وەڵامێك بۆ تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان

بۆ ئەوەی بەهای ئەم پەیامە نوێیەو پەیامەكانی پێشووش كەم بكەنەوە، دەیانوت جا خۆ ئێمەش ئەگەر بمانەوێت وەك ئەم قسانەمان پێیە، بەلآم خۆمان نامانەوێت بیانڵێین، وەك بڵێی ئەو قسانە هێندە سادەو دووبارەن، هەر كەسێ ئەتوانێ شتی وا بڵێت، خواى گەورەش تەحەدداى هەموویانى كرد ئەگەر راست دەكەن نموونەیەكی وا بهێننەوە، (وَإِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِنْ مِثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ) (البقرە: ٢٣)، (ئەگەر سەبارەت بەو قورئانەى ئێمە ناردوومانەتە سەر بەندەى خۆمان موحەممەد ئێوە دوودڵ و بەگومانن: ئاخۆ راستە یان نا؟ سا دەى هەوڵ بدەن هیچ نەبىَ بچووكترین سوورەتێك وەك ئەو بێنن، بۆ ئەوەش شایەدو هاوباوەڕەكانتان، ئەوانەى وا لەكاتى تەنگانەدا پەنایان پێدەبەن -بێجگە لەخوا- بانگ بكەن ئەگەر ئێوە راست دەكەن كە دەڵێن موحەممەد خۆى هەڵیبەستووە)، (أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ فَأْتُوا بِعَشْرِ سُوَرٍ مِثْلِهِ مُفْتَرَيَاتٍ وَادْعُوا مَنِ اسْتَطَعْتُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ) (هود: ١٣)، (یان دەڵێن: موحەممەد خۆى ئەم قورئانەى هەڵبەستووەو داویەتە پاڵى خوا؟! پێیان بڵىَ: جا ئەگەر ئێوە ئەو قورئانە بەدرۆو هەڵبەسراو دەزانن، دەسا فەرموون ئێوەش دە سوورەتى هەڵبەستە –وەك خۆتان دەڵێن- وەكو ئەو بهێنن كە لەهەموو روویەكەوە وەكو ئەو وابن، هەركەسیش دەتوانن –بىَ لەخوا- بانگى بكەن بۆ هاوكارییتان ئەگەر ڕاست دەكەن دەڵێن ئەم قورئانە درۆو هەڵبەستراوە).

ئایەتى یەكەم لە سوورەتى بەقەرەدایە كە دووەم سوورەتى قورئانە، سوورەتى فاتیحە لە پێشیەوە هاتووە، واتە تەحەدداكە ئەوەیە ئەگەر ئەتوانن تەنها یەك سوورەتی وەك فاتیحە بهێننەوە، ئایەتی دووەم لە سوورەتى هووددایە كە یانزەهەم سوورەتى قورئانە، واتە تەحەدداكە ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر ئەتوانن دە سوورەتی وەك ئەو سوورەتانەى پێشوو بهێنن.

جا ئەگەر ئەم هەموو تەحەددا قورئانیانە نەبوونایە، تۆمەت سازانی ئەمڕۆ ئەیانوت قسەزانانى زوو زۆر لە ئاستێكی بەرزتردا بوون و بە عەیبەیان زانیوە وەلآمى بدەنەوە، هەر موحەممەد رووی نەهاتووە بەرەنگاریان ببێتەوە، بەلآم ئەم تەحەددایە هەر لە سەرەتاوە هەموانى دەمكوت كرد لە تۆمەتی لەو چەشنە، هەروەها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كەسێكی دەسەلآتدار نەبوو هەتا بوترێت نەیارەكانى لەوە دەترسان وەلآمى تەحەدداكەی بدەنەوە خێرا بكوژرێن.

هەندێ جاریش رەخنەی وایان دەگرت كە ئەم تۆمەتەی خۆیانی پێ هەڵدەوەشایەوە، بۆ نموونە دەیانوت خۆ ئەمەی موحەممەد دەیڵێت لە پەیامەكانى پێشوودا نەهاتووە، ئەمە داهێنراوی خۆیەتی، واتە بە جارێ هەم تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان و هەم تۆمەتی داهێنراوێكی نوێیان دەدیە پاڵ، (مَا سَمِعْنَا بِهَذَا فِي الْمِلَّةِ الْآَخِرَةِ إِنْ هَذَا إِلَّا اخْتِلَاقٌ (7) أَؤُنْزِلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ مِنْ بَيْنِنَا بَلْ هُمْ فِي شَكٍّ مِنْ ذِكْرِي بَلْ لَمَّا يَذُوقُوا عَذَابِ) (ص: ٧ - ٨)، (ئەمەى موحەممەد دەیڵىَ بۆ پەرستنى یەك خوا، ئێمە لە ئایینى عیسادا نەمان بیستووە ئەم یەكخواپەرستیە هەر درۆو ساختەو هەڵبەستراوە! ئایا لە نێوان ئێمەدا كە ئەو هەموو دەوڵەمەندو پیاو ماقووڵەمان تێدایە قورئان بۆ ئەو هاتووە؟! نەخێر، نكوڵیكردنى قورئان لە ڕووى زانستەوە نیە، بەڵكو لە بنەرەتا لە شكدان لە قورئانى من، نا، بەڵكو جارىَ سزاى منیان نەچێژتووە).

ئەگەر تۆمەتسازان تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ ئیسلام كە زۆر شتی ئەفسانەى ئایینەكانى پێشووە، ئەی وەلآمیان چیە بۆ ئەو شتانەى كە لە ئایینەكانى پیشوودا باس نەكراوەو تەنها لە ئیسلامدا هاتووە؟ بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوانەش تۆمەتى تریان پێیە و وەك پێشتر باسمان كرد یەكێكی تر لە تۆمەتەكانیان ئەوەیە كە ئەمەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هێناویەتی لەناو ئایینەكانى پێشوودا نیە و داهێنراوى خۆیەتی.

جا خۆیشیان نەیاندەزانى بڕیاری كام لەو تۆمەتانەى بۆ بدەن، تووشی سەرلێشێوانێك بوون نەیاندەزانى چۆن بەرەی تۆمەتەكانیان یەكخەن، خواى گەورە دەفەرموێت (انْظُرْ كَيْفَ ضَرَبُوا لَكَ الْأَمْثَالَ فَضَلُّوا فَلَا يَسْتَطِيعُونَ سَبِيلًا) (الاسراء: ٤٨)، (دەسا بڕوانە چۆن نموونەى جۆراوجۆرت بۆ دەهێننەوە بەوەش سەریان لە خۆیان تێكدا، بۆیە جارێ دەڵێن شێتە، جارێكى تر دەڵێن جادووى لێكراوە.. گومڕایە، ساحیرە، شاعیرە!! ئینجا ناتوانن رێگەیەك بۆ هیدایەت بدۆزنەوە).

ئەگەر قورئان بە یەك جار داببەزیایە و بیست و سێ ساڵی نەخایاندایەو سەبەب نزوولی نەبوایە، دەكرا ئەو گومانە دروست بكەن كە ئەمە كتومت وەرگیراوی پەیامەكانى پێشووە، یان بڵێن بە جارێ لە كەسێكی وەرگرتووەو خستوویەتیەڕوو، بۆیە رەخنەیان دەگرت كە بۆچی قورئان بە یەك جار دانەبەزیوە (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْلَا نُزِّلَ عَلَيْهِ الْقُرْآَنُ جُمْلَةً وَاحِدَةً كَذَلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِ فُؤَادَكَ وَرَتَّلْنَاهُ تَرْتِيلًا) (الفرقان: ٣٢)، (خوا نەناس و بێ باوەڕان گوتیان: بۆچى قورئانى بە یەكجار بۆ نایەت! هەر ئابەو جۆرەیە - بەیناو بەین و كەم كەم ئەم قورئانەمان دابەزاند بۆت- تا دڵى تۆى زیاتر پێ بەهێزو قایم بكەین و بەڕێك و پێكیى و هێدى هێدى، بۆتمان خوێندەوە لەسەر زمانى جبریل).

بێباوەڕەكان خۆیشیان چاك دەیانزانى ئەمەی دەیڵێن تۆمەتێكەو ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هێناویەتی راستیە، بەلآم لە خۆبەزلزانییان ئامادە نەبوون دان بە راستیەكاندا بنێن، (وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنْفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ) (النمل: ١٤(نكوڵییان كردن وە لە ناخى دەروونیاندا متمانەو یەقینیان هەبوو بەڕاستییان نكوڵییان كردن لە ڕووى ستەمكاریى و خۆ بەزل زانینەوە نەك لە ڕووى هەق و راستیەوە، جا تۆیش سەیر بكە پاشە رۆژى خراپكارەكان چۆن بوو)


بابەتی پەیوەندار

باسی هێستر لە قورئاندا

بۆچي قورئان كرا بە موعجيزە؟

ئیسلام راستكەرەوەیە نەك شوێنكەوتە

وەڵامێك بۆ تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان

سەرچاوەكانى قورئان كامانەن؟

ئینجیلەكان و قورئان

چیرۆك لەنێوان قورئان و كتێبەكانى پێشوودا

پێغەمبەران لەنێوان كتێبەكانی تر و قورئاندا

پەیوەندی قورئان و كتێبەكانی پێشوو

روانینێ بۆ كتێبەكانى پێشوو

12