بێئاگابوونی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە پێغەمبەرایەتی

بێئاگابوونی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە پێغەمبەرایەتی

بابەتێكی تر كە پێویستە لە پێش ماوەی پێغەمبەرایەتیدا قسەی لەسەر بكەین، بریتیە لەوەی ئایا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی خۆی ئامادە كردووە هەتا ببێت بە پێغەمبەر؟ چونكە هەر مەسەلەیەك لە ژیانی كەسێكدا روودەدات، خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و هەوڵ دەدرێت بزانرێت پێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە یان كتوپڕێك روویداوە، چ جای مەسەلەیەكی گەورەی وەك پێغەمبەرایەتی، دەبێت قسە لەسەر ئەوە بكرێت ئایا پێشوەختە هەنگاوی بۆ نراوەو ئامادەكاری بۆ كراوە یان نا، سەختە كەسێك لە ناكاودا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات و چواردەورەكەشی خێرا بڕوای پێ بهێنن، چونكە ئەمە شتێكی سەخت نیە ئەمڕۆ ئێمە بڵێین چ پێویست ئەكات خێرا بڕوا نەهێنیت، كەسێك خۆی نەخاتەوە ئەو بارودۆخە نازانێت ئەو مەسەلە چەندە سەختە.

ئایا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئاگادار بووە بە مەسەلەی پێغەمبەرایەتی و پێشتر بۆی دانیشتووە تا نەخشەیەكی وردی بۆ دابنێت و جموجووڵ و هەڵسوكەوتی بەپێی ئەو نەخشەیە رێك بخات هەتا دواتر لەگەڵ بانگەشەكەیدا بگونجێت؟ وەك چۆن كەسێك بیەوێت ببێتە مامۆستا یان وتاربێژێ، پێشوەختە ماوەیەكی زۆر خۆی ئامادە ئەكات و وانە ئەخوێنێت و شەو و رۆژ ئەخاتە سەریەك هەتا لە قۆناغی دواتردا پەكی نەكەوێت و نەشڵەژێت، یان كەسێك كە بووە بە دكتۆر، ناكرێت لە كتوپڕێكدا ببێتە دكتۆر، دەبێت پێشتر سەختیەكی زۆری چەشتبێت و نمرەی بەرزی هەبووبێت و چەند ساڵ لە بوارەكەی خۆیدا تایبەتمەندانە وانەی خوێندبێت و بەردەستی دكتۆرە شارەزاكانی كردبێت، ئینجا بتوانێت پزیشكی بكات، هەمان شت بۆ تایبەتمەندیەكانی تریش دروستە.

سەختە هیچ كەسێك بتوانێت بێ ئامادەكاری پێشوەختە بانگەشەی شتێك بكات، مەسەلەی پێغەمبەرایەتی زۆر لەو شتانە گەورەتر و سەختترە كە بە نموونە باسمان كردن، بانگەوازكردنە بۆ پەیامی خوا، گەیاندنی پەیامی بەدیهێنەری هەموو جیهانیان بۆ مرۆڤایەتی و قسەكردن بە ناوی خواوە، شتێكی وا ئاسان نیە كەسێك كتوپڕ دەستی بۆ ببات.

پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) خۆی بۆ خۆی بە تەمای پێغەمبەرایەتی نەبووەو خۆی بۆ ئامادە نەكردووە، رۆژێ لە رۆژان لێی نەبینراوە بڕێ گەنج كۆبكاتەوەو قسەیان بۆ بكات، رێبەرایەتی رەوتێ بكات، بانگەوازێكی تایبەتی هەبێت، بەڵكو بێدەنگ و شەرمن، راستگۆ و كەمدوو، تەنانەت لەو كاتانەش ئیشیان پێی بووە، ئیشەكەی بەجێگەیاندووەو دواتر جێی هێشتووە، بۆ نموونە لە دانانەوەی بەردەڕەشەكەی كەعبەدا پاش ئەوەی ئەو شەرەفەی پێ بڕا، لەگەڵ چارەسەری كێشەكەدا، ئیتر لەسەری نەڕۆیشت و ئەو شەرەفەی نەقۆستەوە بۆ ئەوەی خەڵكی لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، یان ئەگەر پەیامێكی تایبەتی هەبووبێت، لەوێوە دەست بكات بە بڵاوكردنەوەی، بەڵام بێ ئاگا لە رووداوەكان، خوای گەورە ئەوی هەڵبژاردووەو بەو جۆرەی شیاوی پێغەمبەرایەتی بێت پەروەردەو ئاڕاستەی كردووە، خوای گەورە دەفەرموێت (كَذَلِكَ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ رُوحًا مِنْ أَمْرِنَا مَا كُنْتَ تَدْرِي مَا الْكِتَابُ وَلَا الْإِيمَانُ وَلَكِنْ جَعَلْنَاهُ نُورًا نَهْدِي بِهِ مَنْ نَشَاءُ مِنْ عِبَادِنَا وَإِنَّكَ لَتَهْدِي إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ) (الشوری: ٥٢)، (هەر وەك بۆ پەیامبەرانی پێشین وەحیمان كرد، ئاوایش ئەم قورئانەمان بۆ تۆ وەحی كرد، بە بڕیارو فەرمانی خۆمان و، رۆح و گیان و ئەقڵ دەژێنێتەوە تۆ لە پێش وەحی نەتئەزانی كتێب و بڕوا چیە؟ بەڵام ئێمە ئەو قورئانەمان كردە نوورو رووناكییەك، تا بە هۆی ئەوەوە هەركەسێكمان بوێت لە بەندەكانمان رێنوومایی بكەین، كەوابوو چ قورئان، چ بڕوا هەردوو بەهرەی خوان  بێگومان تۆ ئەی موحەممەد! بۆ ڕێگەیەكی راست خەڵكی رێنوێنی دەكەیت). هەروەها دەفەرموێت (وَمَا كُنْتَ تَرْجُو أَنْ يُلْقَى إِلَيْكَ الْكِتَابُ إِلَّا رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ ظَهِيرًا لِلْكَافِرِينَ) (القصص: ٨٦). (تۆیش ئەی محمد هەرگیز بەتەمای ئەم قورئانە نەبوویت بۆت بنێررێ‌، بەڵام رەحمەتی پەروەردگاری تۆ وای خواست، بێ‌ بڕواكان پێیان خۆش بوو كە پەیامبەر نەرمیەكیان نیشان بدات لەگەڵ خواكانیاندا، جا خواش فەرمووی: سا تۆش هەرگیز پشتیوانی لە كافرو بێ‌ بڕوایان مەكە).

واتە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشتر هیچی لە پەیامی ئیسلام نەزانیوەو ئەوەی دواتر خوای گەورە بە وەحی بۆی ناردووە، پێش پێغەمبەرایەتی، پێغەمبەری خوا ئاگادار نەبووە پێی و بە تەمای شتی وایش نەبووە، هەرچەندە وەك پێشتر باسمان كرد كەسانێكی تر هەبوون ئاگادار بوون بە نزیكی سەردەمی پێغەمبەرایەتی و خۆیان بۆ ئەوە ئامادە ئەكرد بەڵكو پێغەمبەرایەتی بۆ ئەوان بێت، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وێنەی مووسا پێغەمبەر لە تەوقیتێكی دیاریكراودا خوای گەورە ئەم پەیامەی بۆ ناردووە كە خۆیشی بە تەما نەبووە (ثُمَّ جِئْتَ عَلَى قَدَرٍ يَا مُوسَى) (طه: ٤٠)، (پاش ئەوە لە(مەدیەن) گەڕایتەوە لەو كاتەدا دیاریمان كردبوو، بۆ رەوانە كردنت بەپێغەمبەریی هاتیت ئەی موسا‍).

جا لەبەرئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە تەمای پێغەمبەرایەتی نەبووەو خوای گەورە هەڵیبژاردووە بۆ ئەو ئەركە، ئەوەشی پێ راسپاردووە كە تەنها پەیامی خوا بگەیەنێت و نەبێتە پاڵپشتی بێباوەڕان  و ستەمكاران، چونكە تەنها خوا هەڵیبژاردووەو ئەو گەورەییەی پێ بەخشیوە، هەر خوایش پشت و پەنای ئەبێت و سەرئی ئەخات، ئەبێت تەنها پەیامی خواش بگەیەنێت.

خوای گەورە دەفەرموێت (فَإِنْ كُنْتَ فِي شَكٍّ مِمَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ فَاسْأَلِ الَّذِينَ يَقْرَءُونَ الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكَ لَقَدْ جَاءَكَ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الْمُمْتَرِينَ) (یونس: ٩٤) (جا ئەگەر گومانێكت هەبێ‌ لەوەدا بۆمان دابەزاندوویت ئەی پێغەمبەر، دەبچۆ لەو پیاوچاكانە لەپێش تۆوە كتێب و نامەی (تەورات و ئینجیل)یان ئەخوێند پرسیار بكە، دیارە خۆ بەدینی خۆیان موسڵمان بوونە، بێگومان لە لایەن پەروەردگارتەوە هەقت بۆ هاتووەو گومانی تێدانیە، جا كەواتە لەو خەڵكە دوودڵ و بەگومانە مەبە).

مەسەلەیەكی سادە نیە، كەسێك هیچ بە تەمای پێغەمبەرایەتی نەبێت و هیچیشی لە بارەوە نەزانێت، لە چۆڵەوانیەكدا و لەناو ئەشكەوتێكدا كتوپڕ پەیامی بۆ دابەزێت، پێیشی نەوترێت ئەوا كرایت بە پێغەمبەر، بەڵكو خێرا فەرمانی پێ بكات بە ناوی خواوە بخوێنێت، ئەم حاڵەتە چەندەها ختوورە دێت بە دڵیدا، ئەم دوودڵی و ترس و گومانە، دەبێت چارەسەر بكرێت، دەبێت پرسیار لە كەسانێ بكات كە شارەزاییەكیان هەیە بەو مەسەلەیە هەتا دڵنیاییەك وەربگرێت، خوای گەورەش ئەو پێشنیارە دەخاتە بەردەم پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و لە چەندین شوێنی قورئاندا ئاماژەی پێ دەدات كە هیچ گومانت نەبێت لەو پەیامەی بۆمان دابەزاندویت، چونكە ئەكرێت پێغەمبەری خوایش (صلی الله علیه وسلم) بە قۆناغی گوماندا تێپەڕیبێت، وەك لە فەرموودەدا پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) ئاماژەی داوەو دەفەرموێت (نحن أحق بالشك من إبراهیم)، (متفق عليه) (ئێمە لە ئیبراهیم شیاوتر و لەپێشترین بە گومان بردن).

گومانەكەی پێغەمبەر ئیبراهیمیش لە قورئاندا باسكراوە، خوای گەورە دەفەرموێت (وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ أَرِنِي كَيْفَ تُحْيِ الْمَوْتَى قَالَ أَوَلَمْ تُؤْمِنْ قَالَ بَلَى وَلَكِنْ لِيَطْمَئِنَّ قَلْبِي قَالَ فَخُذْ أَرْبَعَةً مِنَ الطَّيْرِ فَصُرْهُنَّ إِلَيْكَ ثُمَّ اجْعَلْ عَلَى كُلِّ جَبَلٍ مِنْهُنَّ جُزْءًا ثُمَّ ادْعُهُنَّ يَأْتِينَكَ سَعْيًا وَاعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ) (البقرة: ٢٦٠)، (وە بیر بێنەو باسی ئەمە بكە كە ئیبراهیم  بۆ ئەوەی لە پلەی (علم الیقین) وە بگاتە پلەی (عین الیقین) وتی: ئەی پەروەردگاری من! نیشانم دە- با بەچاوی سەر ببینم- كە تۆ چۆن مردووان زیندوو ئەكەیتەوە؟ خوا فەرمووی: مە گەر تۆ هێشتا بڕوات بەزیندوو بوونەوە نییە؟! ئیبراهیم وتی: بەڵی چاك باوەڕم هەیە، كە تۆ دەتوانی مردووان زیندوو بكەیتەوە، بەڵام حەز دەكەم بە چاوبیبینم تا بەتەواوی دڵنیابم، خوا فەرمووی: دەسا چوار پەلەوەر بگرەو جوان سەرنجیان بدە، ئەوسا هەرچواریش سەر بڕە، ئینجا پەل پەلیان كەو خوێن وگۆشتەكەیان تێكەڵ بكەو بیانكە چوار كوت، پاشان هەر كوتێكیان لەسەر لوتكەی كێوێك دانێ‌ ئەوجا بانگیان بكە و(بە فەرمانی خوا بەپەلە) زیندوو دەبنەوەو دێنە لات وهەر پارچەی لەگەڵ پارچەكەی خۆیدا یەك دەگرێتەوە، بزانە و بێگومانبە كە خوا چەندە دەستەڵاتدارە، كار دروستە "بییەوێ‌ هەرئیشێ‌ بكات ئەیكات و، پڕیشە لە حیكمەت).

گرنگە ئەوەش بزانین گومانی پێغەمبەران بۆ ئەوە نەبووە لەو شتە دوودڵ بن و بڕوای پێ نەكەن، بەڵكو حەزیان كردووە زانیاری زیاتر لەو بارەوە وەربگرن، وەك چۆن ئیبراهیم پێغەمبەر فەرمووی تەنها بۆ دڵنیایی دڵە.

نموونەیەك باس دەكەین بۆ تێگەیشتن و بەس، كەسێك بیەوێت ژن‌و ژنخوازی لەگەڵ ماڵێكدا بكات، كە دەچنە داوای كچەكە، هەرچەندە ماڵەكە دڵنیان لە كەسەكەو جۆرێك لە رازیبوون نیشان ەئدەن، بەڵام ئەوان لەبەرئەوەی هیچ ترسیان لە خۆیان نیە، چەند ناونیشانی خۆیان ئەدەن و دەڵێن بڕۆن لە فڵانە كەس و فڵانە ناوچە و فڵان دووكان و چی و چیدا پرسیارمان بكەن، ئەمە بۆ ئەوەی هیچ گومانێك لە دڵی بەرامبەردا نەمێنێت و جۆرێك لە دڵنیاییان پێ ببەخشن.

پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) هیچی لە بارەی پێغەمبەران و پێغەمبەرایەتیەوە نەزانیوە، ئێمەش ئەمڕۆ ئەگەر قورئان و سوننەتمان لەبەردەستدا نەبوایە، هیچمان لە بارەی پێغەمبەرانەوە نەدەزانی، چووزانین چەند پێغەمبەر هەبون و بانگەوازەكەیان چی بووە؟ خاڵی هاوبەشیان چی بووە؟ ماوەو سنوور و كاتیان كەی بووە؟ بە چی زمانێ پەیامەكەیان گەیاندووە؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر هەن كە ئەگەر قورئان و فەرموودە نەبوونایە وەڵامی هیچكام لەوانەمان لا نەدەبوو، بگرە هەر خودی پرسیارەكان دروست نەدەبوون تا وەڵامەكانیان وەربگرین.

لە ماوەی پێش پێغەمبەرایەتیدا ناوچەی مەككەو دەوروبەری، سەرقاڵیەكی زۆریان هەبو بە رەوانبێژی و شعر و وتاربێژیەوە، بەڵام رۆژێ لە رۆژان نەبینراوە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەشداری هیچ شتێكی وای كردبێت، موعەلەقاتی سەبع هەبوون، بازاڕی عوكاز هەبوو، وتاربێژی و شیعر هەبوو، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) تاكە جارێكیش نەچووە لەوانەدا بەشداری بكات، چونكە دەكرا ئەگەر بەشداریەكی بكردایە، كەسانێك ئەو گومانە دروست بكەن بڵێن پێشتر خەریكی ئەو بوارە بووەو گەیشتۆتە لوتكەی بەهێزی و دواتر قورئانی داڕشتووەو بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە، بەڵكو پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) تەنانەت خوێندەواری نەبووە، جا ئەگەر بە تەمای پێغەمبەرایەتی بوایە، دەبوو یەكەم ئیشی ئەوە بوایە خۆی فێری نووسین و خوێندەواری بكردایە، بۆ ئەوەی شتێكی وا نەبێتە رەخنە لە سەری و هیچ نەبێت ئەگەر لە سەروو ئاستی ئەو خەڵكەی تریشەوە نەبێت، لە ئاستی ئەو هەمووە شاعیر و نووسەر و وتاربێژە بەهێزانەی ئەو كاتەدا بێت، هەروەها بڕێك پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ چواردەوری مەككەدا دروست بكردایە، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەركردەكان ببەستایە، جۆرێك گونجانی لەگەڵ هێزە سیاسی و ئایینیەكانی ئەوكات رێكبخستایە، هەوڵی بدایە دەست بگرێت بەسەر داروننەدوەدا و بڕیارەكانی ئەوێی بە ئاڕاستەی بیركردنەوەی خۆی تێبپەڕاندایە، هەوڵی بدایە لایەنی ماددی خۆی زۆر بەهێز بكات و بڕێك كەسی دەوڵەمەندی لە دەوری خۆی كۆبكردایەتەوە تا لەگەڵ راگەیاندنی پەیامەكەدا پاڵپشتیەكی بەهێزی دارایی هەبوایە، هەموو ئەم شتانە بۆ رێكخراوێك پێویستن، ئێستا چ جای پێغەمبەرایەتیەك كە هەتا رۆژی دوایی پێغەمبەری تری بە دوادا نەیەت.

هەروەها لەو نزیكانەی دەوروبەری پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە رووی زەمەنیەوە، نابینین كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات هەتا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چاو لەو بكات و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات، كەچی لە دوای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كەسانێك دەركەوتن و ویستیان چاو لەو بكەن و بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان دەكرد، لە نەوەی ئیسماعیلیشدا یەك كەس نەبووە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردبێت هەتا بوترێت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چاوی لە باوباپیرانی كردووەو لەوانەوە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بۆ ماوەتەوە، وەك چۆن هیرەقل لە گفتگۆكەی لەگەڵ ئەبووسوفیاندا ئاماژەی بەو راستیە دا، هەموو ئەمانە ویستی خوا بووە هەتا پاكی پەیامەكەی بپارێزرێ و گومانێ نەخرێتە سەر پەیامەكە كە جێی قەناعەت بێت.

لە مەككەدا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەگەڵ كۆمەڵێ بتپەرستدا هەڵسوكەوتی دەكرد كە بە جارێ سەدان خواوەندیان دەپەرست، لەگەڵ جوولەكەو مەسیحیەكاندا پەیوەندی و بەریەككەوتنی نیە، بۆیە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چاوی نەكەوتووە بە كتێبەكانی ئەهلی كیتاب، بەڵكو هەر خوێندەواری نەبووە تا كتێبەكانیان بخوێنێتەوە، مەسیحیەت و جوولەكەیش لە چواردەوری نەبوون تا وانەیان لا بخوێنێت، ئەگەریش شتی وا هەبوایە، بێباوەڕانی قوڕەیش دەهۆڵیان بۆ لێ ئەدا، دواتر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە ئەچێتە مەدینە، لەوێ چاوی ئەكەوێت بە جوولەكەكان‌و هەڵسوكەوتی لەگەڵیاندا ئەبێت.

هەر لە سەرەتای ژیانەوە هەموو ئەوانەی دەكرا ببنە مامۆستای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، یان هاندەری بن تا مامۆستای بۆ پەیدا بكەن، یەك یەك مردن، باوكی و دایكی و باپیری مردن، خوشك و برای نەبوو، لای مامیشی سەرقاڵی شوانەیی بوو، شوانی مەڕو ماڵاتی خۆیشی نەبووە هەتا جۆرێك لە سەربەخۆیی و دەرفەتی هەبووبێت، بەڵكو بە كرێ شوانەیی كردووە بۆ خەڵكی تر، واتە هیچ كاتێكی ژیانی دیار نیە وانەی خوێندبێت یان سەرقاڵی خوێندنەوە بووبێت، كەسێك دەرفەتی ئەوەی هەیە بیر لەوە بكاتەوە بانگەشەیەكی وا گەورە بكات، شوێنی حەوانەوەو كاتێكی باش و دەرفەتێكی گونجاوی هەبێت، هەر بۆیە خوای گەورە كە باسی رابردووی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەكات، هەموو ئەو شتانەی بیر دەخاتەوە (أَلَمْ يَجِدْكَ يَتِيمًا فَآوَى (6) وَوَجَدَكَ ضَالًّا فَهَدَى (7) وَوَجَدَكَ عَائِلًا فَأَغْنَى (8)) (الضحی: ٦ - ٨)، (ئایا خوای پەروەردگارت بە هەتیویی نەیدیتیی و، خێرا پەناو داڵدەی نەدایت و نەحەوایتەوە، ئەی نەشارەزا نەبوویت، خوا شارەزاو رێنووینی كردییت؟ ئەی بە هەژارو دەستكورتیی و نەداریی نەیدیتی؟ دەوڵەمەندی كردیت و بژێوی پێبەخشیت).

هەموو ئەم خاڵە لاوازیانەی پێش پێغەمبەرایەتی و پیشەی شوانەیی كە لەو كۆمەڵگەدا بە چاوێكی كەم سەیر ئەكرا، رێگر بوو لە بەردەم ئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بیر لەوە بكاتەوە رێبەری هاشمیەكانیش بكات نەوەك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123