خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

بەدەمەوەنەچوون، يان هەنگاونەنان بەرەو خراپە و حەرامەكان و خۆپاراستن لە بەديەكان، وەك بەدەمەوەچوونى چاكە و بەجێگەياندنى بوارە ئەرێنييەكان گرنگە، چونكە خواى گەورە لەپاڵ حەڵاڵكردنى پاكييەكاندا، پيسيەكانى لە ئادەميزادەكان حەرام كردووە، وەك دەفەرموێت (يَأْمُرُهُمْ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ)، (فەرمانيان پێ دەكات چاكە بكەن و رێگرييان لێ دەكات لە ئەنجامدانى خراپە و پاكيەكانيان بۆ حەڵاڵ دەكات و پيسيەكانيان لەسەر حەرام دەكات).

يەكێك لە هۆكارەكانى تەندروستيى خۆشەويستمان، پابەندبوونى بوو بە حەڵاڵەكان و خۆگرتنەوەى بوو لە حەرامەكان، تەنانەت لە سەردەمى پێش پێغەمبەرايەتيشدا، خواى گەورە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لە حەرامەكان پاراست، بۆيە لە هەموو كتێبەكانى فەرموودە و دەقەكانى ناو مێژوودا نابينين پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە پێش پێغەمبەرايەتى و دواى پێغەمبەرايەتيشدا، دەستى بردبێت بۆ يەكێك لە حەرامەكانى وەك زينا و مەينۆشى و خواردنى گۆشتى مردارەوەبوو و هتد..، لەكاتێكدا ئەوانە بۆيە حەرام كراون، لەبەرئەوەى مەرجى پيسێتييان تێدايە، هەر پيسييەكيش زيانى هەيە بۆ ئادەميزاد.

لەمڕۆدا هێشتا بەشێك لە ئادەميزاد بە بيانووى خەمخۆريى بۆ ئاژەڵ، يان بيانووى جۆراوجۆرى تر، گۆشتى مردارەوەبوو دەخۆن، ئاژەڵەكە بە چەشنى جياجيا دەمرێنن، ئێنجا سەرى دەبڕن، لەكاتێكدا ئيسلام مەرجى داناوە پێش گياندەرچوونى ئاژەڵەكە دەبێت دەست ببرێت بۆ سەربڕينى هەتا خوێنى ناو لەشى ئەو ئاژەڵە بە تەواوەتى لە لەشيدا نەمێنێت، ئەمەش كراوە بە تانەيەك لەسەر ئيسلام و بيانوويان ئەوەيە كە ئەوە توندوتيژييە بەرامبەر بە ئاژەڵان، لەكاتێكدا ئاسانترين رێگەى گياندەرچوونە بۆيان، چونكە كاتێك سەرى ئاژەڵ لە لەشى جيابوويەوە، ئيتر رێگەيەك نيە هەتا لە دڵەوە خوێن بچێت بۆ مێشك، بەم چەشنەش مێشك رێنماييەكانى هەستەكان نانێرێت و هەستى ئازار لەو ئاژەڵەدا نامێنێت.

هەڵەيەكى ترى سەردەم ئەوەيە كە هەندێ جار بۆ چارەسەرى بڕێك نەخۆشى، دەست دەبرێت بۆ حەرامەكان، ئەم حاڵەتە هەر لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هەبوو و كاتێك پرسيار لە خۆشەويستمان كرا، هێڵێكى سوورى لەدەور كێشا و بە قەدەغەى لەقەڵەمدا و فەرمووى (إِنَّ اللهَ لَمْ يَجْعَلْ شِفَاءَكُمْ فِيمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ[1] (خواى گەورە شيفاى نەخۆشييەكانى ئێوەى لەو شتانەدا دانەناوە كە لەسەرى حەرام كردون).

يەكێك لە هاوەڵان هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و سەبارەت بە مەى پرسيارى لێكرد، ئەويش رێگريى لێكرد لەوەى دروستى بكات، هاوەڵەكە وتى: من تەنها بۆ دەرمان و چارەسەر دروستى دەكەم، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم فەرمووى (إِنَّهُ لَيْسَ بِدَوَاءٍ ، وَلَكِنَّهُ دَاءٌ[2] (ئەوەى دەرمان و چارەسەر نيە، بەڵكو خۆى دەردە).

تەنانەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێى نەداوە لە بەكارهێنانى حەرامەكان بە رێژەى كەميش، نەبادا خەڵكێك بە بيانووى كەمى رێژەى حەرامێك، دەستى بۆ ببەن، بۆيە فەرمووى (مَا أَسْكَرَ كَثِيرُهُ فَقَلِيلُهُ حَرَامٌ)،[3] (هەر شتێك زۆر خورادنى كەسەكە سەرخۆ بكات، ئەوە كەمخواردنيشى حەرامە).

زانستى ئەمڕۆ باسى لە خراپى مەى كردووە، بەڵكو لە كتێبە پزيشكييەكاندا مەى لە ريزبەندى بەشى دەردەكاندا باسكراوە نەوەك لە بەشى سوود و چارەسەرەكاندا، راستيەكەشى وايە، مەينۆشيى هۆكارە بۆ لەناوچوونى ژمارەيەكى زۆر لە خەڵك، زياتر لە حەشيش و چەندين قەدەغەكراوى تر زيانى بە ئادەميزاد گەياندووە، بەڵام هەتا ئەمڕۆش لە زۆر شوێنى جيهاندا رێگەدراوە بە فرۆشتن و خواردنەوەى مەى و وەك تاوان مامەڵەى لەگەڵ ناكرێت.

 جێى سەرسوڕمانە كەسانێك پەنا دەبەن بۆ لەدەستدانى عەقڵى خۆيان و خوو دەدەنە مەينۆشيى، ئەمە وێڕاى زيانە جەستەييەكانى ترى كە بەشێكى لەمڕۆدا ئاشكرا بووەو زۆرێكيشيان هێشتا ئاشكرا نەبون، چونكە هێشتا زانست نەگەيشتۆتە كۆتايى رێ و رۆژ دواى رۆژ رووەو پێشڕەوى هەنگاو دەنێت، زۆر حەرامكراو هەن كە هەتا ئەمڕۆش زانست نەيتوانيوە بە تەواوەتى پەى ببات بە هۆكارەكانى حەرامبوونيان، بەڵام ئێمە وەك موسڵمان دڵنياين لەو بنەمايەى كە قورئان دايناوە (پيسييەكان حەرام كراون).

ئەمريكا لە ساڵى 1919 دا پاش دڵنيابوونەوەى لە زيانەكانى مەى، بە ياسايەك بڕيارى قەدەغەكردنى مەى دا و سزا دانرا بۆ هەر كەسێك مەى بخواتەوە، بەڵام خەڵكى وڵاتەكە بە شێوەيەكى گشتى دەستيان نەگرتەوە، بەم هۆيەوە ژمارەيەكى زۆريان سزاى دارايى دران، بارودۆخەكە ئاڕاستەيەكى وەرگرت كە نەياندەتوانى چارەسەرى بكەن، بۆيە بە ناچارى پاش چواردە ساڵ لە قەدەغەكردنى، جارێكى دى رێگە درا بە خەڵكى ئەمريكا بنەونەوە مەينۆشيى.

لە بەرامبەر ئەم ئەزموونەى ئەمريكادا، ئەزموونى موسڵمانان لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەبينين كە كاتێك دەقێكى قورئان دابەزى و حەرامبوونى مەى چەسپاند (إِنَّمَا يُرِيدُ الشَّيْطَانُ أَنْ يُوقِعَ بَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاءَ فِي الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ وَيَصُدَّكُمْ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ وَعَنِ الصَّلَاةِ فَهَلْ أَنْتُمْ مُنْتَهُونَ)، (شەيتان دەيەوێت هەر بە شەرابخواردن و قوماركردن، دوژمنايەتى و قين بخاتە ناوتان و لە يادى خوا و لە نوێژكردن رێتان لێ بگرێت و وەرتانگێڕێت، ئاخۆ ئيتر ئێوە لەو كارانە دەستبەردار دەبن؟)، موسڵمانان يەكسەر دەستبەرداريى بوون و وتيان: كۆتاييمان پێ هێنا،[4] پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەسێكى راسپارد هەموو موسڵمانان لەو حەرامكردنە ئاگادار بكاتەوەو بە كۆڵانەكاندا بگەڕێت و هاوار بكات: ئاگاداربن، مەى حەرام كرا، بە بيستنى ئەو بڕيارە، ئەوانەشى لە ماڵەوە بوون و مەى لەبەردەمياندا دانرابوو، دەستيان هەڵگرت و مەيەكەيان رژاند.[5]

 ئەوەى جێى داخ و مايەى خەفەتە، لەمڕۆدا دەست براوە بۆ كۆمەڵە ماددەيەكى خراپتر لە مەى، واتە وێڕاى ئەوەى هێشتا لە وڵاتەكەماندا مەى دەفرۆشرێت و بەكاردێت، گەنجەكانمان بە مەبەست تووشى ماددەى هۆشبەر دەكرێن و لە ئاستە جياوازەكانيشەوە دەست لەم بابەتە شل كراوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ناتەندروستيى تاكەكانمان و دواجار رەنگدانەوەى لەسەر كۆى كۆمەڵگەكەمان.



[1] - السنن الكبرى للبيهقي - كتاب الضحايا - باب النهي عن التداوي بالمسكر، الرقم 19741.

[2] - صحيح مسلم - كتاب الْأشربة - باب تحريم التداوي بالخمر، الرقم 1984.

[3] - سنن ابن ماجه - أبواب الأشربة - باب ما أسكر كثيره فقليله حرام، الرقم 3394.

[4] - سنن أبي داود - كتاب الأشربة - باب تحريم الخمر، الرقم 3670.

[5] - صحيح البخاري - كتاب المظالم - باب صب الخمر في الطريق، الرقم 2464.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى