ئايا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) راڕایی هەبووە؟
هەندێ حاڵەتی دەروونی هەن ناچنە بازنەی شێتیەوە، بەڵكو تەنها راراییە و بەس، بۆ نموونە كەسێك دوودڵە لە ئیشێ كردبێتی یان وتەیەك وتبێتی، چەندجار شتێ دووبارە دەكاتەوە، یان كەسێك هەست دەكات گرنگی پێ نادرێت، حاڵەتێكی تایبەتی وەك خۆبووراندنەوە یان خۆنەخۆش خستن دەگرێتەبەر، ئەمانە ناچنە بازنەی شێتیەوە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەوەك شێتی، تەنانەت ئەم حاڵەتانەشی نەبووە، ژیاننامەی پێغەمبەری خوایش (صلی الله علیه وسلم) بە وردی نووسراوەتەوەو كەسانی پسپۆڕ لە بواری دەروونناسیدا دەتوانن بڕیار لەو بارەوە بدەن، تا ئێستا هیچ پسپۆڕێ نەیتوانیوە بچووكترین تۆمەتی شێتی یان وەسواسی بداتە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم).
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هێندە لایەنی دەروونی ئارام و جێگیر بووە، چەند جار تووشی ناڕەحەتی و سزادان بووە، كەچی هیچ پەرچەكردارێكی نەبووە، بەڵكو لەسەر رێڕەوی ئاسایی خۆی رۆیشتووە، لە كاتی نوێژكردندا كە لە سوجدەدا بووە ناوسكی ئاژەڵیان كردووە بەسەر سەریدا، لە چوون بۆ تائیف بەردباران كراوەو خوێن لە قاچی هاتووە، دەیان جۆری تری دژایەتی و ئازاردانی تووش بووە، بەڵام لایەنی دەروونی ئارام بووە، تەنها كاتێك تووڕە بووە كە سنووری خوا بەزێنرابێت، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێكەنین و گریانی نائاسایی نەبووە، قاقای نەبیستراوە، واتە شتێكی نامۆ و نائاسایی نەبووە كە دەنگۆ پەیدا بكات، لە گەرمەی مەرگی منداڵەكانیدا كە جگە لە فاتیمە هەموویان لە سەردەمی خۆیدا وەفاتیان كرد، گریانێكی نائاسایی نەبووە، بەڵكو گریانێ گریاوە كە رەحم و سۆز نیشان بدات، قسەیەكی كردووە كە سەرمەشق بێت بۆ هاوەڵانی و خەڵكی تریش، بۆ نموونە لە كاتی مردنی ئیبراهیمی كوڕیدا دەیفەرموو (تدمع العين ويحزن القلب و لا نقول إلا ما يرضي الرب و إنا بك يا إبراهيم لمحزونين)، (1) (چاو فرمێسك دەڕژێ و دڵ خەمبار دەبێ، هیچیش ناڵێین جگە لەوەی پەروەردگار پێی رازی بێت، ئەی ئیبراهیم ئێمە زۆر دڵگرانین بۆت)، هەروەها فەرمووی:( يا إبراهيم لو لا أنه أمر حق و وعد صدق وأنها سبيل مأتيةو أنّ آخرنا سيلحق أولنا لحزنا عليك حزناً أشدّ من هذا، و إنا بك يا إبراهيم لمحزونون، تبكي العين و يحزن القلب و لا نقول ما يسخط الرب)، (2) واتە:(ئەی ئیبراهیم ئەگەر ئەمە ئەمرێكی هەقو بەڵێنێكی راست نەبوایەو رێیەكی هاتوو نەبوایەو لەبەرئەوە نەبوایە كە دەزانین پاشینمان (كۆتامان) دەگەین بە پێشینمان(یەكەممان) ئەوا خەفەێكی زیاتر لەم دڵگرانیەمان بۆ دەخواردیت، ئەی ئیبراهیم ئێمە زۆر دڵگرانین بۆت، چاو دەگری و دڵ خەمبار دەبێ، شتێكیش ناڵێین كە پەروەردگار تووڕە بكات).
هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەم خۆی و هەم هاوەڵانیشی وا راهێنابوو كە كەمخۆر بن و بە كەم رازی بن و چاویان لە ماڵ و سامانی زۆر و دنیاپەرستی نەبێت، هەمیشە سوپاس و ستایشی خوایان دەكرد، هەرچەندە لەوپەڕی برسێتی و نەبوونیدا بوون، بەڵام هەم پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و هەم هاوەڵانیشی چ لە دەرەوەو چ لە ماڵەوە لەوپەڕی بەختەوەری و ئارامی دەروونیدا بوون، ژیانێكی سادەو پڕ لە لێكتێگەیشتن، هەرچی خەمێكیان هەبوو تەنها بۆ ئایینی خوا و رێنموونی كردنی بێباوەڕان بوو، دەی ئەمەش لووتكەی تەندروستی دەروونیە كە سەختیەكان نەتوانن خۆشگوزەرانیت لێ تێك بدەن و لە ناڕەحەتیشدا دڵئارام بیت، واتە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پزیشكێكی دەروونیش بووە و چارەی هەر دەردێكی دەروونی هاوەڵانی كردووە، بۆیە بێخودی شاعیر دەڵێت:
خۆش ئەو دەمەی كە ڕۆژ و شەو طه واف دەكات ڕەواقی تۆ
خــۆش ئەو سەرەی كە كەوتبــێ لە كوچــــەو و زوقاقی تۆ
بە تیكـــە تیكە بــــێ دڵێ كـــــە نەیبێ ئیشتیــاقـــی تــــۆ
حەیاتـــی مــــــن ویصاڵی تۆ، مـــەماتــی مـــــن فیراقی تۆ
بەڵێ، پــــــەری خەیاڵی تۆ، عیلاجی شێـــــت و هـــار دەكا
موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟
ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد
هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی
پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی
ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟
بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا
جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە
تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟
ڕاستگۆییەکی بێوێنە
موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە