رێنمايى ئيسلام بۆ گەدەى ئادەميزاد

گەدە ئەو دەفرەيە كە ئادەميزاد زۆرجار لەبەر حەز و ئارەزووەكانى پڕى دەكات، ئازارى دەدات و بارى سەرشانى چەند بەرامبەر قورس دەكات، ئەركێك كە بە گەدە سپێردراوە و خواى گەورە دروستى كردووە بۆ خزمەتى بەشەكانى ترى جەستە، جياوازە لەو ئەركەى بەهۆى حەز و ئارەزووەكانەوە لەلايەن ئادەميزادەوە دەدرێت بەسەريدا.

گرفتێكى ئادەميزادگەلێك ئەوەيە كە پێيان وايە ژيان لەپێناو خواردندايە، لەكاتێكدا پێچەوانەكەى دروستە، خواردن لەپێناو ژياندايە، بەڵگەشمان بۆ ئەمە فەرموودەكەى پێغەمبەرى خوايە (صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرموێت (مَا مَلَأَ آدَمِيٌّ وِعَاءً شَرًّا مِنْ بَطْنٍ ، بِحَسْبِ ابْنِ آدَمَ أُكُلاَتٌ يُقِمْنَ صُلْبَهُ ، فَإِنْ كَانَ لَا مَحَالَةَ فَثُلُثٌ لِطَعَامِهِ وَثُلُثٌ لِشَرَابِهِ وَثُلُثٌ لِنَفَسِهِ[1] (ئادەمیزاد هیچ بۆشایی و قاپێکی پڕنەکردووە هێندەی پڕکردنی سکی خراپ بێت، ئەوەندە بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەک بخوات تا پشتی راست راگرێت، ئەگەر هەر چار نەبوو و ویستی زیاتر بخوات ئەوا با سێ یەکی بۆ خواردنی و سێ یەکی بۆ خواردنەوەی و سێ یەکیشی بۆ نەفەسی بێت).

ئەمە بەو واتايە نا كە نابێت ئادەميزاد دەست بۆ چێژەكان ببات و خۆى دوور بگرێت لە خۆشييەكانى ژيان، بەڵكو خواردن و خواردنەوە بەشێكن لەو خۆشييانەى ژيان كە خواى گەورە رێى داوە ئادەميزادەكان چێژيان لێ وەربگرن، بەڵكو فەرمانى كردووە پشكى خۆيان لەوانەدا لەبير نەكەن، خواى گەورە دەفەرموێت (كُلُوا وَاشْرَبُوا مِنْ رِزْقِ اللَّهِ).

مۆدێلێكى ناشيرينى ئازاردانى گەدە ئەوەيە كە كەسانێك راهاتون هەميشە گەدەيان تێر بێت، هێندە بەهۆى پريى گەدەيانەوە ماندوو و بێتاقەتن، چێژێكى وا لە خواردن و خواردنەوەكەش نابينن، بەڵام وەك خوويەك فێر بون دەبێت هەميشە گەدەيان تێر بێت، گەدەيان بە چەشنێك دەخەنە ناڕەحەتييەوە، نازانێت كەى و چۆن ئەو خواردنەى بۆ هەرس بكات، ترشەڵۆكى تێكدەچێت، حەسانەوەى نامێنێت، ئەركى چەند بەرامبەر دەبێت، دەكشێت و بريندار دەبێت، چونكە كەسەكە هيچ پێوەرێكى واى دانەناوە بۆ چەندێتى و چۆنێتى و كاتى ناردن خواردن بۆ گەدەى.

خراپتر لەوە، ئەوەيە كە كەسانێك لەپێناو كەمخۆريدا دەستكارى گەدەيان دەكەن و پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەريى بڕين و بچووككردنەوەى گەدەيان، ياخود دانانى باڵۆن تيايدا بۆ ئەوەى هەست بە برسێتى نەكەن، لە كاتێكدا قەبارەى باڵۆنەى لە گەدەدا دايدەنێن بۆ بچووكردنەوەى، سێ يەكى دەگرێت، ئەمەش هەمان ئەو رێژە دياريكراوەيە كە فەرموودەكە ئاماژەى پێداوە، يان بڕينى گەدە كە ئەنجام دەدرێت، بەپێى جياوازيى داخوازيى و پێويستيى، لەنێوان (%60) بۆ (%80) ى دەبڕن، يان كەسانێك زوو زوو گەدەيان تێر دەكەن و دواتر هەوڵى خۆڕشاندنەوە دەدەن، ئەمانە و چەندەها مۆدێلى دى كە هەموويان ئازاردانى گەدەن تەنها لەپێناو وەڵامدانەوەى ئارەزووەكاندا.

يەكێك لەو هەنگاوە دروستانەى ئادەميزاد لە بوارى خواردندا دەيگرێتەبەر، ئەوەيە كە هەر چەشنە خواردنێك نەخوات، بەڵكو پێوەرى هەبێت بۆ خواردنەكان، خواردنێك نەخوات كە زيانبەخشە بۆى، خواردنێك نەبێت گەدە بەرگەى نەگرێت، هێندە نەبێت گەدەى ئادەميزاد دەرەقەتى نەيەت، چونكە خراپترين شت پڕكردنى گەدەيە، ئەمەش وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا فەرموودەى خۆشەويستمانە نەوەك راوبۆچوونێكى ئاسايى.

هەروەها پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فێرمان دەكات خواردنێك نەخۆين كە مەيلمان لەسەرى نيە و حەزى پێ ناكەين، مەرج نيە گرفتەكە لە خواردنەكەدا بێت، بەڵكو جارى وا هەيە ئەو جۆرە خواردنە، يان خواردنەوەيە، لەگەڵ گەدە، يان حەزى ئەو كەسەدا ناگونجێت، نابێت بە زۆر ئەو خواردنە بخورێت.

ئەبووهوڕەيرە دەڵێت: (مَا عَابَ النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ طَعَامًا قَطُّ إِنِ اشْتَهَاهُ أَكَلَهُ وَإِلَّا تَرَكَهُ [2] (پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هيچكات رەخنەى لە خواردنێك نەدەگرت، ئەگەر حەزى پێبكردايە دەيخوارد، ئەگەرنا نەيدەخوارد).

هەروەها پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فێرمان دەكات بە زۆر خواردنێك دەرخواردى نەخۆشەكانمان نەدەين كە مەيليان نيە بۆى، بۆيە دەيفەرموو (لَا تُكْرِهُوا مَرْضَاكُمْ عَلَى الطَّعَامِ)،[3] (سەبارەت بە خواردن، زۆر لە نەخۆشەكانتان مەكەن و ناچاريان مەكەن بە شت خواردن)



[1] - سنن الترمذي ، الرقم 2359 وقال حسن صحيح، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7202 و صححه و وافقه الذهبي.

[2] - صحيح البخاري - كتاب المناقب - باب صفة النبي صلى الله عليه وسلم، الرقم 3563.

[3] - جامع الترمذي - باب ما جاء لا تكرهوا مرضاكم على الطعام والشراب، الرقم 2186 و قال حسن غريب.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى