان وڵاخێكم بدەرێ هەتا سوار بم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (إنا حاملوك علی ولد ناقة) (سواری بەچكە وشترێكت دەكەین)، كابراش وایزانی بەچكە وشترێكی بچووكی مەبەستە، بە پێغەمبەری وت جا چی بكەم بە بەچكە وشترێ؟ ئەویش فەرمووی (مەگەر وشتر جگە لە بەچكەی دەبێت؟). (4)

جارێك پیرەژنێك لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، هاوەڵانێكی دیكەش ئامادە بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی پیر ناچێتە بەهەشتەوە، پیرەژنەكە كە ئەمەی بیست دەستی كرد بە گریان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانی فەرموو هەواڵی پێ بدەن كە پیرژەن ئەورۆژە –لە بەهەشتدا- پیر نیە و گەنج دەبێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێت (إِنَّا أَنْشَأْنَاهُنَّ إِنْشَاءً) الواقعة: ٣٥)). (5)

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت: پیاوێكی لادێكانی دەوروبەری مەدینە كە پێی دەوترا زاهیری كوڕی حەرام دیاری بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەهێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كە بیویستایە بچێتە دەرەوە ئامادەكاری بۆ دەكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن زاهر بادینا و نحن حاضروه)، (زاهیر كاری دەرەوەی شاری ئێمە دەكات و ئێمەش كاری ناوشاری دەكەین)، جارێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لای زاهیر، لەو كاتەدا زاهیر شمەكەكانی دەفرۆشت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پشتەوە دەستی لە مل كرد و چاوەكانی گرت، زاهیر وتی بەرمبدە، ئەوە كێیە؟ لایكردەوە، كە زانی پێغەمبەری خوایە(صلى الله عليه وسلم) پشتی خۆی دەنووسان بە سنگی پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(كێ ئەم كۆیلەیە دەكڕێت؟) زاهیریش دەیوت ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەندە بە كەمنرخم دادەنێیت؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(بەڵام تۆ لای خوا كەمنرخ نیت)، یان دەیفەرموو: (بەڵكو تۆ لای خوا گرانبەهایت). (6)

ئەمە گەمەو سوعبەتی پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ هاوەڵانیدا، هەم بزەو سەرسوڕمانێ دەبەخشێتە كەسی بەرامبەر، هەم راستیەك دەفەرموێت و خۆی دوردەگرێت لە هەر درۆ و زیادەڕەویەك.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتی ئەوپەڕی خۆشی و لووتكەی توڕەییشدا تەنها حەقی فەرمووەو درۆی نەكردووە، عەبدوڵای كوڕی عەمر دەڵێت من هەرچیم لە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ببیستایە دەمنووسیەوە، دەمویست لەبەری بكەم، قوڕەیش وتیان تۆ هەموو شتێ دەنووسیتەوە كە لە پێغەمبەری خوای دەبیستیت لە كاتێكدا ئەویش مرۆڤێكەو لە تووڕەیی و باری ئاسایی و رەزامەندیشدا قسە دەكات، منیش دەستم هەڵگرت لە نووسینەوە و ئەم مەسەلەم بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسكرد، ئەویش فەرمووی (اكْتُبْ فَۆالَّذِی نَفْسِی بِێدِهِ مَا خَرَجَ مِنِّی إِلَّا حَقٌّ)، (7) (بنووسەوە، چونكە سوێند بەوەی گیانی منی بەدەستە جگە لە حەق هیچ لە دەمی من دەرناچێت).

ئەوان كە پێغەمبەری خوایان بە درۆ دەخستەوە، خۆیان درۆزنەكان بوون، درۆ لای خۆیان ئاسایی بوو، جارێ بە ناوی درۆی بەرژەوەندی و جارێ بە ناوی سوعبەت و گاڵتەو گەپ و جارێك بە ناوی پێویستی جەنگ و جارێ بە ناوی ناچاری و ترس و جارێ بە ناوی تووڕەییەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو حاڵەتانەشدا درۆی نەكردووە، نەك تەنها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵكو پێغەمبەرانی دیكەش هاتون هەتا خەڵك لە درۆ دووربخەنەوەو حەقیان فێر بكەن، كەچی ئەوان بەردەوام پێغەمبەرانیان بە درۆ خستوونەتەوە، واتە پیشەی بێباوەڕان درۆكردن و بە درۆزن دانانی پێغەمبەرانی راستگۆ بووە، (ثُمَّ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا تَتْرَا كُلَّ مَا جَاء أُمَّةً رَّسُولُهَا كَذَّبُوهُ فَأَتْبَعْنَا بَعْضَهُم بَعْضًا وَجَعَلْنَاهُمْ أَحَادِيثَ فَبُعْدًا لِّقَوْمٍ لا يُؤْمِنُونَ) المۆمنون: ٤٤)، (پاشان بۆ هەر گەلێ‌ لەوانە، پەیامبەرانی خۆمانمان – یەك لەدوای یەك- ناردووە، هەرجارێ‌ ئوممەت و گەلێكیان پێغەمبەری –لە خۆی بۆ هاتبا- زۆربەیان بڕوایان پێ‌ نەكردون و بەدرۆزنیان دانان، ئێمەش ئەوانەمان بەدوای یەكدا لەناو بردن بەهۆی لاساریانەوە و كردیشماننە باس و خواسی سەر زاری خەڵكی، هەردەم بە داستان بۆ یەكتریان دەگێڕایەوە، دەبا ئەوانەی باوەڕ ناهێنن هەر دووربن لە رەحمەت و میهرەبانی خوای دلۆڤان)، هەروەها دەفەرموێت (وَإِنْ يُكَذِّبُوكَ فَقَدْ كُذِّبَتْ رُسُلٌ مِنْ قَبْلِكَ وَإِلَى اللهِ تُرْجَعُ الْأُمُورُ) فاطر: ٤)، بۆ نموونە:

(وَإِن يُكَذِّبُوكَ فَقَدْ كَذَّبَتْ قَبْلَهُمْ قَوْمُ نُوحٍ وَعَادٌ وَثَمُودُ) الحج: ٤٢)

(كَذَّبَتْ قَوْمُ نُوحٍ الْمُرْسَلِينَ) الشعرا‌ء: ١٠٥)

(كَذَّبَتْ عَادٌ الْمُرْسَلِينَ) الشعرا‌ء: ١٢٣)

(كَذَّبَتْ ثَمُودُ الْمُرْسَلِينَ) الشعرا‌ء: ١٤١)

(كَذَّبَتْ قَوْمُ لُوطٍ الْمُرْسَلِينَ) الشعرا‌ء: ١٦٠)

(كَذَّبَتْ قَبْلَهُمْ قَوْمُ نُوحٍ وَأَصْحَابُ الرَّسِّ وَثَمُودُ) ق: ١٢)

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەدا ئاماژەی بەوە داوە پێغەمبەر هەبووە چەند كەسێكی لەگەڵ بووە كە شوێنی كەوتون، پێغەمبەر هەبووە دوو كەس و پێغەمبەریش هەبووە یەك كەس شوێنكەوتەی بووە، ئیتر ئەو هەموو خەڵكەی تر بە درۆیان خستۆتەوەو بڕوایان پێ نەكردووە، پێغەمبەریش هەبووە هیچ كەسێك شوێنی نەكەوتووە، (8) بەڵام پێغەمبەری ئیسلام هەزاران هاوەڵ شوێنكەوتەی بوون، سەرجەم ژن و منداڵەكانی و خزمانێكی زۆری خۆی شوێنی كەوتن، كەسانی وەك ئەبووبەكر و عوسمان و عەبدوڕەحمانی كوڕی عەوف هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان پێ هێنا، حەمزەی مامی شوێنی كەوت، یانی ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) درۆزن بوایە، كەس نزیكتر هەیە لە ژن و منداڵەكانی هەتا بە درۆكانی بزانن؟ نەدەكرا یەكێك لە ژنەكانی ئەگەر دوای مردنیشی بێت دان بنێت بە درۆكانیدا؟ ئەگەر مرۆڤ لای هەموو كەس بتوانێت نمایش بنوێنێ و دیوی راستەقینەی خۆی بشارێتەوە، ناتوانێت لای هاوسەرەكەی ئەوە بكات، چونكە شەو و رۆژ لەگەڵیدایە، دەی خێزانەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وا رەوشتی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) پێناسە دەكرد كە رەوشتی وەك قورئان بووە، قورئانێ كە وەیل و دۆزەخی داناوە بۆ درۆزنان.

بۆیە ئەوەی بە پێغەمبەری خوایان دەوت، پێشتریش بە پێغەمبەرانی تریان وتبوو (مَا يُقَالُ لَكَ إِلَّا مَا قَدْ قِيلَ لِلرُّسُلِ مِنْ قَبْلِكَ إِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍ وَذُو عِقَابٍ أَلِيمٍ) فصلت:٤٣ ) (هەر ئەوەش بە تۆ دەگوترێ‌: كە بە پەیامبەرانی پێشی تۆ وتراوە، جا كەواتە ئارامت ببێ‌ و خۆ راگربە، بەراستیی پەروەردگارت خاوەن بەخششێكی گەورەیە، خاوەن سزایەكی بە ئێشە)، هەمان ئەم تۆمەتەیە ئەمڕۆش بە شوێنكەوتوانی پێغەمبەران و بانگخوازانی رێی حەق دەوترێت، بۆیە ئەوە گەورەییە كە تۆمەتێ بەرووی بانگخوازاندا دەدرێتەوە كە پێشتر ئاڕاستەی پێغەمبەران كراوەو ئەوانەش كە تۆمەتەكە دەڵێنەوە، هاوشێوەی نەیارانی پێشووی پێغەمبەرانن.

ئەگەر ئەمە تۆمەتی بێباوەڕانی قوڕەیش بوو بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، مەسەلەكە لای كەسی خوێندەوار و شارەزا بە نووسین و پەیامەكانی پێشوو جیاوازترە، كەسێكی وەكو هیرەقل كاتێك سەبارەت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووسوفیان دەدوێنێ، جیاواز لەوان پێناسەی درۆ دەكات و رووی راستیەكان ئاشكرا دەكات،

ئەبووسوفیان دەڵێت جارێك كە لە شام بووین، هیرەقل ناردی بە شوێن كاروانی قوڕەیشیاندا، ئەمەش لە ماوەی رێككەوتنەكەی قوڕەیشدا بوو، ئەوانیش چوونە كۆڕەكەی هیرەقلەوە، گەورەكانی رۆمیش لە دەوری بوون، ئینجا داوای وەرگێڕێكی كرد، هیرەقل وتی كێ لە ئێوە خزمایەتی هەیە لەگەڵ ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات؟ منیش وتم من لە هەموویان لێی نزیكترم، وتی نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانی بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەی وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)، یەكەم شت پرسیاری لێكردم، وتی رەچەڵەكی لەنێوتاندا چۆنە؟ وتم خاوەن رەچەڵەكە، ... هیرەقل بە وەرگێڕەكەی وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكی، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانی هۆزەكانیاندا بون... وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەی كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات ... ئەگەر دەمزانی دەگونجا بە هەر هیلاكیەك خۆم دەگەیاندە لای، ئەگەر لەلای بوومایە قاچەكانیم دەشۆرد. (9)

عەبدوڵای كوڕی سەلام دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە مەدینە، خەڵكی بە پەلە لە دەوری كۆبوونەوە، منیش چووم هەتا بیبینم، كە دەموچاویم بینی، بۆم دەركەوت كە ئەو دەموچاوە هی كەسی درۆزن نیە. (10)

شاعیر دەڵێت:

نیسبەت بدرێ حۆری و پەری گەر بە لە تۆ چوون

باڵیندە دەبن تا دەگەنە ئەوجی لەخۆچوون

ئەم خەڵكە كەوا تێگەیون گەیونە مەقسود

ڕژگاویەكی مەحزە بەدەردی من و تۆ چوون

ئەگەر پەری و فریشتەكان بچوێنرێن بە پێغەمبەری خوا، لە خۆشیدا باڵ دەگرن، ئێمەش كە وا تێگەیشتوین لە پێغەمبەری خوا تێگەیشتیوین، دەردی ناحاڵیبوونە و لێی تێنەگەیشتیوین.

 

.....................

پەراوێزەكان:

1- الشمائل المحمدية للترمذي، باب ما جاء في خُلُق رسول الله.

2- رواه الترمذي و قال حديث حسن، و رواه أحمد، صححه الألباني و حسنه شعيب الأرناؤوط.

3- رواه أحمد و الترمذي و أبوداود و النسائي و والدارمي و غيرهم، حسنه الترمذي و الألباني و شعيب الأرناؤوط.

4- رواه أبوداود و أحمد بن حنبل، صححه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

5- رواه البيهقي في البعث و النشور.

6 - صحيح ابن حبان، الرقم 5869، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12399، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3360، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19689، صححه شعيب الأرناؤوط.

7 - رواه أحمد و صححه شعيب الأرناؤوط، ورواه الحاكم في المستدرك.

8 - صحيح البخاري، الرقم 5427.

9-صحيح البخاري، الرقم 7.

10- رواه الحاكم في المستدرك و قال على شرط الشيخين و وافقه الذهبي، ورواه الترمذي وصححه، و ابن ماجة والدارمي، صححه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123