رەوشتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی

رەوشتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی

لەم باسەشدا دەچینە سەر بابەتی (رەوشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هێندەی پەیوەست بێت بە بابەتەكەمانەوە بە پوختی باسی ئەكەین، باسی شتێكیش ناكەین كە تەنها كەسێك بینیبێتی و لەو كات و سەردەمەدا لای خەڵك بەرچاو نەبووبێت، بەڵكو ئەو بابەتانە گوڵبژێر ئەكەین كە خەڵكێكی زۆر دیویانەو شاهیدییان لە بارەوە داوە.

ئەم بابەتەش گرنگە، دەبێت لێكۆڵینەوەی لە بارەوە بكەین هەتا بە بەڵگەوە فەرمایشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بسەلمێنین كە فەرموویەتی (بعثت لأتمم صالح اڵاخلاق)، (1) (نێردراوم تا رەوشتە چاكەكان بگەیەنمە كۆتا).

مەبەستیشمان بە ئەخلاق واتا گشتگیرەكەیەتی ، جا پێغەمبەرێك هاتبێت تا ئەم ئەركە بەجێ بگەیەنێت، دەبێت پێش هەموان خۆی تەواوی رەوشتبەرزی تێیدا رەنگی دابێتەوە، ناكرێت پزیشیكێكی نەخۆش بێت و تیماری خەڵك بكات، ئەمەیان پێغەمبەرایەتیەو گەیاندنی پەیامی خوایە، خوا لە رێی كەسی پاكەوە نەبێت پەیامە پاكەكەی نانێرێت.

لە پێناسەی ئەخلاقدا زۆر شت هاتووە، لەوانە ئەخلاق واتە كۆمەڵێك بەها و رێسا كە مرۆڤ لە چاكە و خراپەدا خۆی پێ دەبەستێتەوە، یان ئەوترێت واتە ئەو سروشت و عورف و عادەت‌و ئاكار و گوفتارەی كە مرۆڤ ئەینوێنێت، بۆچوونێكی تر دەڵێت ئەخلاق بریتیە لە مەیل و حەزێ لە حەزەكان كە زاڵ ئەبێت بەسەر مرۆڤدا و بە بەردەوام بوونی ئەگۆڕێت بۆ عادەت، ئەمیش كە بەردەوام بوو دەبێت بە ئەخلاق، واتە بەردەوامی دان بە حەز و تامەزرۆیی مرۆڤێك لەسەر شتێ.

بۆ نموونە كاتێك كەسێك ناسراوە بە رەوشتبەرزی یان بە حاڵەتێكی تر ناسراوە، هەڵوێستێ ئەنوێنێ كە لەگەڵ ئەو رابردووەیدا ناگونجێت، خێرا خەڵكی دەلێن چاوەڕێمان نەئەكرد شتی وا لەو بكەوێتەوە، چونكە رابردووی ئەو كەسە بەردەوام لەسەر رێڕەوێ چووە كە هەر لادانێك لێی، بە زەقی پێوەی دەردەكەوێت.

جا لێرەدا هەوڵ دەدەین باس لەوە بكەین رەوشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماوەی چل ساڵی پێش پێغەمبەرایەتیدا چۆن بووە، چونكە چل ساڵ ماوەیەكی زۆرە هەتا بتوانرێت بڕیار بدرێت لەسەر كەسەكە، شتێك زەمانەتی چوار ساڵی هەبێت، خەڵكێك لێی بێخەمن، ئەی ئەگەر كەسێك چل ساڵ ئەزموونی پێشووی زەمانەت بووبێت، دەبێت چەندە لێی بێخەم بین، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) چل ساڵ لە ژینگەیەكی بچووك و بە بەرچاوی خەڵكەوە ژیاوە، هیچ وردەكاریەكی ژیانی نەماوە زانیاری لە بارەوە نەهاتبێت، چونكە دەیان فلتەری تێپەڕاندووەو لە هەموویاندا بە سەلامەتی دەرچووبێت، هێندە بەسەر بۆ ناسین و بڕیاردان لەسەر كەسێك.

ئەخلاق بریتیە لە هێزێكی شەسپاو لە ویستی مرۆڤدا، ئەو حەز ئارەزوو و ئیرادەی مرۆڤ هەیەتی پاڵی ئێوە ئەنێت بۆ هەڵبژاردنی چاكە یان هەر چیەكی تر، دەی هەموو مێژوونووسان لەسەر ئەوە كۆكن كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەنێو هۆزەكەیدا ناسراوە بە رەوشتبەرزی و ئاكاری جوان و بە پەنجەی دەست ئاماژەی بۆ كراوە، وەك راستگۆیی و بەخشندەیی و خاكیبوون و ئەمانەت پارێزی و شەرم و نەرمونیانی، رۆژێ لە رۆژان سەرخۆش نەبووەو كەس لە حاڵەتێكی وادا نەیدیوە، قسەی بێ مانا و سەرەوخواری نەكردووە، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەروو ئاستی تۆمەت و گومانەكانەوە ژیاوە، هێندە ئاستی رەوشتی بەرز بووە، كە كەس نەیوێراوە تۆمەتی رەوشتی بداتە پاڵ و لەو روانگەوە تانەیەكی لێ بدۆزنەوە، بەڵكو لە سەروو ئاستی تۆمەت و گومانەكانەوە بووە، هەمان ئەو لادان و خراپەكاریەی كە دەوروبەرو هاوسەردەمیەكانی تیایدا دەژیان و بە شەو و رۆژ خەریكی بون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی بەدوور بوو.

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت (ما لعن رسول الله صلى الله عليه وسلم مسلما من لعنة تذكر، ولا ضرب بيده شيئا قط إلا أن يضرب بها في سبيل الله، ولا سئل عن شيء قط فمنعه، إلا أن يسأل مأثما كان أبعد الناس منه، ولا انتقم لنفسه من شيء قط يؤتى إليه إلا أن تنتهك حرمات الله فيكون لله ينتقم ، ولا خير بين أمرين قط إلا اختار أيسرهما)، (2) (پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز نەفرەتێكی وای لە موسڵمانێ نەكردووە كە جێی باس بێت، هیچكاتیش بە دەستی خۆی نەیداوە لە كەس مەگەر لە رێی خوادا بووبێت، هیچیشی لێ داوا نەكراوەو نەخێری كردبێت، مەگەر داوای تاوان و خراپەیەك بكرایە، ئیتر لە هەموو كەس زیاتر دووری دەگرت لێی، هەرگیز تۆڵەی لەبەر خۆی نەئەكردەوە مەگەر حەرام و سنوورێكی خوا ببەزێنرایە ئەوكات لەبەر خوا تۆڵەی ئەكردەوە، لەنێوان دو شتیشدا سەرپشك بكرایە ئاسانترەكەیانی هەڵئەبژارد، ).

جا ئەم شایەتیدانە زۆر گرنگە، چونكە شایەتی كەسێكی زۆر نزیكە كە ئاگادار بووە بە ورد و درشتی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەوەی زۆر كەس نەیانبینیوەو نەیانزانیوە، ئەم ئاگاداری بووە، ئەم ئافرەتە شایەتی ئەوە ئەدات كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مافی خۆی تووڕە نەبووەو نەهاتۆتە جواب، بەڵكو هەر ئازارێك درابێت، مادەم تایبەت بووە بە خۆی، لێخۆشبوون و چاوپۆشی هەبووە، بەڵام كاتێك مەسەلەكە پەیوەست بوایە بە دینەكەوە، ئەوكات چاوپۆشی نەئەكرد، ئەگەر سنووری خوا ببەزێنرایە، ئەوە دەموچاوی سوور هەڵئەگەڕا، لەنێوان دوو حەڵاڵدا ئاسانترینی هەڵئەبژارد، بەڵام لە حەرامدا هیچ شلگیریەكی نەئەبوو.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژە ئەدات بە گرنگی و بەهای رەوشت بەرزی و ئەو كەسانەی رەوشتبەرزن، ئەفەرموێت (إن خیاركم أحاسنكم أخلاقا)، (3) (چاكترینەكانتان رەوشت باشترینەكانتانن)، جا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەم بە رەوشتی و بە فەرموودەكانی پێشەنگی و هاندەرێكی گەورەیە بۆ هەموان تا رێی رەوشتبەرزی بگرنەبەر.

برناردشۆ دەڵێت چەندین جار زۆر بە چاكی ژیانی پێغەمبەری ئیسلامم خوێندۆتەوە، لە رەوشتبەرزی نەبێت هیچێكی ترم تێدا بەدی نەكردووە، رەوشتبەرزی بەو جۆرەی پێویستە ببێت، زۆر هیوام دەخواست ئیسلام ببوایە بە رێبازی هەموو جیهان)، هەر وایشە، چونكە خوا شایەتی داوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام و فەرموویەتی (وإنك لعلی خلق عظیم)، جا سەرچاوەی ئەم ئیسلامە ئەو پێغەمبەرەیە، موسڵمانانیش دەبێت ئەو رێڕەوە بگرنەبەر، هەرچەندە هەوڵێكی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی ئیسلام و رەوتی ئیسلامی لە كۆمەڵگەكەمان دابماڵرێت، جا بۆ ئەوەش دەیان پیلان دادەڕێژن.

كاتێ‌ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازی پێغەمبەرایەتی كرد، قوڕەیشی و گائیفیەكان رەخنەیان دەگرت و دەیانوت دەبێت ئەو پەیامە بۆ كەسانی تر داببەزیایە (وَقَالُوا لَوْلَا نُزِّلَ هَذَا الْقُرْآنُ عَلَى رَجُلٍ مِنَ الْقَرْيَتَيْنِ عَظِيمٍ) (الزخرف: ٣١)، (بیانوویەكی تریان گرت و وتیان: بۆچی ئەم قورئانە بۆ پیاوێكی گەورەی دەوڵەمەندی ئەم دوو شارە مەككەو تائیف نەهاتە خوار؟) دەیانوت دەبوو بۆ وەلیدی كوڕی موغیرە یان عوروەی كوڕی زوبەیر داببەزیایە، چونكە ئەوان ناوبانگ و دەوڵەمەندییان زیاترەو خەڵكی خانەدانیان لە دەورە، بەڵام خوای گەورە بە ویست و حەزی ئەوان ناكات، بەڵكو خۆی دەزانێ پەیامەكەی لە كوێ و بۆ كێ دادەبەزێنێت (اللهُ أَعْلَمُ حَيْثُ يَجْعَلُ رِسَالَتَهُ) (اڵانعام: ١٢٤)، ئیتر با خەڵكێك حەزی پێ بووبێت و چاوەڕوانی ئەوە بووبێت پێغەمبەرایەتی بۆ سەر ئەو دابەزێت، خوای گەورە خۆی زاناتر بووە، چونكە پێش هاتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەسانێك هەموو هەوڵێكیان ئەدا تا خۆیان وا لێبكەن هەتا ببنە پێغەمبەر، كەچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نە بە تەمای شتی وابوو و نە بیریشی لێكردبوویەوە، بەڵام چونكە شیاو بوو و خوا هەڵیبژاردبوو بۆ ئەو كارە، پێغەمبەرایەتی بۆ سەر ئەو دابەزی.

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) هەركات بچوایە بۆ دەست بە ئاو گەیاندن، زۆر زۆر دووردەكەوتەوە تا ئاتسێ هیچ كەس نەیبینێت، (إن رسول الله صلى الله عليه وسلم حين أراد الله كرامته وابتداءه بالنبوة كان إذا خرج لحاجته أبعد حتى لا يرى بيتا ويقضي إلى الشعاب وبطون الأودية)، (4) (پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێ خوای گەورە ویستی رێزی لی بنێت و سەرەتاكانی پێغەمبەرایەتیەكەی بوو، كە دەچوو دەست بە ئاو بگەیەنێت، زۆر دوور دەكەوتەوە تا ئەوەی هیچ ماڵێ نەئەبینرا، دەچووە شیو و قووڵایی دۆڵەكانەوە)، جاران وا باو بوو خەڵك لە دەشتایی و لە دەرەوەیا دەستیان بە ئاو ئەگەیاند، خەڵكی ۆر گوێیان نەئەدا بە دووركەوتنەوەو خۆشاردنەوە لەبەرچاوی خەڵكی، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر خۆی دەپاراست، چونكە پیاوێكی بەشەرم بوو، تەنانەت هاوەڵان دەفەرموون شەرمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە شەرمی بووكی ناو پەردە زیاتر بوو، ئەمەش زۆر سەختە كەسێك بتوانێت هەم سیفەتی شەرمنی و هەم سیفەتی سەركردەییش لە خۆیدا كۆبكاتەوە، شەرمنیەكە سیفەتی پێشینەی بوو، بەلام پێغەمبەرایەتیەكە ئەركێك بوو پێی سپێردرا، جا ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەرپشك بكرایە لە هەڵبژاردنی پێغەمبەرایەتیدا، بڕوام وایە وەرینەدەگرت، چونكە زۆر سەخت بوو بۆی و هیچ خۆی بۆ ئامادە نەكردبوو.

عائیشەی دایكی باوەڕداران كە زۆر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەژیا و هاوسەری بوو، كاتێك سەبارەت بە رەوشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیاری لێكرا، بە پرسیاركەرەكەی وت مەگەر قورئانت نەخوێندۆتەوە؟ ئەویش وتی با، عائیشەش وتی دەی رەوشتی پێغەمبەری خوا وەك قورئان وابوو، (5) واتە ئەوەی لە قورئاندا خوای گەورە روونی كردۆتەوە بۆ مرۆڤایەتی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ژیانی خۆیدا ئەزموونی كردووەو لە پەیڕەوی رۆژانەیدا بە بەرچاوی هاوەڵان و ژن و منداڵ و كەسوكاریەوە بەدیكراوە، ئیتر بیانوویەك نامێنێتەوە بۆ كەسێك بڵێت بە كەس ناكرێت، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی جێبەجێی كردووەو هەموویشی لە خۆیدا كۆكردۆتەوە، هەروەها بەڵگەیەكیش بێت بەسەر موسڵمانانەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك فەرمانی كردووە بە موسڵمانان جێبەجێی بكەن، خۆی جێبەجێی كردووەو ئەوە نەبووە فەرمان بە خەڵكی بكات و خۆی جێبەجێی نەكات، بەتایبەت ئەم شایەتیە لەلایەن خێزانەكەیەوە بێت، خێزانێك كە چەند هەوێی هەیە و تەنها خۆی هاوسەری نەبووە، هێندە دڵنیا بووە ترسی ئەوەی نەبووە هاوسەرێكی تری بڵێت وا نیە، لە هەموویشیان بچووكتر بووە، هەمان ئەم شایەتیە پێشتریش لەلایەن خەدیجەوە بۆی دراوە، خەدیجە هاوسەری یەكەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ژنە گەورەی بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە شڵەژاوی گەڕایەوە ماڵەوە، هەر كەسێكی تر بوایە تۆمەتی دەست وەشاندن و تێكچوون و نەخۆشی دەروونی و دەیان تۆمەتی تری دەدایە پاڵ، بەڵام خەدیجە نەوەك هیچ گومان ناكان، بەڵكو یەك پرسیاریشی لێ ناكات، چونكە پێشتر چاك ناسیویەتی و رەوشتبەرزی پیاوەكەی بینیوە، ئینجا وتە مێژووییەكەی دەڵێت (كلا والله ما يخزيك الله أبدا، إنك لتصل الرحم، وتحمل الكل، وتكسب المعدوم، وتقري الضيف، وتعين على نوائب الحق)، (6) (نا سوێند بەخوا، هەرگیز خوای گەورە سەرشۆڕت ناكات و پشتت بەرنادات، تۆ پەیوەندی خزمایەتی بەجێدەگەیەنیت و پاڵپشتی بێدەرەتانانی و دەستگرۆی نەبوانیت، میوانداری میوانان دەكەیت و لەسەر حەق هاوكار و پشتیوانیت).

جا ئەم قسانە دەبێت چۆن و لە چ بیركردنەوەیەكەوە هاتبن؟ هەر كەس لە ئێمە لەوێ بوایە، چ هەڵوێستێكی ئەبوو؟ بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە ئەم ئافرەتە هەم خۆی ژیر بووە، هەم چاك رەوشتبەرزی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) بۆ تاقی بوەتەوەو دەزانێت ئەو كەسایەتیە هی ئەوە نیە گومانی لێ بكرێت.

جا تەمەنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەرەتاوە تا چل ساڵی بەم چەشنە بووە، خۆپاراستنی تەواوەتی لە هەر تاوان و سیفەتێكی ناشیرین، لە ناو هەموو دەوروبەری نزیكی و ناو شاری مەككەشدا پەنجەی خێری بۆ رائەكێشرا، ئەگەر لە هەڕەتی گەنجیدا تووشی هەڵەو تاوانێك نەبووبێت، ئەوە لە تەمەنی چل ساڵی بە دوا زیاتر پارێزراو بووە، مەبەستیشمان لە تەمەنی چل ساڵیە بە رێكەوتی كۆچی نەوەك زاینی، لەو تەمەنەوە ئیتر رەوتی ژیانی مرۆڤ ئەگۆڕێت، دنیابینیەكی فراوانتر و كرانەوەیەكی زیاتری عەقڵی دێتەكایە، هەموو ئەزموونی چل ساڵی پێشووت رێك ئەخرێتەوەو ئەبێتە ئەرشیفێ كە بۆ داهاتووت سوودی لێ دەبینی.

پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە ماوەی چل ساڵی پێش پێغەمبەرایەتیدا، خوای گەورە ئاڕاستەی كرد و جوانترین رەوشتی پێدا تا ئاستێ ئەوانەی دوای پێغەمبەرایەتی كەوتنە دژایەتی كردنی، پێش پێغەمبەرایەتی هەموو دانێكی خێریان پیا ئەنا و لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بە راستگۆ و دەستپاك و خزم دۆست و بەخشندە و نەرمونیان و چەندین سیفەتی تری جوان وەسفیان دەكرد، دوای پێغەمبەرایەتیش رەوشتبەرزی و ئاكاری جوانی زیاتر و زیاتر بوو، هێندە بەسە كە خوای گەورە وەسفی كردووە بە (وإنك لعلی خلق عظیم).

 

----------

پەراوێزەكان:

1- مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8749،صححه شعيب الأرناؤوط، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4162 وقال على شرط مسلم و وافقه الذهبي.

2- المستدرك على الصحيحين، الرقم 4164 وقال على شرط الشيخين، و وافقه الذهبي.

3- رواه البخاري و مسلم.

4- المستدرك على الصحيحين، الرقم 7007، قال الذهبي لم يصح.

5- رواه مسلم و ابن خزيمة و ابن حبان.

6 - متفق عليه.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123