پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) پێش ئەوەی ببێتە پێغەمبەر، لە لایەن پەروەردگارەوە ئامادە كراوە، واتە كەسێك نەبووە وەك هەر كەسێكی ئاسایی ژیابێت و لە كتوپڕێكدا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردبێت، وەك كەسێك نیە لە نێوان شەوو ڕۆژێكدا بڵێ ئەمشەو خەوێكم بینیوە و تۆبەم كردووەو ئیتر هەرچیەك پێشتر كردوومە وازی لێ دێنم و ناچم بە لای كاری خراپە و مەی خواردنەوەو دزی و ...هتد دا، یان بڵێت من خاوەنی باوباپیرانێكی چاك و پاك بووم، پێم وتراوە رێڕەوەكەی ئەوان بگرمەبەر و واز لە خراپە بهێنم، بۆیە لەمەودوا واز دێنم و وا ئەشبم بە پێغەمبەر، هەم بۆ خۆی نەگونجاوەو هەم خەڵكیش ئەوەی لێ قبووڵ ناكەن، ئەویش پێغەمبەرایەتیەك هەرچی بنەڕەتی بیروباوەڕییان هەیە هەڵیوەشێنێت، چۆن ئەوكات رابردووی ناكەن بە تانەیەك لەسەری و پەڵەیەك بۆ شكاندنەوەی.
كە ژیانی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەخوێنیتەوە، نەوەك شتێكی لەم چەشنە بەدی ناكەیت، بەڵكو بە جوانی هەست ئەكەیت كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كەسێكی ئاڕاستەكراو بووە، ئەمەش بێ ئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خۆی هەستی پێ بكات، خوای گەورە پاراستوویەتی و رێڕەوی راستی بۆ دیاری كردووە، وەك چۆن بە مووسا پێغەمبەری فەرموو (واصگنعتك لنفسی)، هەمان شتیش بۆ مووسا پێغەمبەر روویدا، بێ ئەویە ئاگادار بێت كات و شێوەی لەدایكبوون و چوونە ماڵی فیرعەون و لەوێ گەورەبوون و شیرپێدانی دایكی و چوونی بۆ لای پێغەمبەر شوعەیب و هەموو رووداوەكانی تری پێش پێغەمبەرایەتی، ئەمانە بێ بەرنامەو ئامانج نەبون، هەرچەندە پێغەمبەر مووسا خۆی هەستی نەكردووە بەوە، بەڵام خوای گەورە هەمان فەرمایشتی بەجێهێناوە كە مووسای بۆ خۆی درووستكردووە، بۆ ئەوەی پەیامەكەی خوا بگەیەنێت، خۆ ئەگەر ئاگاداری پێغەمبەرایەتی بوایە، دەبوو لای پێغەمبەر شوعەیب قسەی تری هەبوایە لەبری ئەوەی رازی بێت دە ساڵ لەوێ بمێنێتەوە.
بە هەمان شێوەش پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لەلایەن خوای گەورەوە ئاڕاستەكراوە بێ ئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئاگادار بێت و بە تەمای پێغەمبەرایەتی بووبێت، چونكە ئەگەر بۆ مووسا پێغەمبەر شتی وا رەوا بێت، بۆ پێغەمبەری ئیسلام زیاتر رەوایە، چونكە كۆتا و سەرمۆری پێغەمبەرانە، تەشبیه نەبێ وەكو شازادەیەكی بچكۆڵانە كە ئەچێتە وڵاتێكی دەرەوە، وا دەزانێت تەنهایەو بە دڵی خۆی ئەجووڵێتەوە، ئاگای لەوە نیە باوكی دەیان كەسی بە شێوەو جلوبەرگی جیاواز لە شوێنی جیاجیادا داناوە تا وریای بن، لە كوێدا خەریك بێت هەڵە بكات، رێی لێ ئەگرن، لە كوێدا پێویستی بە هاوكاری بێت دەچن بە دەمیەوە، مەترسیەكانی لێ دووردەخەنەوە، ئەمیش نازانێت ئەمانە راسپێردراون تا وریا و ئاگاداری بن، كاتێك بەم شتانە ئەزانێت كە ئەگەڕێتەوەو وردەكاری مەسەلەكانی بۆ باس ئەكرێت، ئینجا لە مەسەلەكە تێ ئەگات، خوای گەورە دەفەرموێت (وَمَا كُنْتَ تَرْجُو أَنْ يُلْقَى إِلَيْكَ الْكِتَابُ إِلَّا رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ ظَهِيرًا لِلْكَافِرِينَ) (القصص: ٨٦). (تۆیش ئەی محمد هەرگیز بەتەمای ئەم قورئانە نەبوویت بۆت بنێررێ، بەڵام رەحمەتی پەروەردگاری تۆ وای خواست، بێ بڕواكان پێیان خۆش بوو كە پەیامبەر نەرمیەكیان نیشان بدات لەگەڵ خواكانیاندا، سا تۆش هەرگیز پشتیوانی لە كافرو بێ بڕوایان مەكە).
خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت (لَهُ مُعَقِّبَاتٌ مِّن بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ يَحْفَظُونَهُ مِنْ أَمْرِ اللهِ) (الرعد: ١١)، (ئەو(خوا)یە كۆمەڵێك فریشتەی هەیە كەیەك لە دوای یەك دێن، لەپێشیەوەو لەپشتیەوە ئامادەن و پارێزگاریی دەكەن بەفەرمانی خوا)، جا هەر مرۆڤێ لەلایەن چەند فریشتەیەكەوە ئاگاداری دەكرێ و لە هەندێ شت دەیپارێزن كە نابێت تووشی بێت، هەتا ئەو كاتەی ئەجەلی دێت یان ئەو قەدەرەی تووش دەبێت كە لە سەری نووسراوە، ئەمەش سوننەتێكی خواییە لە كەوندا.
جا پێغەمبەری خوایش (صلی الله علیه وسلم) بێ ئەوەی ئاگادار بێت بە مەسەلەكان، لە ژێر چاودێری پەروەردگاریدا بووەو خوای گەورە لە تاوان و خراپە و لادان پاراستوویەتی، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خۆی چاوەڕێی پێغەمبەرایەتی نەبووەو رۆژێ لە رۆژانیش بە ختوورەش نەهاتووە بە دڵیدا، چونكە هیچ ئامادەكاریەكی نەبوو بۆی، بەڵام ماوەی چل ساڵ خوا پاراستوویەتی لە زۆر شت و بەو ئاڕاستەدا رێی بۆ خۆشكردووە كە خۆی ویستوویەتی، چونكە نابێت پەڵەو كەموكورتیەكی وای تێدا رووبدات كە لە داهاتوودا ببێتە تانەیەك بۆ پێغەمبەرایەتیەكەی.
پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) بە ویستی خوا بێ نازی باوكایەتی چاو هەڵدێنێ و گەورە دەبێ و لەژێر چاودێری راستەوخۆی دایكیدا بووە، هێندەی نەبرد دایكیشی وەفاتی كرد، هەموو داڵدەدانەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كاتی و سنووردار بوون، خوای گەورە خۆی پەنا و داڵدەی داوە، كەسێك نەبووە تایبەت دابنیشێت و فێری بكات، (أَلَمْ يَجِدْكَ يَتِيمًا فَآوَى (6) وَوَجَدَكَ ضَالًّا فَهَدَى (7) وَوَجَدَكَ عَائِلًا فَأَغْنَى (8)) (الضحی: ٦ - ٨)، (ئایا خوای پەروەردگارت بە هەتیویی نەیدیتیی و، خێرا پەناو داڵدەی نەدایت و نەحەوایتەوە، ئەی نەشارەزا نەبوویت، خوا شارەزاو رێنووینی كردییت؟ ئەی بە هەژارو دەستكورتیی و نەداریی نەیدیتی؟ دەوڵەمەندی كردیت و بژێوی پێبەخشیت).
بەڵكو هەر لە منداڵیەوە كاری شوانەیی كردووە هەتا هونەری سەرپەرشتی و چاودێری وەربگرێت، وەك دواتر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) باسی شوانەیی خۆی دەكردو دەیفەرموو (خوای گەورە هەر پێغەمبەرێكی ناردووە، -ئەو پێغەمبەرە- شوانەیی مەڕو ماڵاتی كردووە) هاوەڵان وتیان تۆیش؟ فەرمووی (بەڵێ، من لە بەرامبەر چەند قیراتێ مەڕو ماڵاتم دەلەوەڕاند بۆ خەڵكی مەككە). (1)
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كاتێ شوانەیی كرد كە لای ئەبووطالیبی مامی بوو، چونكە كە بینی ئەركی بژێوی ئەو و منداڵەكانی خۆیشی لەسەرە، بڕیاری دا هاوكاری بێتو دەستی كرد بە شوانەیی بەرامبەر بە پارەیەكی كەم.
جا ئەگەر كەسێك خۆی شوانەیی نەكردبێت، لە بەها و گرنگی شوانەیی نازانێت، پیشەی شوانەیی و ئەزموونكردنی، هاوكارێكی گەورەیە بۆ سەركردە تا بزانێت چۆن سەرپەرشتی و چاودێری رەعیەتەكانی بكات، جا چ جای پێغەمبەرایەتیەك بۆ ئوممەتێ كە هەتا رۆژی دوایی بەردەوام دەبێت.
شوان كەسێكە دڵی بە دنیاوە نابەستێتەوە، توورەكەیەكی لە پشتایەو ژەمێ نان دەخوا، لە هەموو باق و بریقەكانی دنیا دوورە، لەو دەشتەیا تەنها زەوی و ئاسمان ئەبینێ و هیچی تر، لەگەڵ بڕێ ئاژەڵدا هەڵسوكەوت ئەكات كە هەموویان چاویان لە دەستی ئەوە، شوێنی چاك و لەوەڕی باش و ئاویان بۆ پەیدا بكات، دەبێت بیانپارێزێت لە دڕندە، مەڕ و بزنی تەمبەڵی تێدایە، زیتەڵیان هەیە، شەل و ناتەواوی تێدایە، زۆرخۆر و كەمخۆری تێدایە، هەموو بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆی ئەو شوانەدایە، هەروەها مەڕ و ماڵاتەكان بەردەوام سەریان دانەواندووەو ئەلەوەڕێن، بەڵام شوان لە بەرزیەوە دەڕوانێ و هەموو ماڵاتەكەو دەوروبەرەكەشی لەبەرچاوە، بۆیە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) كە شوانەیی كردووە، لە حیكمەتێكی خواییەوە شوانەیی كردووە.
جا لە شوانەییشدا جیاوازی هەیە، ئەوەی شوانەیی مەڕو ماڵات ئەكات، جیاوازە لەوەی شوانەیی وشتر دەكات، لە شوانەیی مەڕ و ماڵاتدا نەرمونیانی و تەوازوع و خاكی بوون بەدیدەكەیت، بەڵام لە شوانەیی وشتردا توندی و زبری و هەڵەشەیی بەدیدەكەیت، بە هەمان شێوەش بۆ شۆفێری تەكسی و شۆفێری گەڵابە و هاوشێوەكانی هەمان شت بەدیدەكەیت، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت (والفخر والخیلاء فی أهل الخیل والإبل .. والسكینة فی أهل الغنم)، (2) (فەخرو بەخۆدانازین و خۆبەگەورە زانین لە شوان و سەرپەرشتانی ئەسپ و وشتردایە، ئارامی و هێوریش لە شوان و سەرپەرشتانی مەڕو ماڵاتدایە)، هەمان ئەو خاكیبوونەی شوانی مەڕو ماڵات هەیەتی، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە زیاترەوە هەیبوو، تەنانەت كە سواری وشتریش دەبوو، سەری نزم دەكردەوە بەرەو لای گەردنی وشترەكە.
هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتیەكەشی یەكخواپەرست بوو، هیچ كات بتەكانی نەدەپەرست، بە مەرجێ كۆمەڵگەكە هەمووی سەرقاڵی بتپەرستی بوون، جا بێ ئەوەی كەسێك دەستی بگرێت، خوای گەورە پاراستوویەتی لە بتپەرستی و هەر پەرستشێكی تر كە شیركی لێ بكەوێتەوە، منداڵێك جیا لەو هەموو سەرگەورەو كەسایەتیە ناودارانە، ئەوەش نەبووە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ماوەیەك بتپەرستی تاقی كردبێتەوەو دوای ئەوە راستیەكانی بۆ دەركەوتبێت و وازی هێنابێت، یان ئەو قۆناغانە بە قەومەكەی ببڕێت كە ئیبراهیم پێغەمبەر بە قەومەكەی خۆی بڕی تا عەقڵیان بكاتەوەو بێنەوە هۆش و لە راستی یەكخواپەرستی تێبگەن (فَلَمَّا جَنَّ عَلَيْهِ اللَّيْلُ رَأَى كَوْكَبًا قَالَ هَذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لَا أُحِبُّ الْآفِلِينَ (76) فَلَمَّا رَأَى الْقَمَرَ بَازِغًا قَالَ هَذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لَئِنْ لَمْ يَهْدِنِي رَبِّي لَأَكُونَنَّ مِنَ الْقَوْمِ الضَّالِّينَ (77) فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَةً قَالَ هَذَا رَبِّي هَذَا أَكْبَرُ فَلَمَّا أَفَلَتْ قَالَ يَا قَوْمِ إِنِّي بَرِيءٌ مِمَّا تُشْرِكُونَ (78) إِنِّي وَجَّهْتُ وَجْهِيَ لِلَّذِي فَطَرَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ حَنِيفًا وَمَا أَنَا مِنَ الْمُشْرِكِينَ (79)) (اڵانعام: ٧٦ - ٧٩)، (جا كە شەو بەسەرهات و تاریكایی شەو دنیای داپۆشی سەیرێكی ئاسمانی كردو ئەستێرەیەكی رووناكداری بەدی كرد وتی: ببێ و نەبێ ئەمە پەروەردگارمە. جا لەبەرئەوە ئەوكات گەلەكەی بت و خۆرو مانگ و ئەستێرەیان دەپەرست، ئەمیش نەرم نەرمێ بۆیان چووو هەمووشیانی پووچەڵ كردەوە جا هەركە لەچاو ئاوا بوو ونەما، وتی: من هیچ شتێكی ئاوا بووم خۆش ناوێ، كە دیتیشی مانگ هەڵات وتی: ئەمەیە پەروەردگارم، جاهەر كە ئەمیش ئاوا بووو نەما وتی: بێگومانم كە ئەگەر پەروەردگارم هیدایەتم نەدات منیش لەو خەڵكە گومڕاو سەر لێشێواوە دەبم، ئەوجا هەركە خۆری دیت هەڵهات، گوتی: ئەمەیانە پەروەردگارم ئەمە لە مانگ و ئەستێرەكانی تر گەورە ترە، جا كە ئەمیش ئاوا بووو لەچاو ونبوو وتی گەلەكەم! بە ڕاستیی من لەو بتانەی ئێوە ئەیانكەنە هاوبەشی خوا تەكیمەوەو بێزارم، دڵنیابن وامن ڕوومكردە ڕووی پیرۆزی ئەوزاتە كە ئاسمانەكان و زەویی بێ بنەما بەدی هێناوە لە هەمووشیرك وكارێكی پڕو پووچ و بەتاَلیش لامداو، رووم تەنها لەزاتی پاكی بێخەوشی ئەو كرد، وە لەوكەسانەش نیم هاوبەشی بۆ دادەنێن)، جا بڕوام وایە هیچ كات ئیبراهیم پێغەمبەر بتپەرستی و ئەستێرە و خۆرپەرستی نەبووە و تاقیشی نەكردوونەتەوە، بەڵكو ویستوویەتی قۆناغەكان بە قەومەكەی ببڕێت و هەنگاو بە هەنگاو تێیان بگەیەنێت هیچكام لەوانەی دەیپەرستن شیاوی پەرستن نین و تەنها خوای گەورە شیاوی پەرستنە.
پێغەمبەری خواش رۆژێ لە ڕۆژان ئەوەی نەبووە بڵێ لات یان هوبەل ئەپەرستم، قەومەكەم وەرن با تاقی بكەمەوە بۆتان، بەڵكو هەر لە سەرەتاوە بتپەرستی رەفز كردووە، تەنانەت كە سوێندیشیان ئەدا، ئامادە نەبوو سوێند بە بتەكان بخوات، كەواتە ئەو دڵ پاككردنەوەی لای حەلیمەتوسەعدیە لەلایەن فریشتەكانەوە بۆی ئەنجام درا، دەرفەتی هیچ ژەنك و ژار و بتپەرستیەكی لە دڵی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) نەهێشتەوەو تەنها بەشە فیترەتی و پاكیەكە مایەوە فەرمانی دەكرد.
بۆیە رۆژێ لە رۆژان هیچ كەسێك نەبووە تۆمەتی ئەوە بداتە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە پێشتر بتی پەرستووە یان تەنها جارێ كڕنووشی بۆ بتێ بردبێ یان تەنانەت سوێندی بە بتێك خواردبێت یان گۆشتێكی خواردبێت كە بۆ بتەكان سەربڕاوە، چونكە ئەگەر تەنها جارێكیش شتی وا روویبدایە، بێباوەڕەكان ئەیانكردە تانەیەك بۆ سەر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و ئەیانوت خۆ تۆ تا دوێنێ بتت ئەپەرست.
زۆر كەس هەیە مۆركێكی پەرستشی تێدا هەیە، پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) وابوو، كەچی پێش پێغەمبەرایەتیش جارێ چوون جاران ئەم سیفەتەی نەیتوانی وای لێ بكات شتێكی تر جگە لە خوا بپەرستێت.
هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) رۆژێ لە رۆژان مەیی نەخواردۆتەوە، دەستی لە بتێك نەداوە بۆ پیرۆزی، تەنانەت جارێك زەید لەگەڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بوو، خۆی بەسەرهاتەكە دەگێڕێتەوەو دەڵێت: پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چوو تەوافی كەعبەی كرد و منیش لەگەڵی بووم، صەفاو مەروەی كرد، لەوێ دوو بتی مس هەبوون كە پێیان دەوترا یەساف و نائیلە، خەڵكی كە تەوافیان دەكردن دەستیان پێدا دەهێنا، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: دەستیان پێدا مەهێنە چونكە ئەوانە پیسن، منیش لە دەروونی خۆمدا وتم هەر دەستیان پێدا دێنم بزانم پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چی دەكات؟ دەستم هێنا پیایاندا، ئەویش فەرمووی: ئەی زەید مەگەر رێگریت لێ نەكرا؟(3) ، واتە نەوەك تەنها خۆی لێ پاراستووە، بەڵكو چواردەورەكەشی لێ پاراستووە، خەدیجە باسی سەردەمی پێش پێغەمبەرایەتی دەكرد و دەیوت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەیفەرموو ئەی خەدیجە، بەخوا لات ناپەرستم، بەخوا عوززا دەپەرستم. (4)
هەروەها كاتێك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەحيرای بینی، بەحیرا وتی بە لات و عوززا داوات لێ ئەكەم چیم لێ پرسیت وەڵامم بدەیتەوە، پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی (بە لات و عوززا داوای هیچم لێ مەكە، چونكە بەخوا هیچ شتێ نیە هێندەی ئەو دوانە رقم لێیان بێت)، ئەویش وتی دەی بە خوا داوات لێ ئەكەم، ئەویش فەرمووی چیت پێ خۆشە لێم بپرسە. (5)
زەید دەڵێت: رۆژێكی گەرمی مەككە بوو، لەگەڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چووینە دەرەوە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) منی لەپێش خۆیەوە سواری وڵاخەكەی كردبوو، چووین بۆ لای یەكێك لە بتەكان و ئاژەڵێكمان بۆ سەربڕی و برژاندمان، زەیدی كوڕی عەمر تێپەڕ بوو و هەردووكیان سەلامی سەردەمی جاهیلیان لە یەكتر كرد، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: ئەی زەید چیە دەبینم هۆزەكەت رقیان لێ هەڵگرتویت؟ ئەویش وتی ئەی موحەممەد بەخوا من هیچ زیانێكم نەبووە بۆیان، بەڵام دەرچووم تا هەواڵی ئەو دینە وەربگرم تا چوومە لای راهیبەكانی فەدەك بینیم پەرستشی خوایان دەكرد و هاوەڵیشیان بۆ دادەنا، منیش وتم ئەوە ئەو دینە نیە كە من دەمەوێت، پیرێكیان وتی ئەو دینەی تۆ هەواڵی دەپرسیت تەنها لای پیرێكە لە حیرە منیش چووم بۆ لای، كە منی بینی وتی تۆ لە كوێوە هاتویت؟ وتم لە مەككەوە، ئەویش وتی ئەوەی تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت لە ناوچەی خۆتدا دەردەكەوێت، پێغەمبەرێك نێردراوە كە ئەستێرەكەی دەركەوتووە، منیش چی كەس دەبینم هەموو لە گومڕاییدان و هەستم بە هیچ نەكردووە، ئینجا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خوانەكەی لێ نزیك كردەوە، زەید وتی ئەوە چیە؟ فەرمووی: ئەوە مەڕێكە سەرمان بڕیوە بۆ یەكێك لە بتەكان، ئەویش وتی من سەربڕاوێك ناخۆم كە ناوی خوای لەسەر نەهاتبێت، ئێنجا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چوو تەوافی كەعبەی كرد و منیش لەگەڵی بووم، صەفاو مەروەی كرد، لەوێ دوو بتی مس هەبوون كە پێیان دەوترا یەساف و نائیلە، خەڵكی كە تەوافیان دەكردن دەستیان پێدا دەهێنا، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: دەستیان پێدا مەهێنە چونكە ئەوانە پیسن، منیش لە دەروونی خۆمدا وتم هەر دەستیان پێدا دێنم بزانم پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چی دەكات؟ دەستم هێنا پیایاندا، ئەویش فەرمووی: ئەی زەید مەگەر رێگریت لێ نەكرا؟ (6)
زەیدی كوڕی عەمر یەكێك بوو لە كەسە یەكخواپەرستەكان كە ئەویش بتی نەدەپەرست، كە خەڵكی حەجیان ئەكرد و دەیانوت (لبیك اللهم لبیك لبیك لاشریك لك لبیك الا شریكا هو لك تملكە وما ملك)، ئەویش لە وشەی (الا شریكا) رایدەوەستاندن و دەیوت بەسە بەسە، ئەمەیان مەڵێن.
جا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەیفەرموو لە رۆژی دواییدا بە تەنها وەك ئوممەتێك زیندوو ئەكرێتەوە، (7) ئەم پیاوە ئەچێ بۆ چەندین شوێن تا بەدوای ئایینی حەقدا بگەڕێتە، هیچ ئایینێكی یەكخواپەرستی دەست ناكەوێت، ئینجا لەسەر ئایینی ئیبراهیمی ژیانی ئەباتە سەر و هەر بەو باوەڕەوە ئەمرێت.
جارێك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دای بە لای زەیددا و ئەویش سفرەو خوانێكی ئامادە كردبوو، میوانداری پێغەمبەری خوای (صلی الله علیه وسلم) كرد، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) رازی نەبوو لێی بخوات، زەید زانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ترسی هەیە سەربڕاوی لای بتەكان بێت، خێرا وتی من لە سەربڕاوانە ناخۆم كە ئێوە –مەبەستی قوڕەیش بوو- لەبەردەم بتەكانتاندا سەریان دەبڕن و سەربڕاوێكیش ناوی خوای لەسەر نەهێنرابێ لێی ناخۆم، بەوە دڵنیایی بەخشی بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم). (8)
زەیدی كوڕی عەمر زۆر جار رەخنەی لە قوڕەیشیەكان دەگرت و دەیوت خوا ئاژەڵی پێ بەخشیون و بارانتان بۆ ئەبارێنێ و هەموو بەخششێكتان پێ دەبەخشێ، كەچی بۆ سەربڕینی ئاژەڵەكان ناوی جگە لە خوایان لەسەر دێنن.
هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە هەموو ماوەی پێش پێغەمبەرایەتیدا تووشی زینا و لادان نەبووە، ئەمەش زۆر سەختە بۆ كەسێك كە هۆكارێك نەبێت بیپارێزێت، كەچی خۆی لێ بپارێزێ، چونكە لە كۆمەڵگەی ئەوكاتدا زینا عەیبە نەبووەو هەموان خوویان دابوویە، شوێنی دیاریان هەبوو، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەگەڵ ئەوەی لە گەرمەی لاوێتیدا بوو، كەچی خۆی لێ پاراست و تاكە جارێكیش نزیكیشی نەكەوتەوە، ئێمە دەزانین مرۆڤ لە تەمەنی موراهیقیەوە تا نزیكەی چل ساڵی ئیتر گەرمەی گەنجیەتی و حەزی جنسی زۆرە و هەڵەشەییەك هەبێت لەو ماوەدایە، كەچی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەو ماوەدا هیچ لادان و هەڵچوونێكی نەبووە، بەڵكو لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیشدا كە هاوسەرگیری ئەكات، ئافرەتێكی لە خۆی بەتەمەنتر بە هاوسەر دەگرێت.
ئیتر لە دوای تەمەنی چل ساڵیەوە توانا و هۆرمۆنی پیاوەتی بەرەو پووكانەوەو كەمبوونەوە دەچێت، جا ئەوانەشی زیاتر گەرمن لەسەر مەسەلەی فرەژنی، ئەوانەن كە تەمەنیان لە خوار چل ساڵیەوەیە، لەوە بە دوا ساردبوونەوە لە مرۆڤدا روودەدات.
دەرفەتی لادان و تووشبوون بە زینا بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) زۆر لەبار بوو، بەڵام خوای گەورە پاراستی و تووش نەبو، ئەگەرنا هەم كۆمەڵگەكە دەرفەتیان ئەدا، چونكە پیاوماقووڵ و كەسە ناودارەكان ئەوەیان ئەكرد و منداڵیشیان لەو كارە بۆ ئەمایەوە، واتە دیاردەیەكی باو بوو، هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە گەرمەی لاوێتیدا بوو و حەزی مرۆڤیش لەو ماوەدا زۆرە، هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە ماڵێكدا بوو كە موحاسەبەی وردی لەسەر نەبوو، چونكە لای مامێكی بە تەمەنی بوو و رۆیشتنەدەرەوەی زۆر بوو، پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) كەسێكی زۆر كەشخەو جوان بووەو ئەگەر بچوایە بە دەم شتی واوە، خواستی زۆری لەسەر ئەبوو و تێچوون و پارەشی نەئەویست، وێڕای هەموو ئەمانە خوای گەورە پاراستی و بۆ تەنها جارێكیش پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) تووشی زینا و هیچ جۆرە ئارەزووبازییەك نەبوو.
ئەوەش نیە بوترێت بە نهێنی چووبێت و خەڵك پێی نەزانیبێت، چونكە كەس نەبووە بچێتە ئەو ماڵانە و ئاشكرا نەبووبێت، هەم شارەكە بچووك بووەو هیچ لەبەر چاوان ون نەبووە، هەم شوێنەكان ناسراو بوون و خەڵكی زۆر سەردانی كردون و لەوێوە هەر كەس بچوایە ئاشكرا دەبوو، هەم ئافرەتە خراپەكارەكان كە منداڵیان ئەبوو، هەموو ئەوانەیان كۆدەكردنەوە كە چووبوونە لایان، هەتا منداڵەكە لە كامیان بچێت، بیدەنەوە بەسەر ئەو كەسەدا، ئەی بۆ یەكێك نەبوو لە یەكێك لەم خاڵانەدا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) تۆمەتبار بكات.
جا بێباوەڕان چاك پێغەمبەری خوایان دەناسی و پێشینەی لەبەرچاویان بوو، ئەوە نەبوو لە كتوپڕێكدا بێتە ناویانەوەو ئاگاداری رابردووی نەبن، ئەوەش نەبوو تانەیان لە رابردووی هەبێت (أَمْ لَمْ يَعْرِفُوا رَسُولَهُمْ فَهُمْ لَهُ مُنْكِرُونَ) (المۆمنون: ٦٩)، (یاخود ئەوەیە كە پەیامبەرەكەی خۆیان نەناسی بوو كە چەندە بە ڕەوشت و ڕاستگۆو كردار شیرین بووە، بۆیە ئاوا دژی دەوستن و نكوڵی دەكەن؟ خۆ ئەوەش وانییە، چونكە چاك ئەیناسن، كە چ ڕەوشت بەرزێكە)، پێغەمبەری خوایش (صلی الله علیه وسلم) پێی دەفەرموون خۆ من تەمەنێ پێشتر لەگەڵتان ژیاوم و دەمناسن چۆن بووم، ئەگەر رەخنەیەكیان لە رابردووی هەبوایە، دەیاندایەوە بە روویدا (قُل لَّوْ شَاء اللهُ مَا تَلَوْتُهُ عَلَيْكُمْ وَلاَ أَدْرَاكُم بِهِ فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًا مِّن قَبْلِهِ أَفَلاَ تَعْقِلُونَ) (یونس: ١٦). (بڵێ: ئەگەر خوا ویستبای نەم دەتوانی ئەم قورئانەشتان بۆ بخوێنمەوە خوایش فێری نەدەكردن بێگومان من تەمەنێكی زۆرم لەناوتاندا بردەسەر "بەر لەهاتنی ئەم قورئانە" دەسا بۆ ژیری بەكار ناخەن و ژیر نابن؟)
ئایا چل ساڵ ژیان كەفیل نیە بۆ ئەوەی مەعدەنی كەسێ دەربكەوێت و بزانن چۆنە؟ خەڵكێ بە سەفەرێ یان چەند رۆژێ هاودەمی كردنی كەسێكی تر، چاك و خراپ و زۆربەی نهێنیەكانی ئەو كەسەی بۆ دەردەكەوێت، ئایا چل ساڵ ژیانی شەوانە رۆژی لەناو كۆمەڵێكدا، مەعدەنی ئەو تاكە كەسە بۆ ئەو هەموو خەڵكە ئاشكرا نابێت؟! بۆیشیان ئاشكرا بووبوو و بە راستگۆی ئەمین ناویان دەبرد، هەر وابوو راستگۆیش بوو، لەگەڵ ئەوەی یەك كەس رەخنەیەكی لێی نەبوو، كەچی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) باسی نیەتێكی شاراوەی خۆی دەكات كە كەس پێی نەزانیوەو خۆی دواتر گێڕاویەتیەوەو دەفەرموێت: (ئەو نیەت و حەزەی خەڵكی سەردەمی نەفامی هەیانبوو من هەرگیز نیەتیم نەبووە تەنها دوو جار نەبێ كە هەردوو جارەكە خوا پاراستمی، شەوێك گەنجێكی قوڕەیشیم لەگەڵ بوو لە سەرووی مەككەوە لای بڕێ مەڕو ماڵاتی خۆمان بووین، پێم وت ئاگات لەم مەڕانەم بێت تا ئەمشەو وەك گەنجانی مەككە دەمەتەقێی شەو بەسەر بەرم، وتی باشە، منیش رۆیشتم، كە نزیك بوومەوە لە یەكەم ماڵی دەوروبەری مەككە گوێم لە گۆرانی و دەنگی دەف و مۆسیقا بوو، وتم ئەمە چیە؟ وتیان فڵانە كەس فڵانە ئافرەتی بەهاوسەر گرتووە، حەزم لە گۆرانیەكە و ئەو دەنگە بوو، كەچی چاوم بۆ خەو قورس بوو و خەوم لێكەوت و بە تیشكی خۆر بەخەبەر هاتم، گەڕامەوە بۆ لای هاوەڵەكەم، وتی چیت كرد؟ منیش بەسەرهاتەكەم بۆ باس كرد، شەوێكی تر هەمان شتم كرد و هەمان دەنگو ئاوازم بیست و هەمان شتم پێ وتراو ئەو جارەش خەوم لێكەوت هەتا تیشكی خۆر بەخەبەری كردمەوە ... سوێند بەخوا دوای ئەو دوو جارە هیچ حەز و نیەتی ئەو بەزمانەم نەبوو كە خەڵكی سەردەم جاهیلی هەیانبوو هەتا خوا بە پێغەمبەرایەتی خۆی رێزداری كردم). (9)
یانی لەو هەموو تەمەنەیدا تەنها ئەو دوو جارە هەوڵی بۆ داوەو خواش پاراستوویەتی، چ پاراستنیكیش، لەناو ئەو هەموو دەهۆڵ و زوڕنایەدا خەوت لێ بكەوێت و تا بەیانی بەخەبەر نەبیتەوە، دیارە ئەمە ئاڕاستە كرانێكە لەلایەن پەروەردگارەوە تا لە هەموو تاوانێ بیپارێزێت.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) شەرەفێكی گەورەی پێ بڕا كە ئەویش بریتی بوو لە بەشداری كردن لە بنیادنانەوەی كەعبەدا، ئەو كاتەی تەمەنی نزیكەی 35 ساڵان دەبوو، لێرەدا باسی بنیادنانەوەی ناكەین، بەڵكو باسی پارێزراوبوونی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەكەین كە خوا نەیهێشتووە داوێنی دەربكەوێت، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و عەبباس پێكەوە بوون و بەردیان دەگواستەوە، جا عەبباس بە پێغەمبەری وت جلەكەت بدە بەسەر شانتدا، كەچی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە ویستی وابكات كەوت بە زەویدا و چاوەكانی رووەو ئاسمان روانییان، خێرا فەرمووی ئادەی جلەكەمم بدەرێ، ئینجا پێچایەوە بە خۆیدا، (10) ئیتر دوای ئەوە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە رووتی نەبینراوە، هەرچەندە خەڵكی ئەوكاتە لە كاتی حەجدا بە رووتیش تەوافی كەعبەیان دەكرد، واتە خوا پاراستوویەتی لەوەش، تەنانەت خێزانەكانیشی شتێك لە بارەیانەوە نەهاتووە كە داوێنی پێغەمبەریان (صلی الله علیه وسلم) بینیبێت، ناڵێین شتی وا نەبووە، دەڵێین هیچ دەقێك نەهاتووە شتی وا بووبێت
ئاكار و هەڵسوكەوتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەرمونیانی و بێدەنگی و لەسەرخۆیی بووە، كەناری گرتووە لە كۆڕی رابواردن و مەینۆشی و قومار، چونكە خوای گەورە بۆ شتێكی گەورەتر لەوانە ئامادەی كردووە، لە بری ئەوەدا دەچوویە ئەشكەوتی حیراء، لەوێ بە تەنها خەریكی بیركردنەوەو پەرستش بوو، سێ ساڵ پێش وەحی مانگی رەمەزانی لەوێ بەسەر دەبرد، هەتا ئامادەكاریەك بێت و شتێكی كتوپڕ نەبێت كە دوایی تۆمەتی ترسان و دەسوەشاندنی بدەنەپاڵ، خۆ ئەگەر لە بازاڕدا ئەو وەحیەی بۆ داببەزیایە، خوا دەزانێت بەرگەی شتی وای دەگرت یان نا، وەك عائیشەی دایكی باوەڕداران دەگێڕێتەوە پێشەكی دابەزینی وەحی بە بینینی خەوی راست دەستی پێكرد، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەر خەوێكی دەدی، وەك خۆی دەهاتەدی، پاشان پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) حەزی ئەكرد بە تەنها بێتو كەنار بگرێت، بۆیە دەچوو بۆ ئەشكەوتی حیراء و لەوێ پەرستشی دەكرد، شەو و رۆژ لەوێ دەمایەوە، بەشی ئەو ماوەیەش توێشووی لەگەڵ خۆی دەبرد، دواتر دەهاتەوە بۆ لای خەدیجەو هەمدی شمەكو پێویستی ئەبرد و دەگەڕایەوە ناو ئەشكەوت. (11)
----------
پەراوێزەكان:
١- صحيح البخاري، الرقم 2165، سنن ابن ماجة، الرقم 2146.
٢- متفق عليه.
٣- المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4105، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7052، قال حسين سليم أسد إسناده حسن، قال الذهبي في إسناده محمد لا يحتج به وفي بعضه نكارة بينة.
٤- مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17617، صححه شعيب الأرناؤوط.
٥- دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 358.
٦- المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4105، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7052، قال حسين سليم أسد إسناده حسن، قال الذهبي في إسناده محمد لا يحتج به وفي بعضه نكارة بينة.
٧- المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4104.
٨- صحيح البخاري.
٩- صحيح ابن حبان، الرقم 6363، حسنه شعيب الأرناؤوط، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7687، صححه الذهبي و قال على شرط مسلم.
١٠- صحيح البخاري، الرقم 1515، صحيح مسلم، الرقم 540.
١١- صحيح البخاري، الرقم 6599، صحيح مسلم، الرقم 257، صحيح ابن حبان، الرقم 33، مسند احمد بن حنبل، الرقم 25390.