نوێژ و تەندروستيى

يەكێك لە تايبەتمەندييەكانى نوێژ، بريتيە لە بەردەوامبوون لەسەرى، واتە موسڵمان دەبێت رۆژانە چەند جارێك نوێژ بكات، جياواز لە پەرستشەكانى وەك حەج و عومرە و رۆژوو كە هەيانە مانگانە و هەيانە ساڵانەيە، ئەمەش هاندەرێكى باشە بۆ جووڵەى بەردەوامى رۆژانەى لەش لە كاتە جياوازەكاندا، واتە ئەو پێنج نوێژەش كە لەسەرمان فەڕز كراون، دابەشكراون بەسەر كاتەكانى شەو و رۆژدا، بەمەش ماوەيەكى دوورودرێژ بەسەرماندا تێناپەڕێت و جوڵەى لەشمان نەبێت.

هاوكات هيچ كەسێكى تر ناتوانێت لە برى كەسانى ديكە نوێژ بكات، بەڵكو دەبێت خودى ئەو كەسە نوێژەكەى بكات، جووڵەى ناو نوێژيشى بە پێى تەندروستيى جەستەى رێكخراوە، كەسانێك كە دەتوانن بەپێوە نوێژ بكەن، دەبێت بە پێوە بن و سەرجەم جووڵەكانى ناو نوێژيان هەبێت، كەسانێكى دى كە توانايان نيە بە پێوە بن، بە دانيشتنەوە نوێژەكانيان دەكەن، هەندێكيش بە راكشانەوە.

جوانترين كار لەلاى خوا، ئيشێكى بەردەوامە با كەميش بێت، وەك لە فەرموودەى صەحيحدا هاتووە (أَحَبُّ الْأَعْمَالِ إِلَى اللهِ تَعَالَى أَدْوَمُهَا وَإِنْ قَلَّ[1] (خۆشەويستترينى ئيشەكان لە لاى خواى گەورە، ئەوانەن كە بەردەوامييان هەيە با كەميش بن)، نوێژيش يەكێكە لەو كارانەى كە ئەگەرچى زۆر نيە، بەڵام بەردەوامييەكەى هۆكارێكە بۆ ئەو خۆشەويستيە.

جوانيەكى ديكەى نوێژ ئەوەيە كە تەنها وەرزشێكى جەستەيى نيە و بەس، بەڵكو وەرزشێكى رۆحيشە، رۆژانە پێنج جار ئادەميزاد لايەنى دەروونى خۆى تێدا رێكدەخاتەوە، چونكە موسڵمان لە نوێژدا لەگەڵ پەروەردگاريدا موناجات دەكات، ئاسوودەيى دەروونيشى لێوە بەدەست دەخات، خەمەكان دەڕەوێنێتەوە، بۆيە پێشەوامان هەركات تووشى ناڕەحەتى يان گرفتێك ببوايە، خێرا پەناى دەبردە بەر نوێژ، وەك لە فەرموودەكەدا هاتووە حوزەيفە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەركات پرس و ناڕەحەتييەكى بهاتايەتە پێش، نوێژى دەكرد.[2]

ئادەميزاد ئەگەر جومگەكانى جووڵەيان نەبێت، تووشى حاڵەتێك دەبێت كە پێى دەوترێت (فرۆزن شۆڵدەر)، واتە شان رەق و بەستوو دەبێت، كۆى جومگەكانى ناو لەشى ئادەميزاديش بريتين لە 360 جومگە، بەپێى فەرموودەى خۆشەويستمان هەريەك لەوانە صەدەقەى لەسەرە و ئادەميزاد دەبێت بۆ سەلامەتى هەريەك لەو جومگانە صەدەقەى هەبێت، تەنها شتێك كە دەتوانێت صەدەقەى هەموو جومگەكان پێكەوە بدات، دوو ركات نوێژە لە چێشتەنگاودا، پێشەوامان دەفەرموێت، (فِي الْإِنْسَانِ ثَلَاثُمِائَةٍ وَسِتُّونَ مَفْصِلًا ، فَعَلَيْهِ أَنْ يَتَصَدَّقَ عَنْ كُلِّ مَفْصِلٍ مِنْهُ بِصَدَقَةٍ[3] (لە جەستەى ئادەميزاددا سێ سەد و شەست جومگە هەيە، ئادەميزاد لەسەريەتى بۆ هەر جومگەيەكى صەدەقەيەك بكات)، هاوەڵان وتيان: ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جا چ كەسێك دەرەقەتى شتى وا دێت؟ ئەويش فەرمووى (تُنَحِّي الْأَذَى ، وَإِلَّا فَرَكْعَتَيِ الضُّحَى[4] (دەكرێت بە لابردنى ناڕەحەتى سەر خەڵك ئەنجامى بدەيت، ئەگەرنا بە دوو ركات نوێژى چێشتەنگا).

لە گێڕانەويەكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (يُصْبِحُ عَلَى كُلِّ سُلَامَى مِنْ أَحَدِكُمْ صَدَقَةٌ فَكُلُّ تَسْبِيحَةٍ صَدَقَةٌ ، وَكُلُّ تَحْمِيدَةٍ صَدَقَةٌ ، وَكُلُّ تَهْلِيلَةٍ صَدَقَةٌ ، وَكُلُّ تَكْبِيرَةٍ صَدَقَةٌ ، وَأَمْرٌ بِالْمَعْرُوفِ صَدَقَةٌ وَنَهْيٌ عَنِ الْمُنْكَرِ صَدَقَةٌ . وَيُجْزِئُ مِنْ ذَلِكَ رَكْعَتَانِ يَرْكَعُهُمَا مِنَ الضُّحَى[5] (هەموو بەيانييەك هەر جومگەيەكى هەركامتان صەدەقەيەكى لەسەرە، جا وتنى سبحان الله صەدەقەيەكە، وتنى الحمد لله صەدەقەيەكە، وتنى لا اله الا الله صەدەقەيەكە، وتنى الله أكبر صەدەقەيەكە، فەرمان بە چاكە صەدەقەيەكە، رێگريى لە خراپە صەدەقەيەكە، ئەوەى لە برى هەمووى دەكەوێت، دوور ركاتى نوێژى چێشتەنگايە).

موسڵمان لە نوێژدا پێويستە چەمينەوەو كڕنووشى هەبێت، ئەگەرچى هەندێ جار بۆ نەخۆشانێك پێشنيارى دانيشتن لەسەر كورسيى كراوە، بەڵام ئەم بابەتە هەتا ئێستايش هيچ بەڵگەيەكى زانستيى لەسەر نيە و تەنها بڕيار و بيركردنەوەيەكى بەشێك لە پزيشكانە كە بەبێ لێكۆڵينەوەو وەك قسەيەكى باو دەستيان بۆ بردووە.

ئادەميزاد كاتێك لە سوجدە هەڵدەستێتەوەو دادەنيشێت، جۆرى دانيشتنەكەى بە چەشنێكە رێگريى دەكات لە تووشبوون بە جەڵتە و هۆكارەكانى ئەو نەخۆشييە مەترسيدارە لاواز دەكات.

هۆكارێكى تووشبوونى ئادەميزاد بە جەڵتە و كاتێكى باوى ئەو نەخۆشييە، پاش خەوتنى شەوان و هەڵنەسانە هەتا دواى كاتژمێر هەشت، زۆرترين توشبوونەكانى جەڵتە لە دواى خۆرهەڵهاتنەوەيە لەو كەسانەدا كە هێشتا لە خەو هەڵنەساون، لەكاتێكدا هەستان بۆ نوێژى بەيانى ئەم مەترسييە دەڕەوێنێتەوە ياخود بە رێژەيەكى زۆر كەمى دەكاتەوە، ئەمەش پشتڕاستكردنەوەى ئەو بەشە بانگەوازەى ناو بانگى بەيانييە كە دەفەرموێت (الصلاة خير من النوم)، (نوێژ زۆر باشترە لە خەوتن).

ئادەميزاد كاتێك لە سوجدەدايە، دڵ باڵاتر و زاڵترە بەسەر بەشەكانى ترى جەستەدا، واتە ئاسانتر كارى خۆى دەكات، بەمەش مێشك خوێنى زياترى بۆ دەچێت كە دەبێتە هۆكارێك بۆ رێگريى لە خەڵەفاوى.

 موسڵمان كاتێك نوێژ دەكات حەوت جووڵەى سەرەكيى هەيە كە بەهۆيانەوە لە رۆژێكدا 119 جار جووڵە ئەنجام دەدات، جووڵەكانيش لە يەك كاتدا نين و دابەش بون بەسەر كاتە جياوازەكاندا، وەك چۆن كاتێك پزيشكێك وەرزش بۆ نەخۆش دەنووسێت، دابەشى دەكات بەسەر كاتە جياوازەكاندا و ژمارەى جووڵەكانى هەر كاتێكيشى بۆ ديارى دەكات، ئەم جووڵەى بەردەوامەى نوێژ بۆ تەندروستيى نوێژخوێن لە دواييەكانى تەمەنيدا زۆر بەسوودە، چونكە بە نزيكەى 2 مليۆن جووڵە لە ماوەى كەمتر لە پەنجا ساڵدا بۆ جەستەى ئادەميزادى موسڵمان بەديهاتووە كە هۆكارێكى گەورەى پارێزرانە لە چەندەها جۆرى نەخۆشى.

جوانيەكى ديكەى تەندروستيى نوێژ ئەوەيە كە تەنها بە جووڵەى جەستەيى و ئاراميى رۆحيەوە نەوەستاوە، بەڵكو موسڵمان پەلكێش دەكات بۆ پاكوخاوێنى، چونكە مەرجى نوێژ هەبوونى دەستنوێژە، لەبەركردنى جلى خاوێنە، پاكڕاگتنى پێستى ئادەميزادە لە پيسييەكان.

 خۆشەويستمان گرنگيەكى زۆرى دەدا بە نوێژ، وێڕاى نوێژە فەڕزەكان نوێژى سوننەتيشى زۆر بوو، کە کاتى نوێژ دەهات، دەیفەرموو (يَا بِلَالُ أَقِمِ الصَّلَاةَ أَرِحْنَا بِهَا)،[6] (ئەى بیلال، بانگى نوێژ بدە و بە نوێژ ئاراممان بکەرەوە)، یان دەیفەرموو (جُعِلَ قُرَّةُ عَيْنِي فِي الصَّلَاةِ)،[7] (بینایی چاوانم خراوەتە نێو نوێژەوە).

عائيشەى دايكى باوەڕداران (رضى الله عنها) دەڵێت: (أَنَّ نَبِيَّ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ يَقُومُ مِنَ اللَّيْلِ حَتَّى تَتَفَطَّرَ قَدَمَاهُ[8] پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هێندە شەونوێژى دەكرد هەتا قاچەكانى دەئاوسان.

عەبدوڵاى كوڕى مەسعوود دەڵێت: شەوێك لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) شەونوێژم كرد، هێندە لە نوێژەكەدا مايەوە خەريك بوو دابنيشم و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جێبهێڵم.[9]



[1] - صحيح مسلم - كتاب صلاة المسافرين وقصرها - باب فضيلة العمل الدائم من قيام الليل وغيره، الرقم 783.

[2] - سنن أبي داود - كتاب الصلاة - باب وقت قيام النبي صلى الله عليه وسلم من الليل، الرقم 1319.

[3] - سنن أبي داود - كتاب الأدب - أبواب السلام - باب في إماطة الأذى عن الطريق، الرقم 5242.

[4] - صحيح ابن حبان - كتاب الصلاة - فصل في صلاة الضحى - ذكر كتبة الله جل وعلا الصدقة للمرء بصلاة الضحى، الرقم 2540.

[5] - صحيح مسلم - كتاب صلاة المسافرين وقصرها - باب استحباب صلاة الضحى، الرقم 720.

[6] - سنن أبي داود، كتاب الأدب، الرقم 4985، صححه الألباني.

[7] - السنن الكبرى للنسائي، كتاب عشرة النساء، الرقم 3949، جودە الحافظ العراقي في الأمالى و ابن حجر، وقال الألباني: حسن صحيح.

[8] -  صحيح البخاري - كتاب تفسير القرآن - سورة الفتح - باب ليغفر لك الله ما تقدم من ذنبك وما تأخر، الرقم 4837.

[9] - صحيح البخاري - أبواب التهجد - باب طول القيام في صلاة الليل، الرقم 1135، (عَنْ عَبْدِ اللهِ رَضِيَ اللهُ عَنْهُ قَالَ: صَلَّيْتُ مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَيْلَةً ، فَلَمْ يَزَلْ قَائِمًا حَتَّى هَمَمْتُ بِأَمْرِ سَوْءٍ ، قُلْنَا: وَمَا هَمَمْتَ؟ قَالَ: هَمَمْتُ أَنْ أَقْعُدَ وَأَذَرَ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ).


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى