تۆمەتەكانی بێباوەڕان بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)

دیارترین ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەكران و لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون بریتین لە:

یەكەم: جادووگەر: (أَكَانَ لِلنَّاسِ عَجَبًا أَنْ أَوْحَيْنَا إِلَى رَجُلٍ مِنْهُمْ أَنْ أَنْذِرِ النَّاسَ وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُوا أَنَّ لَهُمْ قَدَمَ صِدْقٍ عِنْدَ رَبِّهِمْ قَالَ الْكَافِرُونَ إِنَّ هَذَا لَسَاحِرٌ مُبِينٌ) (یونس: ٢)، (ئاخۆ بۆ خەڵك جێی سەرسوڕمانە كەوەحیمان بۆ پیاوێكیان كردووەو كردوومانەتە پێغەمبەرو پێمان گوتووە ؟! كە گشت مەردم بەسزای دواڕۆژی خوای گەورەو بەدەسەڵات بترسێنە و بەو كەسانەش باوەڕیان هێناوە مژدەو مزگێنی بدە كە بەڕاستیی پایەو پلەو پاداشی باش و بەرزیان بۆ هەیە لای پەروەردگاریان، بە هۆی ئەوەی لە دنیادا كاروكردەوەی چاكیان پێشخستووە، كەچی كافرو بێ‌ باوەڕەكان بەپێغەمبەرێكی ئاوایان گوت: بێگومان ئەم موحەممەدە جادووگەرێكی ئاشكراو ڕوونە!).

دووەم: جادووی لێ كراو: (نَحْنُ أَعْلَمُ بِمَا يَسْتَمِعُونَ بِهِ إِذْ يَسْتَمِعُونَ إِلَيْكَ وَإِذْ هُمْ نَجْوَى إِذْ يَقُولُ الظَّالِمُونَ إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلَّا رَجُلًا مَسْحُورًا) (الإسرا‌ء: ٤٧)، (ئێمە لە هەمووكەس چاكتر دەزانین كە خوا نەناسەكان بە چ نیازێ‌ گوێ‌ بۆ قورئان دەگرن، كاتێ‌ گوێت بۆ دەگرن و، ئەوكاتەش كە دەكەونە چرپە چرپ و سرتە سرت، واتە: ئاگامان لێیانە كەچۆن لاقرتیی و گاڵتە دەكەن و دەڵێن: جادووبازە، یان دەڵێن جادووی لێكراوە! ئەودەمەی كە ستەمكارەكان لەناو یەكتردا دەڵێن: ئێوە هەر لەپیاوێكی جادوولێكراو پەیڕەوی دەكەن).

سێهەم: درۆزن: (وَعَجِبُوا أَنْ جَاءَهُمْ مُنْذِرٌ مِنْهُمْ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ) (ص: ٤)، (سەرسام مان لەوە كە هەر لە خۆیان – نەك لە فریشتە- پەیامبەرێكی (ترسێنەریان) بۆ هات؟!. بێ‌ باوەڕەكان – لە باتی تەسلیم بوون و باوەڕهێنان- وتیان: ببێ‌ و نەبێ‌ ئەم موحەممەدە كە دەڵێت: من نێرراوی خوام جادووگەرێكی درۆزنە!).

چوارەم: شێتی: (وَإِنْ يَكَادُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَيُزْلِقُونَكَ بِأَبْصَارِهِمْ لَمَّا سَمِعُوا الذِّكْرَ وَيَقُولُونَ إِنَّهُ لَمَجْنُونٌ) (القلم: ٥١)، (وە بەڕاستی ئەی پێغەمبەر! ئەوانەی كە كافرو بێ‌ بڕوا بوون نزیكە لە ڕق و دوژمنایەتیدا بە چاویان هەڵت دێرن، وەختێ‌ كە قورئانیان بیست وە لەگەڵ ئەوەیشدا دەڵێن: بەڕاستی ئەو (موحەممەد)ـە شێتە!).

پێنجەم: شاعیر: (وَيَقُولُونَ أَئِنَّا لَتَارِكُو آلِهَتِنَا لِشَاعِرٍ مَجْنُونٍ) (الصافات: ٣٦)، (دەشیانگوت: ئایا ئێمە بۆ شاعیرێكی شێت و لێوەی وەكو موحەممەد، واز لە خواكانمان بێنین؟!).

شەشەم: كاهین: (وَلَا بِقَوْلِ كَاهِنٍ قَلِيلًا مَا تَذَكَّرُونَ) (الحاقە: ٤٢)، (وتەو قسەی جووكیش نیە، كەموایە بیربكەنەوەو ئامۆژگاری وەرگرن).

حەوتەم: ئەفسانەی پێشینان: (حَتَّى إذا جَآؤُوكَ يُجَادِلُونَكَ يَقُولُ الَّذِينَ كَفَرُواْ إِنْ هَذَا إِلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ) (اڵانعام: ٢٥)، (ئەوساكەیش كە هاتنە لات دەكەونە شەڕە قسەو چەلەحانێ‌ لەگەڵت كافرو بێ‌ باوەڕەكان دەڵێن: ببێ‌ و نەبێ‌ ئەم قورئانە هەر ئەفسانەو (ئوستورە)ـی پێشووەكانە، لەوە بەولاوە شتێكی دی نیە).

هەشتەم: درۆ و هەڵبەستە: (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ هَذَا إِلَّا إِفْكٌ افْتَرَاهُ وَأَعَانَهُ عَلَيْهِ قَوْمٌ آخَرُونَ فَقَدْ جَاءُوا ظُلْمًا وَزُورًا) (الفرقان: ٤)، (وە ئەو كافرو بێ‌ باوەڕانە دەربارەی قورئان گوتیان: ئەم قورئانە هەر درۆیەو، موحەممەد  خۆی هەڵیبەستووە و كەسانی تریش - وەك خاوەن نامەكان- بۆ هۆنینەوەو رێكخستنی یارمەتییان داوە، بەڕاستیی هەرچییەكیان گوت، بوختانەو ستەمێكی گەورەش دەكەن).

نۆیەم: مرۆڤێك فێری كردووە: (وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّهُمْ يَقُولُونَ إِنَّمَا يُعَلِّمُهُ بَشَرٌ لِّسَانُ الَّذِي يُلْحِدُونَ إِلَيْهِ أَعْجَمِيٌّ وَهَذَا لِسَانٌ عَرَبِيٌّ مُّبِينٌ) (النحل: ١٠٣)، (سوێندبێ‌ ئەمەش چاك دەزانین كەئەوانە پێت دەڵێن هەر ئادەمیە كە ئەم قورئانەی فێر دەكات، خۆ زمانی ئەوكەسەی ئەوان نیازیانە ئەم قورئانە بدەنە پاڵی ئەو، عەجەمییەو لەعارەبیش نەزان و كۆڵە، ئەم قورئانەش بەزمانێكی عەرەبیی خۆشخوان و رەوانبێژی ئاشكرایە).

جا خۆیشیان نەیاندەزانی بڕیاری كام لەو تۆمەتانەی بۆ بدەن، تووشی سەرلێشێوانێك بوون نەیاندەزانی چۆن بەرەی تۆمەتەكانیان یەكخەن، خوای گەورە دەفەرموێت (انظُرْ كَيْفَ ضَرَبُواْ لَكَ الأَمْثَالَ فَضَلُّواْ فَلاَ يَسْتَطِيعْونَ سَبِيلاً) (الإسرا‌ء: ٤٨)، (دەسا بڕوانە چۆن نموونەی جۆراوجۆرت بۆ دەهێننەوە بەوەش سەریان لە خۆیان تێكدا، بۆیە جارێ‌ دەڵێن شێتە، جارێكی تر دەڵێن جادووی لێكراوە.. گومڕایە، ساحیرە، شاعیرە!! ئینجا ناتوانن رێگەیەك بۆ هیدایەت بدۆزنەوە).

ئەگەرسەیری تۆمەكانی قوڕەیش بدەین بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) قوڕیش بەزمانی حاڵ بە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) دەڵێن  ئێمە هیچ كێشەیەكی شەخصیمان لە گەڵ تۆدا نییە، خۆت ئاقڵی خۆت حەكیمی خۆت هەموو شتێكی لەناو ئێمەدا، بەڵام كێشەمان لەگەڵ پەیامەكەتدا هەیە، ئەمەش بە بەڵگەی ئەو ئایەتەی دەفەرموێت (وَقَالُوا يَا أَيُّهَا الَّذِي نُزِّلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ إِنَّكَ لَمَجْنُونٌ) (الحجر: ٦)  (بێ‌ باوەڕەكان -بەگاڵتەوە- بەپەیامبەریان  گوت: ئەی ئەو كەسەی - وەك خۆت دەەڵێیت - قورئانت بۆ هاتووە، دڵنیابە تۆ دێوانەو شێتی!).

خوای گەورەش ئەو مەسەلەی روونكردوەتەوە كە مەبەستی بێباوەڕان بەدرۆخستنەوەی خودی كەسێتی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) نیە، بەڵكو مەبەستیان بەدرۆخستنەوەی ئایینی خوایە، وەك دەفەرموێت (قَدْ نَعْلَمُ إِنَّهُ لَيَحْزُنُكَ الَّذِي يَقُولُونَ فَإِنَّهُمْ لَا يُكَذِّبُونَكَ وَلَكِنَّ الظَّالِمِينَ بِآيَاتِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ) (اڵانعام: ٣٣)، (چاك ئەزانین بەوقسانەی كە كافروبێ‌ باوەڕەكان بەرامبەر بە تۆ دەیكەن و دەڵێن، گوایە بەقسەی ئەوان تۆ شاعیرو شێت بی! ئەوساش بەو وشە ناپەسەندەیان دڵ زویر ئەبیت، لەڕاستیشدا لەسەر بنەمایەك بەدرۆزنت نازانن، بەڵكو چاك ئەزانن تۆ راستگۆیت، بەڵكو لەبەر  ئەمەیە كە ستەمكارو بێ‌ باوەڕەكان كردوویانە بەپیشە كە هەردەم نكوڵی و ململانێی ئایەتەكانی خوا بكەن).

ئەو كەسانەی دوژمنایەتی پێغەمبەریان (صلی الله علیە وسلم) دەكرد و تۆمەتیان بەسەردا دەبەخشیەوە ئەمانە بوون:

یەكەم: موشریكەكانی قوڕەیش كە پێشەنگی ئەو تۆمەت بەخشینەوەیە بوون.

دووەم: هۆزەكانی دەرەوەی مەككە كە پاڵپشتی قوڕەیش بوون لە تۆمەت بەخشینەوەدا.

سێهەم: مەسیحیەكان، ئەمانە لە قۆناغی مەككەدا زۆر رۆڵیان نەبوو، دواتر لە قۆناغی مەدینەدا كەوتنە تۆمەت بەخشینەوەو دوژمنایەتی كردن.

چوارەم: جوولەكەكان: ئەمانیش لە قۆناغی مەككەدا دەستیان پێكرد.

پێنجەم: مونافیقەكان (دووڕووەكان)، ئەمانیش لە قۆناغی مەدینەدا رۆڵی خۆیان بینی.

شەشەم: رۆم‌و فارسەكان، ئەمانە هێندەی ئیشیان لەسەر دوژمنایەتی دەكرد، هێندە سەرقاڵی تۆمەت بەخشینەوە نەبوون.

هەموو ئەمانە لە قۆناغێ لە قۆناغەكاندا دژایەتی پێغەمبەری خوایان دەكرد و هەریەكەو بە پێی خۆیان درێغییان نەدەكرد لە تۆمەت دروستكردن یان دژایەتیكردنی، هەموو ئەم تۆمەتانەش نیشانەی لاوازی دوژمنن، دواتریش كە یەك یەك باسی تۆمەتەكانمان كرد، بە بەڵگە ئەمە دەسەلمێنین.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە