دڵ و گرنگى و پاراستنى

ئەو بەشەى جەستە کە باسی ئەکەین، گرنگترین و بە بەهاترین ئەندامی جەستەیە، پاشای جەستە و هۆی چاک و خراپی لەشە، وەستانی واتە وەستانی ژیان و فەوتانی واتە نەمان، ئەویش بریتیە لە دڵ، چاکبوون و سەلامەتی و پارێزرانی، واتە براوەیی هەردوو دنیا، خراپبوون و دۆڕانیشی، واتە دۆڕان و زەرەرمەندی هەردوو دنیا.

جیاوازیەکی ئەم باسە لەوەدایە، ئەگەر هەر بەشێکی تری جەستەی ئادەميزاد باس بکەین، لەوانەیە بە چەند بەرگێک لە لایەنە پزیشکیەکەی دەرنەچین، بەڵام پەیوەستکردنی بە ژیانی ئادەميزاد و وردەکاریەکانی رۆژانەوە، ئەستەمی و سنوورداریەکی تێدایە، بەڵام بابەتی دڵ، ئەگەر چەندان بەرگ لەسەر لایەنە پزیشکیەکەی هەبێت، دەکرێت چەند بەرامبەری ئەوە پەیوەست بە ژیانی رۆژانەی ئادەميزاد و خۆشی و ناخۆشی و چاک و خراپی و پەیوەندیەکانەوە، لە بارەیەوە هەبێت.

ئەم ئەندامەی لەش لای پزیشکەکان ناسراوە بە (ڤایتال ئۆرگان)، ئەندامی سەرەکی ژیانی ئادەميزادەو پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، وەک چۆن ئەگەر سەیارەیەکت هەبێت یەک کۆنترۆڵ یان یەک سویچی هەبێت، چۆن بە وریاییەوە دەیپارێزیت بۆ ئەوەی ون نەبێت، ئەی ئەگەر بزوێنەرەکەی لەکار بکەوێت، ئەوە دەبێت لە لقی سەرەکی کۆمپانیاکەوە دەستت بکەوێت، دەی دڵ وێنەی ئەو بزوێنەرەیە کە بە لەدەستدانی تەنها لای خوای تاک و تەنها دەست دەکەوێتەوە، خوای گەورەش سوننەتی خۆی ناگۆڕێت، بۆیە دەبێت وریای سوننەتە خواییەکان بین و رێنماییەکانی پەروەردگار بگرینەبەر لەپێناو پاراستنی ئەو بزوێنەرە گرنگەدا.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (أَلَا وَإِنَّ فِي الْجَسَدِ مُضْغَةً إِذَا صَلَحَتْ صَلَحَ الْجَسَدُ كُلُّهُ ، وَإِذَا فَسَدَتْ فَسَدَ الْجَسَدُ كُلُّهُ ، أَلَا وَهِيَ الْقَلْبُ[1] (چاک بزانن، لە جەستەدا پارچەیەک هەیە، ئەگەر چاک بوو هەموو جەستەش چاک دەبێت، ئەگەریش خراپ بوو، هەموو جەستە خراپ دەبێت، چاک بزانن ئەو پارچەش بریتیە لە دڵ)

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چەند رێكارێكى گرتۆتەبەر كە هۆى تەندروستيى دڵ بون، هاوكات گرنگيى بەو وەرزشانەش داوە كە دڵێكى فراوان و ئاسوودەيان پێ بەخشيوە، وەك شاخڕەويى، هاوكات پيادەكردنى ئەو جۆرە وەرزشەش بەڵگەيە لەسەر بوونى دڵێكى ساغ، چونكە ئەوانەى نەخۆشيى دڵيان هەيە، تواناى شاخڕەوييان نابێت و دەبێت جووڵەى قورسيان نەبێت، لەكاتێكدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەچوويە سەر كێوى ئوحود و شاخەكانى سەور و نوور.

ئەبووهوڕەيرە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەسەر كێوى حەڕاء بوو و ئەبووبەكر و عومەر و عوسمان و عەلى و تەلحەشى لەگەڵ بوو.[2]

ئەم سەركەوتنەشى تەنها يەك جار نەبووە، بەڵكو چەند جارى تر سەركەوتووەو هەر جارە و چەند هاوەڵێك هاودەمييان كردووە، وەك ئەنەسى كوڕى ماليك شاخڕەوييەكى تر باس دەكات و دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەركەوت بۆ سەر كێوى ئوحود و ئەبووبەكر و عومەر و عوسمانيشى لەگەڵ بوو.[3]

عوسمانيش دەيوت: ئايا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەسەر سەبيرى مەككە بوو و ئەبووبەكر و عومەر و منيش هاودەميمان دەكرد..[4]

رێژەى مردنى ئادەميزادەكان بە زەبحەى دڵ، ياخود جەڵتەى دڵەوە، لە وڵاتێكى وەك ئەمريكادا لە ساڵێكدا دەگاتە نزيكەى نيو مليۆن كەس، لە بەريتانياش ساڵانە نزيكەى 150 هەزار كەس بە زەبحەى دڵ دەمرن.

بەڵگەيەكى ترى تەندروستيى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەبوونى نۆ خێزانى بووە لەكاتێكدا لە رووى تواناى جنسيەوە هيچ گرفتێكى نەبوو، دەشزانرێت كە هەر سەرجێيەك رێژەيەكى زۆرى سەرفكردنى كالۆريى و ماندووبوونى پێويستە، بەڵكو هاوەڵان پێيان وابوو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تواناى سى پياوى پێ دراوە.

يەكێك لەو هۆكارانەى كە زيان بە دڵ دەگەيەنێت، پڕكردنى گەدە و زۆرخواردنە كە بەهۆيەوە فشار دەكەوێتە سەر ناوپەنچك و لەوێوە فشار لەسەر دڵ دروست دەبێت، بەڵام خۆشەويستمان هەرگيز رێگەى نەدەدا گەدەى پڕ بێت، وەك پێشتريش لەباسى قەڵەويدا قسەمان لەسەر كردووە.

بەرزيى كۆڵسترۆڵيش يەكێكى ترە لە هۆكارەكانى نەخۆشيى دڵ، بەڵام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) زياتر گرنگيى داوە بە زەيتى زەيتوون كە دوورە لەو جۆرە چەورييە زيانبەخشە، هاوكات سركەى زۆر بەكاردەهێنا كە هۆكارە بۆ توانەوەى چەورى ناو لەش.

هاوكات پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رەچاوى ئارامى دڵى كردووەو خۆى پاراستووە لەو حاڵەتە دەروونيانەى كە زيان بە دڵ دەگەيەنن، وەك تووڕەبوون، بۆيە بەردەوام رێنمايى هاوەڵانى دەكرد تووڕە نەبن و خۆيان دووربگرن لە هەڵچوون.

لە توێژينەوەيەكدا كە لە كۆلێجى پزيشكيى ئەنيشتاين كراوە، گەيشتوون بەو ئەنجامەى كە كەسانێك خاوەن باوەڕن، تووشبوونيان بە نەخۆشييەكانى دڵ كەمترە لەو كەسانەى كە باوەڕدار نين، چونكە پەرستشەكان بە بەردەوامى، هۆكارن بۆ توانەوەى چەورى و بوونى جووڵەى نەرمى بەردەوام كە بۆ تەندروستى جەستە باشە، هاوكات ئاراميەكى دەروونيى دوور لە دوودڵيى و رارايى و هەڵچوونى لێ بەرهەم دێت كە ئەمەش تەندروستيەكى باش بە دڵ دەبەخشێت، بۆيە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە كاتى نوێژ دەهات، بە بيلالى دەفەرموو (يَا بِلَالُ ، أَقِمِ الصَّلَاةَ ، أَرِحْنَا بِهَا[5] (ئەى بيلال، قامەت بكە بۆ نوێژ با بەهۆيەوە ئاراميمان دەست بكەوێت).

یەکێک لە هۆکارەکانی چارەسەری نەخۆشی دڵ، بریتیە لە گوێگرتن لە قورئانی پیرۆز  وخوێندنەوەو رامان لە ئایەتەکانی، وەک خوای گەورە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَتْكُمْ مَوْعِظَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَشِفَاءٌ لِمَا فِي الصُّدُورِ وَهُدًى وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ ) (يونس: 57) (ئەی خەڵکینە! بێگومان پەندو ئامۆژگارییەکی گەورەو مەزنتان لای پەروەردگارتانەوە بۆهات، سزای خواتان وەبیردەخاتەوە و شفاو دەرمانیشە بۆ ئەو گومان و نەفامییەی لە سینگدایە و رێنمایی و ڕەحمەت و بەزەییشە بۆ گشت باوەڕداران).

چارەسەرێکی دیکەی نەخۆشیەکانی دڵ بریتیە لە زۆر هاتوچۆکردنی مزگەوت و چاوەڕوانی نوێژەکان، لە رۆژئاوادا ئەو کەسانەی زەبحەی دڵیان هەیە، چارەسەری رێ رۆیشتنیان بۆ دەنووسن، دەبێت رۆژانە چەند جارێک لە ماڵی خۆیان بچنە دەرەوەو پیاسە و جووڵەیەکیان هەبێت، ئیسلام پێشوەختە و پێش نەخۆشکەوتن چارەسەری داناوە کە لە شەو و رۆژێکدا پێنج جار لە ماڵ بچیتە دەرەوەو بچیت بۆ مزگەوت، هەر هەنگاوێ زیاتر بنێیت خێرێکی زیاترت دەست دەکەوێت و تاوانێکت لەسەر دەسڕێتەوە، بۆ جەستەشت چەوریەکی زیاتر دەسووتێنی و تەندروستیەکی باشترت دەبێت، پاشان لەوێ پەرستشی خوا بکەیت و ئارامیەک بە دەروونت بدەیت، چونکە یادی خوا و پەرستش ئارامی دەبەخشێت بە دڵەکان (الَّذِينَ آَمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِكْرِ اللَّهِ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ  ) (الرعد: 28)، (ئەمانەیش دەگەڕێنەوە بۆلای خوا ئەوکەسانەن کە بڕوای چاک و پوختیان هێناوەو، هەر بەئیتاعەو یادی خوایش دڵیان دادەمەزرێ و ئاسوودە دەبێت، جا چاک بزانن! بەیادی خوا دڵەکان ئۆقرە دەگرن و ئاسوودە دەبن).

هێندە سەردانی مزگەوت بکەیت هەتا دڵت پێوەی هەڵدەواسرێت (سَبْعَةٌ يُظِلُّهُمُ اللَّهُ فِي ظِلِّهِ يَوْمَ لاَ ظِلَّ إِلاَّ ظِلُّهُ: ... رَجُلٌ قَلْبُهُ مُعَلَّقٌ فِي الْمَسَاجِدِ)[6] (حەوت تاقم هەت لە رۆژی دواییدا خوای گەورە دەیانخاتە ژێر سێبەری خۆی، رۆژێ کە هیچ سێبەرێ نیە سێبەری خوا نەبێت ... کەسێ دڵی هەڵواسرابێ بە مزگەوتەکانەوە).

هۆکارێکی دیکەی پاراستنی دڵ، بریتیە لە تووڕە نەبوون، چونکە هەموو تووڕەبوونێک (43) ماسولکە لە ئادەميزاددا ئەجوڵێنت و کرژی دەکات، بەڵام هەموو زەردەخەنەیەک لە ئادەميزاددا (17) ماسولکە دەجووڵێنێت، بۆیە هەمیشە دەبێـت خۆمان لە توڕەبوون بپارێزین، ئەمە واتای ئەو فەرموودەیە کە باس لەوە دەکات کابرایەک هاتە لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داوای ئامۆژگاری لێ کرد، ئەویش پَی فەرموو (تووڕە مەبە)، کابرا سێ جار هەمان داوای کرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هەمان شتی لێ دووبارە کردەوە.[7]



[1] - صحيح البخاري - كتاب الإيمان - باب فضل من استبرأ لدينه، الرقم 52، صحيح مسلم - كتاب البيوع - باب أخذ الحلال وترك الشبهات، الرقم 1599.

[2] - صحيح مسلم - كتاب فضائل الصحابة - باب من فضائل طلحة والزبير، الرقم 2417.

[3] - صحيح البخاري - كتاب فضائل الصحابة - باب مناقب عمر بن الخطاب، الرقم 3686.

[4] - سنن النسائي - كتاب الأحباس - باب وقف المساجد، 3/3610.

[5] - سنن أبي داود - كتاب الأدب - باب في صلاة العتمة، الرقم 4985.

[6] - متفق عليه.

[7] - رواه البخاري.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى