بێ بنەمایی تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان

تۆمەتی ئەفسانەی پێشینان بەرامبەر بە پەیامی ئیسلام و بانگەوازەكەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، بۆ بێباوەڕان و ناحەزانی ئیسلام وەك دەست بردنە بۆ چڵەپووشێ لە ساتى خنكاندا، بەدڵنیاییەوە خنكانیشیان مسۆگەرەو ناتوانن لە دەریای تۆمەتدا دەرباز بن، تۆمەتەكانیشیان هێندە لاوازن كە زۆر جار بیر لەوە دەكەینەوە وەلآمیان نەدەینەوە باشترە، بەلآم ئەوان لە بێشەرمی خۆیان ئەو تۆمەتانە لە هەموو شوێنێ ئەخەنەڕوو و هەموو كەسیش وەلآمی لەبەردەست نیە با وەلآمەكانیش زۆر سادە بن، ئەگەر ئێمە وەلآمیان نەدەینەوە، لەوانەیە دڵی هەندێ كەس گەرد بیگرێ و جۆرێك دوودڵی و راراییان بۆ دروست بێت، یان تۆمەتسازان وابزانن ئیشەكەیان زۆر گەورەیە و كەس دەرەقەتیان نایەت، بۆیە هەم بۆ دەمكوتى تۆمەتسازان و هەم بۆ وەلآم بەخشینە ئەوانەى بە دواى راستیدا وێڵن، وەلآمی تۆمەتەكان دەدەینەوە، یانى جاری وا هەیە سەد ئەملاولا ئەكەن هەتا ئینگەیەك یان ئەگەرێك لە مەسەلەیەكدا بدۆزنەوەو بیهێنن و ئیشی لەسەر بكەن و لە سەد لاوە تەحلیلی بۆ بكەن و بەڵگەی بۆ بهێننەوە، تەنها و تەنها بۆ ئەوەی رەخنەیەك لە ئیسلام بگرن، كەسی وایان هەیە ئەبجەدیاتى پزیشكی نازانێت، باس لە كۆرپەلەزانی دەكات و لەوێوە رەخنە لە ئیسلام دەگرێت، هەیانە ناتوانێت چوار رستەی عەرەبی بڵێت و ئیعرابی دوو رستە بكات، دێت رەخنەی زمانەوانی لە قورئان دەگرێت، مەسەلەكە ئەوە نیە بیانەوێت بە دواى راستیەكدا بگەڕێن، تەنها مەسەلەكە ئەوەیە ئامانجێكیان هەیە و بە دواى پێناوێكدا دەگەڕێن هەتا ئەو ئامانجەیان بەدی بهێنن، ئامانجەكەش رەخنەگرتنە لە ئیسلام و شكاندنى پەیامەكەیە لەبەرچاوی هەموان، ئیتر هەر هەنگاوێ پێویست بكات دەیگرنەبەر، با هەنگاوەكەش نادروست یان ناواقیعیش بێت.

جوولەكەو مەسیحیەكانى سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) خۆیان نەیانوتووە ئەمەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) باسی دەكات وەرگیراوی پەیامەكەی ئێمەیە و لە تەورات و ئینجیلەكەی ئێمەوە بردویەتی.

هەركەسێك وتی قورئان لە تەورات و ئینجیلەوە وەرگیراوە، لێی بپرسن تەورات و ئینجیل كەی وەرگێڕایە سەر زمانى عەرەبی، خێرا دەستەوسان رادەوەستێ، چونكە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) وەرگێڕانى تەورات و ئینجیل بۆ سەر زمانى عەرەبی نەبووە، بەڵكو بۆ یەكەمجار لە سەردەمی دەوڵەتی ئومەویدا وەرگێڕدراوە، ئەوكاتیش كە وەرگێردراوە نوسخەیەك یان چەند نوسخەیەك هەبووەو لاى كەسانێكی دیاریكراو بووە، واتە ئەو كتێبانە ئاسان لەبەردەست نەبون، خۆ وەك ئەمڕۆ نەبووە بە پی دی ئێف هەبن و لەناو لاپتۆت و تەنانەت مۆبایلێكیشدا بخوێنرێنەوە، یان بە تۆماری دەنگی و رەنگی بەردەست بن.

پاشان، وا دابنێن تەورات و ئینجیل –كە شتی واش نابێت- لەبەردەستی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) بوون، واش دابنێن پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) خوێندەورا بوو –كە ئەمەشیان نابێت-، خۆ تەنها و تەنها لەبەردەستی ئەودا نەبوون، هەزاران جوولەكەو مەسیحی هەبوون، هەزاران شاعیر و نووسەر لە ناوچە جیاجیاكاندا هەبوون، بۆچی هیچ كەسی تر ئەو هەوڵەی نەدا شتێ لە نموونەی قورئان لەو كتێبانەوە وەربگرێت، هەر هیچ نا، تەنها بۆ وەلآمدانەوەی ئەو هەموو تەحەدایەی ناو قورئان كە تەحەدای كردووە نموونەی سوورەتێك لەم قورئانە بهێنن.

مەككە كۆمەڵگەیەكی بتپەرستی دوور لە ئایینە باوەكانى ئەوكات بووە، مەسیحیەت و جوولەكایەتی لەناو مەككەدا نەوەك تەشەنەیان نەسەندبوو، بەڵكو هەر باسیشیان نەبوو، مەگەر كەسێكی مەسیحی یان جوولەكە بۆ سەردان یان بە مەبەستی بازرگانی سەردانێكی كاتى مەككەی بكردایە، بارودۆخەكە ئاوا بووە تۆمەتسازان وازناهێنن، جا ئەگەر مەسیحیەت و جوولەكایەتی لە كۆمەڵگەی مەككەیی سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) باو بوایە، تۆمەتسازان دەیانكرد بە رۆژی خۆیان، بۆ نموونە ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە مەدینە گەور بوایە و لەوێ سەرەتاى بانگەوازەكەى دەست پێ بكردایە، هەموان دەیانوت ئەمە بەرهەمی جوولەكەكانى مەدینەیە، بەلآم دەبینین دوای سیانزە ساڵ بانگەواز لە مەككە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەچێتە مەدینە، كە چوویە ئەوێیش، زۆری نەخایاند جوولەكەكان شەڕیان پێ فرۆشت و بە چەند شێوە هەوڵی كوشتنی خۆی و لەناوبردنی پەیامەكەی و رووخاندنی دەسەلآتەكەیان دا، خۆ ئەگەر پەیوەندییان لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) خۆش بوایە، تۆمەتسازان دەیانكردە بیانوو كە هاوكاری پێغەمبەری خوایان كردووە بۆ داڕشتنەوەی پەیامەكەی، بۆیە خواى گەورە هەموو سەرچاوەیەكی تۆمەتی لە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دوورخستەوە هەتا هەركەسیش تۆمەتێكی دروست كرد، لەوسەرەوە مایەپووچ دەرچێت.

جوولەكەكانى مەدینە و مەسیحیەكانى ناوچەكانى تریش نەوەك نەیانتوانى بە یەك بەڵگەش باس لەوە بكەن كە ئیسلام وەرگیراوی ئایینی جوولەكە یان مەسیحیەتە، بەڵكو ویستی خواى گەورە وابوو چەند كەسایەتیەكی دیار و ناسراوی جوولەكە لە مەدینە و مەسیحی لە دەرەوەی مەدینە موسڵمان بن، بۆ نموونە عەبدولآی كوڕی سەلام كە زانایەكی ناسراوى ناو جوولەكەكان بوو و كەعبی ئەحبار، ئەمانە كە زانییان ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەیڵێت پەیامى خواییە و هەڵێنجراوی نێو كتێبەكانى ئەوان نیە، موسڵمان بوون و بە بەڵگەی ناو كتێب و ئایینەكانى خۆیان راستی پەیامبەرێتی پێغەمبەری خوایان دەسەلماند بۆ هاوئایینیەكانى پێشوویان، هەروەها نەججاشی كە لە حەبەشە بوو و پاشایەكی مەسیحی بوو، كە پەیامەكەی پێغەمبەری خواى پێ گەیشت، زانى پەیامەكەی راستە و سەرچاوەی پەیامەكەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و پێغەمبەر عیسا و پێغەمبەر مووسا یەك سەرچاوەیە كە لاى خواى گەورەوەیە، نەوەك وەرگیراو و تێكەڵەی پەیامەكانى ناو كتێبەكانیان بێت، خێرا موسڵمان بوو، بەوەشەوە نەوەستا، بەڵكو دۆست و هاوپەیمانەعەرەبەكانى خۆی لە سەرانى قوڕەیش بانگهێشت دەكرد بۆ ئیسلام و لەسەر موسڵمانان ئەوانى لە خۆی تۆراند، ئەگەر ئەمانە بیانزانیایە پەیامەكەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) وەرگیراوی ناو كتێبەكانى خۆیانە، دەیانكردە رەخنەو پێیان دەوت خۆ ئەوەی تۆ دەیڵێیت، پارچە پارچەكردن و پێكەوە لكاندنەوەی پەیامەكانى ناو كتێبەكانى ئێمەیە و لە شێوەیەكی نوێدا داتڕشتووە، ئیتر نە باوەڕیان پێدەهێنا و نە لە ئاستیشیدا بێدەنگ دەبوون.

بۆیە دەبینین خواى گەورە لە سەرەتاوە هەموو گومانەكان لە پێغەمبەری خوا دوور دەخاتەوە، پێش لەدایكبوونی باوكى وەفات دەكات هەتا نەوترێت باوكى پەروەردەی كردووەو رایهێناوە بۆ شتێكی وا، هەر لە منداڵیدا دایكیشی دەمرێت، برا و خوشكی نەبووە هەتا نەوترێت ئەوان پاڵپشت و پاڵنەری بون، كاری شوانێتی كردووەو دەوڵەمەند نەبووە هەتا بوترێت لە چینی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەكان بووەو دەرفەتی گەڕان و خوێندنەوەی هەبووە، بە نەخوێندەوار گەورەی كرد هەتا گومانى ئەوە نەبرێت كە كتێبی زۆری خوێندوەتەوەو دواجار ئەمەی داڕشتووە، لەكاتێكدا لەناو شارەكەیدا شاعیران و نووسەرانێك هەبون كە دەكرا لەلای ئەوان فێری خوێندەواری و زانست وەرگرتن ببوایە، لە مەككەدا داینا كە نە مەسیحیەت و نە جوولەكایەتی و نە ئایینێكی ئاسمانى باو تیایدا بەرچاو نەبوو و شوێنكەوتەیەكی وایان نەبوو كە باسی لێوەر بكرێت، بەڵكو كۆمەڵگەیەكی بتپەرستی بوو، ئەمانەو دەیان رێكاری تر كە ئەگەری هەر گومانێكیان نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەلایەن كەسانى ترەوە فێركرابێت یان هاوكاری كرابێت.

 


بابەتی پەیوەندار

باسی هێستر لە قورئاندا

بۆچي قورئان كرا بە موعجيزە؟

ئیسلام راستكەرەوەیە نەك شوێنكەوتە

وەڵامێك بۆ تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان

سەرچاوەكانى قورئان كامانەن؟

ئینجیلەكان و قورئان

چیرۆك لەنێوان قورئان و كتێبەكانى پێشوودا

پێغەمبەران لەنێوان كتێبەكانی تر و قورئاندا

پەیوەندی قورئان و كتێبەكانی پێشوو

روانینێ بۆ كتێبەكانى پێشوو

12