خەوتنى شەو

خواى گەورە كە ئادەميزادى بەديهێناوە، چەند حاڵەتێكى لە ژيانيدا داناوە كە ناتوانێت بەبێ ئەوانە ژيان بەسەرببات، وەك خواردن و خەوتن، واتە هەر ئادەميزادێك پێويستى بەوەيە لە شەو و رۆژێكدا بڕێك خواردن بخوات و بە رێژەيەك كات بدات بە خەوتن، ئەگەر كەسێك بتوانێت ماوەيەكى زياتر خۆى لە خواردن بگرێتەوە، ئەوا لە ئاست خەودا بە شێوەيەكى گشتى هەموو كەسێك چەندە خۆى بگرێت، زۆر بە خێرايى دەگاتە ئاستى بێتوانايى و خۆبەدەستەوەدان، بۆيە لە هەندێ لە بەنديخانەكاندا رێگرتن لە خەوتنى بەندكراوەكان وەك سزايەك بەكاردێت، وێڕاى ئەوەى كەسەكە لايەنى دەروونى و جەستەييشى تێكدەچێت، هاوكات كەمخەويى دەبێتە هۆى تووشبوون بە جۆرەها نەخۆشيى مەترسيدار، لەوانەش هۆكارێكە بۆ تووشبوون بە نەخۆشيى شێرپەنجە.

هاوكات كەمخەويى هۆكارە بۆ نەخۆشييەكانى پەستانى خوێن و نەخۆشيى دڵ و تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشييەكانى گورچيلە، تەنانەت هۆكارە بۆ تووشبوون بە شەكرە، واتە تێكچوونى خەوى ئادەميزاد كاريگەريى لەسەر سەراپاى جەستە و دەروونى ئادەميزادەكە دەبێت و حاڵەتى ئاسايى تێك دەدات، كاريگەرييەكەش نەرێنى دەبێت و بەرەو چاڵاويى نەرێنيەكان دادەكەوێت.

خواى گەورە دەفەرموێت (وَجَعَلْنَا نَوْمَكُمْ سُبَاتًا)، (خەو و نووستنمان بۆ كردون بە هۆى سرەوتن و حەسانەوەتان).

كاتەكانى خەو:

خواى گەورە لە قورئانى پيرۆزدا دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لِيَسْتَأْذِنْكُمُ الَّذِينَ مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ وَالَّذِينَ لَمْ يَبْلُغُوا الْحُلُمَ مِنْكُمْ ثَلَاثَ مَرَّاتٍ مِنْ قَبْلِ صَلَاةِ الْفَجْرِ وَحِينَ تَضَعُونَ ثِيَابَكُمْ مِنَ الظَّهِيرَةِ وَمِنْ بَعْدِ صَلَاةِ الْعِشَاءِ ثَلَاثُ عَوْرَاتٍ)، (ئەى ئەوانەى باوەڕتان هێناوە، با خوڵام و بەندەو كەنيزەكەكانتان و ئەوانەش كە هێشتا باڵغ نەبون، لە سێ كاتدا مۆڵەت وەرگرن، لەپێش نوێژى بەيانى و كاتێك لە نيوەڕواندا جلوبەرگتان دادەنێن و لە پاش نوێژى خەوتنان، ئەم سێ كاتە كاتى تەنيايى ئێوەيە).

 گرنگترين كات بۆ خەو ئەو كاتەيە كە ئادەميزاد خەو زۆرى بۆ دێنێت، ئيتر دەبێت دەست لە هەرچييەك هەڵبگرێت كە پێوەى سەرقاڵە و كەلێنى كەمخەوييەكەى قەرەبوو بكاتەوە، تەنانەت ئەگەر سەرقاڵى شەونوێژ و قورئانخوێندنيش بوو، وەك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (إِذَا نَعَسَ أَحَدُكُمْ وَهُوَ يُصَلِّي فَلْيَرْقُدْ حَتَّى يَذْهَبَ عَنْهُ النَّوْمُ ، فَإِنَّ أَحَدَكُمْ إِذَا صَلَّى وَهُوَ نَاعِسٌ لَا يَدْرِي لَعَلَّهُ يَسْتَغْفِرُ فَيَسُبُّ نَفْسَهُ[1] (ئەگەر يەكێكتان باوێشكى دا و لەكاتى نوێژدا بوو، ئەوە با نوێژ نەكات و رابكشێت هەتا خەوەكەى نامێنێت، چونكە ئەگەر يەكێكتان بە باوێشك دانەوە نوێژ بكات، لەوانەيە بەخۆى نەزانێت و پێى وابێت خەريكى استغفرالله وتنە، كەچى قسە بە خۆى بڵێت).

فەرموودەكە ئاماژە بە دەرەنجامێكى خراپى نەخەوتن دەكات ئەو كاتەى خەو زۆر بۆ ئادەميزاد دەهێنێت، ئەويش نەمانى هۆشياريى و وردەكارييە لەو كارەى كەسەكە پێيەوە سەرقاڵە، تەنانەت نوێژێك كە موناجاتە لەگەڵ پەروەردگاردا و بڕيار وايە ئاسوودەيى بە كەسەكە ببەخشێت، لەو كاتەى كەسەكە خەو زۆرى بۆ دەهێنێت، لەلايەن پێشەوامانەوە رێنمايى كراوە دەستى لێ هەڵبگرێت و سەرخەوێك بشكێنێت هەتا حاڵەتى ئاسايى دەبێتەوە.

بەڵام لە حاڵەتى ئاساييدا، خۆشەويستمان لە سێ كاتى دياريكراودا خەوتووە، ئەويش بريتيە لە خەوتنى دواى نوێژى عيشا و خەوتنى پاش شەونوێژ و پێش نوێژى بەيانى، خەوتنى پێش نوێژى نيوەڕۆ كە بە قەيلوولە ناسراوە.

ئەبووبەرزە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خەوێ پێش نوێژى عيشا و دانيشتنى دواى نوێژى عيشاى پێ باش نەبوو.[2]

هەروەها عەبدوڵا دەگێڕێتەوە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لَا سَمَرَ بَعْدَ الصَّلَاةِ - يَعْنِي الْعِشَاءَ الْآخِرَةَ - إِلَّا لِأَحَدِ رَجُلَيْنِ مُصَلٍّ أَوْ مُسَافِرٍ[3] (لە دواى نوێژى عيشا مانەوەو نەخەوتن رەوا نيە بۆ هيچ كەسێك تەنها دوو كەس نەبن، يەكێكيان ئەوەيە خەريكى نوێژكردن بێت، ئەوى ديكەش كەسێكە لە رێى سەفەردا بێت).

عەبدوڵاى كوڕى عەمر دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێى فەرمووم (وَأَحَبُّ الصَّلَاةِ إِلَى اللهِ صَلَاةُ دَاوُدَ كَانَ يَنَامُ نِصْفَ اللَّيْلِ وَيَقُومُ ثُلُثَهُ وَيَنَامُ سُدُسَهُ[4] (خۆشەويستترين نوێژ لاى خوا نوێژى پێغەمبەر داوود بوو كە نيوەى شەو دەخەوت و سێ يەكى هەڵدەسا و شەش يەكى كۆتايى دەنووست).

پرسيار كرا لە عائيشەى دايكى باوەڕداران (رضى الله عنها) سەبارەت بە خەوتن و شەونوێژى پێغەمبەرى خوا ()، ئەويش لە وەڵامدا وتى: لە سەرەتاى شەوەوە دەخەوت، لە كۆتايى شەوەكەوە هەڵدەسا بۆ شەونوێژ و دواتر دەگەڕايەوە نێو جێگەكەى، كە بانگبێژ بانگى -يەكەمى- بەيانى دەدا هەڵدەستا لە خەو، ئەگەر پێويستى بە خۆشۆردن هەبوايە خۆى دەشۆرد، ئەگەرنا دەستنوێژى دەگرت و دەردەچوو بۆ مزگەوت.[5]

دووبارە عائيشە باس لە خەوى سەروەرمان دەكات پێش بانگى بەيانى و دەڵێت: هەر شەوێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لاى من بوايە، نەمدەبينى سەحەر بێت و بەخەبەر بێت،[6] واتە هەتا بانگى يەكەمى بەيانى دەخەوت.

 لە گێڕانەوەيەكى تردا سەبارەت بە راكشانى خۆشەويستمان پێش نوێژى بەيانى، عائيشە (رضى الله عنها) دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دواى ئەوەى نوێژى دەكرد، ئەگەر من بەخەبەر بوومايە، قسەى لەگەڵ دەكردم و نەدەخەوت، ئەگەر بەخەبەر نەبوومايە، رادەكشا هەتا بانگى نوێژى بەيانى دەدرا.[7]

حاڵەتێك كە لە درەنگ كەوتنى خەوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەدا باسكراوە، ئەو كاتە بووە كە برسێتى زۆرى بۆ هێناوە، واتە هێندە برسيى بووە كە خەو لە چاوانى تۆراوە، گێڕانەوەكەش بەم چەشنەيە:

ئەبووبەكرى صديق دەڵێت: شەوێك چوومەوە ماڵەوەو نانى ئێوارەمان نەبوو، ناچار چوومە ناو جێگە، كەچى برسێتى نەيدەهێشت بنووم، وتم ئەچم بۆ مزگەوت نوێژ ئەكەم هەتا رۆژم لێ ئەبێتەوە، چووم و هێندەى خوا بيەوێت نوێژم كرد، بينيم عومەرى كوڕى خەتتاب هات، لێى پرسيم بەم شەوە بۆ لە دەرەوەيت؟ منيش مەسەلەكەم بۆ باسكرد، ئەويش وتى: بەخوا منيش هەر لەبەرئەوەيە لە دەرەوەم، ئينجا لەولامەوە دانيشت، دواتر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هات و لێى پرسين بەم شەوە بۆ لە دەرەوەين؟ عومەر هۆكارەكەى پێ وت،[8] ئەويش فەرمووى (وَأَنَا وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ ، لَأَخْرَجَنِي الَّذِي أَخْرَجَكُمَا، قُومُوا)، (سوێند بەوەى گيانمى بەدەستە، هەر ئەوەى ئێوەى هێناوەتە دەرەوە، منيشى هێنايەدەرەوە، دەى هەستن)، ئەوەبوو پێكەوە چوون بۆ ماڵى يەكێك لە پشتيوانان و لەوێ ميوانداريى كران.[9]

 خەوى شەو گرنگييەكى زۆرى هەيە و جياوازە لە خەوى رۆژ، تەنها خەوێك لە رۆژدا پەسەند بێت، نووستنى قەيلوولەيە پێش -يان پاش- نوێژى نيوەڕۆ، ئەگەرنا هەر كاتژمێرێك خەوى دواى عيشا سوودى سێ بەرامبەرى ئەو خەوەى هەيە كە لە كاتى تردا كەسێك بنوێت، بۆيە توێژينەوە پزيشكيەكان بەو ئەنجامە گەيشتون كە ئادەميزاد شەوان زوو بخەوێت و سوود لە خەوى شەو وەربگرێت، چونكە ئادەميزاد بێداركەرەوەيەكى هەيە كە هەركات خۆى لەسەر كاتێكى دياريكراوى خەو راهێنا، رۆژ و شەوانى ديكە ئەو بێداركەرەوە كاتى خەوتن و هەستان لە كەسەكە داوا دەكات، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك شەوانە كاتژمێر 10 بخەوێت، ئەو بێداركەرەوەى شەوانە لەو كاتەدا ئاگادارى بە جەستە و هۆشى كەسەكە دەدات كە كاتى خەوتنت هاتووە.

لە گۆڤارى (life Science) لە ساڵى 2017 بابەتێك سەبارەت بە نەخەوتنى كارمەندانى پزيشكى لە شەودا بڵاوبووەتەوەو ئاماژە بەوە دەدات ئەو سستەرانەى شەوانە ناخەون و خزمەتى نەخۆشەكان دەكەن، ئەگەرى تووشبوونيان بە نەخۆشيى شێرپەنجەى مەمك 50% هەتا 100% زياد دەكات.

 ئادەميزاد بە چەند قۆناغێك دەخەوێت، سەرەتا چاوگێژە و دواتر خەوێكى رووكەش و پاشان خەوێكى قووڵ و دواجار خەوتنێك كە ئادەميزاد تيايدا خەو دەبينێت، گرنگە ئەم قۆناغانەى خەو بكەونە گەرمەى شەو و دوانەخرێن بۆ كاتى نوێژى بەيانى و دەمەو خۆرهەڵهاتن.

باوباپيرانمان پابەندييەكى زۆريان هەبوو بە سوننەتى خۆشەويستمانەوە، بۆيە دەبينيت ئەوان شەوان زوو دەخەوتن و بەيانيانيش زوو لەخەو هەڵدەسان.

بابەتێكى ترى گرنگ سەبارەت بە خەوتنى خۆشەويستمان بريتيە لە شێوازى خەوتنى، كە ئەويش خەوتن بوو لەسەر لاى راست، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە دەخەوت، لەسەر دەم نەدەخەوت، بەڵكو بە خەوتنى دوورووەكان وەسفى دەكرد، خۆيشى لەسەر لاى راست دەخەوت،[10] بەڕائى كوڕى عاز دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوويە نێو جێگەى خەويەوە، لەسەر لاى راستى دەخەوت،[11] ئەم شێوازى خەوتنەش ئاسانكارييە بۆ هەرسى گەدە و نەترشانى خواردن تيايدا، بەم چەشنە جەستە ماندوو نابێت و سوود لە خەوتنەكە وەردەگرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر لەسەر لاى چەپ بخەوێت، خواردنەكە ئەترشێ و كەسەكە سوودێكى وا لەخەوتنەكە نابينێت، بەپێى توێژينەوەيەكيش كە لەسەر 600 كەس ئەنجام دراوە، ئەوانەى ترشەڵۆكى گەدەيان زۆرە ئەوانەن كە خواردن ئەگەڕێتەوە بۆ سوورێنچكيان، ئەمەش لە شێوازى خەويانەوە دروست دەبێت كە لەسەر لاى راست ناخەون، تەنانەت نەخۆشەكان كە لە نەشتەرگەريى دەهێنرێنە دەرەوە، لەسەر لا دادەنرێن نەوەك لەسەر دەم.

بە پێى توێژينەوەيەك ئەو منداڵانەى لە تەمەنێكى كەمدا دەمرن، 30% يان ئەو منداڵانەن كە لەسەر دەم دەخەوێنرێن، بەو هۆيەوە لەكاتى خەودا هەناسەيان نامێنێت و دەمرن.

هاوكات خەوتن لەسەر دەم يەكێكە لە هۆكارەكانى تووشبوون بە نەخۆشييەكانى مەمك لە ئافرەتاندا.



[1] - صحيح البخاري - كتاب الوضوء - باب الوضوء من النوم، الرقم 212.

[2] - صحيح البخاري - كتاب مواقيت الصلاة - باب ما يكره من النوم قبل العشاء، الرقم 568.

[3] - مسند أحمد بن حنبل - مسند عبد الله بن مسعود، الرقم 3673 و حسنه شعيب الأرناؤوط.

[4] - صحيح البخاري - كتاب أحاديث الأنبياء - باب أحب الصلاة إلى الله صلاة داود، الرقم 3420.

[5] - صحيح البخاري - أبواب التهجد - باب من نام أول الليل وأحيا آخره، الرقم 1146.

[6] - صحيح البخاري - أبواب التهجد - باب من نام عند السحر، الرقم 1133.

[7] - صحيح البخاري - أبواب التهجد - باب من تحدث بعد الركعتين ولم يضطجع، الرقم 1161.

[8] - مسند أبي يعلى الموصلي - مسند أبي بكر الصديق، الرقم 78.

[9] - صحيح مسلم - كتاب الْأشربة - باب جواز استتباعه غيره إلى دار من يثق برضاه بذلك، الرقم 2038.

[10] - صحيح البخاري - أبواب التهجد - باب طول السجود في قيام الليل، الرقم 1123.

[11] - صحيح البخاري - كتاب الدعوات - باب النوم على الشق الأيمن، الرقم 6315.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى